ئیسلام؛ چەکە بەهێزەکەی ئەردۆغان بۆ شاردنەوەی بەربەستەکانی

کێبڕکێکەی ئێستای نێوان فەرەنساو تورکیا رەنگە نوێ نەبێت بەڵام بەدڵنیاییەوە گەیشتووەتە ئاستێکی باڵا

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى، کاکەلاو عەبدوڵا

«تاکە شت کە دەکرێت بەسەرۆکی وڵاتێکی بڵێیت کە بەم جۆرە مامەڵە لەگەڵ ملیۆنەها کۆمەڵگەی جیاوازی ئایینی بکات، ئەوەیە پێی بڵێیت پشکنینی دەروونی ئەنجامبدات. ماکرۆن پێویستی بەچارەسەری دەروونی هەیە»، ئەمە وتەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیایە لەهەفتەی رابردوو لەوتارێکی تەلەفزیۆنیدا.

وتەکانی ئەردۆغان وەڵامدانەوەی ئەو کەمپینەی ئیمانیۆل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا بوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی توندڕەوی ئیسلامی لەفەرەنسا و بەرگریکردنی لەئازادی رادەڕبڕین.

بەرپرسانی فەرەنسا وتەکانی ئەردۆغانیان بە «قبوڵنەکراو» و «زیادەڕەوی» لەقەڵەمدا لەکاتێکدا تورکیا داوای بایکۆتکردنی بەرهەمی فەرەنسی کرد.

بەربەرەکانێ تووندەکەی پاریس-ئەنقەرە دوای ئەوە دێت فەرەنسا بەچەند هێرشێکی تیرۆریستی لەلایەن تۆمەتبارانی توندڕەوی ئیسلامی شۆککراوە، دوو هەفتە لەمەوبەر سامیۆل پاتی مامۆستایەکی مێژوو، لەلایەن موسوڵمانێکی گەنجی چیچانییەوە سەربڕدرا. پێشتر پاتی چەند کاریکاتێرێکی گۆڤاری چارلی ئیبدۆی نیشانی پۆلەکەی دابوو لەسەر پێغەمبەر موحەممەد، چەند ئەندامێکی گۆڤارەکە لەساڵی ٢٠١٥ تیرۆرکران لەلایەن چەند توندرەوێکی ئیسلامییەوە دوای بڵاوکردنەوەی کاریکاتێرەکان.

بەم دواییانەش لەپێنجشەممەی رابردوودا سێ کەس لەشاری نیس کوژران کە بەکارێکی تری توندڕەوی ئیسلامی لەقەڵەمدرا.

تەنانەت پێش ئەم رووداوانەش، هەردوو سەرۆکەکە چەندین جار دژایەتی یەکتریان کردووە لەسەر ململانێکانی لیبیا، سوریا، هەروەها ناگۆرنۆ قەرەباغ لەنێوان ئەرمینیا-ئازربایجان، هەروەها دژایەتییە توندەکەی نێوان یۆنان و تورکیا لەسەر مافی دەرهێنانی گازی سروشتی لە رۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست.

هەندێک لەشیکەرەوان پێیانوایە گرژییەکەی نیوان ماکرۆن و ئەردۆغان تەنها «سیاسییە».

«بەزۆرێک لەشێوەکان، هەست دەکەم ماکرۆن و ئەردۆغان دوژمنایەتییەکی نایابیان لە یەکتریدا دۆزیوەتەوە»، ئەسلی ئەیدینتاباس، توێژەر لەناوەندی توێژینەوەی ئەنجومەنی ئەوروپی بۆ پەیوەدندی دەرەکی، ئەمەی بە رۆژنامەی تایمزی بەریتانی راگەیاند.

ئەوەی تێبینی دەکرێت لەلێدوانەکانی هەردوولا ئەوەیە ئەردۆغان بەشێوەیەکی شەخسی لێدوانەکانی دەدات لەدژی ماکرۆن. برونۆ تێرترایس، جێگری بەڕێوبەری ناوەندی توێژینەوەی ستراتیجی لەپاریس پێیوایە بەربەستەکانی بەردەم ئەردۆغان، لەوانە داڕووخانی ئابووری وڵاتەکەی، وا دەکات دوژمنێکی دەرەکی لەڕووی سیاسییەوە بەسوود بێت.

«دەکەوینە هەڵەوە ئەگەر هەردووکیان بە یەکسان لەقەڵەم بدەین، ماوەی ساڵێکە ئەردۆغان بەشێوەیەکی شەخسی هێرش دەکاتەسەر ماکرۆن... ئەمە پێچەوانەکەی راست نییە. بەڕوونی دیارە ئەردۆغان لەسەر شەپۆلێکی پۆپۆلیستی-ناسیۆنالیستی هەنگاو دەنێت و ماکرۆن بەکاردەهێنێت وەک توورەکەی بۆکس لێدان»، تێرترایس ئەمەی بە NBC Newsی ئەمریکی وت.

لەچوارشەممەی رابردوودا گرژییەکان زیاتر قوڵبوونەوە کاتێک گۆڤاری چارلی ئیبدۆ کارکاتێرێکی لەسەر سەرۆکی تورکیا بڵاوکردەوە کە تێیدا لەسەر کورسییەک ماددەی کحولی دەخواتەوەو خزمەتکارەکەی ئافرەتێکە کە دواوەی رووتە.

ئەردۆغان ئیدانەی گۆڤارەکەی کردو و بە کارێکی دوژمنکارانەی دژی موسوڵمانان وەسف کردو رایگەیاند ئەوە نیشانەی ئەوەیە چۆن ئیسلامۆفۆبیا «وەک شێرپەنجە تەشەنە دەستێنێت، بەتایبەتی لەناو ئەوانەی ئەوروپا بەڕێوە دەبەن».

«ئازارو ناڕەحەتیم بەهۆی ئەوەوە نییە هێرش کراوەتەسەرم، بەڵکو لەبەر ئەوەیە هەمان میدیا سەرچاوەی بێڕێزییە بەرامبەر پێغەمبەرەکەمان کە لەژیانی خۆمان زیاتر ئازیزترە»، ئەردۆغان وای وت.

لەکاتێکدا هەندێک سەرکردەی ئۆپۆزسیۆن پشتگیری ئەردۆغانیان کرد بەوتنی ئەوەی کاریکاتێرەکە بێڕیزیکردن بوو بەرامبەر تورکیا، بەڵام یەکێک لە هاوپەیمانە پێشووەکانی رایگەیاند سەرۆک دەیەوێت رای گشتی بەلاڕێدا بەرێت لەمەڕ گرفتە ئابورییەکان و کێشە گرنگەکانی تری وڵاتەکە.

«دوای (٤٨) کاتژمێر هەمووی لەبیر دەکرێت. هەرکاتێک ئەجێندای ناوخۆیی گیربخوات، ئەوان لەم جۆرە ئاراستە گۆڕینە ئەنجام دەدەن»، عەلی باباجان ئەمەی بە رۆژنامەی کەراری تورکی وت کە جێگری سەرۆک وەزیرانی پێشوو بوو، لە ئەردۆغان جیابووەوە بۆ دروستکردنی پارتی تایبەت بەخۆی لە بەهاری ئەمساڵدا.

حکومەتی تورکیا بەدەست دابەزینی لیرەوە دەناڵێنێت. لە دووشەممەی رابردوودا لیرەی تورکی بۆ کەمترین ئاستی دابەزی لەمێژوویدا بەرامبەر دۆلار بەجۆرێک گەیشتە (٨.١٥) لەبەرامبەر یەک دۆلاری ئەمریکی.

لەلایەکی ترەوە شیکەرەوان پێیانوایە میدیای تورکیا رۆڵێکی خراپی بینیوە لەگواستنەوەی رووداوەکاندا بۆ پشتیوانانی ئەردۆغان لەتورکیا، کە پڕوپاگەندەی ناسیۆنالیستیان دەرخواد دەدرێت لەلایەن ئۆرگانەکانی حکومەتەوە، ئەم رووبەڕوبوونەوەیە لەگەڵ فەرەنسا تەنها بەشێکە لە زنجیرە «بێڕێزییەکان» لەلایەن دوژمنەکانی تورکیا لە دەرەوەو دەبێت تۆڵە بسەنرێتەوە.

«خەڵک پێیان دەوترێت سەرۆکی فەرەنسا بێڕێزی بەو شتانە دەکات کە لای ئێمە پیرۆزەو نیشتمانپەروەرترین و راستترین کار ئەوەیە ئێمەش لێیان توڕە بین»، سەلیم کۆرو، شیکەرەوە لەناوەندی توێژینەوەی سیاسەتی ئابوری لەئەنقەرە ئەمەی بە رۆژنامەی تایمز وت.

ژۆن مارکاو، سەرۆکی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوە لەزانکۆی پۆ گرینۆبڵی فەرەنسی، پێیوایە میدیای تورکی رۆڵی هەبووە لە توانای ئەردۆغان بۆ ئاراستەکەردنی ناکۆکییەکانی لەگەڵ ماکرۆن.

«ئەردۆغان سوود لەو راستییە دەبینێت کە میدیای زمانی تورکی زۆر کەم گرنگییان داوە بە سەربڕینی مامۆستاکە. بەواتایەکی تر هۆکاری پشت پێوەرە نوێیەکانی ماکرۆن بۆ رووبەڕووبونەوەی توندڕەوی ئیسلامی. دەرهێنانی پێوەرە نوێیەکان لەسیاقی خۆیان ئاسانتری دەکات بۆ ئەردۆغان تا ماکرۆن وەک کەسێکی شێت بناسێنێت»، مارکاو ئەمەی بە رۆژنامەی دەچ ویڵی ئەڵمانی وت.

لەسەرەتای مانگی رابردوو ئیمانیۆل ماکرۆن لەوتارێکیدا رایگەیاند ئیسلام « لە قەیراندایە لەهەموو جیهاندا»و پلانی خۆی راگەیاند بۆ «چاکسازی ئیسلامی» تا زیاتر بگونجێت لەگەڵ بەها کۆماری و سیکۆریزمییەکانی وڵاتەکەیدا. دوای تیرۆرکردنی مامۆستاکەش، ماکرۆن وتی کە «پاشگەزنابنەوە» و بەردەوام دەبن لە بڵاوکردنەوەی کاریکاتێر، ئەمەش تووڕەیی جیهانی ئیسلامی بەدوای خۆیدا هێناو لەچەندین وڵات بایکۆتی شتومەکی فەرەنسی راگەیاندراو خۆپیشاندان دژی ماکرۆن و بێڕیزیکردن بە پێغەمبەری ئسیلام ئەنجامدرا.

«پێموایە ئەو کاردانەوانە ئەنجامی بەدرۆکردن و شێواندنی قسەکانی من بوون، چونکە خەڵک وا تێگەیشتوون من پشتگیریم لەو کاریکاتێرانە کردووە»، ماکرۆن لە چاوپێکەوتنێکی تایبەت لەگەڵ کەناڵی ئەلجەزیرەی قەتەری ئەمەی وت کە شەممەی رابردوو بڵاوکرایەوە.

بەربەرەکانێ و پێکدادانی ئەم دوو سەرۆکە رەنگە سوودی بۆ ماکرۆنیش هەبێت.

«وادیارە [ئەم پێکدادانە] یارمەتیدەری سەرۆکی فەرەنساش بێت. هەردوو سەرکردەکە لەوە تێدەگەن دەستکەوتێک هەیە بەدەستی بهێنن بۆ پاشخانی خۆیان، ماکرۆن هێندەی ئەردۆغان لەوە تێدەگات»، کۆرو وای وت.

ماکرۆن بۆ رازیکردن و بەدەستهێنانی دەنگ لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٢ دەیەوێت وەک کەسێکی تووند خۆی دەربخات دژی ئەردۆغان لە ناوخۆی فەرەنسا لەکاتێکدا ئەردۆغانیش لەم نێوەندەدا جەماوەری ناوخۆ بۆ لای خۆی رادەکێشێت.

«ئەردۆغان بەنزین بە ئاگری ناسیۆنالیستیدا دەکات و ماکرۆنیش دەیەوێت جەخت بکاتەوە لەسەر ترسی فەرەنسییەکان بەرامبەر ئیسلامیزم و تاوان تا دەنگدەرانی راستڕەو لەخۆی رازی بکات لەپێش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ٢٠٢٢دا»، دیدیەر بلیۆن، جێگری بەڕێوبەری پەیمانگەی فەرەنسی بۆ کاروباری نێودەوڵەتی و ستراتیجی ئەمەی بە دەچ ویڵی وت.

لەلایەکی ترەوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، شەڕ دژی ماکرۆن وا لە ئەردۆغان دەکات خۆی وەک دەنگی جیهانی ئیسلامی دەربخات، لەکاتێکدا زۆرێک لەسەرکردە موسوڵمانەکان سوورن لەسەر دوورکەوتنەوە لە ناکۆکی لەگەڵ رۆژئاوادا لەسەر سیکۆلاریزم و ئازادی رادەربڕین.

«ئەمە هەلێکی زێڕینە بۆ ئەردۆغان تا بێتە پێشەوەو وەک پارێزگاری ئیسلام و سەرکردەی سوونی لەجیهانی عەرەبیدا خۆی دەربخات و بۆ ماکرۆنیش [ئەم هەلە بوونی هەیە] تا بتوانێت هەژموونی خۆی زیاتر بکات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا»، ئەیدنتاباس وای وت.

هەندێک پێیانوایە  سەرکردەی تری جیهانی سووکایەتی بە موسوڵمانان دەکەن و موسوڵمان دەکوژن، بەڵام ئەردۆغان تەنها ئەم شەڕەی لەگەڵ ماکرۆن دەستپێکردووە.

«[ئەردۆغان] هەر بەڕاستی پێیوایە بەو قسانەی ماکرۆن بێڕێزی پێکراوەو بڕوای وایە بێڕێزی کردنە بەرامبەر موسوڵمانان، بەڵام بەشیوەیەکی ستراتیجی ئەو ئەم ساتەی هەڵبژاردووە تا بڵێت بێڕێزیم پێکراوە. ترەمپ زۆرجار لەملاولا شتی زۆر خراپ بە موسوڵمانان دەڵێت. پوتن موسوڵمانان لە سوریا دەکوژێت و چینیش دەستگیریان دەکات، بەڵام ئەو بڕیاریداوە ئەم هێرشە بکات لەم کاتەدا»، دیپلۆماتکارێکی خانەنشین ئەمەی بە تایمز وت.

سینان ئۆڵگن، بەڕێوبەری ناوەندی تووێژینەوەی ئابوری و سیاسەتی دەرەوە لە ئەستەنبوڵ پێیوایە ناکۆکی تورکی-فەرەنسی کاریگەرییەکی درێژخایەنی دەبێت.

«ئەم ناکۆکییە لێکترازانی شارستانیەتی نێوان تورکیاو رۆژئاوا فراوانتر دەکات، کە لەئیسلامۆفۆبیاوە سەرچاوەی گرتووە. گرژی لەنێوان ئەوانەی پشتگیری ئازادی رادەڕبرین دەکەن و ئەوانەی دەیانەوێت پارێزگاری لەبەها ئایینییەکان بکەن زیاتر قووڵ دەبێتەوە»، ئۆڵگن ئەمەی بە دەچ ویڵی وت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار