بافڵ تاڵەبانى: چوارجار چووم بۆلای پارتی... گاڵتەم دێ بەدوو ئیدارەیی

ھاوسەرۆکی یەکێتی داوادەکات میدیاکان پرسیاری قورس لەبەرپرسان بکەن

4 ساڵ لەمەوپێش



ھاوڵاتی

بافڵ تاڵەبانى هاوسەرۆکى یەکێتى رایگەیاند، ئاگادارى بەشێک لەدۆسیەى نەوتن نەک هەموو وردەکارییەکان و دژى دوو ئیدارەییە.  ھەەروەھا رایگەیاند چوارجار چووە بۆلای پارتی و وتیشی "گاڵتە"ی دێ بەدوو ئیدارەیی. داواشی لەمیدیاکان کرد پرسیاری قورس لەبەرپرسان بکەن.

"دەچینە سەر قاچاخچیەکان"

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەدانیشتنێکدا کە لەدەباشان سازی کرد بۆ نوێنەری ژمارەیەک لە کەناڵەکانی راگەیاندن، وتی "کاری قاچاخچێتی و مافیایی بوونی هەیە، هەموو ئەو کەسانە دەستگیردەکەین کەکاری مافیایی ئەنجامدەدەن".

هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەمیانەی قسەکانیدا وتیشی " ئێمە بڕیارمانداوە هەموو مافیاکان دەستگیربکەین، تەنانەت هەرکەسێکیان لەپشت بێت".

هاوردەکردنی کاڵای قاچاخ و نایاسایی بۆ هەرێمی کوردستان، بەتایبەت کە لەو پرسەدا یەکسەر باسی دەروازەی سنووریی باشماخ دەکرێت، هەروەها نەگەڕانەوەی بەشێكی زۆری داهاتی دەروازە سنوورییەكان بۆ حكومەت زۆر رەخنەی لێدەگیرێت.

لەو بارەیەوە بافڵ تاڵەبانی وتی "لێپێچینەوەی زۆر تووندمان دەستپێكردووە بۆ دووگ و هەموو شتێكی قاچاخ، لیژنەیەكی باڵامان دروستكردووە بۆ پێداچوونەوە بەسەرجەم ئەو كارانەی پەیوەندییان بە یەكێتییەوە هەیە".

هاوسەرۆكی یەكێتی سەبارەت بەو گرووپ و كەسانەی كەسەرانە وەردەگرن و بوونەتە مەترسی بۆ سەر هاونیشتمانیانیش دەڵێت: "لەگەڵ لایەنە ئەمنییەكان كۆبووینەتەوە بۆ دەستگیركردنی ئەو گرووپە مافیاییانەی دروستبوون و هەڵدەكوتنە سەر هاونیشتمانیان، دەستمان كردووە بەدەستگیرکردنیان" .

"ئاگاداری رێکەوتنی (50) ساڵەی نەوت نین"

بافڵ تاڵەبانی لەبارەی رێکەوتنی (50) سالەی نێوان ھەرێم و تورکیا وتی "ئێمە وەک یەکێتى ئاگادارى بەشێک لەدۆسیەى نەوتین، نەک هەموو وردەکارییەکە، ئاگادارى رێککەوتنى پەنجا ساڵەى نەوتیش نین".

  لەبارەى چاکسازییەوە، بافڵ تاڵەبانى باسى لەوەکرد، چاکسازیی نابێت هەر بڕینى موچە بێت، بەڵکو پێویستە پێداچوونەوە بەگرێبەستەکانى نەوت و سنورەکاندا بکرێت، ئیشێکى جددى بکرێت لەسەر گەندەڵى.

وتیشى "دەبێت بەرنامەى چاکسازیی تۆزێک قورسترو توندتر بێت، ئەمەش بەشێکە لەگفتوگۆکانمان لەگەڵ پارتى".

بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەدیدارێکی رۆژنامەنووسیداو لەوەڵامی پرسیارێکی ئێن ئاڕ تیدا رایگەیاند، کەحزبەکەی تاڕادەیەک ئاگاداری مەلەفی نەوتە، بەڵام ئاگاداری گرێبەستی (٥٠) ساڵی نییە لەگەڵ تورکیادا.

لێدوانەکەی بافڵ تاڵەبانی لەکاتێکدایە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم و سەرۆکی تیمی یەکێتی لەحکومەت، پێشترو چەند جارێک رایگەیاندبوو، ئاگاداری تەواوی دۆسیەی نەوتە.

لە ١٥ی ئەم مانگەدا، لەبارەی رێککەوتنی (٥٠) ساڵەی هەرێم و تورکیاوە لەسەر نەوت، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم بۆ یەکەمجار بەئاشکرا دانی بەوەدا نا کە لەسەر نەوت رێککەوتنی پەنجا ساڵەیان لەگەڵ تورکیا کردووە، بەڵام وتی، ئەو رێککەوتنە کاریگەری نابێت لەسەر رێککەوتنیان لەگەڵ بەغداد.

"گاڵتەم بەدوو ئیدارەیی دێ"

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان باس لە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانیان دەکات لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەو دەڵێت "بەرنامەی یەكێتی و پارتی بۆ حكومەت یەك بەرنامەیە"و دژی دوو ئیدارەیین.

بافڵ تاڵەبانى وتى "گاڵتەم دێت بەدوو ئیدارەیی، ئەو هەموو خوێنەمان نەڕشت تا کوردستان بکەین بەچەند پارچەیەک، لەو نێوانەدا زۆر حەلى دیکە هەیە، من بڕوام بەدوو ئیدارەیی نییە، بەم هەموو حزبە نەتوانین کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکەین، چۆن بەیەک حزب دەتوانین". 

وتیشی "ئەو هەموو خوێنەمان نەدا بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان بكەینە دوو پارچە، هیچ كات لەگەڵ دووئیدارەیی نین و لەبەرنامەی یەكێتیدا نییە، بەڵام دەبێ كێشەكانمان چارەسەر بكەین".

 بافڵ تاڵەبانی جەختدەکاتەوە لەوەی "بەرنامەی یەكێتی و پارتی بۆ حكومەت یەك بەرنامەیە و مەكتەبی سیاسی دەنگی لەسەر داوە، تیمی یەكێتیش لەناو حكومەت سەرپشكن بۆ بڕیاردان و پێویست ناكات بگەڕێنەوە بۆ حزب".

بافڵ تاڵەبانی لەوەڵامی یەکێک لە رۆژنامەنووسەکاندا سەبارەت بەئەگەری درووستبوونی شەڕی پەکەکە لەگەڵ لایەنێکی کوردی وتی "ئێمە دژی هەڵگیرسانی شەڕی کورد بەکورد و بەدیاریکراوی پەکەکەین".

"کاک قوباد زۆر پیاوە.. داوا لەکاک مەلا بەختیار دەکەم ژێرزەمینی پارەکانمان پیشان بدات"

لەوەڵامى پرسیارێکدا لەبارەى قسەکانى پێشووى مەلا بەختیار لەبارەى ئەوەى کە وتبووى ژێرزەمینەکان پڕن لەفەردە دۆلار، بافڵ تاڵەبانى وتى "سوپاسى کاک بەختیار دەکەین بێت ئەو ژێرزەمینانەمان پیشان بدات با بزانین لەکوێیە چونکە پێویستمانە".

لەدوایین كۆبوونەوەی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، كە رۆژی 21ی تشرینی یەكەمی 2020 بەڕێوەچوو، بڕیاردرا ئاگاداری بدرێتە دکتۆرەڕێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان.

بافڵ تاڵەبانی ھەڵویستی قوباد تاڵەبانی لەکۆوبوونەوەکە نرخاند و وتی "کاک قوباد زۆر پیاوە".

 وەک بافڵ تاڵەبانی روونیکردەوە، لەکۆبوونەوەی چاوەڕوانکراوی یەکێتی و پارتیدا دۆسیەی نەوت یەکێک دەبێت لەتەوەرەکانی گفتوگۆ، چونکە دەڵێت "بەگشتی ئاگاداری دۆسیەی نەوتین، بەڵام چەند گرێبەستێك هەن ئاگاداریان نین، لەگەڵ پارتی لەبارەی ئەوانە گفتوگۆ دەکەین".

 هەرچەندە لەدوای كۆنگرەی چوارەمی یەكێتییەوە، پارتی و یەكێتی نەیانتوانیوە هیچ كۆبوونەوەیەكی فراوان بکەن، بەڵام بافڵ تاڵەبانی دەڵێ: "ئێمە لیژنەیەكمان پێكهێناوەو بەردەوام لە گفتوگۆدان و كارەكانیان بەرەوپێش چووە، دوای ئەوەی كارەكانیان تەواوبوو كۆبوونەوەی فراوانی یەكێتی و پارتی دەكرێت".

"حوکمی سەربازیی لەکەرکوک جێبەجێ دەکرێت"

 لەبارەی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی کەرکوک و رێککەوتنەکان و هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستووری عێراق، بابەتێکی دیکەی نێوان رۆژنامەوانان و هاوسەرۆکی یەکێتی بوو.

بافڵ تاڵەبانی لەبارەی شێوەی ئێستای بەڕێوەبردنی كەركوك وتی "حوكمێكی عەسكەرییە".

وتیشی "پێشتر هەوڵماندا پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك دابنێین، بەڵام هەندێك لایەن ناڕازی بوون، دوای هەڵبژاردنی عێراق هەوڵدەدەین پارێزگارێكی كورد لەكەركوك دابنێین".

بافڵ تاڵەبانی سەبارەت بەهەوڵی چەند پەرلەمانتارێکی کورد لەبەغداو ئیمزا کوکردنەوەیان بۆ گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم  بۆ سەر بەغدا، وتی بەهیچ شێوەیەک لەگەڵیدا نین و رێگەی پێنادەین.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار