کورد له‌ئێران دۆڕاوى شه‌ڕى ناوخۆیه
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
مێژووى جه‌نگى ناوخۆیى ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ره‌تاى ده‌سه‌ڵاتخوازیى مرۆڤ و له سه‌رده‌مى هاوچه‌رخدا به سیاسیى کراوه و ده‌یان وڵاتى گه‌وره‌ى جیهان وه‌ک (فه‌ڕه‌نسا، ئه‌مه‌ریکا، ئه‌فه‌ریقا، ئیسپانیا، کۆریا، چین، ژاپۆن، به‌نگلادیش، لوبنان، ئه‌فغانستان، عێراق، سوریا، یه‌مه‌ن و ... ) گیرۆده کردوه و هه‌ندێک له‌و وڵاتانه تا ئێستا نه‌یانتوانیوه قۆناغى جه‌نگى ناوخۆیى خۆیان ده‌رباز بکه‌ن و نمونه‌ى نزیکى ئه‌و جه‌نگه له ئه‌فغانستان و یه‌مه‌ن و سوریا له رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست له ئارادایه و جگه له خوێنڕشتن و ماڵوێرانیى نه‌بێت، هیچ ده‌ستکه‌وتێکى ئه‌وتۆى لێنه‌که‌وتوه‌ته‌وه. ئه‌گه‌رچى تا ئێستا کورد نه‌بوه‌ته خاوه‌نى وڵاتێکى ده‌وڵه‌تدار به‌ڵام بۆ سه‌پاندنى ده‌سه‌ڵات به‌رامبه‌ر نه‌یاره هاونهتهوهییهکانى خۆى په‌ناى بۆ چه‌ک بردوه و به شه‌ڕى (ناوخۆ یان براکوژی) ناوى هێنراوه و ئه‌م دیارده‌یه‌ش گه‌یشتوه‌ته رۆژهه‌ڵاتى کوردستان و له ساڵى ( 1985) شه‌ڕ له نێوان کۆمه‌ڵه و دیموکرات رویدا، ماوه‌ى چوار ساڵى خایاند و له ساڵى (1989) دواى گیانله‌ده‌ستدانى ده‌یان که‌س، بوه هۆى باڵاده‌ستیى دوژمنه‌کانیان به بێ ده‌ستکه‌وتى سیاسى و ستراتیژیى بۆ کورد له‌و به‌شه‌ى کوردستان کۆتایى هات.
بۆچى جه‌نگى ناوخۆیى له‌رۆژهه‌ڵات رویدا؟
دواى راپه‌ڕینى گه‌لانى ئێران و رووخانى ده‌سه‌ڵاتى پاشایه‌تى له ساڵى (1978) و هاتنه سه‌رکارى کۆمارى ئیسلامى له‌و وڵاته دوو پارتى سه‌ره‌کیى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ى کورد له رۆژهه‌ڵاتى کوردستان، له چوارچێوه‌ى به‌ده‌ستهێنانى مافه ره‌واکانى گه‌لى کورد و ده‌سته‌به‌رکردنى یه‌کسانیی، هه‌وڵه سه‌ربازیى و چه‌کدارییه‌کانى خۆیان په‌ره‌پێدا و توانییان به‌شێکى که‌م له خاکى رۆژهه‌ڵاتى کوردستان به‌ده‌سته‌وه بگرن و چه‌کداره‌کانى سه‌ر به کۆمارى ئیسلامى که بێ ئه‌زمون و ناکارامه‌بوون، نه‌یانده‌توانى به‌ره‌نگارى پێشمه‌رگه‌کانى حیزبى دیموکرات و کۆمه‌ڵه ببنه‌وه، به‌و پێیه‌ى حیزبى دیموکرات مێژویه‌کى دێرینى به‌راورد به کۆمه‌ڵه له جه‌نگدا هه‌بوو به‌شێکى به‌رچاوى چه‌ند شار و شارۆچکه‌یه‌کى رۆژهه‌ڵاتى که‌وتبووه ده‌ست. ئه‌و حیزبه خۆى به نوێنه‌رى به‌رگریى له مافه‌کانى گه‌لى کورد ده‌زانى و هاوکات (کۆمه‌ڵه) که خاوه‌نى بیروباوه‌ڕێکى چینایه‌تى بوو و به‌شێک له کۆمۆنیسته فارسه‌کانى وه‌ک مه‌نسور حیکمه‌ت سه‌رکردایه‌تییان ده‌کرد، ره‌فتاره‌کانى حیزبى دیموکراتیان به توندڕه‌وانه و دژى بزوتنه‌ى یهکسانیخوزاى کورد و گه‌لانى ئێران ده‌زانى، بۆیه ئه‌و ناکۆکییه بووه هه‌وێنێکى سه‌ره‌کى بۆ هه‌ڵگیرسانى جه‌نگى ناوخۆ له نێوانیاندا.
کێ جه‌نگى ده‌ستپێکرد؟
هیچ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌کى فه‌رمى بوونى نییه که وه‌ک تۆمارێکى مێژویى بیسه‌لمێنێت، لایه‌نێک به ته‌نها تۆمه‌تباره به هه‌ڵگیرسانى جه‌نگى ناوخۆ، به‌ڵام به‌ڵگه‌نامه‌کان، حیزبى دیموکراتى کوردستان به ده‌ستپێشخه‌ر بۆ روودانى جه‌نگى ناوخۆ له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن و جیابونه‌وه و دوو باڵبونى ئه‌و حیزبه له سه‌رده‌مى جه‌نگ له دژى کۆمه‌ڵه، ئه‌و راستییه ده‌سه‌لمێنێت که حیزبى دیموکرات ده‌ستپێشخه‌ر بووه له هه‌ڵگیرسانى جه‌نگه‌که و زۆربه‌ى به‌رپرسانى کۆمه‌ڵه رایانگه‌یاندوه؛ حیزبى دیموکرات ئه‌و جه‌نگه‌ى له دژى کۆمه‌ڵه ده‌ستپێکردوه و کۆمه‌ڵه گه‌وره‌ترین قوربانیى ئه‌و جه‌نگه ناوخۆییه‌ى کورد بووه له رۆژهه‌ڵات و بێزاریى گه‌لى کوردى له رۆژهه‌ڵاتى کوردستان لێکه‌وتوته‌وه.
به‌ڵگه‌نامه مێژوییه‌کان ئه‌وه پشتڕاست ده‌که‌نه‌وه که پێشمه‌رگه‌کانى حیزبى دیموکرات بۆ یه‌که‌مجار له رێککه‌وتى (25/11/1985) له ناوچه‌ى هه‌ورامان له رۆژهه‌ڵاتى کوردستان هێرش ده‌که‌نه سه‌ر پێشمه‌رگه‌کانى کۆمه‌ڵه و ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆى هه‌ڵگیرسانى جه‌نگێکى ناوخۆیى که نزیکه‌ى چوار ساڵ ده‌خایه‌نێت.
له‌دروشمه‌وه بۆ دوژمنایه‌تی
ساڵى (1945) قازى محه‌مه‌د دواى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى (کۆمه‌ڵه‌ى ژێکاف) پارتێکى به‌ناوى (حیزبى دیموکراتى کوردستان) له رۆژهه‌ڵاتى کوردستان دامه‌زراند و دواتر ئه‌و حیزبه به سه‌رکردایه‌تى د.عه‌بدولڕه‌حمان قاسملو خه‌باتى خۆى له ساڵى (1978) و له‌گه‌ڵ رووخانى محه‌مه‌د ره‌زا په‌هله‌وى، دوایین پاشاى ئێران و هاتنه سه‌رکارى کۆمارى ئیسلامى له‌و وڵاته، خۆى وه‌ک حیزبێکى ناسیۆنالیست به نوێنه‌رى گه‌لى کورد له رۆژهه‌ڵاتى کوردستان و درێژه‌پێده‌رى رێگه‌ى قازى محه‌مه‌د، سه‌رۆکى تاکه کۆماره‌که‌ى کورد له مه‌هاباد ده‌زانى و وه‌ک حیزبى پێشه‌وا و پێشڕه‌و خۆى ده‌ناساند و ئه‌مه واى کردبوو هه‌یمه‌نه حیزبه‌که له رۆژهه‌ڵات به‌رفراوان بێت و سه‌رهه‌ڵدانى پارتێکى نوێى کورد به بیروباوه‌ڕى چینایه‌تى و یه‌کسانیخوازیى بۆ ئه‌و حیزبه ئاسان نه‌بێت، بۆیه له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانى خه‌باتى ئاشکراى کۆمه‌ڵه و به‌رزکردنه‌وه‌ى دروشمه چینایهتییهکانى ئه‌و حیزبه، ناکۆکیى ئه‌و و کۆمه‌ڵه و دیموکرات زیاتر بو و به وتارى ئاگرین و توند و ململانێى یه‌کتریان ده‌کرد.
کۆمه‌ڵه و کۆمۆنیسته‌کانى ئێران نه‌یارى دیموکرات
به\پێى به‌ڵگه‌نامه‌کانى کۆمه‌ڵه، ئه‌و حیزبه له ساڵى (1969) له لایه‌ن ژماره‌یه‌ک گه‌نج و خوێندکارى زانکۆ له تاران-ى پایته‌ختى ئێران دامه‌زراوه و ناوى ته‌واوى (کۆمه‌ڵه‌ى شۆڕشگێڕى کوردستانى ئێران) بوه و دژى سیستمى پاشایه‌تى و جیاوازیى چینایه‌تى له ئێران به نهێنى خه‌باتیان کردوه و دواى نزیکه‌ى نۆ ساڵ ده‌ستیان کردوه به تێکۆشانى ئاشکرا دژى ده‌سه‌ڵاتى کۆمارى ئیسلامى ئێران، ئه‌و حیزبه له ماوه‌یه‌کى که‌مدا له‌گه‌ڵ چه‌ند گرووپێکى کۆمۆنیستى و پارتیزانیى که زۆرینه‌یان له نه‌ته‌وه‌ى فارس بوون، هاوپه‌یمانییان دروستکرد و ناوى حیزبه‌که بۆ (کۆمه‌ڵه رێکخراوى کوردستانى حیزبى کۆمۆنیستى ئێران) گۆڕدرا، به‌ڵام ناوه‌ندى خه‌باته‌که‌یان هه‌ر له رۆژهه‌ڵاتى کوردستان بو و ره‌نگه تێڕوانینى توندڕه‌وانه‌ى به‌شێک له‌و کۆمۆنیستانه به هۆکارى قوڵبونه‌وه‌ى جه‌نگى ناوخۆ له‌گه‌ڵ حیزبى دیموکرات له‌قه‌ڵه‌م بدرێت، چونکه ژماره‌یه‌ک له سه‌رکردایه‌تییه کۆمۆنیسته‌کانى کۆمه‌ڵه رایانگه‌یاندووه: حیزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران، نوێنه‌رایه‌تى چینى باڵا ده‌ستى کورد ده‌کات و ئه‌مه‌ش کێشه‌یه‌کى گه‌وره‌یه بۆ ئێران و ده‌بێت ده‌ستى ئه‌و حیزبه نه‌ک ته‌نها له کوردستان، به‌ڵکو له ئێرانیش کورت بکرێته‌وه و له لایه‌ن کۆمه‌ڵه‌وه به‌رپه‌رچیان بدرێته‌وه.
جیاکاریى سنورى سیاسى‌و تێکۆشان
ته‌مه‌نى سیاسى و سه‌ربازیى کۆمه‌ڵه و دیموکرات له رۆژهه‌ڵاتى کوردستان دواى روخانى سیستمى پاشایه‌تى له ئێران زۆر که‌م بووه و ره‌نگه ئه‌مه‌ش هۆکارێک بووبێت که ئه‌و دو هێزه نه‌یانتوانیبێت سنوره سیاسى و سه‌ربازییه‌کانیان تۆخ بکه‌نه‌وه و رۆژهه‌ڵاتى کوردستان به‌سه‌ر زۆن و ره‌نگى جیاوزى خۆیاندا دابه‌ش بکه‌ن. بۆیه، قورسه گه‌ر بووترێت به‌شێک له رۆژهه‌ڵات به ته‌واوه‌تى له‌ژێر ده‌ستى کۆمه‌ڵه یان حیزبى دیموکرات‌دا بووبێت، به‌ڵام سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ش ناوندى چالاکیى ئه‌و دووهێزه، به‌شێوه‌ى جوگرافى دابه‌شبوونێکى به‌خۆیه‌وه بینیوه و به‌و پێیه حیزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران له ناوچه‌کانى باکورى رۆژهه‌ڵاتى کوردستان که موکریان و به‌شێکى به‌رچاو له ناوچه‌کانى ورمێ-ى له‌خۆ ده‌گرت و ناوه‌نده‌که‌ى ده‌بوه شارى مه‌هاباد چالاکیى زیاتر و رۆڵى به‌رچاوى هه‌بوه و له به‌رامبه‌ردا کۆمه‌ڵه له ناوچه‌کانى باشورى رۆژهه‌ڵاتى کوردستان که له سنورى مه‌ریوان تا نزیک کرماشانى له‌خۆ ده‌گرت، چالاکیى زیاتر بو و ناوندهکهشى خۆى له شارى سنه ده‌بینییه‌وه، ره‌نگه له ئێستادا ئه‌و سنوره سیاسییانه له رۆژهه‌ڵات بۆ کۆمه‌ڵه و دیموکرات به ته‌واوه‌تى کاڵ بووبێته‌وه ، بۆیه هه‌ڵه‌یه له ئێستادا که هیچ ناوچه و شارێک به زۆنى تایبه‌تى کۆمه‌ڵه یان دیموکرات له رۆژهه‌ڵاتى کوردستان له‌قه‌ڵه‌م بدرێت.
جه‌نگى ناوخۆیى یان براکوژی؟
کورد له مێژه خه‌ون به رزگاریى و سه‌ربه‌خۆییه‌وه ده‌بینێت و ئه‌مه‌ش واى کردووه ئه‌و که‌س و حیزب و پارتانه‌ى که له پێناو گه‌له‌که‌یان تێده‌کۆشن له ئه‌ده‌بیاتى زاره‌کى و نوسراودا به برا بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌که‌یان له‌قه‌ڵه‌م بدرێن، بۆیه که ناکۆکییه‌کانى نێوان ئه‌و لایه‌نانه ده‌گات ئاستى توندبونه‌وه و ده‌گاته قۆناغى شه‌ڕ، گه‌لى کورد وه‌ک ناڕه‌زایه‌تییه‌ک ئه‌و جه‌نگ و شه‌ڕانه به جه‌نگى ناوخۆیى یان شه‌ڕى براکوژى ناوده‌بات که ئه‌مه بۆ رۆژهه‌ڵاتى کوردستان و به‌شه‌کانى دیکه‌ى کوردستان به‌هه‌مان شێوه‌یه .
کۆمه‌ڵه و دیموکرات داگیرکه‌ر بۆ شه‌ڕى ناوخۆ به‌کار ناهێنن
ره‌نگه یه‌کێک له ئاماژه ئه‌رێنییه‌کانى شه‌ڕى ناوخۆى کۆمه‌ڵه و دیموکرات ئه‌وه بوبێت که هیچ یه‌ک له‌و دو لایه‌نه هیچ کات په‌نایان بۆ داگیرکه‌ر نه‌هێناوه بۆ یه‌کلاکردنه‌وه‌ى جه‌نگى ناوخۆیان یان سه‌رکه‌وتنى لایه‌نێکیان ،ئه‌مه‌ش سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى هه‌ردولا بواریان هه‌بوه که به ناوى رێککه‌وتن له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتى کۆمارى ئیسلامى ئێران و رێککه‌وتن له‌گه‌ڵ رژێمى سه‌ددام حسێن، زه‌ربه‌ى کاریگه‌ر له‌یه‌کتر بده‌ن و هاوشێوه‌ى هه‌رێمى کوردستان له ساڵى (1994) تا (1998) شه‌ڕێکى خوێناویى ناوخۆ بقه‌ومێنن.
مێژوى کورد شاهێدى بۆ کۆمه‌ڵه و دیموکرات ده‌دات که له شه‌ڕى ناوخۆدا نه‌بونه‌ته جێبه‌جێکارى پیلانى داگیرکه‌ران له دژى خۆیان و گه‌له‌که‌یان، به‌ڵام ئه‌مه له شه‌رمه‌زاریى ئه‌و جه‌نگه که‌م ناکاته‌وه که جگه له قوربانیى و ماڵوێرانیى و ئاواره‌بون، بوه هۆى به‌هێزبوونى ده‌سه‌ڵاتى داگیرکه‌ر به‌سه‌ر رۆژهه‌ڵاتى کوردستاندا، چونکه ئه‌وان زۆربه‌ى وزه و هێزى خۆیان له دژى یه‌کتر به‌کارهێنا و بڕستیان لێبڕا بۆ به‌رگریى له خاک و وڵاته‌که‌یان .
جه‌نگ له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵه، دیموکرات ده‌کات به دو به‌شه‌وه
ساڵى (1988) باڵێکى حیزبى دیموکرات ناڕه‌زایه‌تیى خۆیان له دژى جه‌نگ له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵه راده‌گه‌یه‌نن و هه‌ر ئه‌مه بووه هۆکارێکى سه‌ره‌کیى بۆ ئه‌وه‌ى جیابونه‌وه له‌و حیزبه‌دا رووبدات و ئه‌و باڵه به رێبه‌رایه‌تى به‌شێک له سه‌رکرده‌کانى پێشووى حیزبه‌که‌یان لایه‌نه‌کیان دامه‌زراند به ناوى (حیزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران/ رێبه‌رایه‌تى شۆڕشگێر) که به هه‌مووجۆرێک دژى شه‌ڕى ناوخۆ له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵه وه‌ستانه‌وه و له به‌یاننامه‌یه‌کدا ئاگربه‌ستیان راگه‌یاند و کۆتای‌یان به جه‌نگ له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵه هێنا، به‌ڵام له لایه‌ن هاوڕێکانى پێشوویانه‌وه به ناو و ناتۆره‌ى وه‌ک (لاده‌ر) ناویان ده‌هێنرا.
شه‌ڕى ناوخۆ، کۆمه‌ڵه و دیموکراتى له رۆژهه‌ڵات داده‌بڕێت
خراپترین کاریگه‌ریى شه‌ڕى ناوخۆى کۆمه‌ڵه و دیموکرات، دابڕانیان بوو له خاکى رۆژهه‌ڵاتى کوردستان، چونکه ئه‌و شه‌ڕه بووه هۆى به‌هێزبوونى چه‌کداره‌کانى کۆمارى ئیسلامى ئێران که پێشتر هیچ ئه‌زمونێکى ئه‌وتۆیان نه‌بوو له جه‌نگ له دژى پێشمه‌رگه و پارتیزانه‌کانى ئه‌و سه‌رده‌مى رۆژهه‌ڵاتى کوردستان، بۆیه پێشمه‌رگه‌کانى کۆمه‌ڵه و دیموکرات به ناچارى هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌ستپێکى شه‌ڕى ناوخۆدا، رویان له باشورى کوردستان کرد و له ناوچه‌کانى ژێر ده‌سه‌ڵاتى یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستان له (سه‌فره، زه‌رون، گه‌ڵاڵه، مه‌علومه و چه‌ند ناوچه‌یه‌کى دیکه) جێگیربون و ئه‌مه‌ش وایکرد ئه‌م دوو هێزه نه‌توانن جه‌نگێکى خوێناوى له خاکى خانه‌خوێدا بکه‌ن، به‌ڵام له‌و چالاکییانه‌ى له رۆژهه‌ڵاتى کوردستان ده‌یانکرد، پێکدادان له نێوانیاندا روى ده‌دا و قوربانیى لێده‌که‌وته‌وه و نزیکه‌ى چوار ساڵ ئه‌و پێکدادانه ناوبه‌ناو به‌رده‌وام بوو و به پێى لێدوانى سه‌رکرده‌کانى هه‌ر دولا، ژماره‌ى ئه‌و که‌س و پێشمه‌رگانه‌ى که بونه‌ته قوربانیى و گیانیان له‌ده‌ستداوه ناگاته هه‌زار که‌س.
له‌شه‌ڕى ناوخۆوه بۆ ناوه‌ندى هاوکاریی
دواى ئه‌وه‌ى حیزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران، باڵى رێبه‌رایه‌تى شۆڕشگێڕ، یه‌ک لایه‌نه به به‌یاننامه‌یه‌ک بڕیارى ئاگربه‌ستى راگه‌یاند، بڕیاره‌که له لایه‌ن کۆمه‌ڵه‌وه پێشوازیى لێ‌کرا و له ساڵى (1989) ئه‌و جه‌نگه ناوخۆییه به ته‌واوه‌تى کۆتایى هات و تا ئێستا چه‌ند جارێک سه‌رکرده‌کانى ئێستا و پێشوى ئه‌و دوو حیزبه داواى لێبوردنیان له ئه‌ندامان و لایه‌نگرانیان و خه‌ڵکى رۆژهه‌ڵاتى کوردستان کردووه به‌هۆى رودانى شه‌ڕى ناوخۆ و گیانله‌ده‌ستانى ده‌یان که‌س. به‌هۆیه‌وه له چوارچێوه‌ى کۆتایى به‌و شه‌ڕه، چه‌ندجارێک به‌یاننامه‌ى هاوبه‌شى کارى پێکه‌وه‌یى و هاوبه‌شیان راگه‌یاندوه و له دوایین هه‌وڵیشدا، حیزبى دیموکرات به هه‌ر دوو لایه‌نى (حیزبى دیموکراتى کوردستان و حیزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران) و کۆمه‌ڵه به دوو لایه‌نى (کۆمه‌ڵه‌ى شۆڕشگێڕى زه‌حمه‌تکێشانى کوردستان و کۆمه‌ڵه‌ى زه‌حمه‌تکێشانى کوردستان) و (سازمانى خه‌باتى کوردستانى ئێران) له به‌یاننامه‌یه‌کدا ساڵى (2018) پێکهێنانى ناوه‌ندێکى هاوبه‌شیان به ناوى (ناوه‌ندى هاوکاریى حیزبه‌کانى رۆژهه‌ڵاتى کوردستان) راگه‌یاند که ره‌نگه ئه‌م ناوه‌نده ببێته رێگر له به‌رده‌م رودانى هه‌ر جۆره شه‌ڕێکى ناوخۆى دیکه له رۆژهه‌ڵاتى کوردستان.