پرسی کورد لەماوەی سەرۆکایەتیی بایدندا سەرهەڵدەداتەوە

دامەزراوەیەکی ئەمریکی داوا لەجۆو بایدن دەکات پرۆسەی ئاشتی لەتورکیا کارا بکاتەوەو دەستدرێژییەکانی ئەنقەرە بۆ سەر کوردانی سوریا بوەستێنێت

4 ساڵ لەمەوپێش



کاکەلاو عەبدوڵا

 

گرژییەکانی تورکیاو ئەمریکا تادێت قوڵتردەبێتەوە، ئەمەش دوای دەستبەکاربوونی جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، بەجۆرێک کەئەنقەرە تا رادەیەک هیوای نەماوەو دەزانێت ئیدارەی بایدن وەک ئیدارەی پێشوو چاوپۆشی لێناکات، بەتایبەتی لەسەر کڕینی سیستەمی بەرگری (ئێس-٤٠٠) و پرسی کورد لەناوخۆی وڵاتەکە و لەسوریا.

لەچەند رۆژی رابردوودا تورکیا ئەمریکای بەوە تۆمەتبار کرد کە لەپشت هەڵگیرسانی کودەتا شکستخواردووەکەی ساڵی ٢٠١٦ بووە لەوڵاتەکەدا، تۆمەتێک کەواشنتن بەتەواوی رەتیکردەوە.

سولەیمان سۆیلۆ، وەزیری ناوخۆی تورکیا، لەلێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی حوریەتی تورکی رایگەیاند، «زۆر روونە کە ئەمریکا لە پشت کودەتاکەی ١٥ی تەمموز بووە، ئەوە ‹فەتۆ› بوو کە ئەنجامیاندا بەفەرمانی ئەوان»، کە مەبەست لەفەتۆ ‹رێکخراوی تیرۆریستی فەتحوڵڵا گولەن»ە کە بەرپرسانی وڵات بەو ناوە دەیناسێنن.

لەوەڵامی ئەم تۆمەتەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەیاننامەیەکی دەرکردو رایگەیاند: ئەمریکا هیچ بەشدارییەکی نەکردووە لەکودەتاکەی ٢٠١٦ لە تورکیاو بەتوندی ئیدانەی کرد، تۆمەتەکانی ئەم دواییانە لەلایەن بەرپرسانی باڵای تورکیاوە بەتەواوی ناڕاستن».

پەیوەندی نیوان هەردوو وڵات زیاتر بەرەو خراپی دەڕوات و ئەمریکا هەڕەشەی سزای زیاتر دەکات، دوای سەپاندنی سزا لەکۆتایی ساڵی رابردوودا بەهۆی کڕینی سیستەمی (ئێس-٤٠٠)ی رووسی لەلایەن ئەنقەرەوە.

لەیەکەمین لێدوانیدا لەمانگی رابردوو، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رایگەیاند: پێموایە دەبێت لەو کاریگەرییە بڕوانین کەسزاکانی ئیستا دروستیان کردووەو بڕیار لەسەر ئەوە بدەین کەئاخۆ سزای زیاتر پیویستە کە بسەپێنرێت».

لە ١٤ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٠، ئەمریکا سزای سەپاند بەسەر پیشەسازی ژێرخانی بەرگری تورکیاو سەرۆکی ئاژانسەکە کە ئیسماعیل دەمیرە بەهۆی کڕینی سیستەمی بەرگری (ئێس-٤٠٠)ی رووسی لەساڵی ٢٠١٩.

پیشەسازی ژێرخانی بەرگری تورکیا ئەو دامەزراوە حکومیەیە کە بەرپرسیارە لەدابینکردن و هەناردەکردنی کەلوپەلی سەربازیی و گەشەپیدانی پیشەسازی بەرگریی ناوخۆ.

لەتەمموزی ٢٠١٩ تورکیا یەکەمین پارچەکانی سیستەمەکەی پێگەشت، کە واشنتن پێیوایە سیستەمەکە دەکرێت بەکاربهێنرێت بۆ کۆکردنەوەی زانیارییە نهێنییەکانی فڕۆکەی (ئێف-٣٥)ی ئەمریکی.

بەپێی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ رووسیا ئەنجامی داوە، تورکیا دوو ملیارو (٥٠٠) ملیۆن دۆلاری داوە بەمۆسکۆ لەبەرامبەر کڕینی سیستەمەکەدا،  کەپێیوایە پێویستییەکەی هەنوکەییە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ململانێ سەربازییانەی لەدەوروبەری وڵاتەکەیدا هەن و رایگەیاندووە هاوپەیمانەکانی، بەئەمریکاشەوە، لەناتۆ نەیانتوانییوە جێگرەوەیەکی بۆ دابین بکەن – وەک سیستمەی بەرگریی پاتریۆتی ئەمریکی - کە لایان قبوڵکراو بێت.

یەکێکی تر لەبابەتە هەستیارەکانی نێوان هەردوو وڵات پرسی کوردە کەجۆو بایدن دژی سیاسەتەکانی ئەردۆغانە لەمەڕ سەرکوتکردنی کورد لەتورکیا و باکوری رۆژئاوای سوریا.

جۆو بایدن بەوە جیادەکرێتەوە کەهاوڕێی کوردەکانە، تەنانەت باس لەوە دەکرێت سەرسەختترین پشتگیریکەری کوردە.

لەسەروبەندی پڕچەککردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات بەسەرکردایەتی یەکینەکانی پاراستنی گەڵ (یەپەگە) لەلایەن ئەمریکاوە دژی داعش، بایدن کەئەوکات جێگیری باراک ئۆبامای سەرۆک بوو، رەتیکردەوە لەچەندین دانیشتندا لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا یەکیبنەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بەتیرۆریست ناوببات.

بایدن یەکێک بوو لەوانەی لەساڵی ٢٠١٥ پشتگیری بۆ پڕچەککردنی کوردەکانی سوریا دەربڕی دژی دەوڵەتی ئیسلامی کەئەمە مەترسییەکی جددی بوو بۆ تورکیا، بەو هۆیەشەوە ئەنقەرە نیگەرانی خۆی لەو بارەیەوە دەربڕی و پەیوەندییەکانی واشنتۆن و ئەنقەرە گرژیی تێکەوت.

تەنانەت لەکاتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەسوریا لە ٢٠١٩ بەفەرمانی ترەمپ، بایدن نیگەرانیی خۆی دەربڕی و وتی کە سەرۆکی ئەمریکا «کوردەکانی فرۆشت».

لەسەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ دۆناڵد ترەمپ بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای دا لەباکوری سوریا کە رێی خۆشکرد بۆ تورکیا تاهێرش بکاتەسەر هاوپەیمانەکەی ئەمریکا لەجەنگی دژی داعش، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە).

«ئەو هێزە کوردو عەرەبە ئازایانە [هەسەدە] باجێکی قورسیاندا بەقوربانیکردنی (١٠) هەزار جەنگاوەر کەچی ترەمپ هەموویانی فرۆشت»، بایدن دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا ئەمەی وت.

لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ سەرنووسەرانی نیویۆرک تایمز کەمێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ مانگی کانونی یەکەمی ٢٠١٩ بایدن دەڵێت: هەڵوێستێکی توندتری دەبوو بەرامبەر سەرۆکی تورکیا سەبارەت بەهێرشکردنەسەر کوردەکان لەسوریا بەپێچەوانەی ترەمپەوە کە رێی بۆ چۆڵکرد.

«ئەگەر من بومایە دوایین شت بمکردبا ملدان بوو بۆ ئەو سەبارەت بەکوردەکان. بەدڵنیاییەوە ئەوە دوایین شت دەبوو».

هەموو ئەمانە وایکردووە کەتورکیا وەک سەردەمی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، هەموو ئەو کارانەی کردووویەتی لەسەرکوتکردنی کورد و تەنانەت ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکە نەتوانێت ئەنجامی بدات لەماوەی ئیدارەی بایدندا.

ئەیکان ئەردەمیر پەرلەمانیتارێکی پێشووی تورکیا رایگەیاند، «لەماوەی ئیدارەی ترەمپدا، حکومەتەکەی ئەردۆغان دەیتوانی دژی واشنتن بجوڵیتەوە و لێی دەرباز ببێت، بەڵام ئێستا ئێمە ئەوە دەبینین کە پێموایە رەتکردنەوەیەکی بەهێزە بۆ تۆمەتە بێ بنەماکانی ئەنقەرە».

دامەزراوەی بەرگریی دیموکراسی، کە ناوەندێکی تووێژینەوەی ئەمریکییە، لە (٢١) خاڵدا چەندین پێشنیاری خستووەتەڕوو بۆ ئیدارەی بایدن تا رووبەڕووی تورکیا ببێتەوە و یەکیک لەو خاڵانە کاراکردنەوەی پرۆسەی ئاشتییە لەتورکیا و رێگریکردنە لەتورکیا لەدەستدرێژییەکانی بۆ سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەسوریا.

لەڕاپۆرتێکیدا کە لەکۆتایی مانگی رابردوو بڵاوی کردووەتەوە دامەزراوەکە داوا لەئیدارەی بایدن دەکات فشار بخاتە سەر تورکیا تا «پرۆسەی ئاشتی» کارابکاتەوە کە رێککەوتنی ئاشتییە لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە).

پرۆسەی ئاشتی ساڵی ٢٠١٣ بووە هۆی روودانی ئاگربەست لەنێوان هەردوولا و تا ٢٠١٥ بەردەوام بوو، بەڵام دواتر شکستی خوارد.

دامەزراوەکە داواش لە سەرۆکی ئەمریکا دەکات «پستگیری دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ بکات لەتورکیا» تا فشارەکانی سیستمی دادوەری تورکیا بوەستێنێت بۆ سەر ئۆپۆزسیۆن و پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە).

دامەزراوەی بەرگریی دیموکراسی ساڵی ٢٠٠١ دامەزاوە و ئامانجی «بەهێزکردنی ئاسایشی ئەمریکا و لاوازکردن و بنبڕکردنی ئەو هەڕەشانەیە کە لەلایەن نەیارانی ئەمریکاوە دروستدەکرێن».

رێکخراوەکە بەناوەندێکی توێژینەوەی پارێزکار دەدانرێت و باس لەوەدەکرێت کەنزیکە لە لۆبی ئیسرائیل لەئەمریکادا.

دامەزراوەکە پیشنیاری ئەوە دەکات کەئیدارەی نوێی ئەمریکا «رێکەوتنێک رێکبخات لەنیوان تورکیا و کوردانی سوریا»، ئەمەش فشار خستەنەسەر تورکیایە تا چیتر هێرش نەکاتەسەر رۆژئاوای کوردستان و دان بەئیدارەی خۆسەری کوردانی سوریادا بنێت.

تەنانەت لەڕاپۆرتەکەدا هاتووە کەئەمریکا سەربازەکانی بهێڵیتەوە لەسوریاو ئەگەر پێویست بکات بڕیاری ‹›کشانەوە هەڵبوەشێنرێتەوە» کەفەرمانی دۆنالد ترەمپ بوو لەساڵی ٢٠١٩دا.

هەروەها باس لەوەش کراوە پێویستە ئیدارەی بایدن «بەردەوام بێت لەهاوکاریی و راهێنانی هەسەدە و «یارمەتی ئیدارە ناوخۆییەکان بدات لەباکوری رۆژئاوای سوریا تا پەرە بەسەرچاوەکانی وزەیان بدەن».

لەنوێترین وتاری شیکاریدا، مایکڵ روبن، توێژەری سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەپێگەی ناشناڵ ئینترێست داوای ئەوە لە ئەمریکا دەکات کەمامەڵە لەگەڵ پەکەکەدا بکات و چیتر لەچاوی تورکیاوە سەیری گروپەکە نەکات.

«کاتی ئەوەیە ئەمریکا بوەستێت لەدانانی سیاسەتەکانی لەمەڕ کورد لەدیدگای تورکیاوە... لەجیاتی ئەوە کار بکات لەگەڵ ئەو بزووتنەوانەدا کەشەرعیەتی گەلیان هەیە، دەرکردن و جیاکردنەوەی پەکەکە بەسادەیی هەرگیز ناچێتە سەر»، روبن وای نوسیووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار