تاقە ماڵێکی کورد لەبەردەم مەترسیی هێرشەکانی داعش لەگوندێکی کەرکوک خۆی راگرتووە
پارێزگاری که‌رکوک و داعش به‌جیا کار له‌سه‌ر گۆڕینی دیموگرافیای ناوچه کوردییه‌کان ده‌که‌ن و چەند گوندی کوردنشین چۆڵبوون
4 ساڵ لەمەوپێش
ھاوڵاتی
داود، ته‌مه‌نی 40 ساڵه‌و دانیشتووی یه‌کێک له‌گونده‌کانی سنووری قه‌زای دووبزه له پارێزگای که‌رکوک، بە چاوی خۆی بینویەتی کە چۆن هەندێک له‌گوندنشینه‌کانی سنووره‌که ماڵیان جێهێشتووه‌و روویان له هه‌رێمی کوردستان و ناوه‌ندی شاره‌کان کردووه.
داود وتی « هەمووی گوندەکانی خۆیان چۆڵدەکەن به‌هۆی هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسییه‌کانی سه‌ر ژیانیان لە لایەن داعشەوە، هەندێک لە گوندەکان بە تەواوەتی چۆڵکراون».
گوندی نادراوه له‌سنووری قه‌زای دووبزه له‌کۆی 120 ماڵ ته‌نها یه‌ک ماڵ تێدا ماوه، ئەوەش لەکاتێکدایە دەکەوێتە ئەو ناوچانەی کە مەترسی هەڕەشەی داعشیان لەسەرە.
هەروەها گوندی چه‌خماخه 200 ماڵی تێدا بووە، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی داعش له‌ساڵی رابردوو هێرشی کرده سه‌ر گونده‌که‌و چوار گه‌نجی لێ کوشتن ئێستا ته‌نها 10 ماڵی تێدا ماوه، ئه‌و 10 ماڵه‌ش به‌به‌رده‌وام له‌وێ نین به‌ڵکو بنه‌یه‌کیان له‌شاری که‌رکوک و بنه‌یه‌کی تریان له گونده‌که‌یه.
جگە لەمەترسییەکانی داعش، عه‌ره‌به هاورده‌کانی سه‌رده‌می به‌عسیش له‌ڕێی بڕیاری دادگا‌و پاڵپشتی ئیداره‌ی شاره‌که‌وه هه‌وڵی ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی زه‌وی و زاری جوتیاره کورده‌کان ده‌ده‌ن.
له‌دوای رووداوه‌کانی 16ی ئۆکتۆبه‌ریشه‌وه لایه‌نه کوردییه‌کان چه‌ندین جار جه‌ختیان له‌وه کردووه‌ته‌وه که ده‌سه‌ڵاتی خۆجێی شاره‌که کار له‌سه‌ر ته‌عریب کردنی که‌رکوک و گۆڕینی دیموگرافیای شاره‌که ده‌کات، به‌ڵام وه‌ک به‌شێک له‌چاودێران باسی ده‌که‌ن هه‌نگاوه‌کانی لایه‌نه کوردییه‌کان بۆ رێگرتن له‌و هه‌وڵانه وه‌ک پێویست نه‌بوون.
هه‌وڵه‌کانی ئیداره‌ی که‌رکوک بۆ نیشته‌جێکردنی عه‌ره‌بی هاورده له‌شوێنی خێزانه کورده‌کان تازه نین، به‌ڵکو له‌دوای رووداوه‌کانی 16ی ئۆکتۆبه‌ری ساڵی 2017 به‌به‌رده‌وامی له وه‌رزی چاندنی به‌رووبوومه کشتوکاڵییه‌کاندا، عه‌ره‌به هاورده‌کان په‌لاماری گوندنشینانی سنووری هه‌ردوو قه‌زای دووبز و داقوق ده‌ده‌ن به‌مه‌به‌ستی ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی زه‌وییه‌کاندا.
هاتنه‌وه‌ی عه‌ره‌بی هاورده بۆ ناوچه کوردییه‌کان هاوکاته له‌گه‌ڵ ده‌رکه‌وتن و زیادبوونی جموجۆڵی چه‌کدارانی رێکخراوی داعش له ناوچه کوردییه‌کانی پارێزگای که‌رکوک که پێش رووداوه‌کانی 16ی ئۆکتۆبه‌ری 2017 و به‌شێک له‌چاودێرانیش ئاماژه به‌وه ده‌که‌ن که مه‌ترسییه‌کانی داعش هۆکارێکی سه‌ره‌کی بووه بۆ چۆڵکردنی به‌شێک له‌گونده‌کانی سنووره‌که.
ئه‌دهه‌م جومعه، چالاکوانی مه‌ده‌نی له‌که‌رکوک له‌ماوه‌ی رابردوودا سه‌رپه‌رشتی ژماره‌یه‌ک چالاکیی کردووه دژی پڕۆسه‌ی ته‌عریب له‌شاره‌که‌دا، وتی «له‌دوای 16ی ئۆکتۆبه‌ره‌وه ئیداره‌ی که‌رکوک به‌شێوه‌یه‌کی به‌رنامه بۆ داڕێژراو هه‌رچی بڕیاری سه‌رده‌می به‌عس خستوویه‌تییه‌وه گه‌ڕ و له‌ڕێی دادگاوه بڕیاری بۆده‌رده‌که‌ن و جێبه‌جێی ده‌که‌ن، ئه‌و بڕیارانه‌شی که له‌لایه‌ن به‌عسه‌وه ده‌رکراون به‌هۆیه‌وه زه‌وی کورد دراوه به‌عه‌ره‌ب هه‌ر هه‌مووی زیندوو کراوه‌ته‌وه«
ئه‌دهه‌م باس له‌وه‌ش ده‌کات که «له‌که‌رکوک هێزێکی حه‌شد دروستکراوه به‌ناوی حه‌شدی عه‌شایه‌ری که به‌ده‌ستی عه‌ره‌به سوننه‌کانه‌وه‌یه، ئه‌و هێزه به‌ده‌ستی سه‌رۆک هۆزه‌کانه‌وه‌یه، به‌رپرسی ژمێریای یه‌کێک له‌و هێزانه‌ش پێشتر سه‌رکرده‌ی داعش بووه‌و ئێستا گیراوه«.
به‌وته‌ی ئه‌دهه‌م «ئه‌و هێزه به‌کارده‌هێنرێت بۆ هێرشکردنه سه‌ر گونده‌کان بۆ رفاندن و کوشتنی خه‌ڵکی کورد و به‌شه‌و به‌ناوی داعشه‌وه هه‌ڕه‌شه له‌کورد ده‌که‌ن و به‌ڕۆژیش به‌ناوی یاساکانی به‌عسه‌وه دێنه سه‌ر گونده‌کانی کورد، ئێستا زیاتر له ده هه‌زار دۆنم زه‌وی له‌ده‌ستی کورد سه‌ندراونه‌ته‌وه‌و عه‌ره‌ب داگیری کردووه«.
به‌وته‌ی به‌شێک له‌چاودێران ئیداره‌ی ئێستای که‌رکوک توانیویه‌تی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی لایه‌نه عه‌ره‌بییه‌کانی شاره‌که به شیعه‌و سوننه‌وه به‌کار بهێنێت بۆ سه‌رخستنی ئامانجه‌کانی له‌گۆڕینی دیموگرافیای شاره‌که، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا پێکه‌وه کارده‌که‌ن، ئه‌م هه‌وڵانه‌شی دوای ئه‌وه دێت که له‌ماوه‌ی سێ ساڵی رابردوودا به‌ده‌یان پۆستی ئیداری باڵای که‌رکوکی له‌کورد وهرگرتووهتهوهو که‌سانی عه‌ره‌بی له‌شوێنیان داناوه، ژماره‌ی ئه‌و پۆستانه‌ش نزیکه‌ی 80 پۆستی ئه‌منی و ئیداری ده‌بن و زۆرترینیان پۆستی فه‌رمانگه‌ی هه‌ستیارن و رۆڵی به‌رچاویان هه‌یه له گۆڕینی نه‌خشه‌ی دیموگرافی شاره‌که.
له‌هه‌مان کاتدا له ناوچه‌کانی باشوور و باشووری خۆرئاوای شاره‌که رێگه به‌دروستکردنی ژماره‌یه‌ک گه‌ڕه‌کی تازه دراون که دانیشتووانه‌که‌ی له‌نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌بن و زیاده‌ڕۆییان کردووه‌ته سه‌ر زه‌وی ده‌وڵه‌ت، ئه‌ده‌هه‌م ده‌ڵێت «هه‌زاران خانووی زیاده‌ڕۆ به‌شێوه‌ی نیو بازنه‌یی به‌ده‌وری شاری که‌رکوک دروستکراون و عه‌ره‌ب تێیدا نیشته‌جێن».
ئه‌دهه‌م وتی «داعش کار له‌سه‌ر عه‌قڵییه‌تی داگیرکاری و عه‌ره‌بچێتی ده‌کات، ئه‌گه‌ر ئه‌وه رێگه‌خۆشکردن نه‌بێت له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌کانه‌وه چه‌کدارێک ناتوانێت له‌دووبزه‌وه بگاته سنووری پردێ».
ئه‌و خێزانه کوردانه‌ی که ناوچه‌کانی خۆیان له ده‌وروبه‌ری که‌رکوک چۆڵکردووه؛ نه‌ک ماڵ به‌ڵکو چه‌ندین دێ هه‌ن به‌ته‌واوی چۆڵکراون وه‌کو دێی قوشقایه و نادراوه.
دوایین رووداوی چۆڵکردنی گونده‌کانی که‌رکوک له‌لایه‌ن کورده‌وه له‌هه‌فته‌ی رابردوو بوو که 10 ماڵی گوندی په‌ڵکانه‌ی قه‌زای دووبز به‌هۆی فشاره‌کانی سه‌ریان و گه‌ڕانه‌وه‌ی عه‌ره‌بی هاورده بۆ سه‌ر زه‌وییه‌کانیان گونده‌که‌یان چۆڵکرد.
فشاری سه‌ر خێزانه کورده‌کان ته‌نها له‌سنووری قه‌زای دووبز نین، به‌ڵکو له گونده‌کانی سنووری قه‌زای داقوق و ناحیه‌ی شوان و پردێ فشاری جۆراجۆر له‌سه‌ر خێزانه کورده‌کان هه‌یه بۆ جێهێشتنی ناوچه‌که.
ئه‌دهه‌م نموونه‌ی گوندێکی سنووری قه‌زای داقوق به‌نموونه ده‌هێنێته‌وه که ناوی «ئاوایی فه‌ریق» که له‌ماوه‌ی هه‌فته‌ی رابردوودا دوای هه‌وڵێکی عه‌ره‌به هاورده‌کان بۆ ده‌ستبه‌رداگرتنی زه‌وییه کشتوکاڵییه‌کان به‌ته‌واوی له‌لایه‌ن دانیشتووانه کورده‌که‌یه‌وه چۆڵکرا.
دوای ناکۆکییه‌کانی نێوان کورد و عه‌ره‌ب له‌سه‌ر زه‌وییه کشتوکاڵییه‌کانی گونده‌کانی هه‌فته‌غار له‌قه‌زای داقوق دواجار هێزه ئه‌منییه‌کانی سنووره‌که هاتنه ناو بابه‌ته‌که‌و رێگرییان له‌خێزانه کورده‌کان کرد لەمساڵدا زه‌وییه‌کانیان بکێڵن، به‌م شێوه‌یه‌ش زه‌وییه‌کان به بێ به‌رهه‌م و خێزانه‌کانیش به‌بێ سه‌رچاوه‌ی داهات مانه‌وه.
به‌بڕوای ئه‌دهه‌م چۆڵکردنی که‌رکوک ته‌نها له‌گونده‌کاندا نییه، به‌ڵکو «له هه‌ریه‌کێک له‌گه‌ڕه‌که‌کانی ناو شاری که‌رکوکیش به‌سه‌دان خانوو له‌سه‌ریان نوسراوه بۆ فرۆشتن، خانووی وا هه‌یه خاوه‌نه‌که‌ی مه‌منونه ئه‌گه‌ر که‌سێک به‌خۆڕایی بچێته ناو خانووه‌که‌ی دابنیشێت ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی خانووه‌که‌ی نه‌ڕزێت».
ئه‌دهه‌م پێیوایه که سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی لایه‌نه کوردییه‌کان و حکومه‌تی هه‌رێم وه‌ک راگه‌یاندن کاری له‌سه‌ر پرسی گۆڕینی دیموگرافی شاره‌که کردووه «به‌ڵام له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع هه‌نگاوی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌و جددییان نه‌ناوه، له‌کاتێکدا خه‌ڵکیان ناو وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌کانی حکومه‌تی فیدڕاڵی هه‌یه‌و ده‌توانن هه‌نگاو بنێن».
حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ماوه‌ی رابردوودا لیژنه‌یه‌کی بۆ ئاساییکردنه‌وه‌ی دۆخی که‌رکوک پێکهێناوه که له‌لایه‌ن وه‌زیری هه‌رێم بۆ دانوستاند له‌گه‌ڵ به‌غدا پێکهێنا که تائێستا ژماره‌یه‌ک کۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ لایه‌نه عێراقییه‌کان و نوێنه‌رایه‌تی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان ئه‌نجامداوه.
شاخه‌وان عه‌بدوڵا کادیری پێشکه‌وتوو پارتی دیموکراتی کوردستان ئه‌ندامی ئه‌و لیژنه‌یه‌یه، ئه‌و به ھاوڵاتی وت «ئه‌گه‌ر زۆر شت عه‌فه‌وی و ئه‌نجامی هه‌ڵه‌یه‌ک بێت بابه‌تی زه‌وییه کشتوکاڵییه‌کانی کورد و هه‌وڵدان بۆ داگیرکردنیان و گۆڕینی دیموگرافیا به‌رنامه‌ی پێشوه‌خت و کار‌و پلانی ده‌وێت».
ئه‌و عه‌ره‌به هاوردانه‌ی ئێستا هه‌ڵده‌کوتنه سه‌ر زه‌وی زاری خێزانه کورده‌کان پێش ساڵی 2003 له‌چوارچێوه‌ی پڕۆسه‌ی ته‌عریبکردنی که‌رکوک له‌لایه‌ن رژێمی به‌عسه‌وه به‌کۆمه‌ڵێک بڕیاری ئه‌نجومه‌نی سه‌رکردایه‌تی شۆڕشی هه‌ڵوه‌شاوه‌و لیژنه‌ی کاروباره‌کانی باکووری حیزبی به‌عس له‌که‌رکوک نیشته‌جێ کران و له‌دوای ساڵی 2003وه دوای وه‌رگرتنی قه‌ره‌بوو و پارچه‌یه‌ک زه‌وی نیشته‌جێبوون گه‌ڕانه‌وه ناوچه‌کانی خۆیان.
به‌ڵام دوای رووداوه‌کانی 16ی ئۆکتۆبه‌رو گۆڕینی ئیداره‌ی شاره‌که ئه‌و عه‌ره‌به هاوردانه گه‌ڕانه‌وه ناوچه کوردییه‌کان و هه‌وڵی ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی زه‌وییه کشتوکاڵییه‌کانیان دایه‌وه‌و تا ئێستاش هه‌وڵه‌کانیان به‌رده‌وامن.
شاخه‌وان ده‌ڵێت «عه‌ره‌به‌کان باش ده‌زانن به‌هه‌بوونی ده‌ستووری ئێستای عێراق هیچیان پێناکرێت، بۆیه هه‌وڵده‌ده‌ن له‌ڕێی ترساندنی هاووڵاتیانه‌وه له‌ڕێی هێزه ئه‌منییه‌کان و داعشه‌وه له‌جێی خۆیان ده‌ریان بکه‌ن، ده‌زانن که جموجۆڵێکی سیاسی هه‌یه‌و حکومه‌تی هه‌رێم هه‌نگاو ده‌نێت و خه‌ڵکی ناوچه‌که‌ش به‌غیره‌تن بۆیه ئه‌وه‌یان بۆ ناچێته سه‌ر له‌ڕێی هێزه ئه‌منییه‌کانه‌وه بیکه‌ن بۆیه ره‌نگه هه‌ر ئه‌و هێزانه بێت به‌ناوی داعشه‌وه هێرش بکه‌نه سه‌ر هاوڵاتیان و بیانترسێن و شوێنه‌کانیان پێ چۆڵ بکه‌ن»
شاخه‌وان نموونه‌ی هێزه‌کانی ئیسناد ده‌هێنێته‌وه که پێش 2014 و هاتنی داعش و ده‌ڵێت «ئه‌و هێزانه به‌ڕۆژ له‌گه‌ڵ حکومه‌ت بوون و به‌شه‌و له‌گه‌ڵ داعش هبوون، بۆیه هه‌مان سیناریۆ وارده بۆ ئه‌و هێزانه‌ی ئێستا خۆیان له‌گه‌ڵ هێزه ئه‌منییه‌کان و حه‌شددا تێکه‌ڵکردووه«.
شاخه‌وان جه‌خت له‌وه ده‌کاته‌وه که هه‌وڵه‌کانی لیژنه‌ی ئاساییکردنه‌وه‌ی به‌رده‌وامه بۆ رێگریکردن له‌گۆڕانکارییه دیموگرافییه‌کان و دوای که‌ره‌نتینه‌و کۆبوونه‌وه‌کانیان به‌رده‌وام بوون.
وتی «تاکه خاڵ که تائێستا رێککه‌وتنی له‌سه‌ر نه‌کراوه بابه‌تی زه‌وییه کشتوکاڵییه‌کانه و هه‌وڵێک هه‌یه که عه‌ره‌به‌کان ته‌نها به‌قه‌ره‌بوو کردنه‌وه رازی نه‌بن به‌ڵکو له‌هه‌ندێک شوێن به‌شێک له زه‌وییه‌کانیان وه‌ربگرنه‌وه که ئه‌وه‌ش به‌لای ئێمه‌وه هێڵی سووره‌و رێگه به‌وه ناده‌ین ئه‌وان بێنه‌وه‌و به‌یاسا رێگه ناده‌ین ئه‌و کاره بکه‌ن، ئه‌گه‌ر به‌داگیرکراویش بێنه‌وه ئه‌وه دوای 20 ساڵی تریش بێت هه‌ر ده‌ریان ده‌که‌ینه‌وه«.
وتیشی «ئێمه له‌هه‌وڵه‌کانمان بۆ ئاساییکردنه‌وه‌ی دۆخی که‌رکوک له‌ڕووی ئیداری و گێڕانه‌وه‌ی زه‌وییه کشتوکاڵییه‌کان به‌رده‌وامین و هه‌ر کاتێک دۆخه‌که ئاسایی بووه‌وه ئه‌و خێزانانه‌ی گونده‌کانی خۆیان جێهێشتووه ده‌توانن بگه‌ڕێنه‌وه شوێنه‌کانی خۆیان».
گۆڕینی دیموگرافی هه‌میشه یه‌کێک بووه له‌و هه‌نگاوانه‌ی ده‌سه‌ڵاته یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کانی عێراق له‌پارێزگای که‌رکوک گرتوویانه‌ته به‌ر بۆ سه‌پاندنی هه‌ژموونی خۆیان به‌سه‌ر پارێزگاکه‌و گرتنه ده‌ستی جڵه‌وی به‌ڕێوه‌بردنی شاره‌که.