له‌باره‌ى لامه‌رکه‌زییه‌وه‌ پارتى هێشتا وه‌ڵامى پرۆژه‌که‌ى یه‌کێتى نه‌داوه‌ته‌وه‌

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

سه‌رۆکى فراکسیۆنى یه‌کێتى له‌ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى ده‌ڵێت:»یه‌کێتى پێش ساڵى نوێ پرۆژه‌یه‌کى له‌شێوه‌ى په‌یڕه‌وێکدا داوه‌ته‌ پارتى له‌باره‌ى لامه‌رکه‌زییه‌وه‌، به‌ڵام هێشتا وه‌ڵامنه‌دراونه‌ته‌وه‌«.

دوێنێ یه‌کشه‌ممه‌ 17ى کانونى دووه‌مى 2021، ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیرى دارایى و ئابوورى له‌نووسراوێکى فه‌رمیدا که‌وه‌ڵامی ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى داوه‌ته‌وه‌و تێدا هاتووه‌«سه‌باره‌ت به‌ناردنى زانیارى تایبه‌ت به‌خه‌رجى و داهاتى (پارێزگاى سلێمانى و ئیداره‌ى گه‌رمیان و راپه‌ڕین) بۆ ساڵه‌کانى (2017،2018،2019و 2020) تائێستا زانیارى له‌م شێوه‌یه‌ نه‌دراوه‌ به‌هیچ پارێزگایه‌ک.

هه‌روه‌ها تێیدا هاتووه‌:»بۆ ناردنى ئه‌م زانیارییانه‌ پێویسته‌ ره‌زامه‌ندیى سه‌رۆکى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران وه‌ربگیرێت بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌«.

سه‌رۆکى فراکسیۆنى یه‌کێتى له‌ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى له‌باره‌ى ئه‌و نووسراوه‌وه‌ ده‌ڵێت:» که‌واته‌ هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌کان لاى سه‌رۆکى حکومه‌ته‌«.

رێکه‌وت زه‌کى سه‌رۆکى فراکسیۆنى یه‌کێتى له‌لێدوانێکدا بههاوڵاتى وت:» هه‌موو شتێک و ده‌سه‌ڵاته‌کان لاى سه‌رۆکى حکومه‌ته‌«.

 هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد که‌‌وه‌ڵامى وه‌زیرى دارایى بۆ داواکارى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى سه‌باره‌ت به‌داهاتى پارێزگاکه‌ روون و راشکاوه‌ که‌« تاکه‌ ده‌سه‌ڵات لاى سه‌رۆکى حکومه‌ته‌و لاى وه‌زاره‌تى داراییش نییه‌، که‌بڕیاره‌ خه‌زێنه‌ى وڵات بێت». ناوبراو پێشیوابوو ئه‌مه‌ باشترین وه‌ڵامه‌ بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ى ده‌ڵێن حکومه‌تى هه‌رێم «مه‌رکه‌زى نییه‌«و وه‌زیرو ده‌سته‌و پارێزگاکان ته‌واوى ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه‌.

رێکه‌وت زه‌کى جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ که‌یه‌کێتى پێداگره‌ له‌پرسى لامه‌رکه‌زیدا وتى:» یه‌کێتى پێش هاتنى ساڵى نوێ له‌کۆبوونه‌وه‌ى مه‌کته‌بى سیاسیدا په‌یڕه‌وێکى وه‌کو پرۆژه‌ داوه‌ به‌پارتى، که‌ ئه‌وه‌ بۆچوونى یه‌کێتییه‌، به‌ڵام تائێستا پارتى وه‌ڵامى فه‌رمى نه‌داوه‌ته‌وه‌«.

زه‌کى ئه‌وه‌شى روونکرده‌وه‌ که‌ئه‌م وه‌ڵامه‌ى وه‌زیرى دارایى ھه‌موو داواکارانى لامه‌رکه‌زیى سوورترو پێداگیرتر ده‌کات که‌پێویسته‌ داھاتى پارێزگاکان به‌ناوى پارێزگاکانه‌وه‌ تۆمار بکرێت نه‌ک وه‌زاره‌تى دارایی، له‌گه‌ڵ ته‌واوى ده‌سه‌ڵاته‌ کارگێڕیى و داراییه‌کانی تر که‌داواکراوه‌، وتیشى:»ده‌بێت سێ لایه‌نه‌که‌ى ناو حکومه‌ت جه‌خت له‌شۆڕکردنه‌وه‌و دابه‌شکردنى ده‌سه‌ڵاته‌کان بکه‌نه‌وه‌، که‌ئایا له‌حکومه‌تێکى مه‌رکه‌زیدا ده‌مێننه‌وه‌و به‌م شێوه‌یه‌ ره‌زامه‌ندن یان نا».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار