تورکیا لەگارە کشایەوە هێشتا چاوی لەسەر شەنگالە
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
لەسەروبەندی هەڕەشەکانی تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر شەنگال، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) سەرکەوتنی خۆی راگەیاند لەشەڕی گارە کەماوەی چوار رۆژ ئەنقەرە ئۆپەراسیۆنی چڕی ئەنجامدا لەزنجیرە چیاکانی ناوچەکەدا دژی گروپەکە.
پەکەکە لە راگەیەندراوێکدا سەرکەوتنی لەشەڕی گارە راگەیاند، ئەمەش دوای چوار رۆژ لەئۆپەراسیۆنێکی چڕ لەزنجیرە چیاکانی گارە لەلایەن تورکیاوە دژی پەکەکە کەئەنقەرە کۆتایی پێهێنا، لەکاتێکدا (١٠) هەزار چەکداری حەشدی شەعبی رەوانەی شەنگال کران بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەگەری هێرشی ئەنقەرە بۆ سەر قەزاکە.
بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل (نەپەگە) بڵاویکردەوە «بەهۆی شکستهێنانیان، سوپای دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ناچاربووە بکشێتەوە».
لەلایەکی ترەوە خلوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا، لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاند ئۆپەراسیۆنەکەیان دژی پەکەکە کۆتایی هاتووە لەهەرێمی گارەو (٤٨) گەریلایان شەهید کردووە.
ئاکار راشیگەیاند (١٣) «هاوڵاتى تورکی بێتاوان»یان دۆزیوەتەوە لەیەکێک لەئەشکەوتەکانی گارە کە لەلایەن پەکەکەوە لەسەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەوە کوژراون و (١٢) کەسیان فیشەک بەسەریانەوە نراوە، بەڵام پەکەکە پێشتر رایگەیاندبوو کەتورکیا بۆمبارانی ئەو شوێنانە دەکات کەدیلی تێدایەو دیلەکان «پۆلیس و سیخوڕی» تورکن.
لە راگەیاندراوەکەی نەپەگەدا هاتووە کە «سوپای تورک هێرشی ئاسمانیی و زەمینی کردووەتەسەر کامپی دیلەکان و بووەتە هۆی کوژرانی بەشێک لەئەندامانی میت و پۆلیسی خۆی، کە لای گەریلا دیل بوون».
گــــارە
تورکیا لە ١٠ی شوباتی ٢٠٢١ ئۆپەراسیۆنی چنگی هەڵۆ-٢ی راگەیاند کە بەئامانجی پاراستنی سنورو رزگارکردنی چەند دیلێک بوو لەژیر دەستی پەکەکە لەزنجیرە چیاکانی گارە لەهەرێمی کوردستان، لەکاتێکدا پەکەکە باس لەوەدەکات کەئۆپەراسیۆنەکە بۆ داگیرکردنی شنگال و دواتر باشوری کوردستانە.
نەپەگە لەڕاگەیاندراوەکەدا باسی لەوە کردووە «هێرشی سەر کامپی دیلەکان، بەهیچ جۆرێک بۆ رزگارکردنیان نەبووە، بەڵکو ئامانج لەناوبردنیان بوو، دەوڵەتی تورک خۆی لێی بەرپرسیارە».
ئۆپەراسیۆنەکە ماوەی چوار رۆژی خایاندو تێیدا شەڕی قورس لەنێوان هەردوولا روویداو هەر لایەکیش ئاماری جیاوازی قوربانی دەخاتەڕوو.
ئاکار رایگەیاند کە لەئۆپەراسیۆنەکەدا (٥٠) پێگەی پەکەکەیان تێکشکاندووەو سێ سەربازیان کوژراوەو و دوو سەربازی تریشیان بریندارە، بەڵام پێشتر پەکەکە رایگەیاندبوو (٣٠) سەربازیی تورکیایان کوشتووە.
ئۆپەراسیۆنی چنگی هەڵۆ-٢ ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانی و زەمینی بوو کە لەزنجیرە چیاکانی گارە ئەنجامدرا کەدەکەوێتە باکوری رۆژهەڵاتی پاریزگای دهۆک و (٥٠) کیلۆمەتر لەپارێزگاکەوە دوورە.
ئۆپەراسیۆنەکەی ئەنقەرە دوای سەردانی وەفدەکەی تورکیا دێت بەسەرکردایەتی خلوسی ئاکار لە ١٨ی مانگی رابردوو بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کەتێیدا وەزیری بەرگریی تورکیا باسی لەوەکرد وڵاتەکەی دەیەوێت هێرشەکانی پەکەکە کۆتایی پێبهێنێت بۆ «زامنکردنی ئاسایشی سنوری وڵاتەکەی و ئاشتی ناوچەکە».
پێشتر بڵاوکرایەوە کەپارتی دیموکراتی کوردستان لەهێرشەکانی تورکیا بەشدارەو هاوکاریی تورکیا دەکات بەبەشداریپێکردنی پێشمەرگە لەشەڕەکەدا، بەڵام دواتر پەکەکە رایگەیاند هیچ بەڵگەیەک نییە کەئەو هەواڵانە پشتڕاستبکاتەوە، هەرچەندە تورکیا بنکەکانی هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنێت بۆ ئۆپەراسیۆنەکەی.
تائامادەکردنی ئەم راپۆرتە، پەکەکە قوربانییەکانی خۆی نەخستووەتەڕوو لەگەڵ هەواڵی نوێ لەسەر ژمارەی کوژراوانی سەربازانی تورکی، بەڵام لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە کە بەمزووانە قوربانییەکان بڵاودەکرێتەوە بۆ رای گشتی.
شـــەنگــال
لەسەروبەندی ئۆپەراسیۆنەکەداو پێش ئۆپەراسیۆنەکەش هەواڵی ئەوە بڵاوبووەوە کەتورکیا بەنیازە هێرش بکاتەسەر شەنگال، کەهێزێکی سەر بەپەکەکەی لێ جێگیرە بەناوی یەکینەکانی پاراستنی شەنگال (یەبەشە).
لە رۆژی شەممەی رابردوو، ١٣ی شوباتی ٢٠٢١، سێ فەیلەقی هیزەکانی حەشدی شەعبی رەوانەی شەنگاڵ کران کەژمارەیان (١٠) هەزار سەربازە، ئەمەش دوای هەڕەشەکانی بەرپرسانی تورکیا کە بەنیازن هێرش بکەنەسەر قەزاکە.
لەمانگی رابردوودا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا نیازی خۆی نەشاردەوە لەپەلاماری شەنگال و رایگەیاند «تورکیا هەمیشە ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەگەڵ عێراق دژی پەکەکە، رەنگە لەپڕێکدا لەشەوێکدا بگەینە ئەوێ».
لەپێنجشەممەی رابردووشدا ئیبراهیم کاڵن، وتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا، بەدووری نەزانی ئۆپەراسیۆن ئەنجامبدرێت لەشەنگال دژی یەبەشەو راشیگەیاند ئەنقەرە بەهەماهەنگی بەغدادو هەولێر پێشتر ئۆپەراسیۆنی سەربازیی دژی پەکەکە ئەنجامداوە.
لەساڵی ٢٠١٤ پەکەکە توانی پێگەی خۆی بەهێز بکات لەشەنگال دوای چوونە ناوەوەی هێزەکانی بۆ پارێزگاریکردن لەیەزیدییەکانی ناوچەکەو شەڕکردنی دژی داعش، تائێستاش یەکینەکانی پاراستنی شەنگال (یەبەشە) هەژموونی خۆی هەیە بەسەر قەزاکەوە. یەبەشە لەئێستادا بەسێکە لەحەشدی شەعبی.
لەمانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ حکومەتی عێراقی و هەرێمی کوردستان بەسەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان رێککەوتنێکیان ئەنجامدا بۆ دەرکردنی هەموو هێزەکانی شەنگال و دامەزراندنی هێزێکی حکومی بۆ پاراستنی ناوچەکە، بەڵام تائێستا ئەو رێککەوتنە شکستی هێناوە، ئەمەش لەئاستی چاوەڕوانییەکانی تورکیادا نییە.
لەشهممەی رابردوودا 13ى شوباتى 2021، لهڕاگهیهندراوێکدا، هادى عامرى سهرۆکى هاوپهیمانى فهتح رایگهیاند:» زانیاریى وردى ههواڵگرى و پشتڕاستکراومان پێگهیشتووه کهسوپاى تورکیا بهرنامهى ههیه هێرشبکاته سهر چیاى شهنگال و داگیرکارى ئهنجامبدات».
ههروهها راشیگهیاند: »پێویسته حکومهتى تورکیا کۆتایى بهو ههڵسوکهوته دوژمنکارانهیهى بهرامبهر خاکى عێراق بهێنێت، چونکه خزمهتى بهرژهوهندییهکانى ههردوو وڵات ناکهن و کاریگهریى خراپیان لهسهر پهیوهندییه نێودهوڵهتییهکان دهبێت».
عەبدوڵا حەوێز، رۆژنامەنووس و تووێژەر، لەتویتەری خۆی نووسیویەتی: «دەنگۆ هەیە کەبڵاوەپێکردنە نوێیەکەی میلیشیاکانی شیعە [بۆ شەنگال] لەلایەن مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە فەرمانی لەسەر دراوە کەمانای ئەوەیە رێککەوتنەکەی بەغدادو هەولێر لەسەر شەنگال، کەباس لەوەدەکات میلیشیای شیعەو یەبەشە دەبێت دەربکرێن، کۆتایی پێهاتووە».
حەوێز نووسیویشیەتی، ناردنی هێز «ئەوەش نیشان دەدات کە بەغداد بەتوندی دژی هەنگاوی تورکیایە لەشەنگال».
بەڵام مایکڵ روبن، تووێژەر لە پەیمانگەی ئەمەریکان ئینتەرپرایس، باس لەوەدەکات سەرۆک وەزیرانی عێراق نایەوێت زۆر لەتورکیا بکات لەشەنگالدا.
«مستەفا کازمی لەئێستادا زۆر کێشەی هەیە رووبەڕووی ببێتەوە وەک قەیرانی ئابوری و هەڕەشەی میلیشیاکانی سەر بەئێران، بۆیە ئامادە نییە فشاری توند لەتورکیا بکات هەرچەندە بەرگریکردن لەسەروەری عێراق پێویستی بەوەیە».
روبن، کە لەچاوپێکەوتنێکدا بۆ ئاژانسی هاوار نیوز قسەی کردووە، باس لەوەدەکات کە مەبەستی تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر شەنگال سێ هۆکاری هەیە.
«هۆکاری یەکەم، بەسادەیی رەگەزپەرستییە، ئەو [ئەردۆغان] رقی لەکوردە... دووەم هۆکار ئەوەیە ئەو دەزانێت ئەو گروپانەی فەلسەفەی گشتیی عەبدوڵا ئۆجەلان پەیڕەو دەکەن، هەڕەشەن بۆ خۆی و داردەستەکانی. ئەم گروپانە زۆر ناسراون لەناو شەنگال و بەشێوەیەکی زیاد لەسەرتاسەری کوردستانی عێراق ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئەوان دەیانەوێت حوکمڕانییەکی پاکترو کاریگەرتر پێشکەش بکەن بەبەراورد بەپارتی دیموکراتی کوردستان و تورکیا کەهەردووکیان گەندەڵن».
روبن هۆکاری سێیەم بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کەتورکیا و پارتی دیموکراتی کوردستان هەردووکیان دەیانەوێت شکستە ئابورییەکانی خۆیان بەهۆی شەڕەوە بشارنەوە.
«کۆتا هۆکار بۆ ئەوەی کەشەڕ بوونی هەیە، ئەوەی کەهەم پارتی دیموکراتی کوردستان و هەم ئەردۆغان دەیانەوێت سەرنج لەسەر ئەو راستییە لابدەن کەئابوری هەردوولایان لەقەیراندایە بەهۆی خراپ مامەڵەکردنیانەوە»، روبن وای وت