رێژەی خۆکوشتن لەنێو ژنانی ئێزیدیدا بەرزدەبێتەوە

300 هەزار ئێزیدی هێشتا لەکەمپەکاندا دەژین، ئەو ژنە ئێزیدییانەشی لەدەستی داعش رزگاریان بووە هێشتا لەدۆخی دەروونیی خراپدان

4 ساڵ لەمەوپێش



 هاوڵاتى

هەندێک چالاکوان هۆشدارییان داوە لەکەیسەکانی خۆکوشتن لەنێو ژنانی ئێزیدیداو داوا لەحکومەت دەکەن راهێنانی پیشەیی و چاودێری تەندروستی دەروونییان بۆ دابینبکات، لەکۆی هەزاران ژنی رزگارکراوی ژێر چنگی داعش تەنها (375) کەسیان قەرەبوویەکی ماددی کەمیان وەرگرتووە.

بهرزبوونهوهی ئەمدواییەی ژمارهی خۆکوشتن لەنێو رزگاربووانی تاوانهکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)دا عێراقییەکانی نیگەران کردووە دەربارەی ئەوەی ئاخۆ چاودێریی پێویست و دەرفەتی راهێنانیان پێدەدرێت یان نا.

ئەو پسپۆڕانە پێشنیازی پشتیوانی کۆمەڵایەتی و دەروونییان کرد بۆ ئەندامانی کۆمەڵگەی ئێزیدی کە رزگاریان بووه لەدهستبهسهرداگرتنه تووندوتیژانهکهی شارەکەیان لە 2014و ئهو داگیرکارییهی بهدوایدا هات.

تەنها لەئەیلولدا سێ ژنی ئاوارەی ئێزیدی خۆیان کوشتووە لەکەمپەکانی دهۆک و چیای شەنگال، ئەوانەش ئەو کەسانە بوون کەڕووبهڕووی تووندوتیژی و کۆیلایەتی لەسەردەستی داعش بووبوونهوه.

سەرەڕای ئەوەش، مەرگی زۆرێک لە ئەندامانی خێزانەکانیان لەسەردەستی داعش و مانەوەی دوورودرێژیان لەکەمپەکانی ئاوارەکاندا مەینەتیانی هێندەی دیکە زیادکردبوو.

حوسام عەبدوڵا بەرپرسێکە لەڕێکخراوی ئێزیدی بۆ بەڵگەنامەکردن، وتی "خۆکوشتن لەنێو ئێزیدییەکاندا ئاماژەیەکی مەترسیدارە".

باسی لەوەشکرد کەزیادبوونی ریشەیی ئەمدواییە لەژمارەی کەیسەکانی خۆکوشتنی ئێزیدییەکاندا جێی هۆشدارییەو ئاماژەیکرد بەوەی تەنیا لەدوو مانگی رابردوودا، حەوت حاڵهتی خۆکوژی لەنێو ژناندا بەتەمەنی جیاوازەوە روویانداوە.

سهرباری ئاستی ئەو خزمەتگوزارییەی دابین دەکرێن، کەمپەکان زۆر لەژیانی ئاساییەوە دوورن، دانیشتوانی کەمپهکان پەراوێزخراون و لەژێر فشاری داراییدان بەهۆی بێکارییەوە، کەیارمەتییان نادات زاڵبن بەسەر گرێی لاقەکردن یان رفاندنیاندا لەلایەن داعشەوە، بەتایبەتی لەنێو کچانی لاودا.

عەبدوڵا وتی "پێویستی بهگەشەپێدانی پلانێکی چڕوپڕ بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم کێشەیە زۆر گرنگەو حکومەت و دەزگا پەیوەندیدارەکان دەبێت بەدوایدا بچن".

وتیشی "پێویستی هەرە بەرچاوی ئێزیدییە ئاوارەکان: دەرفەتی کار، باشترکردنی دۆخی ژیان و پەرەپێدانی خزمەتگوزارییە گشتییەکانە".

داوای لەحکومەت کرد باربووی زیاتر دابینبکات بۆ ئێزیدییەکان و وتی تەنیا ژمارەیەکی کەمیان تائێستا سوودیان لەو باربووانە بینیوە.

لەنێو هەزاران ژنی ئێزیدیدا کهئەشکەنجەدراون و مامەڵەی خراپیان لەگەڵ کراوه، تەنیا (375) کهس دوو ملیۆن دیناری عێراقی (1,680 دۆلار)یان وەرگرتووە.

عەبدوڵا وتی "قوربانییەکان پێویستیان بەچاودێریی هەمیشەیی هەیە کهسنووردار نهبێت بهپشتیوانی داراییهوه، بەڵکو درێژببێتەوە بۆ چاودێری تەندروستی دەروونیش".

بەڕێوەبەری گشتی کاروباری ئێزیدییەکان لەحکومەتی هەرێمی کوردستان، خەیری بوزانی وتی "پێویستییهکی زۆر هەیە بهتاووتوێکردنی ئەو گرێ دەروونییانەی ئێزیدییە ئاوارەکان ئەزموونیان کردووە".

وتیشی "پشتیوانیکردنی گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان فاکتەرێکی سەرەکییە لەبەرگرتن بەم قەیرانە".

هەروەها وتی "بەڵام گەڕانەوەکە دەبێت هاوکات بێت بەدابینکردنی ژینگەیەکی سەلامەت بۆ گەڕانەوەیان و پشتیوانی دارایی گەڕاوەکان بکرێت تا کار دەدۆزنەوە".

زیاد لە (20) هەزار خێزانی ئێزیدی گەڕاونەتەوە بۆ شەنگال لە سێ ساڵی رابردوودا، بەڵام زۆرێک هێشتا ئاوارەن. بەگوێرەی ئامارە فەرمیەکان، نزیکهی (300) هەزار ئێزیدی هێشتا لەکەمپەکاندان، کەزۆرێکیان لەهەرێمی کوردستانی عێراقن.

بوزانی داوای دابینکردنی موچەی مانگانەی کرد، نەک تەنیا باربوو، بۆ هەموو ئەو ژنە ئێزیدیانەی لەلایەن ئەندامانی داعشەوە زیانیان لێدراوە.

وتی "پێویستیشیان بەبەرنامەی ئاساییکردنهوهی بارودۆخی ژیانیان هەیە تایارمەتییان بدات زاڵبن بەسەر کاریگەرییە دەروونی و جەستەییەکانی ئەو زیانەدا که پێیانگەیشتووە، وتی ئەمە یارمەتی رێگرتن دەدات لەوەی بکەونە نێو بازنەی نائومێدی و بێهیواییەوە".

لەیلا بەرزنجی بەڕێوەبەری جود، کە رێکخراوێکی مرۆییه لهموسڵ بۆ گەشەپێدان و بنیاتنانەوە، وتی کاری لەگەڵ ژنانی پهککهوتهو رزگاربووانی تیرۆریزم کردووە کەکێشه و گرێی دەروونیی سهختیان بۆ دروستبووە.

وتیشی "پابەندبووین بەپشتیوانیکردنیان و بهخشینی هیوا پێیان، یەکەم هەنگاو دابینکردنی راهێنان بوو تا بگهن بهدۆزینهوهی کار لەبواری درومان و پیشە دەستییەکاندا."

هەروەها وتی "کار هەستی متمانەو سوربوونیدا بەم ژنانە تاژیانیان باشتربکەن و داهاتوویەکی روونتریان هەبێت".

بەرزنجی جەختیکردەوە لەوەی دابینکردنی راهێنانی پیشەیی و دەرفەتەکانی کار دەبێت بەشێکی سەرەکی بێت لههەر بەرنامەیەکی حکومی کە مەبەستی یارمەتیدانی گروپە پەراوێزخراوەکان بێت، لەنێویاندا ئێزیدییەکان.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار