کورد له‌ڕۆژئاڤا له‌نێوان چوار به‌رداشدا
تورکیا له‌ڕۆژئاڤاى کوردستان هه‌زاران سه‌ربازى جێگیرکردووه بۆ کۆنتڕۆڵکردنى رێگاى ئێم فۆرى نێوده‌وڵه‌تى
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
به‌رپرسێکى رۆژئاڤاى کوردستان بۆ هاوڵاتى ئاشکراکرد، تورکیا لهسوریاو عێراق بۆ به‌رته‌سککردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى کورد چه‌ند رێککه‌وتنێکى نهێنى ئه‌نجامداوه، له‌سوریاش بۆ گه‌مارۆدانى ناوچه کوردییه‌کان له‌گه‌ڵ سوریا‌و حکومه‌تى روسیا رێککه‌وتووه‌و ده‌یه‌وێت چیایه‌کى ستراتیژى له‌ئیدلب بۆ ئه‌و مه‌به‌سته کۆنترۆڵ بکات.
به‌پێى هه‌واڵى میدیاکانى جیهان و رۆژئاڤاى کوردستان له‌م رۆژانه‌دا جموجۆڵى سه‌ربازیى تورکیا و کاروانى ئۆتۆمبێله سه‌ربازییه‌کانى ئه‌و وڵاته لهدهروازهى (کهفهرلۆسین) که‌ده‌که‌وێته باکوورى رۆژهه‌ڵاتى ده‌روازه‌ى (باب ئه‌لهه‌وا) که له‌پارێزگاى ئیدلبه، بووه‌ته شتێکى ئاسایى و ئه‌و هێزانه رووده‌که‌نه نزیک چیاى زاویه، به‌تایبه‌ت دواى ئه‌وه‌ى له‌ساڵى 2019 ه‌وه حکومه‌تى سوریا هێزه‌کانى له‌نزیک ئه‌و چیایه کشانده‌وه.
به‌وته‌ى روانگه‌ى سوریا بۆ مافه‌کانى مرۆڤ و راپۆرتى میدیاکانى رۆژئاڤاى کوردستان، تورکیا چاوى له‌سه‌ر چیاى «زاویه«یه له‌باشوورى ئیدلب، ده‌یه‌وێت ئه‌و چیایه بکاته بنکه‌یه‌کى سه‌ربازیى گه‌وره، ئه‌ویش دواى کشانه‌وه‌ى هێزه‌کانى حکومه‌تى سوریا له‌و ناوچه‌یه له‌ساڵى 2019، لهدهوروبهرى ئه‌و چیایه تورکیا شه‌ش هه‌زار سه‌ربازى جێگیر کردووه.
هه‌رچه‌نده تائێستا سوپاى تورکیا له‌وباره‌یه‌وه هیچ لێدوانێکى نه‌داوه، به‌ڵام به‌پێى راپۆرتێکى ماڵپه‌ڕى حوڕڕهى ئه‌مریکی، ژماره‌ى ئه‌و سه‌ربازانه‌ى تورکیا که به‌ره‌و ئه‌و ناوچه‌یه‌ى بردوون زیاتر له‌شه‌ش هه‌زار سه‌ربازه.
گرنگى ئه‌و چیایه له‌وه‌دایه، هه‌ر هێزێک باشوورى چیاکه کۆنترۆڵ بکات ئه‌وا به‌ئاسانى ده‌توانێت رێگاى ئێم فۆڕى نێوده‌وڵه‌تى کۆنترۆڵ بکات، هه‌م باکورى حه‌له‌ب و ناوچه‌ى شه‌هبا که به‌ده‌ست هێزه کوردیه‌کانه‌وه‌یه کۆنترۆڵ بکات، به‌هه‌مانشێوه بۆ هێزه‌کانى دیکه‌ش ئه‌و رێگایه گرنگه.
هاوکات، هێزه‌کانى حکومه‌تى سوریا به‌رده‌وام ده‌وروبه‌رى ئه‌و چیایه بۆردومان ده‌که‌ن، ئامانجیان ئه‌وه‌یه رێگاى باشوورى چیاکه که‌ده‌گاته‌وه به رێگه‌ى ئێم فۆڕ کۆنترۆڵ بکه‌ن، له‌و رێگه‌یه‌شه‌وه به‌ته‌واوى گه‌مارۆى ئیدلب بده‌ن.
چیاى زاویه بۆ حکومه‌تى سوریا‌و روسیا‌و هاوپه‌یمانه‌کانیان زۆر گرنگه، چونکه ئه‌وان ده‌یانه‌وێت ده‌وروبه‌رى رێگه‌ى ئێم فۆڕ کۆنترۆڵ بکه‌ن، به‌وه‌ش ده‌یانه‌وێت ئه‌و هێزانه‌ى نزیکن له‌تورکیا له‌ئیدلب ده‌ربکه‌ن.
غه‌ریب حه‌سۆ: پلانێکى مه‌ترسیدار هه‌یه
غه‌ریب حه‌سۆ، هاوسه‌رۆکى ته‌ڤگه‌رى کۆمه‌ڵگه‌ى دیموکرات (ته‌ڤده‌م) به هاوڵاتى وت»چیاى زاویه ده‌که‌وێته نزیک ئیدلب، ئێستا هه‌موو جموجوڵێکى تورکیا له‌سوریا به‌هاوبه‌شى و به‌پێى رێککه‌وتنێک له‌نێوان حکومه‌تى ئه‌نقه‌ره‌و دیمه‌شق پێکدێت، واته ئێستا داگیرکارى تورکیا له‌ناو سوریا به‌پێى رێککه‌وتنێکه له‌گه‌ڵ روسیا‌و حکومه‌تى سوریا».
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد پێش چه‌ند مانگێک تورکیا له‌چه‌ند خاڵێکى سه‌ربازیى له‌نزیک (حه‌ما و حه‌له‌ب) کشانده‌وه، به‌رده‌وام تورکیا به‌دواى خاڵه ستراتیژیه‌کاندا ده‌گه‌ڕێت، «گرنگترین خاڵى ستراتیژیش لهدهوروبهرى ئیدلب زنجیره چیاى زاویه‌یه، ئه‌و چیایه ده‌ڕوانێته سه‌ر ده‌شتى حه‌ما، له‌سه‌ر چیاى لازقیه و ئیدلبیش ده‌کات، ئه‌و خاڵه‌ش که لهحهما چۆڵیان کردبوو ده‌شت بوو که‌هیچ سودى بۆ تورکیا نه‌بوو».
وه‌ک غه‌ریب حه‌سۆ ده‌ڵێت ئه‌مجاره تورکیا ده‌یه‌وێت به‌داگیرکردنى ته‌واوه‌تى چیاى زاویه بنکه‌یه‌کى سه‌ربازى هه‌میشه‌یى دابمه‌زرێنێت و سیاسه‌تى خۆى به‌سه‌ر گه‌لانى سوریادا بسه‌پێنێت، جگه له‌وه‌ش تائێستا له‌نێوان تورکیا‌و حکومه‌تى سوریا به‌نهێنى گفتوگۆ هه‌یه له‌ڕووى سه‌ربازییه‌وه به‌سه‌رپه‌رشتى روسیا، وتیشى:»گفتوگۆکانیش تایبه‌تن له‌سه‌ر ناوچه کوردییه‌کان، بۆیه تورکیاش چیاى زاویه‌ى به‌ئامانج گرتووه، به‌وه‌ش ده‌یه‌وێت هێرش بۆ سه‌ر عه‌ین عیسا زیاتر بکات و ئێستاش له‌هه‌مانکاتدا ده‌یه‌وێت چیاى شه‌نگال له‌باشوورى کوردستان کۆنترۆڵ بکات تاتهواوى موسڵ بخاته ژێر ده‌سه‌ڵاتى خۆیه‌وه«.
«تورکیا بۆ جێبه‌جێکردنى ئه‌و پلانانه‌ى به‌دواى هاوبه‌شدا ده‌گه‌ڕێت، له‌سوریا حکومه‌تى سوریا‌و روسیاى کردووه‌ته هاوبه‌شى خۆی، له‌باشوورى کوردستانیش ده‌یه‌وێت حکومه‌تى هه‌رێم و به‌تایبه‌تیش پارتى دیموکراتى کوردستان بکاته هاوبه‌شى خۆی، ئه‌وه‌ش بهزیهنیهتى میساقى میلیى به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ئامانجى تورکیاش له‌و جموجوڵانه ستراتیژییه«، حه‌سۆ واده‌ڵێت.
ناوبراو جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه که به‌پێى رێککه‌وتنێکیش حکومه‌تى سوریا ده‌ستى به‌سه‌ر عه‌مباره‌کانى هه‌رێمى شه‌هبادا گرتووه، له‌نێوان هه‌ریه‌ک لهسوریاو تورکیا‌و روسیا رێککه‌وتنێکى زۆر خراپ ئه‌نجامدراوه، بۆیه به‌پێویستى داده‌نێت لایه‌نه‌کان هه‌موو یه‌کبگرن بۆ شکستپێهێنانى ئه‌و پیلانانه.
مه‌لیک حافز رۆژنامه‌نووس و چاودێرى سیاسى له‌سوریا به‌ماڵپه‌ڕى حورڕهى وتووه «له‌ڕووى ئابوورییه‌وه کۆنترۆڵکردنى رێگه‌ى حه‌ڵه‌ب- لازقییه‌ى نێوده‌وڵه‌تى ده‌بێته هۆى ئه‌وه‌ى رێگه‌ى بازرگانى و هاتووچۆ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتى ئه‌و هێزه‌دا بێت که باڵاده‌سته، بۆیه روسیاش ده‌یه‌وێت بۆ سنوردارکردنى چالاکى هێزه‌کانى نزیک له‌تورکیا ناوچه‌ى نه‌بیل ئه‌لسه‌لام کۆنترۆڵ بکات و له‌و رێگه‌یه‌وه ئامانجه‌کانى ئه‌و گروپانه‌ى نزیک له‌تورکیا ئاسته‌نگ بکات».
وه‌ک ئه‌و چالاکوانه ده‌ڵێت «تورکیا ده‌یه‌وێت هێزه‌کانى له‌نزیک ئه‌و چیایه جێگیر بکات و هێزیش له‌و خاڵه چاودێرییانه بهێڵێته‌وه که‌نزیکن لهسوپاى سوریا، بۆیه ته‌نها هێزى له‌خاڵه‌کانى چاودێرى هێشتووه‌ته‌وه‌و ده‌یه‌وێت به‌وه‌ش روسیا رازى بکات که‌هه‌ندێک ناوچه‌ى عه‌ین عیسا کۆنترۆڵ بکات، بۆیه ئه‌گه‌ر ناچار بێت گروپه‌کانى حوراسه دین و پارتى تورکستان و ته‌حریر ئه‌لشام په‌رته‌وازه ده‌کات».
له‌کۆتایى مانگى یه‌کى 2018 هێزه‌کانى سوپاى سوریاى ئازاد به‌هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ سوپاى تورکیا ئۆپراسیۆنێکى سه‌ربازییان ئه‌نجامدا بۆ کۆنترۆڵکردنى کانتۆنى عه‌فرین له رۆژئاڤاى کوردستان، هه‌رچه‌نده هێرشهکە کاردانه‌وه‌ى به‌دواى خۆیدا هێنا، به‌ڵام وڵاتانى زلهێز له‌به‌رامبه‌ر هێرشى تورکیا بۆ سه‌ر عه‌فرین بێده‌نگ بوون و پاش مانگێک له‌به‌رگرى هێزه کوردییه‌کان سوپاى تورکیا‌و هێزه‌کانى ئۆپۆزسیۆنى سوریا که به‌نزیک له‌تورکیا داده‌نرێن توانییان عه‌فرین کۆنترۆڵ بکه‌ن.
پاش داگیرکردنى عه‌فرین له 9ى مانگى 10ى 2019 تورکیا به‌هاوبه‌شى گروپه چه‌کداره‌کانى ئۆپۆزسیۆنى سوریا که‌نزیکن لێی، هێرشى بۆ سه‌ر چه‌ند ناوچه‌یه‌کى دیکه‌ى رۆژئاڤاى کوردستان به‌تایبه‌ت عه‌ین عیسا‌و سه‌رێکانى ده‌ستپێکرد، هه‌ر ئه‌وکاتیش ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆک کۆمارى تورکیا رایگه‌یاند «دواى سه‌رێکانى و عه‌ین عیسا ده‌چنه حه‌سه‌که و کۆبانێ«.
به‌پێى راپۆرته رۆژنامه‌وانییه‌کان، تورکیا ده‌یه‌وێت ده‌روازه‌ى فیشخابوور- سێمێلکا کۆنترۆڵ بکات، کۆنترۆڵکردنى ئه‌و ده‌روازه‌یه‌ش به‌ئامانجى سه‌ره‌کى ئۆپه‌راسیۆنى تورکیا داده‌نرێت به‌وه‌ش ده‌یه‌وێت باشوور‌و رۆژئاڤاى کوردستان له‌یه‌کترى داببڕێت.