پەیامی بایدن بۆ ئێران: «ئاگادار بن»

«تەنها لەبەرئەوەی ئامادەی دانیشتنین لەگەڵتان مانای ئەوە نییە بریکارەکانت لەهەرێمەکەدا چییان بووێت بیکەن»

3 ساڵ لەمەوپێش



کاکەلاو عەبدولڵا

لەگەڵ ئەوەی ئەمریکا لەژێر سەرپەرشتی ئیدارەی بایدن دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ ئێران، بەڵام بەهێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی تاران لەسوریا ئەو پەیامەی گەیاند کەناهێڵێت «بریکارەکانی چیان پێ خۆشبێت لەهەرێمەکەدا ئەنجامی بدەن».

بۆ یەکەمجار لەژێر سەرپەرشتی جۆو بایدن، ئەمریکا گورزی خۆی وەشاند لەئێران و لەچەند هێرشیکی ئاسمانیدا چەند گروپێکی سەر بەئێرانی لەسوریا کردە ئامانج.

هێرشەکان لەبەرەبەیانی ٢٦ی مانگی رابردوو ئەنجامدران و وەڵامێک بوون بۆ هێرشە مووشەکییەکانی سەر هەولێر لە ١٥ی هەمان مانگ کەبووە هۆی کوژرانی بەڵێندەرێک و بریندابروونی نۆ بەڵێندەری تر لەگەڵ سەربازێکی ئەمریکی لەبنکەی هاوپەیمانان لەفرۆکەخانەی نیودەوڵەتی هەولێر.

«ئێمە دڵنیاین ئەو ئامانجەی پێکامان لەلایەن هەمان ئەو میلیشیا شیعانەوە بەکاردەهێنران» کەهێرشەکانی هەولێریان ئەنجامدا، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریکا دوای هێرشەکان وای وت.

هێرشەکانی ئەمریکا چەند دامەزراوە و بنکەیەکی سەربازیی کردە ئامانج لەناوچەی ئەبوکەمال کەدەکەوێتنە نێوان سنوری سوریاو عێراق. بنکەکان سەر بە کەتائیبی حزبوڵا و کەتاییبی سەید ئەلشوهەدا بوون کەدوو گروپی سەر بەحەشدی شەعبین.

روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند کە (٢٢) سەرباز لەهەردوو گروپ لەهێرشەکاندا کوژراون.

پەیامی هێرشە ئاسمانییەکە

بەپێی وتەی شارەزایان، هێرشەکەی واشنتن پەیامێک بوو بۆ ئێران کە رێگە نادات نیازپاکی ئیدارەی بایدن بقۆزێتەوەو بریکارەکانی هەرشتێکیان بوێت لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەنجامی بدەن.

پۆڵ ئادەمز، شیکەرەوە لە (بی بی سی نیوز) نووسیویەتی، «هێرشەکان پەیامێکە بۆ ئێران کە : تەنها لەبەرئەوەی ئامادەی دانیشتنین لەگەڵتان مانای ئەوە نییە بریکارەکانت لەهەرێمەکەدا چیان بوێت بیکەن».

دوای (٢٤) کاتژمێر لەئەنجامدانی هێرشەکە، جۆو بایدنی سەرۆکی ئەمریکا لەوەڵامی پرسیارێکدا کەئایا پەیامی هێرشەکەی چی بوو رایگەیاند، «ناکرێت بەجۆرێک رەفتار بکەیت کە وابزانیت لێی قوتار دەبیت، ئاگاداربن».

سباستیان رۆبڵن، ستووننوسی گۆڤاری (فۆربسی ئەمریکی)، لەوتارێکدا نووسیویەتی: پەیامی ئیدارەی بایدن سەبارەت بەهێرشەکەی ئەبوکەمال دوو مەبەستی هەبوو: بۆ ئەوەی پیشانی بدات سزای هەر هێرشیکی کوشندە دەدات بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا.

«بەڵام بەشێوەیەک وەڵامی دەبێت کەهاوئاست بێت بەهیوای ئەوەی کە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ تاران زیندوو ببێتەوە».

سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، هێرشەکەی ئەمریکای ئیدانە کردو بە «شەڕەنگێزی نایاسایی» وەسفی کرد.

بایدن و رێککەوتنی ئەتۆمی ٢٠١٥

یەکێک لە بانگەشەکانی هەڵبژاردنی جۆو بایدن  گەڕانەوەی ئەمریکا بوو بۆ رێککەوتنی چەکی ئەتۆمی ئێران کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، لەساڵی ٢٠١٨ لێی کشایەوەو سزای ئابوریی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە.

ئەوەی تائێستا روونە هیچ لایەکیان ئامادەی ئەوە نین دانیشتن لەگەڵ یەک ئەنجامبدەن بەوپێیەی واشنتن داوای ئەوە دەکات ئێران پابەندی تەواوەتی خۆی بە رێککەوتنەکەوە بکات لەکاتێکدا تاران داوای ئەوە دەکات دەبێت لەپێشدا هەموو سزا ئابورییەکانی لەسەر هەڵبگیرێت.

لە ١٩ى شوباتى ٢٠٢١، نێد پرایس وتهبێژى وهزارهتى دهرهوهى ئهمریکا، رایگهیاند ئهمریکا «بانگهێشتنامهی» وڵاته ئهندامه ههمیشهییهکانى نهتهوهیهکگرتووهکان قبوڵ دهکات بۆ کۆبوونهوه لهگهڵ ئێران و گفتوگۆکردن لهسهر رێگاچارهیهکى دیپلۆماتى لهسهر پرۆگرامى ئەتۆمی ئێران.

لەناوەڕاستی مانگی رابردوودا ئێران ههڕهشهى ئهوهیکرد کهدهستپێگهشتنى لێکۆڵهرانى ئاژانسى وزهى ئهتۆمى نێودهوڵهتى سنوردار دهکات بۆ لێکۆڵینهوه لهوزهى ناوکى وڵاتهکه ئهگهر ئهندامانى رێککهوتنهکهى ٢٠١٥ پهیوهستییهکانى خۆیان جێبهجێ نهکهن.

لهسهرهتاى ساڵى ٢٠٢١شهوه تاران پیتاندنى یۆرانیۆمى گهیانده لهسهدا ٢٠%، کهئهمهش سهرپێچییهو بهپێى رێککهوتنهکه تهنها لهسهدا ٣.٦٧% رێگهی پیدراوه یۆرانیۆم بپیتێنێت.

بەپێی رێککەوتنێک لەگەڵ ئاژانسەکە، ئێران ماوەی سێ مانگی بۆ لێکۆڵەران درێژ کردەوە تا بتوانن لەلێکۆڵینەوەکانیان بەردەوام بن، ئەمەش بووە هۆی تووڕەبوونی چەندین پەرلەمانتار کەپرۆژەیاساکەیان تێپەڕاندبوو بۆ قەدەغەکردنی لێکۆڵینەوەی ئاژانسەکە لەدامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.

لەنێوخۆی ئێراندا، دوو بۆچون دروست بوون، کە یەکێکیان دەیەوێت وڵاتەکە زیاتر تووند بێت و خاڵەکانی رێککەوتنەکە زیاتر پێشێلبکرێت و ئەویتریش دەیەوێت کە نەرمی پیشانبدات.

رۆژنامەی رۆژانەی ئێران، کە لەحەسەن رۆحانی سەرۆکی ئیرانەوە نزیکە، لەستوونێکدا باس لەوەدەکات: ئەوانەی دەڵێن دەبێت ئێران کردەی توند بگرێتەبەر لەسەر رێککەوتنەکە، دەبێت ئەوەش بڵێن کەگەرەنتی چییە ئێران دیسان وەک رابردوو بەتەنها بەجێناهێڵرێت.

ئەم ستوونە دوای رێگەپێدانی حکومەتی ئێرانە بەلێکۆڵەرەکانی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی بۆ سێ مانگی تر بڵاوکرایەوە.

لەلایەکی ترەوە رۆژنامەی رۆژانەی کەیهان، کەسەرنوسەرەکەی لەلایەن عەلی خامنەییەوە دەستنیشانکراوە، رێککەوتنەکەی نێوان حکومەتی ئێران و ئاژانسی وزەی ئەتۆمی پەسەند کرد بەبڵاوکردنەوەی ئەوەی کە رێککەوتنەکە «بەبێ بەشداری و بۆچوونی ئەنجومەنی ئاسایشی باڵای نیشتمانی ئامادە نەکراوە».

میر جاودەنیفەر، مامۆستا لەناوەندی هەرزیلە لەئیسرائیل، بەئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە کە «ئابوری ئێران بەهۆی سزاکانی ئەمریکا، کۆڤید-١٩، هەروەها گەندەڵییەوە زۆر خراپی لێ بەسەرهاتووە، بۆیە ئەگەر بایدن یەکەم هەنگاو بنێت بەلابردنی بەشێک لەسزاکان... خامنەیی ئامادە دەبێت کەبگاتە رێککەوتنێک لەگەڵی».

دوای بوونی جۆو بایدن بەسەرۆکی ئەمریکا چی گۆڕاوە لەسیاسەتی کۆشکی سپی بەرامبەر ئێران

سیاسەتی کۆشکی سپی بەرامبەر ئێران گۆڕانکارییەکی بەرچاوی بەخۆیەوە نەدیوە دوای دۆناڵد ترەمپ و هاتە سەرتەختی جۆو بایدن بەوپێیەی سزاکانی سەردەمی سەرۆکی پێشوو هێشتا ماون و پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران هێشتا باش نین.

بەپێی وتەی شیکەرەوان، ئەوەی جێی سەرنجە کەئیدارەی بایدن وەک ئیدارەی پێشوو هەڵەشە نییە لەبەرامبەر تاراندا، ئەمەش دوای هێرشە ئامسانییەکە دەرکەوت بۆ سەر ناوچەی ئەبوکەمال لەسوریا.

«وادیارە واشنتن جیاوازییەکی روون دەردەخات بە بەراورد بەکردە هەڵەشەییەکانی ئیدارەی پێشوو»، ئادەمز وای نووسیوە.

لەسەردەمی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لەبەرامبەر کوژرانی بەڵێندەرێکدا لەعێراق لەکۆتایی ساڵی ٢٠١٩، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی بەکوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس، کرد لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ لەکاتێکدا وەڵامی ئیدارەی بایدن، بەپێی وتەی چاودێران، بۆ کوژرانی بەڵێندەرێک لەهێرشەکەی هەولێردا «هاوئاست بوو» بەجۆرێک لەجۆرەکان «حەق بەحەق بوو».

هێرشەکەی ئیدارەی بایدن ئەوەش دەردەخات کەنابێتە مەترسی بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران.

نیک پاتن واڵش، سەرنووسەری بەشی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە سی ئێن ئێن، لەوتارێکدا نووسیویەتی: هێرشەکەی ئەمریکا لەسەر سنوری عێراق-سوریا هەڕەشەیەکی بەرجەستە دروستناکات بۆ دیبلۆماسییەت لەگەڵ ئێران، رێککەوتنە ئەتۆمییەکە بۆ ئەوە پێکهێنرا کەئێران دووربخاتەوە لەدەستخستنی بۆمبی ئەتۆمی نەک ویستی بۆ هەژمونی هەرێمی و کارکردن لەسەر پرۆگرامی چەکی تر».

ئابوری ئێران و هەناردەی نەوت

سزا ئابورییەکانی ئەمریکا زیانێکی زۆر گەورەی گەیاندووە بەئابوری ئێران، بەڵام ئەوەی ئیدارەی پێشووی دەیخواست کەگەیاندنی هەناردەی نەوتی ئێران بوو بە «سفر» نەهاتە دی، بەڵکو لەکاتی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکاوە لەتشرینی دووەمی ٢٠٢٠، هەناردەی نەوتی وڵاتەکە لەهەڵکشاندایە.

بەپێی وتەی جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، کەهەفتەی پێشوو بۆ پرێس تیڤی ئێران قسەی کرد، سزا ئابورییەکانی واشنتن بڕی یەک ترلیۆن دۆلار زیانی گەیاندووە بەئابوری وڵاتەکەی.

زەریف وتیشی، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ (٨٠٠) جۆری سزای کۆنی سەپاندووەتەوەو (٨٠٠) جۆری تری نوێی لەسەر داناوە بۆ تێکشکاندنی ئابوری وڵاتەکەی.

زەریف باسی لەوەشکرد، لەحاڵەتی گەڕانەوەیان بۆ سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا داوای قەرەبوو دەکەنەوە.

لەئایاری ٢٠١٨ بەفەرمانی دۆناڵد ترەمپ ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی ٢٠١٥ی ئێران کشایەوەو لەچوارچێوەی هەڵمەتی «فشاری باڵا» واشنتن دەستیکرد بەسەپاندنەوەی سزای ئابوری لەسەر تاران.

لەساڵی ٢٠١٩، مایک پۆمپێیۆ باسی لەوەکرد کەدەیانەوێت هەناردەی نەوتی ئێران بگەیەننە سفر، لەکاتێکدا کە رایگەیاند سزاکانی وڵاتەکەی هەناردەی نەوتی ئێرانی گەیاندووەتە (٤٠٠) هەزار بەرمیل لەڕۆژێکدا.

بەپێی راپۆرتێکی کۆمپانیای S&P Global Platts، کەکۆمپانیایەکی بەریتانییە و زانیاری بازرگانی و شیکاری نرخی نەوت بڵاودەکاتەوە، هەناردەی نەوتی ئێران لەمانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ەوە بەرزبووەتەوەو مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵیش ئاستی بەرهەمهێنان بەرزترینی تۆمارکردووە لەساڵی ٢٠١٩ەوە.

بەپێی راپۆرتەکە، ئێران لەمانگی کانونی دووەمی ٢٠٢ەوە، (٨٠٠) هەزار بۆ یەک ملیۆن بەرمیلی رۆژانەی نەوتی قورسی هەناردەکردووە، کەئەمەش هەڵکشانێکی بەرچاوە بەبەراورد بەساڵی رابردوو کە لەهەندێک مانگدا هەناردەی رۆژانەی وڵاتەکە دەگەیشتە (٥٠٠) هەزار بەرمیل. کڕیاری نەوتی ئێران بەپلەی یەکەم چینەو دوای ئەویش ڤەنزوێلاو یابان و کۆریای باشور دێن.

راپۆرتەکە ئەوەش دەردەخات کەحکومەتی ئێران داوای لەدامەزراوەکانی کردووە کە بەرهەمهێنان زیاد بکەن و لەمانگی کانونی دووەمی ئەمساڵ بەرهەمهێنان گەیشتووەتە دوو ملیۆن و (١٤٠) هەزار بەرمیلی رۆژانە، ئەمەش زۆرترین ئاستی بەرهمهێانە لەتشرینی دووەمی ٢٠١٩ەوە.

بەڵام کۆمپانیای پێترۆ لۆجیستیکی سویسری، لەنوێتترین راپۆرتدا رایگەیاندووە کە مانگی شوبات هەناردەی نەوتی ئێران کەمیکردووەو ئەو هەڵکشانەی لەمانگی کانوونی دووەمدا بەخۆیەوە بینیوە بۆ (٢٥٠) هەزار بەرمیلی رۆژانە کەمیکردووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار