حەوت ساڵە حکومەت بودجەی پایتەختی رۆشنبیری بۆ سلێمانی خەرج نەکردووە
4 ساڵ لەمەوپێش
ھاوڵاتی، لاڤین مەحمود
ماوەی حەوت ساڵە حکومەتی هەرێمی کوردستان بودجەی سلێمانی وەکو پایتەختی رۆشنبیریی خەرج ناکات کە بڕەکەی ساڵانە (20) ملیار دینارە، بەڵام بەبڕوای کەسایەتییە رۆشنبیریەکانی شارەکە لەوکاتەوەی نازناوەکە بەشارەکە بەخشراوە لەڕووی هونەری و کلتورییەوە بایەخی پێنەدراوە.
شەممەی رابردوو (٢٣٦) ساڵ بەسەر دامەزراندنی شاری سلێمانیدا تێپەڕی، کەهاوکاتە لەگەڵ تەشەنەسەندنی کۆرۆنا، وەزیری رۆشنبیریش رایدەگەیەنێت کە پەتاکە کاریگەری هەبووە لەسەر سستبوونی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی بەپایتەختکردنی رۆشنبیریی، بەڵام لیژنەی رۆشنبیری پەرلەمان دەڵێت دابیننەکردنی بودجە بەهۆی قەیرانی دارایی هەنگاوەکانی سست کردووە.
پەرلەمانی کوردستان لەساڵی 2012 نازناوی پایتەختی رۆشنبیریی بەشارەکە بەخشی، بەپێی بڕیارەکە دەبوو حکومەت ساڵانە (20) ملیار دینار بۆ سێکتەرەکانی رۆشنبیریی سلێمانی تەرخان بکات، بەڵام تەنها یەک جار ئەو پارەیە تەرخان کراوەو دواتر راگیراوە بەپاساوی قەیرانی دارایی.
حەمەی حەمە سەعید، وەزیری رۆشنبیری هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ هاوڵاتی نەبوونی بودجەی بە تاکە هۆکار دانا بۆ جێبەجێنەکردنی هەنگاوەکانی بەرەوپێشبردنی ژێرخانی پایتەختی رۆشنبیری سلێمانی لەگەڵ کاریگەرییەکانی پەتای کۆرۆنا.
حەمەی حەمە سەعید بە هاوڵاتی وت «هیچ ململانێیەکی سیاسی نەبۆتە هۆی وەستانی هەنگاوەکان، تەنها قەیرانی دارایی و پەتای کۆرۆنا کاریگەرییان هەبووە».
یەکێک لەو هەنگاوانەی کە رۆشنبیرانی سلێمانی نیگەران کرد لەچەند هەفتەی رابردوودا بڕیارێکی وەزارەتی رۆشنبیریی بوو کە پێدانی ژمارەی سپاردنی کتێبی کرد بەناوەندیی، کە پێشیتر رۆشنبیران لە سلێمانییەوە ژمارەی سپاردنیان وەردەگرت، بەڵام ئێستا تەنها لەوەزارەتەوە ژمارەکە دەدرێت.
هەندێک لە ڕۆشنبیران داوایان کرد بڕیارەکە بەلبگرێت بەڵام وەزیری ڕۆشنبیری وتی «ژمارەی سپاردن جێبەجێبوەو بەو شێوەیە نەبووە کە شەقام لێی تێگەشتوە، بەڵکو کارئاسانی کراوە بۆ ژمارەی سپاردن زووتر ئەکرێت و پێشخراوە، هەڵەبجەو گەرمیانیش ژمارەی سپاردنیان بۆ ئەکرێت».
یەکەمجار لەساڵی 2013 ئەنجومەنی وەزیران (20) ملیار دیناری بۆ ژێرخانی پایتەختی رۆشنبیری تەرخان کرد، بەڵام دواتر بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیریی سلێمانی تۆمەتبار کرا بەخەرجنەکردنی پارەکە بۆژێرخانی رۆشنبیری شارەکە، بۆیە پەرلەمانی کوردستان لە 15/9/2019 لیژنەیەکی بەدواداچوونی پێکهێنا.
لیژنەکە راپۆرتێکیان بۆ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان ئامادە کردو ئەنجامەکەی لە (١١) خاڵدا باسکراو تیایدا وترا بەشێکی زۆر پارەکە بۆ بووژانەوەی ژێرخانی رۆشنبیری سلێمانی خەرجنەکراوە، بەڵام بۆ چالاکی رۆشنبیری و هونەر خەرجکراوە، لەکاتێکدا لەساڵی 2013 حکومەت جگە لەو (20) ملیارە بودجەی دیکەی هەبووە بۆ چالاکی هونەری و رۆشنبیری.
سەلمە فاتیح، سەرۆکی لیژنەی رۆشنبیری کۆمەڵگەی مەدەنی هۆکاری خەرجکردنی پارەکە بۆ تەنها یەکجار بۆ قەیرانی دارایی گەڕاندەوە.
سەلمە فاتیح بە هاوڵاتی وت « تەنها یەک جار ئەو پارەیە بۆ سلێمانی سەرفکراوەو دواتر کەوتینە ناو قەیرانی داراییەوە، ئێمە ئێستا وەک خۆمان لە لیژنەی رۆشنبیری دەمانەوێت جارێکی تر راپۆرتێکی یاسایی لەسەر ئەو بابەتە بنووسین بۆ ئەوەی حکومەت بتوانێت لە بودجە جێگەی بۆ بکاتەوە».
هەروەها وتی «بەڵام بارودۆخی دارایی بەو جۆرەیەو بودجەش نەهاتۆتە پەرلەمان تا ئێمە بتوانین جێگەی ئەمە بکەینەوە بە پێی یاسا، بۆیە ناچارین داوا لەحکومەت بکەین ساڵانە (٢٠) ملیار دینار بۆ پایتەختی رۆشنبیری بنێرێت بۆ بووژاندنەوەی کەرتی رۆشنبیری لەسلێمانی».
باسی لەوەشکرد کە خەرجنەکردنی ئەو پارەیەو قەیرانی دارایی و کۆرۆنا کاریگەرییان لەسەر چالاکییەکانی پایتەختی رۆشنبیری هەبووە.
سەلمە فاتیح وتی «چالاکی بەپارە دەکرێت ... کۆرۆناش کاریگەری لەسەر هەموو سێکتەرەکان هەبووە، ئەولەویەتی لە پێشتر بۆ خەڵک لەئێستادا زروفی خوێندن و خوێندکارە، بێگومان دۆخەکە کاریگەریی هەبووە لەسەر چالاکی هونەری و رۆشنبیری».
پارێزگاری سلێمانی باسلەوەدەکات کە هەنگاوەکانی بووژاندنەوەی ژێرخانی رۆشنبیریی سلێمانی پەیوەستە بە لیژنەیەک لەوەزارەتی رۆشنبیری و راستەوخۆ پەیوەندی بەپارێزگای سلێمانییەوە نیە، لەگەڵ ئەوەشدا دەڵیت لای خۆیانەوە نەوەستاون لەبەرەوپێشبردنی رۆشنبیریی شارەکە.
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە هاوڵاتی وت «ئەوەی ئێمە کارمان لەسەر کردووەو لە کۆرۆناشدا چالاکی زۆر گەورەو نێودەوڵەتیمان کردووە لەسەر ئاستی هەموو دنیا کارمان کردووە، ژووری داهێنەری ئەدەبی یونسکۆلەپارێزگای سلێمانی لە ٣١/١٠/٢٠١٩ کە بووین بەشاری داهێنەری ئەدەبی لە یونسکۆ، تائێستا چالاکییەکانمان بەردەوامە، لەپەیجی رەسمی پارێزگادا هەموو چالاکییەکانی ئەمساڵ تەنها ناونیشانەکانیان بڵاوکراوەتەوەو لە کارەکانمان بەردەوامین».
هاوڵاتی لەگەڵ ژمارەیەک نووسەرو وەرگێڕو ئەدیبی شارەکەوە کرد، ئەوان نیگەرانی خۆیان لە دۆخەکە دەربڕی و بە «چەقبەستوو» ناویان بردو هەندێکیان وتیان هیچ قسەیەک ناکەن، چونکە پێیان وابوو گوێیان لێ ناگیرێت.
ئەنوەر قەرەداغی، میوزیکژەنێکی دیاری شاری سلێمانییە بە هاوڵاتی وت «لەو رۆژەوە ناوی سلێمانیان ناوە شاری رۆشنبیری، دەبوو زۆر پڕۆژەی رۆشنبیریی و هونەری و کلتووری جێبەجێ بکرێت، بەڵام نەکراوە».
وتیشی «دەبوایە پڕۆژەی گەورە بۆ شارەکە جێبەجێ بکرایە، بەجۆرێک چاوی دراوسێکانی لەسەربێت و بڕواننە کوردستان کە چالاکی وا جوانی تیادا دەکرێت، تا لەم رێگەیەوە کوردستان ببێتە ناوەندێکی رۆشنبیریی وا کە فیستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی بۆ بگوازرێتەوە، بەتایبەتی شاری سلێمانی کە شاری رۆشنبیری و ئەدەب و هونەرە، بەڵام لەم رووەوە هیچ شتێک نەکراوە».
هەروەها وتی «ئەگەر هەندێ پڕۆژەی بچوک کرابێت، ئەوە پێوەرو شایستەی ئەم ناوە گەورەیە نیە... پڕۆژە پیشکەشدەکرێت بەڵام ئەنجامەکەی هیچی دیار نییە».
زیاتر وتی «خۆم دەیان پڕۆژەی هونەریم بەدەستەوەیە بیکەم، بەڵام نازانم پەنا بۆ کێ بەرم، بڵێم ئەم ئیشانەم بۆ تەواو بکە، بەڵام هەندێ شتی بچووک دەچێتە بەردەستیان بەملیۆنەهای بۆ خەرج دەکەن».
شاری سلێمانی لە 14ی تشرینی دووەمی 1784 لەلایەن ئیبراهیم پاشای بابان دامەزراوەو کراوەتە پایتەختی میرنشینی بابان، ئیبراهیم پاشا شارەکەی بەناوی باوکییەوە، سلێمان پاشا، ناوناوە بەهۆی چالاکییە بەردەوامە رۆشنبیرییەکانیەوە لەڕابردوودا نازناوی «پایتەختی رۆشنبیری»پێدراوە.