تورکیا ئارامی لێبڕاوەو دەیەوێت هەرچی زووە  یه‌به‌شه‌ لەشەنگال دەربکات

ئەنقەرە چوار پێشنیاری داوەتە حکومەتی عێراقی تا ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی یه‌به‌شه‌ ئەنجام بدەن

4 ساڵ لەمەوپێش



کاکەلاو عەبدوڵڵا

تورکیا دەیەوێت بەهەر نرخێک بێت یه‌به‌شه‌ لەشەنگال دەربکات، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین پێشنیاری خستووەتە بەردەم حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەمجارە ئاستەنگەکانی بەردەم ئەنقەرە زیاترن بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن وەک لە ئۆپەراسیۆنەکانی پێشووتر.

بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی رۆژانەی تورکیا کە سەر بەحکومەتی وڵاتەکەیە خلوسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا، چوار پێشنیاری خستووەتە بەردەم حکومەتی عێراقی تائۆپەراسیۆن ئەنجامبدرێت لەدژی یه‌به‌شه‌ لەشەنگال، ئەمەش بەمەبەستی نەهێشتنی هەژموونی گروپەکە لەناوچەکە و پچڕانی پەیوەندی لەنێوان یه‌به‌شه‌ و پارتەکانی رۆژئاوای کوردستان.

لەراپۆرتەکەدا هاتووە کە ئەنقەرە دەیەوێت بەچوار سیناریۆی جیاواز ئۆپەراسیۆن ئەنجامبدات و یەکێکیان بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە کەبریتین لەئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی نێوان تورکیاو عێراق، ئۆپەراسیۆنی سوپای عێراق بەهاوکاری هێزی ئاسمانی تورکیا، ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی نێوان حکومەتی عێراقی و هەرێمی کوردستان، یان وەک ئۆپەراسیۆنەکانی پێشووتر تورکیا بەتەنها هێرش ئەنجامبدات.

نیازی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لەنێو بەرپرسانی تورکیا شاراوە نییەو سەردانی وەفدەکەی ئەنقەرە بەسەرکردایەتی خلوسی ئاکار لەمانگی رابردوودا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان هەر بۆ ئەو مەبەستە بوو.

لە ١٨ی مانگی رابردوو وەفدەکەی تورکیا گەیشتنە بەغدادو لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراقی کۆبوونەوەو دواتریش سەردانی هەولێریان کرد کەتێیدا چاویان بە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم و نیچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کەوت.

خلوسی ئاکار لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەکونسوڵخانەی تورکیا لەهەولێر رایگەیاند هێزەکانی یه‌به‌شه‌ «بەمزووانە لەناوچەکە دەردەکرێن لەڕێی ئەو رێکارانەی دەگیرێنە بەر لەداهاتوویەکی نزیکدا».

ئاکار وتیشی، «گفتوگۆ هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وەفدەکە (تورکیا-عێراق) بەردەوام دەبێت، بڕوام وایە ئەم هەنگاوانە بەمزووانە دەرئەنجامی ئەرێنی لەسەر ئەرزی واقیع دەخەنەڕوو»، جەختیشی لەوە کردەوە کەئامادەیی حکومەتی هەرێمی بۆ هاوکاریکردنی تورکیا لەشەڕی دژی پەکەکە زۆر جێی «رێزە» لای ئەنقەرە.

دوای سەردانەکەی وەزیری بەرگریی تورکیا بۆ عێراق، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیاش نیازی خۆی نەشاردەوە لەپەلاماری شەنگاڵ و رایگەیاند «تورکیا هەمیشە ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەگەڵ عێراق دژی پەکەکە، رەنگە لەپڕێکدا لە شەوێکدا بگەینە ئەوێ».

لەساڵی ٢٠١٤ پەکەکە توانی پێگەی خۆی بەهێز بکات لەشەنگال دوای چوونە ناوەوەی هێزەکانی بۆ پارێزگاریکردن لەیەزیدییەکانی ناوچەکە و شەڕکردنی دژی داعش، تائیستاش یەکینەکانی پاراستنی شەنگال (یەبەشە)ەوە هەژموونی خۆی هەیە بەسەر قەزاکەوە.

لەمانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ حکومەتی عێراقی و هەرێمی کوردستان بەسەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان رێککەوتنێکیان ئەنجامدا بۆ دەرکردنی هەموو هێزەکانی شەنگال و دامەزراندنی هێزێکی حکومی بۆ پاراستنی ناوچەکە، بەڵام تا ئیستا ئەو رێکەوتنە شکستی هێناوە، ئەمەش لەئاستی چاوەڕوانییەکانی تورکیادا نییە.

لەکۆبوونەوەی وەفدەکەی تورکیاو حکومەتی عێرقدا، بەرپرسانی تورکیا داوای دامەزراندنی بنکەی کاتیی سەربازییان کردووە لەموسڵ و هەرێمی کوردستان و زیادکردنی بنکەکانیان کە ئێستا (١٠) بنکەیان هەیە لەوڵاتەکەدا.

بەپێی وتەی یەریڤان سەعید، شیکەرەوە لە ناوەندی تووێژینەوەی میدل ئیسترن ئەفێرس، رەنگە ئەمە ئامادەکاری بێت بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازیی گەورەی تورکیا لەبەهاری ئەمساڵدا.

«لەئێستادا کەشوهەواو تۆپۆگرافی ناوچەکە زۆر نالەبارە تاکردەی سەربازیی تێیدا سەرکەوتوو بێت»، یەریڤان سەعید ئەمەی بەپێگەی عەرەب نیوز وت.

لەئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن بۆ سەر شەنگال، تورکیا رووبەڕووی چەندین ئاستەنگ دەبێتەوە کە لەئۆپەراسیۆنەکانی پێشووتردا رووبەڕووی نەبووەتەوە.

یەکێک لەبەربەستەکان ئەوەیە کە تورکیا یەبەشە بە تیرۆریست و سەر بە پەکەکە لە قەڵەمدەدات، لەکاتێکدا حکومەتی عێراقی دەیەوێت بیکاتە بەشێک لەحەشدی شەعبی.

فەهیم تەستەکین، ستوننووسی پێگەی ئەلمۆنیتەری ئەمریکی، لەوتاریکدا باس لەو ئاستەنەگە دەکات و دەڵێت: تێکەڵکردنی یەبەشە بۆ نێو حەشدی شەعبی بۆ ئەوەیە تا پێکدادان لەنێو ئەو هێزانەی لە شەنگالدان دووربخرێتەوە.

تەستەکین باس لەوەش دەکات ئەو ناوچەیەی تورکیا دەیەوێت ئۆپەراسیۆنی تێیدا ئەنجامبدات حەشدی شەعبی سەر بەئێرانی تێیدا جێگیرە، ئەمەش بەربەستێکی ترە بۆ داواکەی تورکیا بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەکەکە.

بیڵگای دومان، رێکخەری تووێژینەوەکانی عێراق لە ناوەندی تووێژینەوەی تورکی ئۆرسام، پێی وانییە ئۆپەراسیۆنێکی سێ لایەنی بەمزووانە رووبدات بەهۆی ئەو ناکۆکییەی لایەنەکان هەیانە سەبارەت بەدانەپاڵی وشەی «تیرۆر» بەگروپەکانی شەنگالەوە.

«ئەوان هێشتا ناکۆکن لەسەر ئەوەی چۆن چاو لەگروپەکانی سەر بە پەکەکە بکەن لەعێراق. لەلایەکی تررەوە ئەرزی واقیع جیاوازترە»، دومان وای وت.

بەپێی وتەی دومان کە بۆ عەرەب نیوز دواوە، بەغدادو هەولێر جیاکاری دەکەن لەنیوان هەڕەشەکانداو ئەو گروپانە بە ئامانج ناگرن کە بەربەستی ئەمنییان بۆ دروستناکەن.

«یەبەشە بەشێوەیەکی بەرچاو تێکەڵی حەشدی شەعبی ئێرانی بووە کەبودجە و چەکیشی بۆ تەرخان دەکات»، دومان وای وت.

لەلایەکی ترەوە، چەندین پارت و کوتلەی پەرلەمانی عێراق دژی ئۆپەراسیۆنی زیاتری تورکیان بۆ سەر ناوچەکانی عێراق.

«لەکاتێکدا تورکیا یارمەتی عێراق دەدات بۆ رووبەڕوبوونەوەی هەژمونی ئێران، بەڵام کازمی نایەوێت پاڵپشتی هێزە گەورەکانی عێراق لەدەست بدات لەسەروبەندی هەڵبژاردنی گشتی لەوڵاتەکەدا کەبڕیارە لە تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت»، تەستەکین وای نوسیووە.

لەچەندین ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیادا لەماوەی رابردوودا عێراق و هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی رۆتینی ئیدانەیان کردووە، بەڵام هیچ کارێکی کردەییان نەکردووە بۆ وەستاندنیان.

لەمانگی حوزەیرنی ٢٠٢٠، حکومەتی عێراقی ئیدانەی هەردوو ئۆپەراسیۆنی چنگی پڵنگ و هەڵۆی تورکیای کرد کەئامانج گرتنی پەکەکە بوو لەقەندیل و سنجارو مەخموور، بەهۆی ئەوەی گوندەکانی ناوچەکان دەکرانە ئامانج و تێیدا دوو ئەفسەری سەر بەسوپای عێراق کوژران.

شارەزایان باس لەوەش دەکەن هەردوو حکومەتی عیراقی و هەرێمی کوردستان چاوەڕێی ئاماژەکانی ئیدارەی نوێی ئەمریکان بەسەرکردایەتی جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، پێش قبوڵکردنی هەر داوایەکی تورکیا.

«بەغدادو هەولێر رەنگە بیانەوێت ئاستی ئەو گۆڕانکارییانە ببینن کە ئیدارەی بایدن ئەنجامی دەدات پێش ئەوەی مل بدەن بۆ هەر داواکارییەکی تورکیا»، تەستەکین وای نوسیووە.

تەنانەت ئەگەری بەشداریکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەهەر ئۆپەراسیۆنێکی تورکیادا دژی پەکەکە ئەگەری روودانی کەمە بەهۆی فشاری ناوخۆیی و دروستبوونەوەی شەڕی براکوژی.

پێکدادانە سەختەکەی نێوان هێزەکانی پەکەکەو پارتی دیموکراتی کوردستان لەناوچەی گارە لە ١٣ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٠ بووە هۆی ئیدانەکردنی شەڕەکە لەلایەن خەڵکی هەرێمی کوردستانەوەو ترسی شەڕی براکوژی سەریهەڵدایەوە.

هەرچەندە بەشداری کردنی پارتی ئەگەرێکی کزە، بەڵام چەندین جار پەکەکە پارتی دیموکراتی کوردستانی بەوە تۆمەتبار کردووە کەهاوکاری تورکیا دەکات بەپێدانی زانیاری و وردەکاری هەواڵگری لەسەر هێزەکانیان.

«پێدانی زانیاری هەواڵگری رەنگە یەکێک بێت لەو هاوکاری و هەماهەنگییەی» خلوسی ئاکار باسی کرد لەلایەن حکومەتی عێراقی و هەرێمی کوردستانەوە، یەریڤان سەعید وای وت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار