ساڵێک به‌سه‌ر سه‌رهه‌ڵدانى ڤایرۆسى کۆرۆنادا تێپه‌ڕده‌بێت

4 ساڵ لەمەوپێش



سه‌رکۆ جه‌مال
به‌پێى زۆربه‌ى سه‌رچاوه‌کان، کاتى سه‌رهه‌ڵدانى په‌تاى کۆرۆنا17ى تشرینى دووه‌مه‌ و سه‌رچاوه‌که‌ى شارى ووهانى چینه‌ که‌ دانیشتوانه‌که‌ى زیاتر له‌ 11 ملیۆن که‌سه‌ و به‌و هۆیه‌وه‌ په‌تاکه‌ ته‌واوى جیهانى گرته‌وه‌ سه‌دان هه‌زار که‌س گیانیان له‌ده‌ستدا.

ڕێکخراوى ته‌ندروستیى جیهانیى له‌ ڕۆژى 31ى کانونى یه‌که‌مى 2019 دا ئاگاداریى یه‌که‌مى بڵاوکرده‌وه‌ و دواى ئه‌وه‌ش ده‌سه‌ڵاتدارانى چین لاى خۆیانه‌وه‌ ده‌رکه‌وتنى حاڵه‌تى هه‌وکردنى تووندى سییه‌کانیان ڕاگه‌یاند، یه‌که‌مین جاریش ئه‌و ڤایرۆسه‌ له‌ بازاڕێکى فرۆشتنى به‌کۆى به‌روبوومى ده‌ریایى و ماسیى دا بوو، هه‌رزوو  ڕێوشوێنى جیاکردنه‌وه‌ى توشبووان گیرایه‌به‌ر.

له‌ 11ى کانوونى دوه‌مى 2020 دا ده‌سه‌ڵاتدارانى چین گیانله‌ده‌ستدانى یه‌که‌مین که‌سیان به‌و ڤایرۆسه‌ ڕاگه‌یاند که‌ به‌خێرایى به‌ سه‌رانسه‌رى جیهاندا ته‌شه‌نه‌ى سه‌ند و بووه‌ هۆى په‌کخستنى ئابوریى و راگه‌یاندنى قه‌ده‌غه‌کردنى هاتوچۆ و جێبه‌جێکردنى چه‌ندین رێوشوێنى دیکه‌، تا ئه‌مڕۆش گیانله‌ده‌ستدانى زیاتر له‌ یه‌ک ملیۆن و 800 هه‌زار که‌سى له‌جیهان لێکه‌وتووه‌ته‌وه‌، زیاتر له‌ 82 ملیۆن که‌سیش وه‌ک تووشبوو تۆمارکراون.

له‌و ماوه‌یه‌دا مرۆڤایه‌تى چه‌ندین رێکارى گرته‌به‌ر وه‌ک په‌یڕه‌وکردنى دووره‌په‌رێزى کۆمه‌ڵایه‌تیی، خوێندنى ئۆنڵاین، قه‌ده‌غه‌کردنى هاتوچۆ، داخستنى به‌ کۆمه‌ڵى کارگه‌ و شوێنه‌ گشتییه‌کان، په‌تاکه‌ش به‌شێوه‌یه‌ک کاریگه‌رى کردووه‌ته‌ سه‌ر ژیانى ملیۆنه‌ها که‌س له‌ سه‌رانسه‌رى جیهان که‌ شێوازێکى جیاوازى ژیانى هێناوه‌ته‌ ئاراوه‌.

راگه‌یاندنى ڤایرۆسه‌که‌ش له‌لایه‌ن رێکخراوى ته‌ندروستیى جیهانیه‌وه‌ هاوکات بوو له‌گه‌ڵ (جه‌ژنى به‌هار) له‌ چین، ساڵانه‌ له‌و جه‌ژنه‌دا سه‌دان ملیۆن گه‌شت له‌ رێگه‌ى وشکانیی، ده‌ریا و ئاسمانه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێت، ئه‌مه‌ش وایکرد زیاتر په‌تاکه‌ به‌ جیهاندا بڵاوببێته‌وه‌، گومانیش له‌باره‌ى ئه‌گه‌رى بڵاوکردنه‌وه‌ى به‌ ئه‌نقه‌ست هه‌بێت.

هه‌موو وڵاتان هه‌وڵه‌کانیان بۆ کۆنترۆڵکردنى په‌تاکه‌ خسته‌گه‌ڕ، زۆرێک له‌ وڵاتانى جیهانیش ده‌ستیان به‌ لێکۆڵینه‌وه‌ و گه‌ڕان به‌دواى ڤاکسیندا کرد.

هه‌روه‌ها به‌پێى ئاماره‌کانى رێکخراوى ته‌ندروستیى جیهانى له‌ 12ى تشرینى دووه‌مى ئه‌مساڵه‌وه‌ له‌ سه‌رتاسه‌رى جیهان، 48 ڤاکسینى دژبه‌ کۆرۆنا له‌سه‌ر مرۆڤ تاقیکراونه‌ته‌وه‌ و 164 ڤاکسینى دیکه‌ش هێشتا له‌ قۆناغى تاقیگه‌دان، به‌هۆى کاریگه‌رى په‌تاکه‌وه‌ ساڵى 2020 گه‌شه‌ى ئابوورى به‌ رێژه‌ى  له‌سه‌دا دوو پۆینت سێ له‌ جیهان که‌م بوویه‌وه‌.

له‌کۆتایى به‌هارى 2020 هه‌ندێک وڵات ده‌ستیان به‌ ئاسایى کردنه‌وه‌ى دۆخه‌که‌ کرد، به‌ڵام جارێکى دیکه‌ له‌ زستاندا ڤایرۆسه‌که‌ به‌شێوه‌یه‌کى به‌هێز گه‌ڕایه‌وه‌ و به‌شێک له‌ وڵاتانى ناچار کرد به‌ده‌ر له‌ که‌ره‌نتینه‌ و داخستنى شوێنه‌ گشتییه‌کان رێوشوێنى جیاواز بگرنه‌به‌ر.

له‌عێراقیش رۆژى 24 شوباتى 2020 له‌ نه‌جه‌ف یه‌که‌م حاڵه‌تى کۆرۆنا له‌خوێندکارێکى ئێرانیدا ده‌رکه‌وت، به‌پێى دواین ئاماریش زیاتر له‌ 594 هه‌زار حاڵه‌تى کۆرۆنا له‌عێراق تۆمارکراوه‌، له‌و ژماره‌یه‌ش زیاتر له‌ 12 هه‌زار و 800 که‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

هاوکات له‌هه‌رێمى کوردستانیش تا ئێستا سێ هه‌زارو 383 که‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌و ده‌یان هه‌زار که‌سى دیکه‌ش تووشى ڤایرۆسى کۆرۆنا بوون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار