ئێران چی لەئەرمینیاو ئازربایجان دەوێت؟

ئەو هۆکارانەی ئێران‌و ئەرمینیاو ئازربایجان پێکەوە دەبەستێتەوە

دیمەنێک لە شەڕی ئەرمەنستان و ئازەربایجان

4 ساڵ لەمەوپێش



ھاوڵاتی

هەوڵەکانی ئێران بۆ چارەسەرکردنی کێشەی قەرەباغ سەرنجی جیهانی بۆخۆی راکێشاوە، چونکە جەنگ لەو ناوچەیە زیاتر لە (13) وڵاتی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووەو لەناو ئەو وڵاتانەدا رۆڵی بەرچاوی ئێران لە رووی مێژویی و سیاسییەوە لەگەڵ ئازبایجان و ئەرمینیا جێگەی بایەخی زۆربەی میدیاکانە کە دەکرێت هۆکارەکانی لەچەند ویستگەیەکی مێژوویی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابورییەوە لێک بدرێتەوە بەو پێیەی لە رابردوو ئەو دوو وڵاتە ناکۆکە بەشێک بوون لەجوگرافیای ئێران.

هۆشداریی سەربازیی و هەوڵی دیپلۆماسیی

ئەبولفەزل شکارچی، وتەبێژی باڵای هێزە چەکدارەکانی ئێران رایگەیاند: بەهۆی پێکدادانی سەربازیی نیوان ئازربایجان و ئەرمینیا و پابەندنەبوونی ئەو دوو وڵاتە بە رێوشوێنی نێودەوڵەتیی و دراوسێیەتییەوە، ئێران هێڵی سنوریی نێوانیانی لە رووی سەربازیی و بەرگریی ئاسمانییەوە بەهێز کردووە.

شاکارچی وتوویەتی تەنها لەماوەی پێنج خولەکی شەڕی ئەو دوو وڵاتەدا (10) موشەک بەر خاکی ئێران کەوتووە لەنزیک سنوری ئەو دوو وڵاتەدا، بۆیە هێزی بەرگریی ئێران ئەو رەفتارانەی ئەرمینیاو ئازربایجان قبوڵ ناکات.

بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵی ئێران بەهۆی جەنگی ئەم دواییانەی قەرەباغ (70) موشەک و رۆکێت بەر خاکی ئێران کەوتەوە.

حەسەنی رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران لەدەستپێکی جەنگی ناوچەی قەرەباغ رایگەیاند؛ بەشداریی چەکدارە توندڕەوەکانی سوریا لەبەرەی ئازربایجان مەترسییەکی گەورەیەو هەڕەشەیەکە بۆ سەر خاکی ئێران.

لەلایەکی دیکەوە عەباس عێراقچی، جێگری سیاسیی وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ شاندێکی یاوەری لەچوارچێوەی پلانی ئاشتیی کۆماری ئیسلامی لەنێوان ئەرمینیاو ئازربایجان، سەردانی باکۆو یەریڤان و مۆسکۆو ئەنقەرە-ی کردووەو رایگەیاندووە؛ مەبەستی لەو گەشتە جێبەجێکردنی پلانی کۆماری ئیسلامی ئێران بووە لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کەخوازیارن کۆتایی بەجەنگی ئەرمینیاو ئازربایجان بهێنن و ئەو دوو وڵاتە بگەنە قۆناغی ئاشتییەکی جێگیر.

کورد، پەیوەندییەکانی ئێرانو ئەرمینیای توندوتۆڵتر کردووە

کۆماری ئیسلامی ئێران یەکەم وڵاتە کەساڵی (1991) دان بەسەربەخۆیی ئەرمینیادا دەنێت و تەنها (35) کیلۆمەتر سنوری وشکانیی هاوبەشیان هەیەو بەپێی بەڵگەنامە مێژووییەکان پەیوندییەکانی ئێران و گەلی ئەرمینیا  دەگەڕێتەوە بۆ دوو هەزارو (700) ساڵ پێش ئێستاو لەکۆنەوە زۆرترین ئەرمەنی لەخاکی ئێراندا ژیاون و یەکەم بەڵگەنامەش کەپەیوەندیی گەلی ئەرمینیاو وڵاتی ئێرانی تێدا تۆمارکراوە دەستنووسی بەردینی سەر چیای بێستون-ە لەکرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و بەڵگەنامە مێژووییەکانی دیکەش ئەوە دەسەلمێنن کە کورد لەڕۆژهەڵات پەیوەندییان لەگەڵ گەلی ئەرمینیا توندوتۆڵ بووە.

ژمارەی هەموو ئەرمەنییەکانی جیهان دەگاتە زیاتر لە (14) ملیۆن و لەو ژمارەیە تەنها سێ ملیۆن کەسیان لەکۆماری ئەرمینیا دەژین و ئەو (11) ملیۆن ئەرمەنییەی دیکە لەوڵاتانی دیکەی ئەوروپاو بەشێک لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەژین، خاوەنی رێکخراوێکن بەناوی ئەرمەنییە دابڕاوەکان و هەر ئەم رێکخراوەیە وای کردوە یەکگرتویی لەنێوان ئەرمەنییەکاندا بەراورد بەگەلانی دیکە زیاتر بێت.

بەپێی ئامارەکانی دامەزراوەی بازرگانیی ئێران، ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئەرمینیا و ئێران لەنێوان (200) ملیۆن دۆلار بۆ یەک ملیار دۆلارەو ئەرمینیا بەحەوتەمین هاوبەشی بازگانیی ئێران ئەژمار دەکرێت و نزیکەی هەزارو (500) ناوەندو گارگەی بەرهەمهێنان کەزۆربەیان لەبواری ئاسن و دروستکردنی بزوێنەری گەورەن و لەسەر دەستی ئەرمەنییەکانی ئێران چالاکن و تەنانەت لەجەنگی هەشت ساڵەی ئێران لەگەڵ عێراق ئەرمینیاو ئەرمەنییەکان کۆڵەکەی تەکنیک و بەشی ئەندازیاریی کەرەستە سەربازییەکانی ئێران بوون لەبەرەی جەنگدا، جگە لەوانەش ئەو دوو وڵاتە سێ پڕۆژەی هاوبەشی گەورەی بەرهەمهێنانی  کارەبایان هەیە لەسەر ئاوی روباری ئاراس.

تورک و شیعە شەفاعەتی ئازربایجان بۆ ئێران ناکات

ئازربایجان تا (200) ساڵ پێش ئێستاش بەشێک بووە لەخاکی ئێران و لەجەنگەکانی نێوان ئیمپڕاتۆریەتی روسیاو ئێران لەچوارچێوەی دوو رێککەوتنی (گوڵستان) و (تورکمانچای) رادەست کراوەو دوای رووخانی ئیمپڕاتۆریەتی روسیا، ئازربایجان بووە بە بەشێک لەخاکی سۆڤیەت و دوای رووخانی سۆڤیەت لەساڵی (1991) سەربەخۆیی وەرگرت.

 ئەگەرچی پەیوەندیی سیاسی و کەلتوریی نێوان ئێران و ئازربایجان دورودرێژو مێژوییە، بەڵام بەهۆی دروستکردنی پێگەی ئیسرائیل و ئەمەریکا لەئازربایجان، بەردەوام ناکۆکی و ساردیی لەنێوان باکۆو تاراندا هەبووەو ئازربایجان بە بەردەوامیی ئێران تۆمەتبار دەکات بە پشتیوانیی لەئەرمینیا، لەکاتێکدا بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ناوچەی قەرەباغ کەهۆکاری جەنگی نێوان ئەرمینیاو ئازربایجانە بە بەشێک لەخاکی ئازربایجان ناودەهێنن و پشتگیریی ئەو وڵاتە دەکەن.

سنوری هاوبەشی ئێران و ئازربایجان دەگاتە (432) کیلۆمەتر و دانیشتوانی ئازربایجان کە زیاترن لە (10) ملیۆن کەس، زۆرینەی تورک زمان و لە رووی ئایینەوە موسوڵمانن و (85%)ی شیعەو (15%) سوننەن، لە رووی کەلتوری و کۆمەڵایەتییەوە پەیوەندییەکی قوڵیان لەگەڵ هاووڵاتیانی تورک زمانی ئێران هەیە کە ژمارەیان دەگاتە (15) ملیۆن کەس و هەندێکجاریش وەک ئازەری ناویان دەهێنرێت.

کۆماری ئیسلامی ئێران لەساڵی (1995) بە بەردەوامیی پشتگیری کۆماری ئازربایجانی کردووە لەدژی بەرەی ئازادیخوازی ئەرمەنییەکانی ناوچەی قەرەباغ و بەپێی هەندێک بەڵگەنامەی نێودەوڵەتی؛ سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران نزیکەی (20) ساڵ راهێنانی بە جەنگاوەرانی ئازبایجان کردووە دژی سەربەخۆیخوازانی ئەرمەنیی هەرێمی قەرەباغ و تەنانەت هێزەکانیشی بە راستەوخۆ بۆ پشتگیریی ئازربایجان بەشداریی ئەو جەنگانەیان کردووە، بەڵام لەساڵی (2016) و دوای ئەوەی ئاشکرابوو کە ئیسرائیل فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لەناوچە هاوسنورەکانی ئازربایجان لەگەڵ ئێران جێگیر کردووە بەمەبەستی تێکشکاندنی موشەکەکانی ئێران، پەیوەندییەکانی نێوان تاران و باکۆ ساردیی تێکەوتووەو حەسەن رۆحانی دوای بوون بە سەرۆک کۆمار لەوڵاتەکەی هەوڵێکی زۆری داوە تا پەیوندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و ئازربایجان ئاسایی بکاتەوە.

ئیسرائیل ساڵی (2019) رێککەوتنێکی سەربازیی و ئەمنی و هەواڵگریی بەڕەسمی لەگەڵ کۆماری ئازربایجان ئیمزا کرد کەنیگەرانیی کۆماری ئیسلامی ئیڕانی لێکەوتەوەو هاوکات سایتی ویکی لیکس ئاشکرای کردووە کە لەساڵی (2009) ئیسرائیل رێککەوتنێکی لەگەڵ کۆماری ئازربایجان کردووە کە بەپێی رێککەوتنەکە دەبێت باکۆ لەبەرەی جەنگ لەدژی کۆماری ئیسلامی ئێران بێت و پابەندبێت بە رێککەوتنەکەوە.

ئەگەرچی کۆماری ئیسلامیی ئێران خۆی بەپشتیوانی شیعە لەسەرتاسەری جیهان دەزانێت، بەڵام پێدەچێت پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکا لەگەڵ ئازربایجان وای لەتاران کردبێت بەسیاسەتەکانیدا بچێتەوە بەتایبەت کەئێستاش تورکیا  بووەتە هاوپەیمانی راستەقینەی باکۆ بۆ جەنگ لەقەرەباغ.

ئەوەی جێگەی سەرنجە سەرەڕای ئەوەی لەئێستادا ئێران پشتگیریی راستەوخۆی ئازربایجان ناکات، بەڵام ژمارەیەک هاووڵاتیانی تورک یان ئازەری کە بە (پان تورک) دەناسرێن چەندجارێک لەتەبرێزو شارە تورکییەکانی ئێران خۆپیشاندانیان بۆ پشتیوانیی ئازربایجان دەربڕیوەو تەنانەت لەدروشمەکانیاندا کوردو ئەرمەنییان بەدوژمنی هاوبەشی تورک و ئازەری لەقەڵەمداوە.

نەوت ناکۆکیی نێوان ئێران و ئازربایجان

ئێران و ئازربایجان کە هەردووکیان سنوری ئاوییان لەدەریای قەزوێن (خەزەر) هەیە لە (20) ساڵی رابردودا بەبەردەوامیی ناکۆکیان هەبووە لەسەر سەرچاوەکانی غازو نەوتی ئەو دەریایەو تاران پێیوایە دەبێت (20%)پشکی نەوت و غازی ئەو دەریایە بۆ ئێران بێت و لەبەرامبەردا ئازربایجان و تورکمانستان دژی ئەو رێژەیە لەپشکی ئێرانن و هاوکات کۆماری ئیسلامی ئێران ئازربایجان تۆمەتبار دەکات بەوەی کەشێوازی دەرهێنانی نەوتی ئەو وڵاتە لەدەریای قەزوێن بووەتە هۆی پیسبوونی ژینگەو زیانگەیاندن بەتەندروستیی هەشت ملیۆن دانیشتووی ئێران.

بەپێی ئامارەکان نزیکەی (60%) بۆ (70%) نەوتی ئازربایجان کە لەدەریای قەزوێن بەرهەمدەهێنرێت بە ئیسرائیل دەفرۆشرێت و لەبەرامبەردا تەلئەبیت لە رێگەی تورکیاوە ژمارەیەک فڕۆکەو کەشتیی سەربازیی رەوانەی ئازربایجان کردووە و هاوکات چەک و کەرەستەی سەربازیی بەو وڵاتە دەفرۆشێت و تائێستا بەبەهای زیاتر لە شەش ملیار دۆلار چەک و کەرەستەی سەربازیی بەئازربایجان فرۆشتوە، ئەگەرچی هەندێک سەرچاوە بڵاویان کردووەتەوە کە تائێستا ئیسرائیل رێگەی نەداوە فڕۆکە بێفرۆکەوانەکانی لەجەنگی دژی ئەرمینیا بەکاربهێنێت، بەڵام پێناچێت ئازربایجان ئەو رێگرییانەی ئیسرائیلی جێبەجێ کردبێت.

ئێران پشت لەئەرمینیا ناکات

پێگەی دیپلۆماسی ئێران لەزاری بەرپرسێکی ئەرمینیا بڵاوی کردووەتەوە پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ کۆماری ئازربایجان هیچکات جێگیرو توندوتۆڵ نەبووەو لەئێستادا کە باکۆ چووەتە هێڵی نەتەوەپەرستیی تورک لەتورکیاو لەباکوری ئێرانیش ژمارەیەکی بەرچاو لەتورک دەژین و گروپی نەیاری حکومەتیان تێدایەو پشتگیریی ئازربایجان دەکەن، بۆیە هەرگیز ئێران هاوشێوەی رابردوو پشتیوانیی لەئازربایجان ناکات تەنانەت ئەگەر بەرگریش لەئەرمینیا نەکات.

لەلایەکی دیکەوە جەنەڕاڵ موحەڕەم عەلیێڤ یاردیدەدەری سەرۆک کۆماری ئازربایجان لەسەرەتای جەنگی ئەم دواییانەی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەرمینیا لەناوچەی قەرەباغ وتی؛ ئێمە هیچکاتێک رۆڵی ئەرێنیی کۆماری ئیسلامی ئێران لەکردنەوەی سنورەکانی بۆ رزگارکردنی خەڵکی ئازربایجان لەبیرناکەین و ئێستاش سوپاسی پشتیوانییەکانی دەکەین لەوڵاتەکەمان، چونکە ئێران بڕوای بەسەربەخۆیی و ئازادکردنی هەموو ئەو ناوچانە هەیە کە لەلایەن ئەرمینیاوە داگیرکراون.

هەرێمی نەخجەوان ناکۆکیی تارانو باکۆ

نەخجەوان کە هەرێمێکی نیمچە سەربەخۆیەو پانتاییەکەی دەگاتە پێنج هەزار و (363) کیلۆمەترو ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی (500) هەزار کەسەو دەکەوێتە باشوری ئێران و سەر بەکۆماری ئازربایجانە، سنوری ئەرمینیا ئەو هەرێمە لەسنوری وشکانییەوە لەوڵاتی ئازربایجان دادەبڕێت، بۆیە باکۆ بەچاوپۆشیی لەهەندێک ئیمتیازدان بەتاران، غاز لەڕێگەی ئێرانەوە رەوانەی نەخجەوان دەکات و ئێران لەبەرامبەردا (15%)ی ئەو غازە بۆ خۆی دەبات و لەئێستاشدا ئەو هەرێمە پێویستی بەئێرانە بۆ دابینکردنی کاڵا سەرەکییەکانی، بۆیە ئازربایجان هەوڵدەدات لە رێگەی فشارەکانی تورکیاوە دەستی کۆماری ئیسلامی لەو هەرێمە کورت بکاتەوەو پشکەکەشی لەغازەکە بۆ (5%) دابەزێنێت.

(13) وڵات ململانێ لەسەر قەرەباغ دەکەن

وڵاتانی گروپی مینسک کە بریتین لە(فەڕەنسا، ئەمەریکا، روسیا، بیلاڕوسیا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، پورتوگال، هۆڵەندا، سوید، فنلاند، تورکیا) و ئێران و ئیسرائیل زیاترین دەستوەردانیان  لەکێشەی هەرێمی قەرەباغ هەیەو ئەم (13) وڵاتەش لەئاستی جیاوازداو لەنێو خۆیاندا کێشەی قووڵیان هەیە، بۆیە داهاتوویەکی سەقامگیرو ئاشتیی جێگیر لەقەرەباغ بەدیناکرێت و ئاماژەکانی بەردەوامبوونی ناکۆکی و ململانێکان لەپێشێلکردنی رێککەوتنی سێ جاری ئاگربەست لەنێوان ئەرمینیاو ئازربایجان بەدیدەکرێت.

ئەو راستیانەی شاراوە ماونەتەوە

ئارسن نەزەریان کە پسپۆڕێکی ژیۆپۆلۆتیکی ئەرمەنییە دەڵێت:  کۆماری ئەرمینیا تائێستا بە رەسمی دانی بەسەربەخۆیی هەرێمی قەرەباغدا نەناوەو ئەو جەنگەی لەقەرەباغ هەیە لەلایەن گروپی ئەرمەنیی (ئارتساخ) دەکرێت و هەر ئەوانیش دەسەڵاتی ئەو ناوچانەیان بەدەستە کەئازربایجان رایگەیاندووە ئەرمینیا داگیری کردوەو لەبەڵگەنامەو بڕیارنامەکانیشدا ناوی ئەرمینیا وەک داگیرکار نەهێنراوە بەڵکو گروپی ئەرمەنیی (ئارتساخ) وەک داگیرکار ناوی هێنراوە، بەڵام بەپێی چوار بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایش دەبێت کۆماری ئەرمینیا فشار لەحکومەتی هەرێمی قەرەباغ بکات کە حەوت ناوچەی ئازەریی قەرەباغ رادەستی کۆماری ئازربایجان بکاتەوە یان رێککەوتن لەگەڵ ئەو وڵاتە بکات بۆ چۆنیەتی بەڕێوبردنی حەوت ناوچەکە لەکاتێکدا کۆماری ئازبایجان ئامادە نییە لەگەڵ حکومەتی خۆجێی قەرەباغ دانیشتن بکات و بەبەردەوام ئەرمینیا تۆمەتبار دەکات.

ئەگەرچی ئەوە راستییەکە کە ئەرمینیا بەپێی پرەنسیبی خۆی بۆ ریگریی لەکۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکان بەهەموو شێوەیەک دژی هەر جۆرە هێرشێک دەبێتەوە، چونکە ئەرمینیا نایشارێتەوە تورکیا دەیەوێت بەبیانوی قەرەباغەوە جارێکی دیکە هاوشێوەی (105) ساڵ پێش ئێستا کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکان بکاتەوە، بۆیە ئەرمینیا راشکاوانە رایگەیاندووە ئەگەر تورکیا وەک دوژمنێکی مێژوویی بیەوێت کۆمەڵکوژیی بکات ئێمە پێمان باشترە لەکاتی بەرگریی و دەست بەچەک بکوژرێین تا بەبێ دەسەڵاتی وەک مەڕ سەریان ببڕن.

ئەو پسپۆڕە ئاماژەی بەوەکردووە سوپای رەسمیی ئەرمینیا لەجەنگی ئەم دواییانەی قەرەباغدا، بەشداریی نەکردوەو تەنها گروپی ئەرمەنیی ناسراو بە (ئارتساخ) لەدژی ئازربایجان جەنگیان کردووەو ئەوەی دەوترێت کەئەرمینیا هەڵگیرسێنەری جەنگە، درۆیەکی گەورەیە چونکە ئەرمینیا بۆ سەقامگیریی وڵاتەکەی بەتایبەت لە رووی ئابورییەوە پێویستی بەئاشتی لەگەڵ وڵاتانە، بەڵام ئازربایجان بەکڕینی ملیارەها دۆلار چەک و کەرەستەی سەربازیی دەیەوێت ئەو چەکانەی لە کۆگاکانیدا خراپ نەبێت و سەرکەوتنێکی لەجەنگ لەدژی قەرەباغ و ئەرمینیا پێ تۆمار بکات.

نەزەریان پێداگریی لەوە دەکات بەدرێژایی سەرهەڵدانی کێشەی قەرەباغ کۆماری ئیسلامی ئێران بەبەردەوامی بەرگریی لەکۆماری ئازربایجان کردووە، بەڵام باکۆ هیچ کاتێک متمانەی بەئێران نەبووەو ئێستاش کە سود لەچەکی ئیسرائیلی دەبینێت بۆ خۆشکردنی ئاگرەکە، بێگومان بەهیچ شێوەیەک نایەوێت ئێران هەوڵی چارەسەری کێشەکانی نێوان ئەرمینیاو ئازربایجان بدات

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار