نەوەی پەبجیو نەوەی بڕنەو، کامیان دەیبەنەوە؟
گەنجان بۆیان گرنگ نیە کام بەرپرس تەقەی لە ھەلیکۆپتەر کردوە، ئەوان چیرۆکیکی نوێیان دەوێت کە خۆیان بینووسنەوە.
خۆپیشاندەرێک ھەوڵی ھەڵھاتن دەدات لەناو دوکەڵی گازی فرمێسک ڕێژ لە سلێمانی، لەکاتێکدا چەندین پۆلیس بەدوایەوەن
4 ساڵ لەمەوپێش
سامان مەجید
دوو لوولەی تفەنگ روویان لەیەکە، یەکێک بڕنەوی کۆنە ژەنگرتوو، یەکێک «ئێم فۆڕ»ی نوێی دیجیتاڵی. بڕنەوبەدەستان لەکۆشکی نوێوە، دیجیتاڵبەدەستان لەخانووی کۆنی نیمچە کەلاوە.
دوای نیوەڕۆیەکی خۆرەتاوی کۆتا رۆژەکانی پایز، دیجتیاڵ بەدەستەکان لە کەلاوەکانیانەوە هاتنە دەرەوە بۆ بەردەم بەرزە کۆشکی بڕنەوبەدەستان. ئایپادەکانیان داناو بەردو بلۆکیان هەڵگرت و لەسەر شەقامەکە ریزیان کرد. چەرخەکانیان دەرهێناو ئەو شەقامانەیان گڕتێبەردا کە تازە قیرکرابوون بۆ ئۆتۆمبێلە جام تاریک و مۆدێل بەرزەکان کە پیاوانی بۆیانباخ لەمل پێیدا تێدەپەڕین.
ئاگر چوو بەئاسماندا دووکەڵ بەرچاوی پاسەوانەکانی کۆشکی داپۆشی، دەستیان کرد بەتەقە، چەند کەسێک لەولاوە کەوتن، خوێن بە جادەکەدا جۆگەلەی بەست، گەنجەکان چوونە ژێرباڵی ئەو هاوڕێیانەیان کەفیشەک بەریان کەوتبوو، هەندێکی تریان سەریان بەرزکردەوەو بە بەرد وەڵامی تەقەکەرانیان دایەوە، کامێرای مۆبایلەکان چوونە سەر دیمەنی گڕو دووکەڵ و بەردو تەقە و هات و هاوار. نەک هەر شار بەتەنیا، بەڵکو هەموو دنیا بەباسەکەی زانی.
ئەو دیمەنانەی لەسۆشیال میدیا بڵاوبوونەتەوە لەسەر خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی شارو شارۆچکەکانی سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و راپەڕین، چیرۆکێکن پێشتر وێنەیان نەبووە. خۆپیشاندانەکانی پێشوو زیاتر بۆ مەسەلەی نان و مووچەو بژێویی بوو، بەڵام ئەمجارە شتی تری هاتۆتە سەر، ئەویش دەرکەوتنی ململانێی دوو نەوەیە کە دیارنییە کۆتاییەکەی چۆن دەبێت.
لەماوەی کەمتر لەهەفتەیەکدا (٨) گەنجی نەوە تازەکە بەفیشەکی نەوە کۆنەکە کوژراون. نەوە کۆنەکە زیاتر لەنیو سەدە لەمەوبەر چەکی بڕنەویان کردە شان و مژدەی رۆژێکی نوێیان دەدا بەباوک و باپیری ئەو گەنجانەی ئێستا پێیان دەوترێ نەوەی پەبجی.
ڤیدیۆی خۆپیشاندانی نەوەی پەبجی دەسەڵاتدارەکان تووشی شۆکێکی گەورە کرد، کە دەیانبینی چۆن مۆلۆتۆفی ئاگرین هەڵدەدەنە ناو بارەگاکانیان، ئەو بارەگایانەی کە لای ئەوان پیرۆزەو پێشتر خەڵکیان لەسەر کوشتووە.
گوللەی پاسەوانەکانی بارەگاکە ئاسمانیان پڕکرد لەگڕو رووناکی،
گەنجەکان سەریان بەرزدەکردەوە لەگڕەکەیان دەڕوانی، بەڵام بستێک نەدەچوونە دواوە
ئاری هەرسین بەپرسێکی پارتییە گومانی خستە سەر «خۆڕسک» بوونی خۆپیشاندانەکەو وتی ئەوانە مناڵن و ئەو کارانە نازانن بەڵکو فێرکراون. کە مەبەستی پەکەکە بوو، بێئاگا لەوەی مۆلۆتۆف یەکێکە لەو چەکانەی لەیاری پەبجیدا گەنجان بەکاری دێنن لەگەڵ دەیان جۆری چەکی تردا.
گەنجەکان بارەگایەکی پارتییان لەپیرەمەگروون هاوشێوەی ئامانجێکی یاری پەبجی لەشەودا دەست بەسەرداگرت، دەنگی تەقەی چەکدارانی ناو بارەگاکە تێکەڵ بوو بەهاهووکردنی گەنجەکان.
گوللەی پاسەوانەکانی بارەگاکە ئاسمانیان پڕکرد لەگڕو رووناکی، گەنجەکان سەریان بەرزدەکردەوە لەگڕەکەیان دەڕوانی، بەڵام بستێک نەدەچوونە دواوە، وەکو ئەوەی هیچ رووی نەدابێت، بەڵکو تادەهات قاچیان بەرەو پێشەوەی بارەگا گەمارۆدراوەکە دەجووڵاند.
دوای نەمانی دەنگی تەقەکە، ئاگر لەبارەگاکە بەرزبووەوە، چالاکانی شۆیال میدیا وتیان «ناوچەی پارتی کەوتە دەست خۆپیشاندەران و سوتێندرا، دوای (٦) کاتژمێر لەپێکدادان».
ماوەی (22) ساڵە پێکدادان لەنێو شارەکاندا روویان نەداوە، لەو کاتەوەی تاڵەبانی و بارزانی لە رێککەوتننامەی واشنتۆندا ئاگربەستیان راگەیاند لەساڵی 1998. بەڵام رووداوەکەی پیرەمەگرون و شارەکانی تر شێوازێکی نوێیە لەپێکدادان.
لەم پێکدادانەدا دوو بەرەی هاوسەنگ شەڕ ناکەن هاوشێوەی شەڕی ناوخۆ، یەکێکیان نەوەی پەبجیە کەزۆربەیان ئەوانەن دوای شەڕی براکوژی لەدایکبوون. کەشەڕەکە لە ١٩٩٤ لەنێوان پارتی و یەکێتی دەستیپێکرد تاساڵی ١٩٩٨، بەهەزاران کەس کوژران و بەسەدان کەسیش بێسەروشوێن کران و هەزاران خێزان ئاوارە کران.
نەوەی پەبجی کە ئەو شەڕەیان نەبینیوە، بەڵام هۆکاری بێکاریی خۆیان دەخەنە ئەستۆی ئەوانەی ئەو شەڕەیان لەپێناو داهاتی گومرگ هەڵگیرساندو دواتر پێکهاتن و هەموو شتێکیان لەنێوانی خۆیان دابەشکرد.
بۆ نموونە یەکێتی و پارتی دوو حکومەتیان لەسلێمانی و هەولێر دروستکرد، زەوی بەنرخی شارەکانیان دابەشکرد بەسەر کادیرانی خۆیاندا، ئەوەشی مایەوە نەیاندایە فەرمانبەران بەڵکو لەساڵی 2006 یاسای وەبەرهێنایان دەرکردو کارئاسانی زۆری کرد بۆ دەوڵەمەندبوونی خێرا لەڕێگەی پێدانی زەوی خۆڕایی بەکۆمپانیاکانی خۆیان لەبری فەرمانبەران، ئەوانیش بەپارەیەکی زۆر بەفەرمانبەرانیان فرۆشتووە.
بەهۆی خراپ ئیدارەدانەوە قەیرانی دارایی دروستبوو، کاریگەری بەسەر ئەو گەنجانەوە زیاتر دەرکەوت، چونکە نە دادەمەزێن، نە کارێکیان دەستدەکەوێت، نە دەتوانن ببنە خاوەنی یەکەیەکی نیشتەجێبوون، لەکاتێکدا دوو ساڵ لەمەوبەر حزبەکان بەڵێنی هەلی کاریان پێدان لەبانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا بەڵام ئێستا بێکاریی زیاترە لەجاران.
گەنجە بێکارەکان هونەریکی نوێیان دۆزیوەتەوە بۆ سەلماندنی خۆیان، بەڵام حکومەت بێباکانە گوێیان بۆ ناگرێت و تۆمەتباریان دەکات بە «تێکدەر»، بەڵام بەرپرسێکی دادوەری دەریخست گەنجەکان لەسەر حەقن نەک حکومەت.
د.محەمەد رێکانی ئەندامی داواکاری گشتی هەرێمی کوردستان وتی «تێکدان و بردنی سامانی گشتی، لەنێوان بەرپرسی گەندەڵ و خۆپێشاندەرانەوە، دوو تاوانن بەرامبەر خاک و خەڵکی کوردستان دەکرێت، بەڵام تاوانی تێکدان و بردنی سامانی گشتی لەلایەن بەرپرسی گەندەڵەوە، سەد جار گەورەترە لەتاوانی تێکدانی سامانی گشتی لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە».
وتیشی «بەرپرسی گەندەڵ بەڕێکخراوی و لێزانی و نهێنی و بە (ئەفەندی) دەیکات، بەڵام خۆپێشاندەر بەئاشکراو هەڕەمەکی دەیکات، بۆیە دەبێت هەردووکیان بەشێوازی راستەقینەی خۆیان ببینین و بەقەد تاوانیان دادگایی بکرێن». ئەمە قسەیە تیرێکە زیاتر بۆسەر دڵی بەرپرسان نەک ئەو مێردمنداڵانەی کە هێشتا دەگرین بۆ هێمنی (13) ساڵی هاوڕێیان کە لەخۆپیشاندانەکەی سەیدسادق شەهید کرا.
لە یاری پەبجیدا مردن و زیندووبونەوە ھەیە بۆ گێمێکی تری یاری،
ئەو گەنجانەی تەقەیان لێدەکرا زیاتر سوود دەبوون قاچەکانیان بەرەو پیشەوە بجوڵێنن
ئەمە یەکەم جارە بەرپرسێکی داواکاری گشتی بەو شێوەیە قسە دەکات، هەمیشەو ئەو دەزگایە بێدەنگ بووە لەبەرژەوەندی دەسەڵات، قسەکانی رێکانی ئاماژەیەکی روونە کە تیرەکەی بۆ خۆپیشاندەرە گەنجەکان نییە، کەهەندێکیان خوار تەمەنی یاسایین، بەڵکو زیاتر بۆ سەر دڵی ئەو دەسەڵاتدرانەیە کەدۆخە خراپەکەیان خوڵقاندووە.
دەبوو حوکمەت دانی بەهەڵەکاندا بنایە، وەڵامی پێبوایە بۆ خۆپیشاندەران، بەڵام وادیارە دۆخەکەی بەباشیی هەڵنەسەنگاندوە یان خۆبەزلزانی رێگەی نادات قسە بۆ ئەو گەنجە خوێنگەرمانە بکات و توڕەیی شیرینیان دامرکێنێتەوە.
وەڵامی بەرپرسان بۆ گەنجەکان گوێگرتن نەبوو، بەڵکو تەقە بوو، کاتێک تەقەشیان کرد تووشی شۆک بوون کەبینیان گەنجەکان سڵ ناکەنەوە. ئەوان بەدەنگی تەقەی پەبجی راهاتوون، چی تر فیشەک نایانترسێنێت. لە یاری پەبجیدا مردن و زیندووبونەوە ھەیە بۆ گێمێکی تری یاری، ئەو گەنجانەی تەقەیان لێدەکرا زیاتر سوور دەبوون قاچەکانیان بەرەو پیشەوە بجوڵێنن، زیاتر سووربون شوشە کۆبکەنەوە بۆ دروستکردنی مۆلۆتۆف.
ئەو گەنجانە لە تۆڕي كۆمەڵایەتیەکان پەیامیان بۆ یەکتر دەنارد، ناویان لە شارەکانی خۆیان دەنا، ھەروەک چۆن سلێمانی ناوی لێنراوە شاری ھەڵمەت و قوربانی، چونکە رووبەڕووی زوڵم بۆتەوە لە رابردوودا، گەنجانی نەوە تازەکەش بەھەمان شێوە نازناو دەدەنە شارەکانی خۆیان.
ئەو ناوانەی بڵاویان دەکردەوە بریتیبوون لە (شاری غیرەت، شاری مەردایەتی، شاری شانازیی، شاری سەربەرزیی...)، بۆ نموونە گەنجانی پیرەمەگروون دەیانوت "ئێستا جێگەی شانازییە خەڵکی پیرەمەگروون بیت، چونکە گەنجەکانی سەریان بەرزە وەکو شاخی پیرەمەگروون".
ئەم دەستەواژانە مانای ئەوەیە گەنجەکان وەکو جۆرێک لە خەباتی نوێ سەیری خۆپیشاندانەکانی خۆیان دەکەن لەکاتێکدا حکومەت پێین دەڵێت "تێکدەر". ناوهێنانیان بە «تێکدەر» هەمان ئەو قسەیەیە کە رژێمی بەعس بەرامبەر بەپێشمەرگە بەکاریدەهێناو دەیوت «مخرب»، کەهەمان مانای هەیە.
بەعس وشەی «تێکدەر»ی بۆ مامەڕیشە بەکاردەهێنا کە سیمبولی گەنجێکی یاخیی ئەو نیشتیمانە بوو، ئەو گەنجانەی ئێستاش هەمان یاخیی بوونیان هەیە، بەڵام ئەمجارە بەرامبەر دەسەڵاتی کۆنی بەغدا نیە، بەڵکو بەرامبەر چەند گردو تەپۆڵکەو هەوارگەیەکی بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانن، کە گەنجەکان پێیانوایە خۆشی ئەوانیان زەوت کردووە، هەربۆیە بارەگای هەموویان سووتاندن. رەنگە ئەوان ئیتر لەپایەکانی دەسەڵات بدەن تاسەری هەڕەمەکە دەلەرزێ ئەگەر هەروا بەبێ بێباکی بمێننەوە.
ئەگەرچی ئاگری ناو بارەگا سوتاوەکان کوژاوەتەوە، بەڵام دڵی گەرمی گەنجەکان هێشتا بەجۆشە، بەرپرسانیش ئەمە دەزانن، ئەوان تا ئێستاش سەیری ئەو ڤیدیۆیانە دەکەن کەتووشی شۆکی کردوون.
ئەوان سەریان لەوە سوڕماوە چۆن ئاگری ناو شەقامەکانیان بردە ناو بارەگاکان و بەتەواوەتی سوتاندیانن، هەربەوەشەوە نەوەستان، بەڵکو نەیانهێشت وێنەی سیمبول و سەرۆکی حزبەکانیان لەناو بارەگاکانیاندا بەتاریکی گڕبگڕن، بەڵکو هێنایانە دەرەوەو گڕیان تێبەردان و کامێرای مۆبایلەکانیان خستە سەریان و ھەندێکیشیان خستە ژێر پێیان.
کاتێک ئەو دیمەنانە دەبینی، وێنەی پیاوێکی عێراقیت بیردەکەوێتەوە کە (17) ساڵ لەمەوبەر لەبەغدا بە نەعلەکانی دەیکێشا بەوێنەیەکی سەدام حسێندا، ئەوەش وەکو راگەیاندنی رووخانی دەسەڵاتە (35) ساڵیەکەی بەعس.
خۆپیشاندەران دروشمی «بڕۆخێ» یان بەرزدەکردەوە بۆ ئەو نەوەیەی چیرۆکە کۆنەکان گەرم دەکاتەوە کەچیتر چیرۆکی چێژبەخش نین بۆ ئەوان.
پیشتر هەندێک لەبەرپرسان گلەیی ئەوەیان دەکرد کە نەوەی ئێستا گوێ بە چیرۆکەکانی ئەوان نادەن و لەوە تێناگەن کە ئەوان شەڕیان لەگەڵ هەلیکۆپتەردا کردووە، بەڵام باسەکە بوو بەگاڵتەجاری سۆشیال میدیا.
ئەوان بۆیان گرنگ نیە کێ تەقەی لە ھەلیکۆپتەر کردوە، کێ لەکام ئاو پەڕیوەتەوەو قاچی تەڕ بووە، ئەمانە تینوێتی ئەوان ناشکێنێت، ئەوان چیرۆکیکی نوێیان دەوێت کە دەیانەویت خۆیان بینووسنەوە.
ئەوان خەیاڵیان فراوانە، لە رێگەی ئینتەرنێتەوە دەستیان دەگا بەدنیا، زمان دەزانن، شارەزای کۆمپیوتەرو ئینتەرنێتن، هەربۆیە شەقێک لەو بازنەیە هەڵدەدەن کە بەبێ ویستی خۆیان بۆیان دروستکراوە تەنانەت ئەگەر بە بەخشینی رۆحی خۆشیان بێت، بەڵام ئەوەی دەمێنێتەوە فرمێسکی دایکەکانە.
چیتر دایکانی جەرگ سووتاو ناتوانن
ئێواران چاو لەدەرگای حەوشە بکەن و ببینن
کوڕەکانیان دەگەرێنەوە بۆ سەر سفرەیەکی نیمچەچۆڵ.
چیتر دایکانی جەرگ سووتاو ناتوانن ئێواران چاو لەدەرگای حەوشە بکەن و ببینن کوڕەکانیان دەگەرێنەوە بۆ سەر سفرەیەکی نیمچەچۆڵ. چیتر خوشکە بچووکەکانیان ناتوانن دەستیان بکەنەوە تا ببینن براکانیان نوقڵ و دیارییان بۆ دێننەوە. چیتر خوشکە بچووکەکەی هەرێمی (13) ساڵ کە لەسەیدسادق شەهیدکرا، ناتوانێت دەستبکاتە ملی براکەی.
چیتر هاوڕێکانی هەرێم ناتوانن چاویان بەچاوی بکەوێت، دوا دیداری ئەوان وێنەیەک بوو لەسەر گۆڕەکەی کە بەکوڵ دەگریان و نەیاندەتوانی سەریان بەرزکەنەوە.
دیمەنەکە گریان دەخاتە قوڕگی هەموو ئەوانەی لەسۆشیال میدیا بینیویانە، گریانی ئەوان راستەقینەیە، وەکو سەرەخۆشی درۆزنانەی سیاسییەکان نیە کاتێک رۆژانە لەمیدیاکانەوە دەینێرن.
تەنانەت وێنەی ریزێک مێردمنداڵی سەرگۆڕەکەی هەرێم دەتوانێت خەڵک و پۆلیس و ئاسایش و ئەو پێشمەرگانەش بخاتە گریان، کە خراونەتە سەرشەقام بەڵام منداڵەکانیان هاوتەمەنی ئەوانن و هەروەکو ئەوان دەژین بەکولەمەرگی.
ئەو دیمەنانە هەموو کەس دەگرێنن، جگە لەو سیاسییانەی کە بە رۆژ تورەکەی زیاتر دەدوورن بۆ تاڵانیی، بەشەویش سەرگەرمن بەدەنگی پیاڵەی شەراب، لەناو کۆشکی گرانبەهای پڕ لەدرەختی رووناک و کارەبای بەردەوام.
بەڵام نەوەی پەبجی ئەو خۆشگوزەرانیەی نیە، دەزانن بڕنەو بەدەستەکانی ڕابردوو ئێستا چۆن دەژین بۆیە زۆر تووڕەن. یەکێک لەو گەنجانە دوو بەردی بەدەستەوە گرتبوو دەستەکەی تری رادەوەشاندو دەیوت «خەیاڵتان خاوە، ئێرەتان بۆ چۆڵ ناکەین، لێرە ناڕۆین هەتا ملی هەمووتان نەدەین لە قەنارە».
گەنجەکە قسەکانی تەواو نەکرد لەولاوە هاوڕێکانی چەپڵەیان بۆ لێدەدا، هەندێکی تر لەپشتەوە بەردەوام بوون لەبەردبارانکردنی بارەگایەکی سێ قاتیی، کە دەرگاکانی داخرابوون بەسەر پاسەوانە خۆحەشارداوەکاندا.
ئەم دیمەنەو چەندین دیمەنی تری هاوشێوە کە پێشتر وێنەی نەبووە بەخێرایی لەئینتەرنێتدا تەشەنەی کرد. بەرپرسێکی پارتی کە پێشتر لەسلێمانی بووەو تۆمەتبارکراوە بەتەقەکردن لەخۆپیشاندەرانی 17ی شوباتی 2011، پەیامێکی بۆ یەکێتی نارد.
هیوا ئەحمەد مستەفا ئەندامی سەرکردایەتی پارتی و بەرپرسی پێشووی لقی ٤ی پارتی لەسلێمانی، وتی «ئەگەر یەکێتی لەسلیمانی و گەرمیان بەخۆی نەکەوێت، رۆژێک دێ ئەو شوێنانە لەدەستدەدەن و دەبێ پەنا بۆ هەولێر بێنن بپارێزرێن».
ئەمەش ئاماژەیەک بوو بەوەی کە پارتی لەڕێگەی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانەوە هەولێر لەو توڕەبوونە دەپارێزێت و دەبێت یەکێتیش هەروا بکات.
یەکێتی پەیامەکەی پارتی پێگەیشت و ھەمان کاری ئەوانی کرد کە سەرکوتکردن بوون، بەڵام ھەندێک لە بەرپرسەکانیان ویستیان بڵێن بەشێک نین لە سەرکوتکارییەکە داوای گوێگرتنیان کرد،
حاکم قادر حەمەجان، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتی وتی «تا ماڵوێرانی زیاتر تەشەنەی نەکردووە، ھێشتا بوار ماوە ڕاستگۆبن لەگەڵ خەڵک، ھێشتا مەودای تێگەیشتن فراوانترە لە ئاڵۆزیی و لێقەومان».
پێشتریش مەلا بەختیار کە بەرپرسێکی تری یەکێتیە لە نەوەی بڕنەو، ھاسۆزی خۆی لەگەڵ خۆپیشاندەرانی نەوەی پەبجی راگەیاندو داوایکرد کوژراوەکان بە "شەھید" تۆمار بکرێن.
لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا یەکێتی و پارتی لەوە تێنەگەیشتوون کە بۆچی خۆپیشاندانەکانی نەوەی پەبجی لەوانەی پیش خۆیان ناچێت، نەوەی پەبجی ناچێتە گۆڕەپانێکەوە کە نەوەی بڕنەو حەزی بەگەمەکردنە تێیدا، بەڵکو رایدەکێشیت بۆ ناو گۆڕەپانێک کە خۆی دەیەوێت، ئەو گەمەکردنەش بۆ بڕنەوبەدەستان ئاسان نییە.
رەنگە نەوەی بڕنەو تووشی سەرلێشێوان هاتبن و نەزانن چۆن مامەڵەی لەگەڵ بکەن، بۆیە هەندێ جار دەڵێن دەستی ئێران و پەکەکەی لەپشتە بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەکیان پێبێت، لەکاتێکدا هەموو شەقام و بەشێکی زۆریش لەهێزە ئەمنیەکان کە بێ مووچە کراون دڵیان لەگەڵ دڵی گەنجەکانە، ئەوەش مانای ئەوەیە خۆپیشاندانەکە خۆڕسکە نەک دەستی لەپشت بێت.
هەڕەشەکردن لەبەرژەوەندییە ئابورییەکانی نەوەی بڕنەو، لەلایەن نەوەی پەبجیەوە، ھەروەھا بەرد گرتنە چەند کۆمپانیایەک کە بەنزیک لەیەکێتی ناسراون لەسلێمانی، مەترسییەکی نوێیە بۆ دەسەڵاتدارەکان. بۆیە ئەوانەی پەنجەیان لەسەر شاشەی مۆبایل و ئایپادەکانیانە دەتوانن زەرەر لەپایەکی گرنگی دەسەڵاتی ئەوان بدەن کە ئابوورییە.
دیوێکی تری ئەم یارییە نوێیە شەڕی دەروونی خۆرسکانەیە، بۆ نموونە گەنجێکی قژلول و جڵ ناڕێک بەهۆی هەژارییەکەوە کە رەنگە متمانەی بەخۆی نەبێ کچێکی شۆخ و شەنگ پێی رازی بێ، کەچی لەبەردەم هێزێکی چەک بەدەست کە چەندین ئۆتۆمبێلی سەربازی لەپشتیانەوە ریزکراوە، پاڵدەکەوێت و رووی پێڵاوەکانی دەکات لەوان، ئەوەش دەبێتە باسێکی گەرمی سۆشیال میدیا.
ئەم دیمەنانە ئەوەندە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستاودەستیان کردووە، هیچ گومانم نیە کەبەرزترین لوتکەی دەسەڵات بینیویەتی.
یاخود پیاوێکی خانەنشین پێڵاوەکەی لەناو بازاڕ بەرزدەکاتەوەو پڕ بە گەرووی هاوار دەکات «حکومەت منەتت بەپێڵاوەکانم».
ئەگەر دەسەڵاتداران پێڵاوی ئەو پیاوە خانەنشینە تەنها بەهاوارێک و خۆخاڵیکردنەوەیەک بزانن، بەڵام پێڵاوی ئەو گەنجانە چیرۆکی ترە.
چیرۆکی یاخیبوونێکە کە نایەوێت بەمەڕ بکرێت و بچێتە ریزی گایەلەوە، ئەمەش ئەو پێناسەیە دەیانگرێتەوە کە نیچەی فەیلەسوف باسیان دەکات، هاتنە دەرەوە لەبیرکردنەوەی گایەل و شوێنکەوتنی خۆت نەک ئەوانەی لەبری تۆ بیردەکەنەوە.
سەیرکردنی نەوەی پەبجی بە «لادەر»، یان تۆمەتبارکردنیان بەدەستی پەکەکە مانای ئەوەیە ئەو سیاسییانە هێشتا لەدۆخەکە تێنەگەیشتوون یان خۆبەزلزانیەکی وایان هەیە کە نایانەوێت دانی پێدا بنێن چیتر ئایپادبەدەستان دەستەمۆ ناکرێن.
بۆ نموونە ئاری هەرسین کە بەرپرسێکی پارتیە لەدیمانەی میدیایەکی نزیک لەحزبەکەی وتی ئەو خۆپیشاندەرانە مناڵن و ناتوانن بەو شێوە رێکخراوە مۆلۆتۆف هەڵدەنە ناو بارەگاکان، لەکاتێکدا ئەوە لە پەبجیەوە فێری بوون.
ئەم قسەیە لەلایەکەوە دانپێدانانە بەکاریگەریی ناڕەزایەتی گەنجەکان، لەلایەکی ترەوە خۆ دزینەوەیە لەبەرپرسیارێتی و چارەسەرکردنی کێشەکان و گوێنەگرتن لەداواکارییەکان، مۆلۆتۆف هونەرێکی جەنگی دیجیتاڵیە، بەڵام دیمەنەکانی رۆژانی رابردوو پێیان وتین گەنجان دەتوانن ئەو ھونەرانەی بە دیجیتاڵ فیریبوون دەتوانن لە واقیعدا بەرجەستەی بکەن.
پێدەچێت دەسەڵاتداران هێشتا لەوە تێنەگەیشتبن کە کاریگەریی ناڕەزایەتیەکانی نەوەی پەبجی پەیوەندی بەهۆشیاریانەوەیە نەک دەستی دەرەکی، بەڵکو ئەوە نەوەی بڕنەوە لەشوێنێکدا چەقیوەو دواکەوتووە، نەوەی پەبجی دەیەوێت تێیپەڕێنێت.
پێشتریش دەسەڵاتداران هەرگیز گوێیان بۆ خەڵکی دڵسۆز نەگرتووە، بەڵکو هەمیشە تۆمەتیان داوەتە پاڵ ئەوانەی رەخنەیان لێگرتوون. سەدان و هەزاران کەس لە راوێژکارو راپۆرت نووسیان بەپارەی خەیاڵی دامەزراندووە، کەسێک راستییەکەیان پێ ناڵێ کە ڕاستیەکە ئەوەیە خەریکە کار لەکار دەترازێ، بەڵام ئێمە ئەم راوێژە خۆڕاییانەتان پێشکەش دەکەین کەچی ئێوە بەخوێندنەوەی قەڵس دەبن، چونکە وەکو ئەوانی تر پیاتان هەڵنادەین.
راستیەکە ئەوەیە کە ئایپاد بەدەستەکان دەتوانن شێوازی گەمەکە بۆ دەسەڵاتدارەکان دابنێن نەک بەپێچەوانەوە، هەربۆیە ناچاریان کردن هێزەکانیان لەسەنگەرە هەستیارەکان بکشێننەوەو بە زرێپۆشەوە بەلکێشی ناو شارەکانیان بکەن. لەکاتێکدا رژێمی بەعس دەیان ساڵ لەمەوبەر بەو زرێپۆشانە بڕنەوبەدەستانی راودەنا کە ئێستا فەرمانڕەوان.
ئێستا بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانی بڕنەوبەدەستەکان خاوەنی ملیارەها دۆلارن، بەبێ ئەوەی ناویان لەگۆڤاری فۆربسدا تۆمار کرابێت کە تایبەتە بەملیاردێرەکان، چونکە هیچ بزنسێکی ئاشکرایان نییە.
بەڵام نەوەی پەبجی دەزانن بزنسەکەیان چیە؛ قاچاخی؛ نەوت دزین، پارە سپیکردنەوە، گرێبەستی شاراوەو زۆر شتی تر.
ئەو گەنجانەی کە ئەم راستیە دەزانن، لەدوای خۆپیشاندانەکان راستیەکی تالتر دەبینن، ئەویش ئەوەیە کە ھەستدەکەن خەڵکە ھەژارو ناڕازیەکە بە ھاوڵاتی پلە دوو ھەژمار دەکرێن.
بۆ نموونە تا ئێستا بەرپرسان پرسەو سەرەخۆشیان نەناردووە بۆ ئەو خێزانانەی کە شەهیدیان داوە. بەڵام لەسەر شەقێک کە لەکادرێکی ئەوان ھەڵدراوە لەناو کۆشکەکانیان پیشوازییان لێدەکەن، ئەگەرچی ئەمە هەوڵێکە بۆئەوەی نیشانی بدەن لێدراوەکانیان ھێشتا ھاوڵاتی پلە یەکن و حزبکەشیان شکۆی نەشکاوە.
دوو ساڵ و نیو پێش ئێستا لەکاتی خۆپیشاندا مامۆستایەکی هەولێر بەشەق لێیدرا، پزیشکێک مۆبایلەکەی شکێنرا تەنها لەبەرئەوەی داوای مافی خۆی کردبوو. ئەمجارەش مامۆستایەکی زانکۆ لەگەرمیان، بەشێوەیەکی زۆر ناشرین لێی درا، لەلایەن دەمامکدارێکی دەسەڵاتەوە.
بەڵام کاتێک گەنجێکی توڕە شەقێک لەپاسەوانی بارەگایەکی حزبی دەدات، ئەوان وەکو شکانی رەمزی حزبێک سەیری دەکەن و دەیبەنە شوێنێک بۆ پێشوازیی لێدەکردن کە لەسەر موڵکی گشتی دروستکراوەو ملیۆنەها دۆلاری تیدا سەرفکراوە.
لە شوێنێکی تردا ئەفسەرێک لەپۆستەکەی دورخرایەوە کە ئامادە نەبوو تەقە لەخۆپیشاندەران بکات، چونکە نەیویستووە گۆڕێکی تر زیادبێت وەکو گۆڕەکەی هەرێمی (13) ساڵ. رەنگە وێنەی هاوڕێکانی ھەرێم ناخی هەژاندبێت و بڕیاری مەردانەی دابێت.
بەڵام دوورخستنەوەی لە پۆستەکەی ھەمان پۆلێنکردنە، ئەگەر کەسێک نەچێتە ناو گایەلەکەوە، ئەوا ھاوڵاتی پلە یەک نیە، پۆستەکەشی لێ دەسەنرێتەوە. ئەم پۆلێنکردنانە مامەڵەی هەڵەن و کەڵەکە دەبن، دواجار پایەکانی دەسەڵات لاواز دەکەن. محەمەد بوعەزیزی توونسی کە بووە هۆی سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی و سەرۆکی چەندین وڵات تێیدا گۆڕان و کوژران، چەکی ئەتۆمی پێ نەبوو، تەنها خۆی و عەرەبانەیەک و شقارتەیەکی دەستی بوون.
بەڵام محەمەد پێش ئەوەی چاوەکانی لێکبنێت هەستی بەکاریگەری خۆی نەکردبوو، هەر بەسادەیی لەخۆی دەڕوانی.
ئەو گەنجانەی ئێمەش کە لەسەر شەقامن رەنگە هێشتا وەکو بوعەزیزی هەست بەکاریگەریی و گەورەیی خۆیان نەکەن، ھەست بەوە نەکەن ئەو پێڵاوەی کە رووی دەکەنە سیمبولەکانی دەسەڵات چەند کاریگەرە.
ئەو گەنجانە پێویستیان بە چەکی قورس نیە، پێویستیان بە ئەتۆم نیە بۆئەوەی خۆیان بسەلمێنن، بەڵکو رەنگە وەک محەمەد بوعەزیری تەنھا پێویستیان بە دانە شقارتەیەک بێت، دانە شقارتەیەکی بچووک، بەڵام گڕەکەی گەورەو چاوەڕوان نەکراوبێیت.