پارتى خۆى له‌قه‌ره‌ى لامه‌رکه‌زیى دارایى نادات

یه‌کێتى و گۆڕان ده‌یانه‌وێت بێجگه‌ له‌شۆڕکردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌کان داهاته‌کانیش به‌شێکى بۆ پارێزگاکان بێت

4 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حهسهن

پارتى خۆى لهقهرهى لامهرکهزیى دارایى نادات و بهرانبهر بهپڕۆژهکانى یهکێتى و گۆڕان بۆچوونیان جیاوازه، سهرهڕاى ئهوهى لهکارنامهى حکومهتى ههرێمدا ههیهو ههرسێ لایهن تێیدا بهشدارن.

مهسرور بارزانى، دواى سوێندخواردنى وهک سهرۆکى حکومهتى ههرێم لهناو پهرلهماندا کارنامهى حکومهتى خوێندهوهو جهختى لهپرسى لامهرکهزى کردهوه وهک یهکێک لهو بڕگانهى جێبهجێى دهکهن، نزیکهى دوو ساڵ بهسهر کابینهى نۆیهمدا تێپهڕبووهو تائێستا لامهرکهزى جێبهجێ نهکراوه.

یهکێتى و گۆڕان وهک دوو حزبى سهرهکى بهشدار لهحکومهتى ههرێمدا بهجیا پڕۆژهیان پێشکهشى حکومهت کردووهو چاوهڕێى وهڵام دهکهن، بهڵام ستافى پارتى لهحکومهت تائێستا وهڵامێکى ئهرێنییان نهداوهتهوه.

وتهبێژى سهرکردایهتى پارتى لهپارێزگاى سلێمانى و ههڵهبجه دهڵێت:» کورد تهرکیزى خۆى بکاتهسهر چارهسهرکردنى موچهو بارى دارایى خهڵک و ههوڵهکانى بۆ ئهوه بێت باشتره«.

فارس نهورۆڵى، وتهبێژى سهرکردایهتى پارتى لهسلێمانى و ههڵهبجه، لهلێدوانێکدا بۆ هاوڵاتى ئاماژهى بهوهکرد بابهتى لامهرکهزییهت لهبهرنامهى کارى حکومهتدا بانگهشهى بۆ کراوه کهدهسهڵات بۆ پارێزگاکان شۆڕبکرێتهوهو کارێکى ئاساییه، وتیشى:» ئێمهش لهگهڵیداین ههر شتێک لهبهرژهوهندى هاووڵاتیان بێت داکۆکى لێدهکهین».

ههروهها وتیشى:»وهک پارتى لهم دۆخه سیاسییه ئاڵۆزهى ئێستاى ئابورى و دارایى   کورد تهرکیزى خۆى بکاتهسهر چارهسهرکردنى موچهو بارى دارایى خهڵک و ههوڵهکانى بۆ چارهسهرکردنى ئهوه بێت باشتره بۆ باشترکردنى ژیانى هاووڵاتیان».

ئهندامێکى سهرکردایهتى یهکێتى ئاماژه بهوه دهدات کهیهکێتى و گۆڕان ههماههنگن و بهڕێژهیهکى زۆر پڕۆژهکانیان نزیکن لهیهک و لاى یهکێتى «داواى لامهرکهزیى دارایى و کارگێڕى فشار نیه، ستراتیجیه«.

بێستون سابوراوى، ئهندامى سهرکردایهتى یهکێتى، لهلێدوانێکدا به‌ هاوڵاتى وت»یهکێتى وهک بنهمایهکى سهرهکى بڕواى بهلامهرکهزى ههیهو بهحکومى ئهوهى لهئهجنداى کابینهى نوێ ههیهو بوونى ههیه، بهڵام بهبێ ئهوهى کارى بۆ کرابێت و نوێ کرابێتهوه«.

ناوبراو باسى لهوهشکرد لامهرکهزیى لهم کاتهدا برتییه لهلامهرکهزى بۆ ههموو پارێزگاکان و قایمقامیهت، کارگێڕى و دارایى، واته «لامهرکهزیى کارگێڕى بهبێ لامهرکهزى دارایى تهواو نابێت، کهموکووڕ دهردهچێت».

ئهو ئهندامهى سهرکردایهتى یهکێتى پێشیوابوو شۆڕکردنهوهى دهسهڵاتهکان لهئهنجومهنى وهزیران و ههموو وهزارهتهکان و ههموو دامودهزگاکان بهرهو خوارو لهخوار ئهوانیشهوه بۆ قایمقامیهت و دامودهزگاکانى دیکه، لهچوارچێوهى پاریزگادا بوونیان ههیه، بهڵام بهپێویستى دادهنێت رێکبخرێتهوه، وتیشى:»پرۆژهیهک ههر یهکێک بیهوێت بیکات لهههریهک لهپارێزگاکان ئیمزاى کۆتایى  لهسهرناکرێت، دهبێت بچێته ئهنجومهنى وهزیران و وهزارهتى تایبهتکار بهو وهزارهته ئیمزاى بکات، کهچهندین مانگ و چهندین ساڵی پێدهچێت، واى لێدێت پڕۆسهى گهشهکردنى ئابورى و کاروباره ئابورییهکان دوادهکهوێت، بۆیه دهکرێت ئهمه لهناوچهکان خۆیان جێبهجێبکرێت و کارئاسانى بێت بۆ هاووڵاتیان».

بێستون سابوراوایى جهختى لهوهشکردهوه که لامهرکهزیى داراییش بریتیه لهشێوازى کۆکردنهوهى داهاته گشتییهکان و شێوازى خهرجکردنهوهى داهاته گشتییهکان بهشێوهیهک پارێزگاکان یان بهپێى رێککهوتنێک لهگهڵ مهرکهز کهههولێره رێژهیهک دیاریدهکرێت بۆ مهرکهزو ههموو داهاتهکانى دیکه کۆدهکرێتهوەو رێکدهخرێت و «نابێت بشاردرێتهوه و رێژهى دهسهڵاتهکانى خهرجکردن دیاریدهکات».

بێستون سابوراوى، ئهوهشى دووپاتکردهوه«یهکێتى و گۆڕان ههماههنگن و بهڕێژهیهکى زۆر پڕۆژهکان نزیکن لهیهک و لاى یهکێتى لامەرکەزی فشار نییه، ستراتیجیه، واته ئهگهر حزبى یهکێتى لهحکومهتداو لهههولێر حزبى یهکهمیش بێت پشتیوانى لهلامهرکهزیى دهکات، چونکه مهسهلهى لامهرکهزیى ئهوه نیه حزبێک سودى لێوهربگرێت».

رێکخهرى ژوورى حکومهت و پهرلهمان لهبزوتنهوهى گۆڕان ئهوه دهخاتهڕوو، مادام پرۆژهکان بۆ لامهرکهزییه، پێویسته وهڵامى ئیجابى لهلایهن ههرسێ لایهنى بهشدار لهکابینهى نۆیهم ههبێت.

کاوه عهبدوڵڵا، رێکخهرى ژوورى حکومهت و پهرلهمان لهبزوتنهوهى گۆڕان، لهلێدوانێکدا بههاوڵاتى وت «لهههرێمى کوردستان دیدى جیاواز ههیه بۆ پڕۆژهى لامهرکهزى، پڕۆژهو بهرنامهى ههریهکهمان بهتایبهت یهکێتى و پارتى جیاوازه بۆ پڕۆژهى لامهرکهزى، لهگهڵ یهکێتى تۆزێک نزیکین لهوهى بڕیارى جددیمان ههیه بۆ لامهرکهزى ئهگینا لهپڕۆژهدا زۆر جیاوازین».

هه‌روه‌ها پێشیوابوو بزوتنه‌وه‌که‌ى یه‌کێک له‌بناغه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌کانى  به‌شدارییان له‌کابینه‌ى نۆیه‌مى حکومه‌تى هه‌رێم جێبه‌جێکردنى لامه‌رکه‌زیی بووه‌.، وتیشى:»مادام پرۆژه‌کانمان بۆ لامه‌رکه‌زییه‌، پێویسته‌ وه‌ڵامى ئیجابى له‌لایه‌ن هه‌رسێ لایه‌نمانه‌وه‌ (یه‌کێتى، پارتى، گۆڕان) هه‌بێت، تا تێگه‌یشتن و هاوکاریى یه‌کتر بکه‌ین و بڕوام وایه‌ واده‌بێت»

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار