تورکیا دەیان زیندانى نهێنی بۆ ئەشکەنجەدانى کورد لەعەفرین دروست دەکات

وتەبێژی یەپەگە بۆ ‌هاوڵاتى: تورکیاو گروپە چەکدارەکانى، گەلى کوردیان لەعەفرین گەمارۆ داوەو رۆژانە خەڵکى بێتاوان لەو زیندانانەدا ئەشکەنجە

4 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتى

تورکیاو گروپە چەکدارەکانى هاوپەیمانى چەندین زیندانى گەورەو بچووکیان لەعەفرین دروستکردوەو بەهەزاران هاووڵاتی کوردیان تێدا زیندانیى کردووە کەتەنیا لەسەر کوردبوونیان دەستگیرکراون و تۆمەتى جۆراوجۆریان خراوەتە پاڵ.

مانگى ئازارى ٢٠١٨ سوپای تورکیاو گروپە چەکدارەکانى هاوپەیمانى ئۆپراسیۆنێکیان لەژێر ناوی (چڵە زەیتون) بۆ سەر کانتۆنى عەفرین لە رۆژئاواى کوردستان دەستپێکردو دواى  (٥٨) رۆژ لەبەرگریی دواجار شارەکە کەوتە دەست تورکیاو گروپە چەکدارەکانى بەناو ئۆپۆزسیۆنى سوریا.

لەوکاتەوە تائێستا تورکیاو ئەو گروپانە عەفرینیان لەخەڵکى ئەو کانتۆنە کردووەتە دۆزەخ و رۆژ نیە بەدەیان هاووڵاتى کورد بەتۆمەتى هاوکاریکردنى یەپەگەو هەسەدە نەڕفێنرێن و دەستگیر نەکرێن.

هەر لەوکاتەشەوە تائێستا تورکیا چەندین زیندانى گەورەو بچووکى لەعەفرین و جێندەریس و چەند ناوچەیەکى دیکەى دەوروبەرى عەفرین دروستکردووەو بەهەزاران هاووڵاتی کوردى تێدا ئەشکەنجە دەدرێن کە بەشێکی زۆریان لەژێر ئەشکەنجەدا گیان لەدەستدەدەن.

بەپێی دوایین راپۆرتى روانگەى سوری بۆ مافەکانى مرۆڤ تورکیا (٢٠) زیندانى گەورەو بچووکى لەناو عەفرین و دەوروبەری دروستکردووەو تیایدا بەشێوەیەکى نامرۆڤانە خەڵکى تێدا ئەشکەنجە دەدرێت.

بەپێی راپۆرتەکەى روانگەى سوری زیندانەکان پێکهاتوون لەزیندانى (مواسەڵات، بەڕڕاد، قوتابخانەی کەڕامە، دادگای کۆنی عەفرین، ترندە، ئەزهار عەفرین، ئەشرەفیە، مەحمودییە، شەقامی ڤێلات، قوتابخانەی یەکێتی عەرەبی، باسوتە، خەریبە، ئەمیر غوباری، کفرجنە، گوندی شنگیلە، مەیدانی ئەکپەس، مەحەتتە، قرمتلق، کوران، شییە).

نورى مەحمود وتەبێژی یەپەگە ئەو زانیارییانە بۆ هاوڵاتى پشتڕاست دەکاتەوەو رایدەگەیەنێت دەوڵەتى تورکیاو گروپە چەکدارەکانى گەلى کوردیان لەعەفرین گەمارۆ داوەو رۆژانە خەڵکى بێتاوان لەو زیندانانەدا ئەشکەنجە دەدەن.

وتەبێژی یەپەگە بەوو راگەیاند »تەنیا ئەو (٢٠) زیندانە نییە، بەڵکو ئێستا تەواوى عەفرین بووە بەزیندان بۆ گەلى ئێمە، رۆژانە ژن و منداڵ و گەنج دەڕفێنن و لەزیندانەکان بەهەموو جۆرێک ئەشکەنجە دەدرێن».

بەشێک لەو زیندانانە لەلایەن تورکیا خۆیەوەو بەشەکەى دیکەشیان لەلایەن چەکدارە میلیشیا هاوپەیمانەکانی سەر بوتورکیا بەڕێوەدەبرێت بەتایبەت گروپی» بەرەى شامیە» کەئیدارەى زۆربەى زیندانەکان دەکات.

بەڵام بەپێی بەدواداچوونێکى هاوڵاتى کە لەسەرچاوەکانى یەپەگەوە دەستیکەوتووە زیندانەکانى عەفرین بریتین لە (٢٤) زیندانى کە سێ زیندانى لەژێر کۆنترۆڵى راستەوخۆی تورکیادان و (٢١) زیندانیش لەژێر کۆنترۆڵی گروپە چەکدارەکاندان.

ئەو گروپانە لەسەر چەندین تۆمەتی وەک کارکردنیان لەناو دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆسەرو پەیوەندییان بەسەرکردەو شەڕڤانانی سەر بەهێزەکانی سوریای دیموکرات (ههسهده) سەدانو هەزاران هاووڵاتی کوردی شاری عەفرینو شارۆچکەو گوندو ئاواییەکانی هەرێمەکەیان دەستگیرکردووە.

ئامینە حەسۆ ئەندامى ئەنجومەنى بەڕێوەبەردنى کەمپی عەفرین لەڕۆژئاواى کوردستان باس لەوەدەکات، لەئێستادا زیاتر لەسێ هەزار هاووڵاتی کورد لەزیندانەکانى عەفریندان و بەبێ تاوان دەستگیرکراون.

ئامینە حەسۆ بەهاوڵاتى راگەیاند »تەنیا ساڵى رابردوو نزیکەى سێ هەزار کەس دەستگیرکراون کە (٤٠٠) کەسیان بەبێ تاوان شەهیدکراون لەو زیندانە نهێنیانەى چەتەکان و دەوڵەتى داگیرکەرى تورکیا دروستیکردون».

حەسۆ ئاماژە بەوەش دەکات، تەنیا لە (٢٥) رۆژى رابردوودا چەکدارانى سەر بەتورکیا (٣٠) هاووڵاتى کوردیان دەستگیرکردووەو لەزیندانەکانى ئەو چەکدارانەدان.

 چەندین شێوازی ئەشکەنجەدانو ئازاردانی جەستەییو دەرونییان لەدژ بەکارهێناون، بۆ ئەو مەبەستەش دەیان گرتووخانەی نهێنییان لەناوچە جیاجیاکانی عەفرین دروستکردووە، کەڕوانگەی سوری لەڕێگای سەرچاوەکانی خۆیەوە توانیویەتی (٢٠) گرتووخانەیان ئاشکرا بکات.

گرتووخانەی ترندە لەلایەن خودى دەزگای میتەوە ئیدارە دەکرێت، تێیدا لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو کەسانەدا دەکرێت کە مامەڵەیان لەگەڵ ئیدارەی خۆسەر کردووە یان لەوبارەیەوە گومانیان لێدەکرێت.

بەپێی نوێترین ئاماری روانگەى سورى بۆ مافەکانى مرۆڤ لەئێستادا نزیکەى (١٠) هەزار چەکداری میلیشیا هاوپەیمانەکانی سەر بەتورکیا لەناو عەفریندان و خێزانەکانیشیان لەگەڵیاندا لەسەر موڵک و ماڵى هاووڵاتیانى کورد نیشتەجێکراون، هاوکات نزیکەى سێ هەزارو (٥٠٠) سەربازى تورکیا لەعەفرین بڵاوەیان پێکراوە.

هاوکات لەگەڵ دروستکردنى ئەو زیندانانەش تورکیا دەیەوێت بەتەواوى شارەکە بکات بەزیندان، ئەویش بەدروستکردنى دیوارێکى کۆنکرێتی، ئەویش لەدەروازەى شارى عەفرین دەستیکرد بەهەڵکەندنى زەوی دەورەى شارەکە بۆ دروستکردنى دیوارێکى کۆنکرێتى بەمەبەستى جیاکردنەوەى ئەو شارە لەڕۆژئاواى کوردستان.

دیوارەکە بەدرێژایی سنورى شارى عەفرین دەستپێدەکات و بەدرێژایی زیاتر لە (٧٠) کیلۆمەتر لەگوندی مریەمەین لەباکورەوە دەستپێدەکات بۆ گوندی کیمار لەباشوور بەوپێیەش چیای جلبل لەباشووری رۆژئاوا تاشاری عەفرین لەناوچەکانی باکووری حەلەب داببڕێت، هەروەها لەناوچەی شێخ بەرەکات تاعەفرین و عەزاز درێژ دەبێتەوە.

دروستکردنی دیوارە کۆنکرێتییەکەی تورکیا هەتا ئێستا (564) کیلۆمەتری جێبەجێ کراوەو تەنها (147) کیلۆمەتری دیکەی ماوەو بەتەواوبوونی یەکجاری سنوری تورکیا بەسوریا لەیەکتری جیادەکاتەوە، تائێستاش رژێمى سوریا هیچ هەڵوێستێکى کردەیی نەبووە بەرامبەر ئەو کارەى تورکیا.

عومەر عەبدولکەریم بەرپرسى پەیوەندییەکانى ئیدارەى خۆسەر بەهاوڵاتى راگەیاند «دەوڵەتى تورک بەدەیان زیندانى بۆ گەلی ئێمە لەعەفرین و سەرێکانى و گرێ سپی دروستکردووەو خەڵکانى بێتاوان ئەشکەنجە دەدەن بەتۆمەتى ناڕەواو ناڕاست، ئەمە تاوانی جەنگەو کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى لێی بێدەنگە».

بەرپرسى پەیوەندییەکانى ئیدارەى خۆسەر، ئاماژە بەوەش دەکات، لایەنى روسی و ئەمریکییان لەبوونى ئەو زیندانانەو ئەشکەنجەدان و رفاندنى هاووڵاتیانی کوردیان ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام ئەوان تەنیا بەڵێنى بەدواداچوون دەدەن و هیچ شتێک لەئەرزی واقیع رووینەداوە بۆ راگرتنى ئەو تاوانە مرۆییە.

ساڵى ٢٠١٧ دوای (٥٨) رۆژ بەرگریکردنى دانیشتوانی عەفرین و شەڕڤانان دواجار لەمانگى ئازاری ساڵی ٢٠١٨ سوپای تورکیا و گروپە چەکدارە میلیشیا هاوپەیمانەکانی سەر بەئەنقەرە ئەو شارەیان داگیرکردو بەهۆیەوە زیاتر لە (١٥٠) شەڕڤان و کەسی سڤیل شەهیدبوون و (٣٠٠) کەسیش برینداربوون، هاوکات (٥٠٠) هەزار هاووڵاتى شارەکەش ئاوارەى ناوچەکانى (شەهباو باب و تەلرەفعەت) بوون.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار