مامۆستا کوردەکانی کەرکوک باجی قەیرانی دارایی هەرێمو چەندین نەهامەتییتر دەدەن
مووچەی هەشت هەزار کەس کە هەشت ملیار دینارە داوا دەکریت بخرێتە سەر بەغدا
4 ساڵ لەمەوپێش
مووچەی هەشت هەزار کەس کە هەشت ملیار دینارە داوا دەکریت بخرێتە سەر بەغدا ئەوەش مەترسییە لەسەر ئەوەی یادی رۆژی ئاڵای کوردستان ساڵانە لەقوتابخانەکان قەدەغە بکرێت
ھاوڵاتی، ماردین نورەدین
نزیکەی ھەشت ھەزار مامۆستاو فەرمانبەری خوێندنی کوردی لە کەرکوک دووچاری چەندین نەھامەتی بوونەتەوە لەناوچەیەکی جێناکۆکی نێوان ھەرێم و بەغدا کە دیارترینیان قەیرانە داراییەکەی ھەرێمە کە زیاتر لەشەش ساڵە بەرۆکی گرتوون.
ئەوەی بارگرانی مامۆستایانی خوێندنی کوردی زیاتر کردووە ئەوەیە کەھەندێک لەھاوپیشەکانیان لەخوێندنی کوردی سەر بەبەغدان لەگەڵ مامۆستایانی خوێندنی عەرەبی موچەی تەواو لەلایەن حکومەتی عێراقەوە وەردەگرن، بەشەکەی تریان ئەوانیش دەبێت چاوەێی ھەواڵی مووچەبن کە کەی لەھەولێرەوە پێیان دەگات.
پەروین فاتیح بەڕێوبەری سەرپەرشتیاری خوێندنی کوردی لەکەرکوک بە هاوڵاتی وت «مامۆستایان و فەرمانبەران داوایان کردووە موچەکانیان بگوازرێتەوە سەر ناوەند نەک خوێندنیان، بە پێی ئەوەی پارێزگای کەرکوک یەکێکی ترە لە پارێزگاکانی عێراق، بۆیە داوایان لێدەکەن مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت وەک تاکێکی دانیشتووی کەرکوک کەئەوانەی موچەکانیان سەر بە بەغدایە».
لەناو قوتابخانەکانی خوێندنی کوردی مامستا هەیە میلاکیان سەر بە بەغدایە، واتا موچەکانیان لەسەر بەغدا وەردەگیرێت، پەروین فاتیح وتی «هەمان مامۆستای ئێمە خوێندنی کوردی لەو قوتابخانەیە بە سێ مانگ جارێ، بە دوو مانگ جارێ موچەکەی بەو شێوەیەیە، بۆ خۆشتان دەزانن تا چوار ساڵ روبعە موچەیەکیان وەرەگرت».
وتیشی «لە ڕووی دەرونییشەوە کاری کردۆتەسەر دەروونی مامۆستاکان کە ناتوانن بەپێی پێویست بژێوی ژیان پەیدا بکەن لەم شارە، شارەکە خۆی پڕە لە نەهامەتی، پڕە لەمەسەلەی ئەمنی، ئیستقراری ئەمنی نیە، کۆمەڵێ کێشە کە هەیە لە کەرکوکدا رەنگە تاکێکی سلێمانی، هەولێر، هەرێمی کوردستان بەرگەی ئەو نەهامەتییە نەگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا بەرگەی هەموو نەهامەتیەکانیان گرتووە».
ھەروەھا وتی «تاکە داوایان کە مافێکی سروشتی خۆیانە موچەکانیان بۆ دابین بکرێت لەڕێگەی عێراقەوە، کە ئەمە خۆی بۆ خۆی مافێکی یاسایی تاکە لەهەر شارێکدا، دەبێت حکومەتی ئەو شارە بژێوی ژیانی ئەو تاکە دابین بکات».
مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنی کوردی لەکەرکوک بۆ چەندین جاری تر گردبوونەتەوەو داوایانکردووە هەردوو حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان رەزامەندیی نیشانبدەن بەگواستنەوەی راژەکانیان بۆ سەر وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی عێراق.
دوایین گردبوونەوە ھەفتەی رابردوو سازکرا لەبەردەم نووسینگەی پەرلەمانی عێراق لە کەرکوک، کەتێیدا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا سێ داواکارییان خستەڕوو.
یەکەم داواکاری ئەو مامۆستاو فەرمانبەرانەی خوێندنی کوردی، گواستنەوەی راژەکانیانە لەحکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ سەر حکومەتی عێراق، ئەوەش لەپێناو ئەوەی مووچەکانیان لەکاتی خۆیدا وەربگرن.
حکومەتی هەرێم لەئێستادا دوو مانگ جارێک مووچەیەک دابەشدەکات، ئەوەش بەلێبڕینی (21 – 18%)ی مووچەکانیان.
لەخاڵی دووەمی داواکارییەکانیان، تەرخانکردنی بودجەیەکی تایبەتە لەبودجەی ساڵی (2020)ی عێراق بۆ مووچەی مامۆستایانی خوێندنی کوردی لەکەرکوک، بەشێوەیەک هاوتای مامۆستایانی هەردوو خوێندنی عەرەبی و تورکمانی بێت، ئەوەش هەر بەپێی راگەیەنراوێکی گردبوونەوەکە، کەتێیدا هاتووە، ئێمەش وەکو هەموو هاوپیشەکانمان دەمانەوێت لەکات و ساتی خۆیداو بێ دواکەوتن مووچەکانمان وەربگرین.
پەروین فاتیح وتی»ئێمە وەک خوێندنی کوردی زیاتر لەحەوت هەزار و (800) مامۆستاو فەرمانبەرمان ھەیە، لەسەرپەرشتیار و فەرمانبەری دیوانی پەروەردە و پیشەی تر، کە داوای ئەوەیان کردووە راژەکانیان لەهەرێمەوە بگوازرێتەوە سەر حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی بتوانن پەرە بەخوێندنی کوردی بدەن لەم شارە، مووچەکانیان بەگشتی شەش ملیار دینارە».
مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنی کوردی، داوا لەوەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، بەڵێنەکەی بێنێتەدی و رێکارە ئیدارییەکانیان بۆ جێبەجێبکات، کە خۆی لەبەرزکردنەوەی داواکارییەکانمان بۆ حکومەتی عێراق دەبینێتەوە، ئەوەشیان وەکو داواکاری سێیەمیان دیاریکردووە.
لەپارێزگای کەرکوک و ناوچەکانی تری جێناکۆک، تەواوی مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنی عەرەبی و تورکمانی راژەکانیان سەر بەحکومەتی عیراقەو لەکاتی خۆیدا مووچە وەردەگرن، جگە لەم دوو مانگە نەبێت، کەچەند رۆژێک دواکەوتووە.
لانیکەم نزیکەی هەشت هەزار مامۆستاو فەرمانبەری پەروەردەی سەر بەخوێندنی کوردی لەکەرکوک و ناوچەکانی تری جێناکۆک راژەکانیان لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانەو لەساڵی (2014)ەوە مووچەکانیان لەکاتی خۆیدا پێنادرێت، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکی مووچەکانیان بەبڕیاری حکومەت پاشەکەوت کراوەو بەشێکی تریان لێبڕاوە.
تەنیا لەمساڵدا ئەو مامۆستاو فەرمانبەرانە دەیان جاری تر بۆ هەمان داواکاری کۆبوونەتەوەو هێشتا هیچ ئەنجامێکی هەوڵەکانیان دیار نییە.
پەروین فاتیج وتی «ئەوەی ئێستا زۆر بۆتە بەربەست لەبەردەم ئەم گوستنەوەیە، دارایی و حکومەتی عێراقیش بۆ خۆی لەقەیراندایە، ئەمە وایکردووە کە ئەم کەیسەی ئێمە بەشێوازێکی بەستراو بمێنێتەوە، تائێستا ئەمە هۆکارە، هۆکارێکی دیکەش بووە بەنیگەرانی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کە نایانەوێ کەیسی خوێندنی کوردی رادەستی بەغدا بکرێت».
وتیشی «تا ئێستا بەغدا ئەقڵیەتی شۆڤێنی تێدا بەردەوامە کەڕەنگە ئێمە ئەو ئازادیەی کەئێستا هەمانە لەخوێندنی کوردی هەموو بابەت و بۆنەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستانە، رەنگە نەتوانین ئەوکاتە ئەو بۆنەو یادانە بکەینەوە، بۆ نموونە ئێمە 17/12ی هەموو ساڵێک یادی ئاڵای کوردستان دەکەینەوە، لەخوێندنی کوردی رەنگە کە گواستنەوەمان بۆ بکرێتەسەر بەغدا هەندێ شتمان لێ قەدەغەبکرێت».