پسپۆڕێک هۆشداری دەدات لەبەکارهێنانی ئاوی دەبە بەشێوەی نازانستی

4 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتى، لاڤین مەحمود

فاتمە هەموو رۆژ هەڵدەستێت و دەستدەکات بەکوڵاندنی ئەو ئاوەی کە سێ رۆژێک جارێک لەلایەن فەرمانگەی ئاوەوە پێیان دەدرێت، ئاوەکە لێڵ و زەردەو تام و ۆ بۆنی گۆڕاوە، تاکە رێگەچارەی فاتیمە کوڵاندنێتی بۆ پاکژکردنەوەی ئاوەکەو پاشان بۆ خواردنەوەی تەواوی ئەندامانی خێزانەکەی بەکاریدێنێت.

فاتمە رەزا تەمەن (٤٥) ساڵ دانیشتووی گەڕەکی تاڤگەیە لەسلێمانی باس لەخراپی ئاوەکەیان دەکات و دەڵێت «زۆر زەردو پیسەو ناچاری نەبێت بۆ هیچ شتێک بەکاریناهێنم، هەموو رۆژ ئاوەکە دەکوڵێنم تا لەو پیسییە پاک بێتەوە».

بەوتەی ئەو ژنە لەگەڵ ئەوەی ئاوەکە رەنگی زەردە، بۆنێکی زۆر ناخۆشیشی هەیە، پێشتریش زۆر پاک نەبووە، بەڵام چەند مانگێک دەبێت زۆر زەردە.

فاتیمە وتی «خۆم گورچیلەم تەواو نیە، جا ئەگەر ئەو ئاوەش بخۆم خراپتر ئەبم».

ماوەی چەند هەفتەیەکە ئاوی چەند گەڕەکێکی سلێمانی گۆڕانکاری هاتووە بەسەر بۆن وتام و رەنگیدا، ئەگەرچی بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی دەڵێت بەهۆی شکاندنی بۆڕیەک بوو، ئێستا چارەسەرکراوە، بەڵام هاووڵاتیان هەر ناڕازیین لەپاکی ئاوەکە.

پەرلەمانی کوردستان پڕۆژەیەکی ئامادەکردووە بۆ رێگریکردن لەشکاندنی بۆریەکانی ئاو بۆ ئەوەی کەسی سەرپێچیکەر سزا بدرێت و هێشتا دەنگی لسەر نەدراوە.

پسپۆڕانی تەندروستی دەڵێن دووجۆر مەترسی لەسەر ئاو هەیە، دانەیەکی توشبوونیەتی بەمیکرۆبی و بەکتریا و بەکارهێنەر نەخۆش دەخەن، بەڵام دانەیەکی تری بەکارهێنانی ئاوی دەبەیە بەشێوەی نازانستی کە گۆڕانی کیمیایی بەسەردا دێنێت و نەخۆشی مەترسیدار دروستدەکات.

سەربەست عوسمان، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی لەلێدوانێکیدا بە هاوڵاتى وت « ئاو هیچ پیس نەبووە، ئەوە هەمووی درۆیەکی مەبەستدارە، ئەگەر ئاو پیس بووە بۆ دەیخۆنەوە، هیچ خەڵکێک هەبووە کە بەهۆی ئاوەوە نەخۆشی لەماڵەکەی بڵاوبووبێتەوە»؟.

وتیشی «ئاو پیس نەبووە، تەنها لەهەندێک رۆژدا ماوەیەک بوو بەهۆی شکاندنی بۆریەکەوە ئاوەکە رەنگی زەرد بوو و زەردیەکەشی نەماوە، ئەمە لەچەند هەفتەی پێشوو، بەڵام ئێستا هەفتەیک بۆ (١٠) رۆژ دەبێت هیچ کێشەیکمان نەبووە نە لەڕەنگ و نە لەپیسبوون».

ئەوەش لەکاتێکدایە کە هاووڵاتیانی هەندێک لەو گەڕەکانە ئاوەکەیان پیشانی پەیامنێری ‌-دا، رەنگی گۆڕابوو. ئەو گەڕەکانەش کە گلەییان هەیە، گەڕەکەکانی تاڤگە، سەروەری، کانی کوردە، راپەڕین، کانی سپیکەن.

بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی وتی «هەر کەسێک کێشەی هەیە با بێتە بەڕێوەبەرایەتی ئاو بەدواداچوونی بۆ بکەین و لەڕووی کوالێتی ئاوەوە هیچ کێشەیەکمان نیە، ئێمە فلتەری ئاوەکان دەکەین و بەکوالێتی باش ئاوەکە دەدرێت بە هاووڵاتیان».

ئەگەرچی فاتیمە ئاوەکە دەکوڵێنێت و پاشان بەکاریدێنێت، بەڵام کەسانێکی تر هەن بڕیارێکی تردەدەن، ئەویش کڕینی ئاوە.

نەبوونی ئاوی خاوێن وای لە سەرکەوت کردووە بەردەوام ئاو بکڕێت، سەرکەوت عەبدوڵا، تەمەن (٣٤) ساڵ لە گەڕەکی کانی کوردە بۆ ‌ وتی « مانگ زیاترە من ئاوی گشتی بەکارناهێنم و ئاو دەکڕین بۆ خواردنەوە، کاتێک ئەو ئاوە زەردە دەبینم ناتوانم بیخۆمەوە، وا خۆشم خواردمەوە منداڵەکانم ناسکن و تووشی نەخۆشی دەبن».

هەروەها وتی «زۆربەی نەخۆشی ئێستا بەهۆی ئاوی پیسەوەیە، چونکە مرۆڤ بەردەوام رۆژانە بەکاریدەهێنێت، ئەو ئاوەی ئێستا وەک ژەنگاو وایە هەم رەنگی، هەم تامی».

وتیشی» ئاوێک ئەگەر پاک بێت رەنگی زەرد نابێت، هەوڵیشمداوە لەگەڵ خەڵکی گەڕەک بچین بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئاو بزانین کێشەکە لە چیدایە، بەڵام کەس کاتی نیە، زۆربەی ماڵەکانیش ئەو ئاوە پیسە دەخۆنەوە.»

سلێمانی لە سێ سەرچاوەوە ئاوی بۆ دابیندەکرێت، کە بریتین لە هێڵی دوکان یەک و هێڵی دوکان دوو لەگەڵ پرۆژەی ئاوی سەرچنار، پرۆژەکانی دوکان یەک و دوکان دوو زیاتر ئاوی دەوروبەری سلێمانی دابیندەکەن، بەڵام ناوەندی سلێمانی لەپرۆژەی ئاوی سەرچنارەوە ئاوی بۆ دابیندەکرێت.

بەبڕوای پسپۆڕانی تەندروستی، پیسبوونی ئاو مەترسی تەندروستی هەیە لەسەر بەکارهێنانی، بەتایبەتی ئەگەر ماددەی تری تێکەڵ بێت.

د.بینایی کامەران، پسپۆری زانستی خۆراک، سەبارەت بەمەترسیەکانی ئاوی پیس بە هاوڵاتى وت «دوو جۆر پیسبوونی ئاومان هەیە، پیسبوونی میکرۆبی ئەو میکرۆبانەی کە بەکتریان یاخود ڤایرۆسن یان کەڕون کە هێلکەکەیان یان خۆیان لەگەڵ ئاوەکە دەژین، کەئاوێکی سەرچاوەیەکی پیس بێت و رۆشتوو نەبێت، بەپێی پێویست کلۆرو ماددەی پاکژکەرەوەی تێنەکرێت، ئەوەیان بۆ تێکچونی هەرس و ژەهراویبون خراپە».

باسی لەوەشکرد، لەم حاڵەتەدا ئەو کەسە کە ئەو ئاوە دەخواتەوە تووشی هەوکردنی ریخۆڵەو گەدە دەبێت، وتی «لەوانەیە تووشی سکچون و رشانەوە بێت، لەوانەیە وایلێبکات هەستی تێکبچێت و بێهێز بێت و بەهای خۆراکی خواردنەکان هەزم نەکات، یان جار جار سکچوونی هەبیت».

د.بینایی ئەوەشی روونکردەوە پیسبوونێکی تری ئاو هەیە بەماددەی کیمیایی، ئەوانیش ئەو ئاوانەی کە لە دەبە پلاستیکییەکاندان، وتی «ئەم جۆرەیان بەکیمیایی ناودەبرێت، ئەمەیان خەتەرترە، ئەمەیان تۆ هەست بە نیشانە ناکەیت، بەپێی کات تووشی نەخۆشیەکی خراپ دەبیت، ئەو پلاستیکانە عادەتەن هەندێکیان کە ریسایکل ئەکرێن ماددەکانیان تێکەڵ بەو ئاوە دەبێت بەتایبەت ئەگەر تیشکی خۆر یان پلەی گەرمی بەرز بێت کە ئەو ئاوەی تیاهەڵدەگیرێت، ئەو دەبە پلاستیکە هەندێک کانزای قورسیی تیادایە کەخۆی بۆ لەشی مرۆڤ ژەهراوییە، بەڵام تێکەڵ بە ئاوەکە دەکرێت و لەگەڵ ئاوەکەیە دەخورێتەوە وەک کانزای کرۆم، جیوەو چەندین جۆری تری کانزا کە بەو رێژەیە زۆر خراپە بەتایبەتی بۆ نەخۆشییەکانی گورچیلە، بۆ مێشک، بۆ نەزۆکی، بۆ منداڵ و بۆ ئۆتیزم».

هەروەها وتیشی «ماددەی پلاستیکیش خۆی ماددەیەکە هۆرمۆنی تیادایەو لەهۆرمۆنی هێلکەدان دەچێت کە زۆر بەهێزە، ئەمەش وادەکات کێشەی هۆرمۆنی دروست دەکات کە تێکەڵ بە ئاوەکە دەبێت، کە مادەیەک هەیە لەپلاستیک پێی دەوترێت EPA ژەهراوییە بۆ ناو ئاو، ئەو ئاوە پلاستیکیەی خۆشمان پێش ئەوەی بچێتە دوکانەکان لەشوێنێکی رووناک بێت و تیشکی خۆری لێبدات ئەو مادەیە تێکەڵی ناو ئاوەکە دەبێت، ئەمە بەپێی کات کە دەیخۆیتەوە کۆدەبێتەوە لە لەش و کاریگەری زۆر خراپی دەبێت لەسەر دروسبوونی هەموو کێشە هۆرمۆنییەکان و هەتا شێرپەنجەش، باشترین رێگا ئەوەیە ئاوی سەرچاوەیەک بخورێتەوە کە میکرۆبی تیادا نەبێت».

خراپبوونی ئاوی خواردنەوەو دووبارەبوونەی وایکردووە کە پرۆژەیاسایەک لەپەرلەمانی کوردستان ئامادە بکرێت تایبەت بەتۆڕو بنچینەکانی ئاووئاوەڕۆ خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە، بۆ ئەوەی رێگری بکرێت لە شکاندنی بۆریەکانی ئاو لەلایەن ئەو کەسانەی کە بەناوی پڕۆژەوە تێکیدەدەن و زەرەر بەئاوی ماڵان دەگەیەنێت.

لوقمان وەردی، سەرۆکی لیژنەی شارەوانی و گواستنەوەو گەیاندن و گەشتوگوزار بە هاوڵاتى وت «تۆڕەکانی ئاووئاوەڕۆ لەهەرێمی کوردستان پارێزراو نین، هەتا ئێستاش بۆشایی یاساییمان هەیە لەبواری پاراستنی تۆڕو سەرچاوەکانی ئاو، ئەوەی ئێمە تێبینی دەکەین لەزۆربەی شوێنەکان زیادەڕۆیی دەکرێتە سەر تۆڕەکانی ئاوو ئاوەڕۆو زۆرێک لەو شوێنانە گرفتی ئاو بۆ هاووڵاتیان دروستدەکات».

وتیشی «ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک زیادەڕۆیی دەکەنە سەر ئاو، ئەمەش وادەکات بەشێکی زۆری ئاو بەفیڕۆ بچێت، یاخود کەسێک زیان دەگەیەنێت بەیەکێک لەتۆڕو شەبەکانی ئاوو هیچ سزایەک نەبوو تاکو ئێستا بەڕێوەبەرایەتیەکانی ئاو پەنای بۆ بەرن، تاکو رووبەڕووی سزای بکەنەوە».

باسی لەوەشکرد لە ئەنجامی بوونی ئەم کەموکورتییە پرۆژە یاساکە لەهەرێمی کوردستان نووسراوە.

پرۆژەکە لە (٢٥) ماددە پێکدێت و خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە، هەروەها سزای دیاریکردووە بە پێبژاردن لە (٢٥٠) هەزار دینار زیاتر سزایی عێراقییە تاکو (٥٠) ملیۆن دینار. ئەوەش بەپێی ئەو زیادەڕەوو تاوانەی بەرامبەر تۆڕەکانی ئاوو شەبەکەکان دەکرێت و پێبژاردنەکە دیاریدەکرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار