پیرەمەگروون نەیهێشت خۆپیشاندان دامرکێتەوە
پارتی دەڵێت بەناڕاستەوخۆ فیشەکی گڕداریان تەقاندووە بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەرانی نزیک لەبارەگاکەیان
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سەدەها خۆپیشاندەر ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە رژانە سەرشەقامەکان لەخۆپیشاندانێکى پڕ لەگرژییدا وەکو بەشێک لەو ناڕەزایەتیانەی کە شارو شارۆچکەکانی پارێزگای سلێمانیان گرتۆتەوە دژ بەدواکەوتنن مووچە.
دانیشتوانی پیرەمەگروون یادەوەری (11) ساڵ لەمەوبەریان بیرھێنایەوە کاتێک دژ بە نەبوونی خزمەتگوزاری رژانە سەر شەقام، پیرەمەگروون نەیھێشت خۆپیشاندان دامرکێتەوە.
یەکێتی دەڵێت تەقەیان لە خۆپیشاندەران نەکردووە، بەڵام پارتی دەڵێت بەناڕاستەوخۆ فیشەکی گڕداریان تەقاندووە بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەرانی نزیک لەبارەگاکەیان. ھەردوو حزبەکەش دەڵێن لەنێو خۆپیشاندەرانەوە تەقە کراوە.
خۆپیشاندانەکە لەکاتێکدا ھات کەچەند رۆژێک بوو خۆپیشاندانە دوو رۆژیەکەی ھەفتەی رابردووی سلێمانی بەرەو کپبوونەوە دەڕۆیشت بەھۆی دەستگیرکردنی چەندین مامۆستای خۆپیشاندەر کە لەھەڵسوڕاوانی گردبوونەوە جەماوەریەکەی چوارشەممەو پێنجشەمەی ھەفتەی رابردوو بوون.
خۆپیشاندەرانی پیرەمەگروون بارەگای یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیان لەشارەکە سوتاند، ئەوەش یادی خۆپیشاندانێکی (11) ساڵ لەمەوبەری وەبیرھێنایەوە کە شارۆچکەکە رۆژێک لەپەشێوى و فەرتەنەی بەسەربرد کەدەیەها بریندارو سووتانى ئۆتۆمبێلى پۆلیسى لێکەوتەوە. ئەو رۆژە گەورەترین توندوتیژى شەقام بوو لەھەرێمی کورددستان لەپاش سووتانی مۆنۆمێنتی ھەڵەبجە لە 2006 لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە.
تەنھا گەنجان نەبوون کە بەشداری خۆپیشاندانەکەی دوێنێی پیرەمەگروونیان کرد، بەڵکو خەڵکانی بەتەمەنیش بەشداربوون.
یەکێک لەوانە کەپیاوێکی بەساڵاچووی خانەنشین بوو، وتی (40) ملیۆن دینار پارەی پاشەکەوتی لای حکومەتەو پارەی حەوت مانگی ئەمساڵیشی وەرنەگرتووە بۆیە ھاتۆتە سەر شەقام.
جەزا سەید مەجید، بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند هەندێک کەس لەناو خۆپشاندەرەکان ئاراستەی خۆپیشاندانیان گۆڕیوەو چوونەتە سەر کۆمیتەی یەکێتی لەپیرەمەگروون.
بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوبوونەتەوە، خۆپێشاندەران هێرشیان کردووەتەسەر بارەگای پارتیش لەشارۆچکەکە، بەڵام بە تەقە وەڵامدراونەتەوە.
پێگەى فەرمى یەکێتى بڵاویکردەوە، ژمارەیەک لەهاووڵاتیانی ناحیەی پیرەمەگروون چونە سەر بارەگای کۆمیتەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەبێ ئەوەی هیچ گرژییەک لەنێوان پاسەوانانی کۆمیتەکەو خۆپیشاندەراندا رووبدات، خۆپیشاندەران بارەگای کۆمیتەی یەکێتییان سووتاند.
ئاماژەى بەوەشکردووە «دوای سووتاندنی بارەگای کۆمیتەی یەکێتی، خۆپیشاندەران چوونە سەر ناوچەی پارتی، بەڵام لەلایەن پاسەوانانی ناوچەی پارتییەوە بەچەک وەڵامدرانەوەو تەقەیان لێکرا».
شایەتحاڵەکان وتیان پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان پارێزگاری لەناوچەی پارتی دەکەن و هەوڵی دوورخستنەوەی خۆپیشاندەران دەدەن.
بەڵام بەرپرسى لیژنەى ناوچەى پیرەمەگروونى پارتى رایگەیاند، زیاتر لەسێ کاتژمێرە تەقەیان لێدەکرێت، لەلایەن خەڵکێکى زۆرەوە کە لەبەردەم بارەگاکەیان کۆبوونەتەوە.
شێروان عەبدوڵڵا، بەرپرسی ناوچەی پارتی لەپیرەمەگروون وتی «هەڤاڵانمان لەگەڵ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی لەسەر هێڵن لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی، بەڵام کەمتەرخەمییەکی زۆریان پێوە دەبیندرێت... نزیکەی سێ کاژمێرە هێرشمان لەسەرەو تاوەکو ئێستا نەهاتوون بەهانامانەوە».
ھەندێک لەشایەتحاڵەکان وتیان لەناو بارەگای پارتییەوە تەقە کراوە، بەڵام شێروان عەبدوڵڵا، وتی « تەقەی راستەوخۆمان لەخۆپێشاندەران نەکردووە، ئەگەری هەیە هەندێک تەڵقەی ئاسمانی بەهەواداو بەئاسماندا کرابێت.. ئەوەش تەنیا کاتەکەی درێژکردووەتەوە بۆ کەمکردنەوەی هێرشەکان».
بەپێی چەند گرتە ڤیدیۆیەک کە بڵاوبووەتەوە دەنگی تەقە لەشارۆچکەکە دەبیستران و گولەی گڕدار دەچوون بەئاسماندا، پۆلیس دەڵێت ئەفسەرێکی ھێزەکانی ناوخۆ لەگرژیەکەدا بریندار بووە.
جەزا سەید مەجید، بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان راگەیاند «لەناو خۆپێشاندەرانی پیرەمەگروون تەقە کراوە، پشێوی نراوەتەوە و ئاراستەی خۆپێشاندانەکانیان گۆڕیوە».
پێشتر وابڵاوکرایەوە کە خۆپێشاندەران هێرشیان کردبووە سەر مەکۆی گۆڕانیش لەپیرەمەگروون، بەڵام عەزیز محەممەدئەمین، لێپرسراوی بازنەی پیرەمەگروونی گۆڕان وتی هیچ بارەگایەکیان لە پیرەمەگروون نییە، زیاتر لە پێنج مانگە مەکۆکەیان چۆڵکردووە.
هاوکات شایەتحاڵەکان لەشارەدێی پیرەمەگروون باس لەوەدەکەن، کە لەوکاتەی خۆپیشاندەران چوونە سەر ناوچەی پارتی، لەبارەگاکەوە تەقە بەسەر خۆپیشاندەراندا کرا بۆ رێگری لێکردنیان، بەڵام هەر بارەگاکەی پارتی بەشێکی سووتێنرا.
شێروان عهبدوڵڵا ، بهرپرسی ناوچهی پارتی لهپیرهمهگروون رایگەیاند، هیچ هێزێکی ئەمنی بەرگری لەناوچەی پارتی لەپیرەمەگروون ناکات.
لای خۆشیەوە، کادیرێکی کۆمیتەی یەکێتی لەپیرەمەگروون باس لەوەدەکات، خۆپیشاندەران چوونەتە سەر کۆمیتەی یەکێتی و ئێمەش هیچ کاردانەوەیەکمان نەبوو بەرامبەریان و داوایان لەپاسەوانەکان کرد، کە بارەگاکە چۆڵ بکەن و هیچ تەقەیەک نەکەن، خۆمان دوورخستەوەو کۆمیتەکەمان سووتێنراو خۆپیشاندان لەلای ئێمە کۆتایی پێهات.
وتیشی “زیانەکان لەئەنجامی سووتاندنی کۆمیتە بەنزیکەی (40) ملیۆن دینار مەزەندە دەکرێت و ئێمە هیچ کاردانەوەیەکمان بەرامبەر خۆپیشاندەران نەبوو، سوپاس بۆ خوا یەک قەترە خوێن لەلووتی کەس نەهات”.
ئەمە یەکەمجار نیە دانیشتوانی پیرەمەگروون خۆپیشاندان دەکەن، لەکۆتایی مانگی 12ی ساڵی 2017دا دانیشتوانی ئەو ناوچەیە بارەگای سەرجەم حزبەکانیان لەشارۆچکەکە سووتاند.
ھەروەھا لەساڵی 2009 بۆ یەکەم جار خۆپیشاندان لەپیرەمەگروون روویدا کەتێیدا دانیشتوانەکەی داوای خزمەتگوزاریی باشتریان بۆ شارۆچکەکەیان کرد، بەڵام توندوتیژی لێکەوتەوە.
هۆکارى خێرا کەوتنەوەى توندوتیژییەکانی خۆپیشاندانەکەی (11) ساڵ لەبەوبەر بەهۆى دەرکەوتنى سەرۆکى شارەوانى ئاوات تۆفیق بوو کەشەوێک پێشتر لەسەر شاشەیەکى تیڤییەوەو خەڵکى شارۆچەکەکەى بە «کوێر» ناوزەند کردبوو وتبووی «پێشکەوتنەکان نابینن».
لەساڵی 2009 دانیشتوانى شارۆچکەکە تووڕەبوون لەسەرۆکى شارەوانیەکەیان ئاوات تۆفیق کە لەلایەن یەکێتیەوە دانرابوو، فەرمانبەرانی شارۆچکەکە ئەوکات مووچەی مانگانەیان لەکاتی خۆیدا وەردەگرت، بەڵام دەیانوت شارۆچکەکەیان لەڕووی خزمەتگوزارییەوە پشتگوێ خراوە، زۆربەى خەڵکەکەى باسیان لەنەبوونى کارەبا و سیستەمى ئاوەڕۆو ئاویان دەکرد، بەڵام ئەمساڵ کەمتر باسی ئەو شتانەیە، بەڵکو زیاتر باسی مووچەیان دەکرد.
(11 ) ساڵ لەمەوبەر پیرەمەگروونیەکان هەڵیانکوتایە سەر بارەگاى سەرۆکى شارەوانى و هەستان بەشکاندنى پەنجەرەکانى بەبەردو شێواندنى باخچەکەى بەردەمى. خۆپیشاندەران پەرتەوازەبوون پاش ئەوەى لەیەکێک لەسەربانەکەکانى بنکەیەکى نزیکى یەکێتیەوە چەکدارەکان دەستیانکرد بەتەقەکردن بەسەریاندا، بەڵام ئەمساڵ یەکیتی دەڵێت تەقەی نەکردووە، بەڵام پارتی نایشارێتەوە تەقەی ناڕاستەوخۆی کردووە.
جەزا سەید مەجید، بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان راگەیاند هاووڵاتیان و مووچەخۆران لەشارۆچکەی پیرەمەگروون خۆپیشاندانیان کردووەو ئەوانیش بەپاسەوانانی بارەگاکانیان وتووە «بەهیچ جۆرێک نابێت ئازار بەهیچ کەسێک بگات و نابێت کەس تەقە بکات».
دانیشتوانی شارۆچکەکە زیاتر لە (30) ھەزار کەس دەبن، سەدان کەس لەکەسوکاری قوربانیانی ئەنفال لەو شارۆچکەیەدا دەژین. پیرەمەگرون لەساڵى 1988 دروستکراوە وەک کامپێکى ئاوارە بۆ ئەو خەڵکەى کە لەلایەن سەدامەوە راگوێزراون وەک بەشێک لەهەڵمەتى ئەنفالى دژ بەکورد.