که‌نه‌دا مامه‌ڵه‌ى چین له‌گه‌ڵ مسوڵمانانى ئویغور به‌ (کۆمه‌ڵکوژی) ده‌ناسێنێت

4 ساڵ لەمەوپێش




هاوڵاتى

ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى که‌نه‌دا به‌زۆرینه‌ى ده‌نگ، بڕیارێکى ده‌رکردووه‌، که‌ مامه‌ڵه‌ى وڵاتى چین له‌گه‌ڵ که‌مینه‌ى موسوڵمانى چین به‌ (کۆمه‌ڵکوژی) ناوزه‌د ده‌کات.

تۆرى هه‌واڵى BBCى فارسى بڵاویکرده‌وه‌ که‌ بڕیاره‌که‌ى په‌رله‌مانى که‌نه‌دا، که‌ به‌ 266 ده‌نگى به‌ڵێ و به‌بێ هیچ ده‌نگێکى نه‌خێر بڕیاڕى له‌سه‌ر درا، به‌ پشتیوانى هه‌موو حیزبه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌کان و ژماره‌یه‌ک له‌ نوێنه‌رانى حیزبى ده‌سه‌ڵاتدار بووه‌.

جاستین ترۆدو، سه‌رۆک وه‌زیرانى که‌نه‌داو زۆرێک له‌ ئه‌ندامانى کابینه‌که‌ی، سه‌باره‌ت به‌بریاره‌که‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى که‌نه‌دا بێ لایه‌نییان هه‌ڵبژاردووه‌.

که‌نه‌دا دووه‌مین وڵاتى جیهانه‌، پاش ئه‌مریکا که‌ هه‌نگاوه‌کانى وڵاتى چین دژى که‌مینه‌ موسوڵمانه‌کانى ئویغور به‌ کۆمه‌ڵکوژى ده‌ناسێنێت.

هه‌روه‌ها یاسا داڕێژه‌رانى که‌نه‌دایى به‌پێى یاسایه‌کى وڵاته‌که‌یان که‌ ده‌نگیان پێداوه‌، داوا له‌ حکومه‌تى وڵاته‌که‌یان ده‌که‌ن، که‌ داوا له‌ لیژنه‌ى ئۆڵۆمپى نێوده‌وڵه‌تى بکه‌ن" ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌م کۆمه‌ڵکوژییه‌ له‌لایه‌ن وڵاتى چینه‌وه‌ به‌رده‌وام بێت" یارییه‌کانى ئۆڵۆمپى زستانه‌ى ساڵى 2022 له‌ په‌کینه‌وه‌ بۆ شوێنێکى تر بگوازرێته‌وه‌.

هاوکات، به‌پێى هه‌واڵێکى ڕۆیته‌رز، وڵاتى چین دوێنێ رۆژى سێ شه‌ممه‌ 23ى شوباتى 2021، سه‌باره‌ت به‌ ده‌رچونى  ئه‌م بڕیاره‌، کاردانه‌وه‌ى نیشان داوه‌و ڕایگه‌یاندووه‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ى که‌نه‌دا سه‌رکۆنه‌ ده‌کات و ڕه‌تیده‌که‌نه‌وه‌.

مسوڵمانانى ئویغور له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانى چینه‌وه‌ کۆمه‌ڵ کوژکراون و به‌شێکیان ئه‌و وڵاته‌یان به‌جێ هێشووه‌، ئویغورییەکان کەمینەیەکی موسوڵمانی بەڕەگەز تورکن، لە 45% دانیشتوانی پارێزگای سیان کینگ لە باکوری ڕۆژئاوایی چین پێکدەهێنن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار