ریفراندۆم؛ گەمەی سەرۆکەکان لەئێران
ئێران (30) ساڵە ریفراندۆمی نەکردووە
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
ریفراندۆم یان راپرسی کە بەواتای بەشداریی خەڵک بۆ یەکلاکردنەوەی پرسێکی چارەنووسساز دێت، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ (508) ساڵ پێش میلادو سەردەمی سەرهەڵدانی دیموکراسیی لەیۆنان، ئەمڕۆ بووەتە چەکێکی کاریگەر بۆ فراوانکردنی دەسەڵاتی حزب و لایەن و بەرپرسان و ئەمەش وایکردووە ئێران لەسەردەمی دەسەڵاتداریی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامیی خۆیدا چەندجارێک سوود لەڕیفراندۆم وەربگرێت و لەدوایین داواکاریشدا حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران بۆ دەستنیشانکردنی ئەرکی روون و ئاشکرای کاری حکومەت و پەرلەمان جارێکی دیکە داوای بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی لەوڵاتەکەی کرد کەکاردانەوەی توندی باڵی محافزکاری لەو وڵاتە لێکەوتەوەو ئەمەیان بەگەمەیەکی رۆحانی بۆ پەردەپۆشکردنی حەوت ساڵی کەموکوڕیی و ناکارامەیی لەئەرکی سەرۆکی حکومەت لەقەڵەمداو بەدوایین کارتی سووتاوی سەرۆک کۆماری ئێران وەسفیان کرد، کە لەڕاستیشدا بەپێی دەستوری ئەو وڵاتە ئەنجامدانی راپرسیی زۆر قورسەو قفڵی لێدراوەو بە تابۆ ناودەهێنرێت و شارەزایانی مێژووی ئێران پێیانوایە ریفراندۆم سەری سەرۆکی حکومەت دەخوات.
مێژووی ریفراندۆم و راپرسی لەئێران
یەکەم (راپرسیی موسەددیق)
لەدەستوری سەردەمی پاشایەتی لەئێران ئاماژە بەڕیفراندۆم نەکراوە، بەڵام لەو سەردەمەدا حکومەتی کاتیی محەمەد موسەددیق، سەرۆک وەزیرانی ئێران خولی (17)یەمی ئەنجومەنی شورای نیشتیمانی (پەرلەمان)ی لەساڵی (1953)هەڵوەشاندەوە، بەڵام دوای ریفراندۆم، محەمەد رەزا پەهلەوی پاشای ئەوکاتی ئێران کودەتایەکی لەدژی موسەددیق بەڕێوەبردو کۆتایی بەحکومەتی موسەددیق هێنا.
دوەم (راپرسیی شۆڕشی سپی)
محەمەد رەزا پەهلەوی لەساڵی (1962) بۆ ئەوەی بتوانێت دەسەڵاتەکانی پاشایەتیی لەئێران بەرفراوان بکات لەدووتوێی شەش دەسەڵاتی پاشایەتیدا ریفراندۆمی لەوڵاتەکەی راگەیاند، کە بەشۆڕشی سپی ناوی دەهێنرا، بەڵام ئەم کارەی پەهلەوی بەهۆی دژایەتیی زانا ئاینییەکانی ئەو سەردەمەوەو بەتایبەت روحەڵڵا خەومەینی، ناکۆکیی زۆری لێکەوتەوەو بایکۆت کرا.
سێیەم (راپرسیی تەختی پاشەیەتی بۆ کۆماری ئیسلامی)
دوای راپەڕینی گەلانی ئێران لەساڵی (1979)و کۆتایی سیستمی پاشایەتیی لەو وڵاتەو هاتنەسەرکاری دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لەئێران لەڕێکەوتی (30 و 31)ی ئازاری هەمان ساڵدا ریفراندۆم بەڕێوەچوو، کەدواتر راگەیەنرا (92%)ی خەڵکی ئێران بەدەنگی بەڵێ دەنگیان بە سیستمی کۆماری ئیسلامی داوە لەوڵاتەکەیان.
چوارەم (گۆڕینی دەستوری پاشایەتی بۆ کۆماریی)
دوای ریفراندۆم بۆ حوکمڕانیی کۆماری ئیسلامی لەئێران، رەشنوسی نوێی دەستوری ئێران بەفەرمانی روحەڵڵا خومەینی، دامەزرێنەرو یەکەم رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران ئامادە کراو لیژنەیەک بۆ پێداچوونەوەو نووسینەوەی دەستنیشانکران و دوای سێ مانگ لەپێداچوونەوە لەساڵی(1980) خرایە راپرسییەوەو راگەیەنرا کە دەستوری نوێ دەنگی زۆرینەی خەڵکی ئێرانی بەدەستهێناوەو پەسندکراوە.
پێنجەم (راپرسی لەسەر دەستوری کۆماری ئیسلامی)
سالی (1989) بەفەرمانی خومەینی لیژنەیەک بۆ پێداچوونەوەی سەرلەنوێی دەستوری کۆماری ئیسلامی ئێران پێکهێنرا، بەڵام مەرگی خومەینی بووە هۆی دواکەوتنی راپرسیی لەسەر دەستور، دواتر بەڕەچاوکردنی تێبینییەکانی خومەینی، پۆستی سەرۆک وەزیران و ئەنجومەنی باڵای دادوەریی بەڕەسمی لەدەستوردا لابراو دەسەڵاتەکانی رێبەری کۆماری ئیسلامی بەرفراوانتر کران و چاودێریی هەموو سەرۆکایەتییەکانی (حکومەت، پەرلەمان، دادوەریی)، دەستنیشانکردن یان لابردنی فەرماندە سەربازییەکان و تەنانەت دوورخستنەوەی سەرۆک کۆمار کەوتە ژێردەستی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران و لە رێکەوتی (28)ی تەمموزی (1989) گۆڕانکارییەکان لەدەستوردا لەگەڵ هەڵبژادنەکانی خولی پێنجەمی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە خرایە راپرسی و دەنگدانەوەو عەلی ئەکبەر هاشمی رەفسنجانی بوو بەسەرۆک کۆمارو دەستوری نوێ پەسند کرا.
ریفراندۆم بنبەستی کۆماری ئیسلامی
لەچوار یاسای (6،59،99،110)ی دەستوری ئێراندا ئاماژەی راستەوخۆ بەچۆنیەتی بەڕێوەچوونی ریفراندۆم لەئێران کراوەو تائێستا هیچ لەو چوار یاسایە بۆ ریفراندۆم جێبەجێ نەکراوە.
دوای مەرگی خومەینی (72%)ی ئەنجومەنی دەستەبژێری ئێران (نوخبەگان) دەنگی بە عەلی خامنەیی دا بۆ ئەوەی ببێتە جێگرەوەی خومەینی، لەکاتێکدا بەپێی دەستوری رابردووی کۆماری ئیسلامی، خامنەیی مەرجی (مەرجەعیەت)بوونی بۆ بەدەستەوەگرتنی ئەو پۆستە نەبووە، بەڵام دواتر ئەو مەرجە لەدەستوری نوێدا لابراو دوای راپرسی لەسەر دەستوری نوێ جارێکی دیکە لەئەنجومەنی دەستەبژێرانی ئێران دەنگدان بۆ خامنەیی کرایەوە، کە ئەمجارەیان لەکۆی (64) ئەندامی ئەنجومەنەکە (60) کەسیان دەنگیان بەخامنەیی داو ریفراندۆم بووە مایەی خێرو بەهێزبوونی پێگەی سیاسی و دەسەڵاتی ئەو لەئێراندا.
بەپێی بڕگەی (177)ی ئەو دەستورەی کەخامنەیی یەکێک لەئەندامانی سەرەکیی لیژنەی پێداچوونەوەی بوو لەڕاپرسیدا دەنگی هێنایەوە، بەهیچ جۆرێک گۆڕانکاریی لەسیستمی کۆماری ئیسلامی ئێران و (ویلایەتی فەقێ) و ئیمامی گشتیی کەخامنەییە راپرسیی لەسەر ناکرێت.
هەر لەهەمان بڕگەداو لەبەشی کۆتاییدا ئاماژە بەوە کراوە سیستمی کۆماریی لەئێران بەپشتبەستن و لەسەر بنەمای دەنگی خەڵک، دین و ئایین تێیدا گۆڕانکاریی بەسەردا نایەت، واتە سیستمی کۆماری ئیسلامیی بەهیچ جۆرێک گۆڕانکاریی بەسەردا نایەت و نابێت بخرێتە دەنگدان یان راپرسییەوە.
لەلایەکی دیکەوە ماددەی (59) لەدەستوری کۆماری ئیسلامی ئێراندا رێگەی بەوەداوە کە راپرسی و ریفراندۆم لەسەر یەکلاکردنەوەی پرسی (سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوریی) داوە، لەکاتێکدا لەساڵی (1989) تائێستا دەیان داواکاریی بۆ راپرسی خراوەتە بەردەمی بەرپرسانی ئەو وڵاتە، بەڵام رەتکراوەتەوەو حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران کە پسپۆریی لەدەستوردا هەیە، لەساڵی (2015) تائێستا داوای ریفراندۆم و راپرسیی لەسەر چەند پرسێک دەکات، بەڵام رەتکراوەتەوەو هێرشی توند کراوەتەسەری، بۆیە بەبڕوای شارەزایان ریفراندۆم لەئێران تابۆیەو قفڵی لێدراوەو دەستبردن بۆی مەترسیدارە .
سەرۆکەکان لەئێران داوای ریفراندۆم دەکەن
مەحمود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆک کۆماری پێشووتری ئێران لەساڵی (2010) لەبەرنامەیەکی راستەوخۆی تەلەفیزیۆنی داوای کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکومەت و پەرلەمان سەبارەت بەبودجەی ساڵی (2011) ریفراندۆم لەوڵاتەکەی بەڕێوەبچێت، کەپەرلەمانی ئەوکات زۆرینەی لەدەستی ریفۆرمخوازاندا بوو رایانگەیاند؛ حکومەت ناچارە بەجێبەجێکردنی یاسای پەسندکراوی پەرلەمان و پێویستی بە ریفراندۆم و راپرسیی نییەو لەلایەکی دیکەوە عەلی خامنەیی بووە نێوەندگیر لەنێوان حکومەت و پەرلەمان بۆ ئەوەی راپرسیی نەبێتە چەکێک بۆ یەکلاکردنەوەی دەسەڵاتی ئەو دو دەزگا سەرەکییەی کۆماری ئیسلامی ئێران.
حەسەن رۆحانی کەخاوەنی بڕوانامەی دکتۆرا لەیاسای بنەڕەتی (دەستور)ە، رەخنەی لەدەستوری وڵاتەکەی گرتووەو رایگەیاندووە زۆر ئاساییە چەند ساڵ جارێک راپرسی و ریفراندۆم لەسەر پرسە گرنگەکانی وڵاتەکە بەڕێوەبچێت و دەبێتە هۆی بەهێزبوونی دەستورو ئاسانکاریی لەشێوازی بەڕێوەبردنی وڵاتدا، بەڵام (30) ساڵە ریفراندۆم لەئێراندا نەکراوە.
رۆحانی لە کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاند: (30) ساڵە هیچ گۆڕانکارییەک لە(دەستور)ی ئێراندا نەکراوە، لەو ماوەیەدا هیچ ریفراندۆمێک رووی نەداوە لەکاتێکدا بەپێی هەندێک ماددەو بڕگەی یاسایی ناو دەستور، ناکۆکیی دەزگاو دامەزراوە سەرەکییەکانی وەک حکومەت و پەرلەمانی ئێران سەبارەت بەپرسی کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگی و ئابوریی دەبێت بە ریفراندۆم و راپرسیی یەکلایی بکرێتەوە، ئەم دواکارییەی رۆحانی دووەم داواکاریی ئەنجامدانی ریفراندۆمە لەوڵاتەکەی.
ئەم وتانەی رۆحانی کاردانەوەی توندی زۆربەی کەسایەتیی و بەرپرسانی سەر بەباڵی محافزکارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لێکەوتەوەو موحسین رەزایی، سەرۆکی ئەنجومەنی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەکاردانەوەی داواکارییەکەی رۆحانی بۆ ریفراندۆم رایگەیاند؛ باسکردنی ریفراندۆم ئەدرەسێکی ناڕاستەو جۆرێکە لەلادان، ئەو وتی: لەدەستدانی هەلەکان وهەڵسوکەوتەکانی هەشت ساڵ سەرۆک کۆماریی بەڕیفراندۆم قەرەبوو ناکرێتەوە.
بەبڕوای شارەزایانی سیاسیی لەئێران زۆربەی ئەو داواکاریانەی کە بۆ ریفراندۆم کراوە بۆ مەبەستی چارەسەری کێشە و ناکۆکییەکانی حکومەت و پەرلەمان بووە و داوای ریفراندۆم بۆ گۆڕینی سیستمی حوکمڕانیی یان بابەتێکی چارەنووسساز لە ئێران نەکراوە
هەندێک سەرچاوەی نزیک لە حەسەن رۆحانی ئاشکرایان کردووە کە ئەو حەوت ساڵە پێشنیاری ریفراندۆم و راپرسیی لەدەستوری ئێراندا کردووە و داواکارییەکەی لەبەرچاو نەگیراوە، بەڵام ناکۆکییەکانی ئەم دواییانەی پەرلەمانی ئێران و حکومەت سەبارەت بە بودجە و یاسای هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری لەئێران وایکردووە رۆحانی پیداگریی لەئەنجامدانی ریفراندۆم بکات.
رۆژنامەی (ئارمانێ میللی) کە زمانحاڵی سەرۆک کۆمارەو نزیکە لە ریفرۆرمخوزانەوە بەناونیشانی (پەرلەمان سەرۆک کۆماری تەشریفاتیی دەوێت) نووسیویەتی: هەوڵ و پلانەکانی ئەم ماوەیەی پەرلەمانی ئێران بۆ گۆڕانکاریی لەیاسای هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی وڵاتەکە زەنگێکی مەترسیدارە بۆ داهاتوو، چونکە تەمەنی کاندیدی سەرۆک کۆمار لە (45) ساڵەوە بۆ (40) ساڵ کەم کراوەتەوەو فەرماندە سەربازییەکانیش تا شەش مانگ دوای خۆ کاندیدکردنیان، پێویستیان بەدەستلەکارکێشانەوە لەپۆستەکەیان نییە و هاوکات عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دەتوانێت بە نامەو فەرمان کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دەستنیشان بکات کە هەموو ئەم گۆڕانکارییانە پێچەوانەی یاساکانی رابردووەو پێدەچێت پەرلەمان مەبەستی لەم کارەی سەپاندنی سیستمی حوکمڕانیی پەرلەمانی بەسەر وڵاتەکەدا بێت، چونکە بەو رێوشوێنە نوێیانە بازنەی خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار لەئێران بچووکتر کردووەتەوە.
ریفراندۆم مۆتەکەی محافزکاران
بەبڕوای شارەزایانی سیاسیی لەئێران زۆربەی ئەو داواکاریانەی کە بۆ ریفراندۆم کراوە بۆ مەبەستی چارەسەری کێشە و ناکۆکییەکانی حکومەت و پەرلەمان بووە و داوای ریفراندۆم بۆ گۆڕینی سیستمی حوکمڕانیی یان بابەتێکی چارەنووسساز لە ئێران نەکراوە، بەڵام بەهەموو ئەمانەشەوە هەر کاتێک باسی ریفراندۆم دەکرێت بەرپرسان و دەسەڵاتدارانی سەر بەباڵی محافزکار کاردانەوەی توندیان دەبێت و وەک مۆتەکەیەک بۆ دەسەڵاتەکانیان لێی دەڕوانن.
رۆژنامەی (شەرق) نیمچە ئەهلی و نزیک لەڕیفۆرمخوازان؛ بەناونیشانی (بۆچی محافزکاران بەناوی ریفراندوم روویان ترش دەکەن؟) نووسیویەتی: هەر کاتێک باسی ریفراندۆم دەکرێت لەئێران، محافزکاران هەڵوێستی توند لەدژی ئەو پڕۆسەیە دەردەبڕن و دەڵێن کێشەی خەڵک بژێوییە نەوەک ریفراندۆم.. لەدوایین پێشهاتیشتدا کە حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران باسی ریفراندۆمی سەبارەت بەدەسەڵاتەکانی سەرۆک کۆمار لەوڵاتەکەی کرد، زۆربەی رۆژنامە و میدیاکانی سەر بەمحافزکاران رەخنەیان لێگرت و هاوکات بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی چاودێریی کۆماری ئیسلامی ئێران بەتوندی رەخنەیان لەپرسی ریفراندۆم گرت و دژی وەستانەوە، لە کاتێکدا بەپێی دەستوری ئێران، ئەنجومەنی چاودێریی بۆی نییە دەستوەردان لەپرسی ریفراندۆم یان راپرسیی لەوڵاتەکەدا بکات و تەنها ئەرکی چاودێریی پڕۆسەکەیە و لەلایەکی دیکەشەوە موحسین رەزایی، سەرۆکی ئەنجومەنی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی رەخنەی لەشێوازی ماوەی سەرۆک کۆماریی حەسەن رۆحانی گرت بەهۆی وروژاندنی پرسی ریفراندۆم، ئەوەی جێگەی سەرنجە سەرجەم رەخنەگرانی پرسی ریفراندۆم لە ئێران سەر بەمحافزکارانن و بەبیستنی ناوی ریفراندوم کاردانەوەی توندیان هەیە.
هەر لەدرێژەی کاردانەوەی بەداوای رۆحانی بۆ ریفراندۆم، ژمارەیەک حزبی سەر بەمحافزکاران لەچەند راگەیەنراوێکدا داوایان کردووە بەهۆی خراپیی بەڕێوەبردنی ئەرک و کارەکانی لەپۆستی سەرۆک کۆماریدا، حەسەن رۆحانی بە مەبەستی لێپێچینەوە بانگهێشتی پەرلەمان بکرێت و ناچار بکرێت دەست لەکاربکێشێتەوە، چونکە بەوتەی ئەوان رۆحانی هۆکاری سەرەکیی قەیرانە دارییەکان و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بووە لە چوار هەزارو (200) تمەنەوە بۆ (35) هەزار تمەن، راگەیەنراوەکانی ئەو حزبانە لە کاتێکدایە کەتەمەنی کابینەکەی رۆحانی ماوەی پێنج مانگی ماوە.
ریفراندۆم سەری رۆحانی دەخوات!
شارەزایانی سیاسەت و مێژوو لەئێران داواکارییەکەی رۆحانی بۆ ریفراندۆم بەهاوشێوەی ریفراندۆمی موسەددیق بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی خولی (17)یەمی سەردەمی محەمەد رەزا پەهلەوی لەقەڵەم دەدەن و دەڵێن ئەو کارەی موسەددیق لەساڵی (1953) بووە هۆی ئەوەی محەمەد رەزا پەهلەوی کودەتا لەحکومەتەکەی موسەددیق بکات و هەڵیبوەشێنێتەوە، بۆیە دوور نییە ئەم داواکارییەی رۆحانی بۆ ریفراندۆم ئەویش تووشی هەمان چارەنووسی موسەددیق بکات و سەری سەرۆک کۆماری بخوات!.