پیاوە «خەواڵووەکە» بەخەبەرە
بایدن ئەو پیاوەی بەمنداڵی شەرمی دەکرد قسە بکات، ئەمڕۆ قسە بۆ هەموو جیهان دەکات، ئێرانی دڵخۆش کردو تورکیای نیگەران کرد
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
پیاوە «خەوالوەکە» کە ئەو نازناوە بوو دۆناڵد ترەمپ لە جۆبایدنی رکابەری نا، دواجار ترەمپی لە هەڵبژانردەکانی سێشەممەی رابردوودا خست. بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن لە مانگی 1ی ساڵی دهاتوو دەچێتە کۆشکی سپی.
شارەزای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و دۆسیەی کوردە
جۆ بایدن یەکێک بووە لە سیناتۆرە دەگمەنەکانی پارتی دیموکرات کە پشتگیری (بۆشی کوڕ)ی کرد بۆ روخاندنی رژێمی بەعس لە ساڵی (2003) هەروەها خاوەنی پڕۆژەی دابەشکردنی عێراقە بۆ سێ هەرێم و یەکێک لە هەڵوێستە مێژوویەکانی (بایدن) بەرامبەر بەکورد ئەوکاتە بوو کە وتی «بەتەنها شاخەکان هاوڕێی کورد نین بەڵکو ئێمەش هاوڕێی کوردین».
زیاتر لە ساڵێک تێپەڕ دەبێت بەسەر داگیرکردنی رۆژئاوای کوردستان لەلایەن تورکیاوە، ئەویش دوای پەیوەندیە تەلەفۆنیەکەی نێوان (ترهمپ و ئهردۆغان) بوو کاتێک ترهمپ گڵۆپی سەوزی بۆ ئهردۆغان هەڵکرد تاکو پڕۆسەی داگیرکارییەکە ئەنجام بدات.
بەڵام ئەم هەڵوێستەی ترهمپ هەردوو پارتەکەی ئهمهریکا و کۆنگرێس و میدیا و شەقامی ئهمهریکای تووڕە کرد و ئەم هەڵوێستەی ترهمپ شەرمەزارکرا، لەبەرامبەردا جۆ بایدن وتی «ئێمە هەرگیز وەک ترهمپ پشت لەکورد ناکەین».
بە گوێرەی ماددەی دووی دەستوری ئهمهریکا (سنوری دەسەڵاتی سەرۆک) زۆر فراوانە، واتە بە گۆڕانی سەرۆک سیاسەتی دەرەوەی ئهمهریکاش دەگۆڕێت، بۆیە چاوەڕواندەکرێت بە گۆڕانی سەرۆکی ئهمهریکا هاوکێشەی (باڵانسی هێز) لەم ناوچەیە بگۆڕێت، بەتایبەت لە نێوان هەردوو جەمسەری (شیعە و سووننە)دادوای سەرکەوتنی (بایدن و دیموکراتەکان) چاوەڕواندەکرێت ئێران گەشە بکات و رێککەوتنی ئەتۆمی (5+1) زیندووبکرێتەوە.
لەبەرامبەردا چاوەڕواندەکرێت تورکیا پاشەکشە بکات، چونکە پەلکێشیەکانی تورکیا بۆ (رۆژڤاو سووریا و لیبیا و هەرێمی کوردستان و ئازەربایجان) بایدنی تەواو نیگەران کردووە.
لە چاوپێکەوتنی بایدن لەگەڵ (نیویورک تایمزدا بایدن وتی «ئەگەر ببم بە سەرۆکی ئهمهریکا، هاوکاری ئۆپۆزیسیونی تورکیا دەکەم بۆ رووخاندنی دیکتاتۆر ئهردۆغان».
لەسەر ئاستی کەسی (بایدن) شارەزاتر و ئاشناترە لە (ترهمپ) بەرامبەر بە دۆزی کورد، بەڵام لەسەر ئاستی حزبی (کۆمارییەکان) زیاتر لە (دیموکراتەکان) دۆستی کوردن، ئەگەرچی بە درێژایی مێژوو هەردوو حزب هەڵوێستی (ئەرێنی و نەرێنیان) بەرامبەر بە دۆزی کورد هەبووە، ئەوەش لەبەر ئەوەیە کە هەمیشە بەرژەوەندییەکانی ئهمهریکا بنەمای داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی ئهمهریکا بوون.
لەمنداڵێکی شەرمنەوە بۆ گرنگترین پۆستی جیهان
بایدن لەسەرەتاکانی ژیانییەوە، بە تێکۆشان و سەرکەوتن بەسەر تەنگژەکاندا هاتووە، ئەو منداڵێکی زمانگیراوی ویلایەتی بێنسلڤانیا بوو، کە زۆرجار لە نێو خەڵکدا شەرمی دەکرد، بەڵام هەوڵە کەسییەکانی وایانکرد بەسەر ئەو کەموکورتییە کەسییەدا زاڵ ببێت و نموونەی ئەو سیاسییە بێت، کە دەیەوێ جارێکی دیکە کەسایەتی و فیکر و هەڵوێستەکانی ‹جۆن کینێدی› سیوپێنجەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دووبارە بکاتەوە.
جۆن هندریکسۆن کە نووسەرە دەڵێت منداڵیی بایدن وەک ئەوەی خۆی باسیکردووە، بەوەستانەوە لەبەردەم ئاوێنەکەدا دەستپێدەکات.
ئەو نوسەرە دەڵێت «جۆ بایدن، چەندین کاژێمر لەبەردەم ئاوێنەکەی ماڵەوەدا دەوەستا، وشەکانی دووبارە دەکردەوە و مەشقی لەسەر دەکردن». بایدن هەندێکجار بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی خێرا لە راستکردنەوەی زمانی خۆیدا، پەنای بۆ دانانی زیخ لە ناو دەمیدا دەبرد، کارێک کە سووربوونی زۆری ئەوی ویست، تاوەکو لە کۆتاییدا سەرکەوتنی تێدا بەدەست بهێنێت و ئەو کەموکورتییەی سرووشتی پێیبەخشیبوو، راستی بکاتەوە.
هەندێکجاریش بەدەنگی بەرز رستەکانی ناو کتێبەکانی قوتابخانەی دەگوتەوە و لەبەری دەکردن، بۆ ئەوەی دواتر بەدەنگی بەرز و بەبێ ناڕێکی، لە بەرامبەر منداڵەکانی دیکەی پۆلدا، بیانڵێتەوە.
بایدن بەسەر زمان قورسییەکەیدا سەرکەوت، هەرچەندە دواتریش هەر وەک کێشەیەک لە ژیانیدا مایەوە، ئەو توانی خۆی لە گەنجێکی لەدایکبووی ماڵباتێکی چینی ناوەندەوە، بکاتە گەنجێکی خۆشەویست لای هاوپۆلەکانی، ئەمەش بەهۆی زیرەکییەکەی و دڵباشی و قۆزییەکەیەوە. ئەوە رێگەخۆشکەری گەورەبوو بۆ ئەوەی ئاراستەی سیاسەت وەربگرێت، لە کاتێکدا هێشتا لە قۆناخی ناوەندی بوو.
کابوسەکەی ئەردۆغان
جۆو بایدن بەوە ناسراوە دژی سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپە، بەتایبەتتر سیاسەتی دەرەوەی کەبڕیاری داوە لەکاتی بەسەرۆک بوونی زۆربەی بڕیارەکانی هەڵبوەشێنێتەوە سەبارەت بەئێران، چین، هەروەها رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بایدن لەبازنەی سیاسی وڵاتیشدا بەوە جیا دەکرێتەوە دژی سیاسەتی ناوخۆو دەرەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیایە و پاڵپشتێکی گەورەی کوردەکانە، ئەمەش ئەنقەرەی خستووەتە دۆخێکی ناهەموارەوەو دژایەتییەکی توندی دەکات.
جۆو بایدن، کەجێگری پێشووی سەرۆکی وڵاتیش بووە لەسەردەمی باراک ئۆبامادا پاڵپشتێکی گەورەی کورد بووە لەباکور، رۆژئاوا، هەروەها باشوری کوردستان.
«من حەزم بەچارەی کوردەکان نییە»، ئەمە وتەی دۆناڵد ترەمپە لەکتێبە نوێیەکەی جۆن بۆڵتن، راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا، بەڵام جۆو بایدن بەوە جیادەکرێتەوە دژی ئەمەیەو هاوڕێی کوردەکانە. میدیاکانی تورکیا زۆر لەمێژە بە «دوژمنی تورکیا» و «پرۆ کورد»ی لە قەڵەمدەدەن.
لەماوەی کارکردنی لەئەنجومەنی پیران و هەشت ساڵی کارکردنی وەک جێگری سەرۆکی ئەمریکا، بایدن گرنگی تایبەتی داوە بەکورد، بەتایبەتیتر لەسەرەتاوە بەکوردانی هەرێمی کوردستان و دواتر کوردانی تورکیاو سوریا.
بایدن یەکێک بووە لەو سیاسەتمەدارانەی ئەمریکا لەئەنجومەنی پیران وەک سیناتۆر پشتگیری خۆی بۆ ئازادکردنی عێراق دەربڕی لەساڵی ٢٠٠٢ و تێیدا بەڵگەی ستەمکاری سەدام حوسەین، سەرۆکی ئەوکاتی عێراقی، هێنایەوە دژی کورد.
لەدانیشتنێکی ئەنجومەنەکەدا بایدن باسی لەوە کرد سەدام «بەشێوەیەکی بێبەزەییانە خەڵکی عێراقی سەرکوت کردووە – کوردەکان لەباکور، پاشان شیعەکان لەباشور، دواتریش دووبارە کوردەکان».
پڕۆژەی درووستکردنی سێ هەرێم
تەنانەت بایدن دوای رووخانی رژێمەکەی سەددام و هاتنە ناوەوەی ئەمریکا پرۆژەیەکی پێشکەشکرد بۆ ئەنجومەنی پیران کە عێراقی دابەشدەکرد بۆ سێ هەرێمی کورد، شیعە، سوننە.
بیرۆکەی دروستکردنی سێ هەرێم دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٦ و بەپێی پرۆژەکە «هەرێمەکانی کورد، سوننە، شیعە هەریەکێکیان بەرپرس دەبن لەیاسا ناوخۆییەکان، ئیدارە، هەروەها ئاسایشی خۆیان. حکومەتی ناوەندی کۆنترۆڵی بەرگری سنور، کاروبارەکانی دەرەوە، هەروەها داهاتەکانی نەوت دەکات»، بەمەش هەرێمی فیدڕاڵی دروست دەبێت.
پرۆژەکەی بایدن لەلایەن ئەنجومەنی پیرانەوە لەساڵی ٢٠٠٧ پەسەندکرا بەدەنگی (٧٥) سیناتۆر، بەڵام ئیدارەی جۆرج بوش، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا، رەتیکردەوە چونکە زۆربەی بەرپرسانی ئەمریکا یەکپارچەیی خاکی عێراقیان دەویست.
بۆبی گۆش، ستوننوسی پێگەی بلومبێرگی ئەمریکی پیش دەرچوونی بایدن لەوتارێکیدا باسی لەوەکرد لەحاڵەتی دەرچوونی بایدن وەک سەرۆکی ئەمریکا دەبێتە کێشەیەکی گەورە بۆ تورکیا.
«ئەم پرۆژەیە لەئەنجامدا دەوڵەتێکی کوردی دروستدەکرد لەسنوری باشوری رۆژهەڵاتی تورکیادا کە نەفرەتییە بۆ تورکیا، چونکە پەیوەندی دوژمنکارانەشی هەیە لەگەڵ کوردەکانی خۆیدا. سەرۆکێکی ئەمریکی کەپشتگیری ناشیۆنالیزمی کوردی بکات دەبێتە سەرئێشەیەکی جددی نەک هەر بۆ تورکیا بەڵکو بۆ هەموو ئەو وڵاتانەی کوردی تێیدایە وەک عێراق، تورکیا، سوریا.»
جۆو بایدن بۆ کوردانی رۆژئاواش هاوکارو پشتگیرێکی باشە. لەسەروبەندی پڕچەککردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات بەسەرکردایەتی یەکینەکانی پاراستنی گەڵ (یەپەگە) لەلایەن ئەمریکاوە دژی داعش، بایدن کەئەوکات جێگیری باراک ئۆبامای سەرۆک بوو، رەتیکردەوە لەچەندین دانیشتندا لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا یەپەگە بەتیرۆریست ناوببات.
بایدن یەکێک بوو لەوانەی لەساڵی ٢٠١٥ پشتگیری بۆ پڕچەککردنی کوردەکانی سوریا دەربڕی دژی دەوڵەتی ئیسلامی کە ئەمە مەترسییەکی جددی بوو بۆ تورکیا، بەو هۆیەشەوە ئەنقەرە نیگەرانی خۆی لەو بارەیەوە دەربڕی و پەیوەندییەکانی واشنتۆن و ئەنقەرە گرژی تێکەوت.
تەنانەت لەکاتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەسوریا ساڵی رابردوو بەفەرمانی ترەمپ، بایدن نیگەرانی خۆی دەربڕی و وتی کەسەرۆکی ئەمریکا «کوردەکانی فرۆشت.»
لەسەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ دۆناڵد ترەمپ بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکایدا لەباکوری سوریا کە رێیخۆشکرد بۆ تورکیا تا هێرش بکاتەسەر هاوپەیمانەکەی ئەمریکا لەجەنگی دژی داعش، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە).
«ئەو هێزە کوردو عەرەبە ئازایانە [هەسەدە] باجێکی قورسیاندا بەقوربانیکردنی (١٠) هەزار جەنگاوەر کەچی ترەمپ هەموویانی فرۆشت»، بایدن دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا ئەمەی وت.
ئەیکان ئەردەمیر، پەرلەماناتارێکی پێشووی تورکیا و فیلیپ کۆوالسکی، توێژەر لە رێکخراوی بەرگری لەدیموکراسی لەوتارێکی هاوبەشیاندا بۆ پێگەی ناشناڵ ئینترێست باس لەوەدەکەن بایدن دەبێتە سەرۆکێکی «پرۆ کورد» و بۆ ئەمەش دەبێت پەیوەندی لەگەڵ ئەنقەرە دووبارە دابرێژێتەوە.
«ئەگەر بایدن سوور بێت لەسەر پشتگیریکردنی کوردەکان، دەبێت پەیوەندییە ئاڵۆزەکەی واشنتن لەگەڵ ئەنقەرە، بەغداد، هەروەها دیمەشق ئاراستە بکاتەوە. بۆ سەرکەوتنی ئەمەش دەبێت بایدن ئەنقەرەو بەغداد قایل بکات وەک هاوبەشێک لێی بڕوانن کە لەتوانایدابێت کێشەکانی کوردیان بۆ چارەسەربکات نەک وەک کوردپەرستێک تەماشای بکەن کەدەبێت سنوردار بکرێت تاماوەی سەرۆکایەتی تەواو دەبێت».
رێبازێکی نوێ لەبەرامبەر ئەردۆغان
جێگری پێشووی سەرۆکی ئەمریکا بەوە ناسراوە کەقسەی دڵی خۆی دەکات بەتایبەتی دژی تورکیاو رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی وڵاتەکە.
لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ سەرنووسەرانی نیویۆرک تایمز کەهەفتەی رابردوو تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەری تەنی، جۆو بایدن ئەردۆغان بەکەسێکی «ئۆتۆکرات - دیکتاتۆر» ناودەبات.
چاوپێکەوتنەکە مێژووەکەی دەگەڕیتەوە بۆ مانگی کانونی یەکەمی ٢٠١٩و بایدن دەڵێت کە «زۆر نیگەرانە» لە رێبازی ئەردۆغان لەبەرامبەر کوردو هەماهەنگی سەربازیی لەگەڵ روسیا جگە لەوەی پشتگیری خۆی دەردەبڕێت بۆ سەرکردە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا
«ئەوەی من پێموایە دەبێت بیکەین گرتنی رێبازێکی جیاوازە لەبەرامبەر ئەو [ئەردۆغان] تا لای روون بێت، ئێمە پاڵپشتی سەرکردایەتی ئۆپۆزسیۆن دەکەین».
بایدن وتیشی دەبێت ئەردۆغان «باجی ئەوانە بدات» و جەختیشی لەوە کردەوە دەبێت واشنتن سەرکردە ئۆپۆزسیۆنەکان بەهێز بکات «تا بتوانن رووبەڕووی ئەردۆغان بوەستنەوەو تێکی بشکێنن. نەک لەڕێی کودەتاوە بەڵکو لەڕێی پرۆسەی هەڵبژاردنەوە».
لەگفتۆگەیەکدا لەگەڵ نیویۆرک تایمز بایدن باس لەوەش دەکات هەڵوێستێکی توندتری دەبوو بەرامبەر سەرۆکی تورکیا سەبارەت بەهێرشکردنەسەر کوردەکان لەسوریا بەپێچەوانەی ترەمپەوە کە رێی بۆ چۆڵکرد.
«ئەگەر من بومایە دوایین شت بمکردبا ملدان بوو بۆ ئەو سەبارەت بەکوردەکان. بەدڵنیاییەوە ئەوە دواین شت دەبوو».
وتەکانی بایدن تووڕەیی لەنێوخۆی تورکیا هەڵگیرساندو ئیبراهیم کالین، وتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا، لەوەڵامدا لەتویتەری فەرمی خۆی نووسی، «رۆژانی فەرمان کردن بەسەر تورکیا بەسەرچووە، بەڵام ئەگەر پێتوایە هێشتاش دەتوانیت ئەوا فەرموو. باجەکەی دەدەیت».
لەبارەی دوودڵی و ترسی ئەنقەرەوە سەبارەت بەدەرچوونی جۆو بایدن لەهەڵبژاردنەکانی سێی تشرینی یەکەمدا گۆش نووسیویەتی: «تورکیا هۆکاری خۆی هەیە نیگەران بێت لەئەگەری سەرکەوتنی بایدن. ئەمە نەک هەر ئەو پەیوەندییە نزیکەی ئەردۆغان کۆتایی پێدەهێنێت کە لەگەڵ ترەمپ دروستیکردووە، بەڵکو پێویستیشی بەوەیە مامەڵە لەگەڵ کەسێک بکات کە بۆچوونەکانی زۆر دژی ئەوانەی خۆیین».
گۆش جەخت لەوەش دەکاتەوە هۆکارە شاراوەکەی تووڕەیی تورکیا بەرامبەر بایدن هاوسۆزیەتی بۆ کورد.
«هاوخەمییە لەمێژینەکەی کاندیدی دیموکراتەکان بۆ کورد لەعێراق و سوریا دەبێتە گەورەترین پەرێشانی بۆ ئەنقەرە ئەگەر ببێتە سەرۆک».
ئەوەش دەخاتەڕوو کۆشکی سپی بایدن «ئەو مامەڵە تایبەتە ناکات لەگەڵ ئەردۆغان کە چاوەڕێی دەکات» و پێشتر دۆناڵد ترەمپ بۆی دەکرد