هەندێک خوو دەدەنە دووگ خواردن
دووگی ئاژەڵ لای بەشێک لەهاووڵاتیان گرنگی پێدەدرێت بۆ دوورکەوتنەوە لەگومانەکانی شێوازی دروستکردنی زەیتو رۆن
4 ساڵ لەمەوپێش
ماردین نورەدین
محەمەد ئازاد، تەمەن (21) ساڵ ، کە لەیاری ئاسن تەواو دەبێت و دەگەڕێتەوە برجنێکی بێ رۆن دەخوات یان خواردنێک کە بەدووگی ئاژەڵ دروستکرابێت.
محەمەد ئازاد وتی «من هەرگیز زەیت و رۆن ناخۆم، بەڵام رۆژانە دوو کەوچک زەیتی زەیتون بەکاردەهێنم لەهەموو چوونە دەرەوەکانیشمدا ئەو خواردنەی دەیخۆم دەبێت بە دووگ ئامادەکرابێت».
محەمەد بڕیاریداوە ئەگەر وازیشی لەیاری لەشجوانی هێنا نەگەڕێتەوە سەر خواردنی رۆن و چەوری.
ئەم گەنجە لەو شوێنانەوە فیر بووە کەیاری ئاسنی تێدادەکات، هەروەها گوێی بۆ پزیشکە پسپۆڕەکانیش گرتووە.
محەمەد بە هاوڵاتى وت «دووگ زۆر تەندروستە، بەڵام بەڕادەیەکی زۆر نا، ئەگەر کۆرسێکی خواردن لای مامۆستایەکی لەشجوانی یان دکتۆرێکی خۆراکی، جگە لە زەیتی زەیتون، ئەوا هەمووی دووگت بۆ دەنووسێ، بەڵام بەڕێژەیەکی کەم».
لەو شوێنەی یاری ئاسنی تێدادەکات پێیان وتووە «زەیت تەندروست نیە، لەبەرئەوەی هەمووی ماددەی حافیزەو پیسە».
هەروەها پێیان وتووە ئەگەر بیر لەزەیتی گوڵەبەڕۆژە بکاتەوە بە (2 تا 3) کیلۆ ئینجا دەبەیەک زەیت دروستدەکات، ئەوە لەکاتێکدایە نرخی یەک کیلۆ گوڵەبەڕۆژە بەکاڵی بە دوو هەزارو (٥٠٠) دینار یا (٣) هەزار دینارە.
بەبڕوای ئەو یەک لیتر زەیت پیویستی بە (٣) کیلۆ گولەبەڕۆژە دەبێت، بەپێی هەژماردنەکەی خۆی پێویستی بەحەوت هەزار دینار زیاترە، لەکاتێکدا نرخی دەبەیەکی یەک لیتری زەیت هەزارو (٥٠٠) دینارە.
ئەگەرچی نرخی دووگەکە بەراورد بەزەیتەکە گرانترە، بەڵام ئەمە وای نەکردووە کە محەمەد ئازاد دەستبەرداری دووگەکە بێت، چونکە ئەو تەندروستیی خۆی بەلاوە گرنگترە.
نرخی دووگ لەبازاڕدا بۆ هەر کیلۆیەک نزیکەی پێنج هەزار دینارە، کەئەوەش دوو هێندە زیاترە بەراورد بەنرخی زەیت و رۆنی بەستوو، هەروەها بەراورد بەگۆشتی سوور سێ هێندە نرخەکەی کەمترە.
محەمەد ئەحمەد گۆشتفرۆشێکی شاری سلێمانییە بە هاوڵاتى وت «لە ئێستادا زۆر کەسی ئاوا دێتە لامان کە دووگ دەبەن لەجیاتی رۆن و زەیت بەکاریدەهێنن، لەبەرئەوەی تەندروستترە، هەندێک کەسیش هەیە کە بۆ دابەزاندنی کێش بەکاریدەهێنن، خۆشمان لە دوکان تا ئێستا هەر ئەوەمان بەکارهێناوە بۆ دروستکردنی خواردن رۆن و زەیت بەکارناهێنین».
وتیشی «رەنگە دووگ بەهۆی نرخەکەیەوە بێت خەڵک تۆزێ نەیکڕێ، لەوانەیە لە کیلۆیەکدا نیو دەبە زەیتی تیا دەربچێت، بەڵام خەڵک زۆر دێت بۆلامان دووگ دەبەن بۆ ئەوەی لەجیاتی زەیت و رۆن بەکاری بهێنن».
دووگ ئەو چەورییەیە لەمەڕەوە سەرچاوە دەگرێت، سەرچاوەیەکی زۆری وزەی تێدایە، لەڕوی پێکهاتەوە جیاوازە لەڕۆنی رووەکی، لەبەرئەوەی هەندێک ڤیتامینی تێدایە لەڕۆنی رووەکیدا نیە، بەتایبەتی ئەوانەی چەوری دەتوێننەوە، زۆربەی تووێژینەوەکان ئەوە دەسەلمێنن کە سوودی زۆرترە لەزیانەکانی، بەڵام بۆ دوورکەوتنەوە لەزیانەکانی دەبێت بەزانستییانە بەکاربهێنرێت.
لەگەڵ ئەوەشدا دووگ دوورە لەو زیانانەی کە لەزەیتدا هەیە، بۆ نموونە ئەگەر زەیت لەپلەی گەرمی بەرزدا شتی پێ سوربکرێتەوە دووچاری کرداری ئۆکسان دەبێت، بەڵام دووگ هەرچەندە پلەی گەرمییشی بەرزبێت و شتی پی سووربکرێتەوە، دووچاری کرداری ئۆکسان نابێت.
لەشکر حەمید ئەندازیاری خۆراک بەهاوڵاتى وت «رۆنی رووەکی بەپلەی گەرمی و بە شێ ئۆکسان تێیدا روودەدات، ئەویش کاریگەری خراپی هەیە لەسەر تەندروستی مرۆڤ».
باسی لەوەشکرد کە دووگ دەوڵەمەندە بەکۆمەڵێک ڤیتامینی وەک K وD و Eو هەروەها بەسوودە بۆ چارەسەرکردنی هەوکردن و بۆ بەهێزی قژو پیست باشەو ئەندامەکانی جەستە بەهێز دەکات و خوێنبەرەکان نەرم دەکات و سیستمی بەرگری لەش بەهێزو چالاک دەکات و بۆ ئازاری جومگەکان باشە.
هەروەها وتی «دووگ کۆمەڵێک سوودی خۆی هەیە، بەڵام دەبێت ئەویش لەسنوری خۆیدا بەکاربهێنرێت، هەموو شتێک کام خۆراکەی باشە کەڕێژەی زیاد لەپێویستی خۆی بەکارهێنرا بەدڵنیاییەوە کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر تەندروستی».
هەندێکی تر دووگ دەخۆن لە سیستمی خۆراکی کیتۆ، ئەم سیستمە پشت بەچەوری و پڕۆتین دەبەستێت و کاربۆهیدرات ناخورێت، کەبریتین لەشەکرو برنج و نان و پەتاتەو میوە، واتە هیچ نیشاستەو شیرینیەک کەبریتین لەکاربۆهیدرات لەم سیستمەدا ناخورێت، تەنها چەوری و پڕۆتین لەبەری وزەی کاربۆهیدراتەکانن، ئەم سیستمە زیاتر بۆ ئەوانەیە کەدەیانەوێت خۆیان لاوازبکەن لەم سیستمەدا دووگ بەڕێژەیەکی زیاتر دەخورێت بۆ ئەوەی ببێتە سەرچاوەی وزە لەبری کاربۆهیدرات.
لەشکر حەمید وتی «ئەگەر بێتو دووگ زیاد لەحەدی خۆی بەکاربهێنرێت کاریگەری خراپی دەبێت لەجیاتی کاریگەری باش، چونکە رێژەیەکی زۆر کالۆری تێدایە، هەر (100) گرامێک لە دووگەکە (900) کالۆری حەراری تێدایە، ئەمەش دەبێتەهۆی زیادبوونی کێش، زیادبوونی کێشیش دەبێتەهۆی نەخۆشییەکانی دڵ، پەستانی خوێن، جەڵدەی مێشک، هەوکردنی جومگەکان، نەخۆشی شەکرە، ئەمانەش زیانی تەندروستییان هەیە، بۆیە دەبێت لەسنوری خۆیدا بخورێت، نابێت بڵێین دووگ سوودی زۆرە ئیتر بەڕێژەی زۆر بخورێت».
میهرەبان عەبدول، (23) ساڵ یەکێکە لەو کەسانەی کە بۆ دروستکردنی خواردن دووگ بەکاردەهێنێت بۆ دروستکردنی خواردن، بەڵام لەگەڵ زەیت یان رۆنی بەستوو تێکەڵی دەکات، چونکە پێیوایە زۆر بەکاری بێنێت زەرەری بۆی هەیە.
لەگەڵ ئەوەشدا میهرەبان بەدڵنایی زۆرەوە بەکاری دێنێت، چونکە دەڵێت نازانێت زەیتەکە چۆن دروستدەکرێت.
میهرەبان بە هاوڵاتى وت «دووگ وەک زەیت نیە، کەس نازانێت چۆن دروستدەکرێت، بە حساب رۆنی گوڵەبەڕۆژەیەو نرخیکی زۆر هەرزانی هەیە کە واش نیە، هەر لەوە دەردەکەوێت کە دەچێتە سەر تەباغەکە لێی نابێتەوە، وەک چەوری ئاسایی نیە، بۆیە خەڵک ئێستا یان دووگ یان رۆنی بەستو بەکاردەهێنێت، بەکارهێنانی زەیت کەم بووەتەوە».
وتیشی «دووگ بەپێی پێویستی دەیکڕین، ئەگەر چەند بمێنێتەوە لەموجەمیدەشدا تێک ناچێت، هەر لەکۆنەوە خەڵک ئەوکاتە ئەم زەیت و رۆنە نەبووە هەر ئەو شتە سروشتییانەیان بەکارهێناوە بۆیە نەخۆشی کەم بوو، ئێستا لەوەتەی خەڵک رووی کردووەتە ئەم زەیت و رۆنە نەخۆشی زۆر بووە وەک شێرپەنجەو چەوری خوێن».
سەبارەت بەبەکارهێنانی زەیت لەخۆراکدا، لەشکر حەمید ئەندازیاری خۆراک بە هاوڵاتى وت «ئەو زەیتانەی راستەوخۆ لەچەوری رووەکی دروستدەکرێت ئەگەر بەڕێژەی دیاریکراو بخورێت کاریگەریی خراپی نابێت بۆ سەر تەندروستی.
وتیشی «هاووڵاتیان لەئێستادا گومانیان لەو زەیتانە هەیە کە لەبازاڕدا هەیە، بەڵام لەهەمان کاتدا زەیتی کوالێتی بەرز هەیە لەبازاڕەکاندا، هەمانە بەرهەمی خۆماڵیشە راستەوخۆ لەگوڵە بەڕۆژە دروستدەکرێت».
وتیشی «دوای ئەوەی زەیت خواردنی پێ سوورکرایەوەو سارد کرایەوە، پێویستە بەکارنەهێنرێتەوە، ئەگەر جارێکی دیکە بەکارهێنرایەوە کرداری ئۆکسان دروستدەکات، ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر تەندروستی مرۆڤ، بەتێپەڕینی کات لەسەر بۆرییەکانی خوێن دەنیشێت و دەبێتەهۆی نەخۆشییە درێژخایەنەکان وەک شێرپەنجە».
هەروەها وتی «هەندێک زەیت هەیە ئەوندە کوالێتیەکەی نزمە لەکاتی بەکارهێنان خانمان هەستیپێدەکەن، کە بەجۆرێک بەتەباغەکەوە دەنووسێت بە شتنیش لێی نابێتەوە، بەدڵنیاییەوە ئەو زەیتانە کوالێتی باش نیە، کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر تەندروستی مرۆڤ و لەناو بۆریەکانی خوێن دەنیشێت و دەبێتەهۆی گیرانی بۆریەکانی خوێن،هەروەها دەبێتەهۆی جەڵدە و نەخۆشییە دڕێژخایەنەکانی وەک شێرپەنجە، هیچیش وەک زەیت نیە لەبەرئەوەی رۆژانە بەکاری دەهێنین».