له‌عێراقێکى داڕووخاودا؛ سه‌ردانه‌که‌ى پاپا فرانسیس په‌یامێک بوو بۆ هیواو پێکه‌وه‌ژیان

3 ساڵ لەمەوپێش



کاکهلاو عهبدوڵا

سهردانه میژووییهکهى پاپا فرانسیس بۆ کوردستان پهیامى ئاشتى و پێکهوهژیانى لهگهڵ خۆیدا هێناو خودى پاپا سوپاسى کوردى کرد که «وهک برا پارێزگارییان لهمهسیحییهکان» کرد لهکاتى هاتن و وێرانکارى داعشدا.

لهعێراقێکى رووخاوو ماندوو بهوێرانکارییهکانى داعش، پاپا فرانسیس هیوایهک بوو بۆ مهسیحییهکانى وڵاتهکه تاجارێکى تر ههست بهشوناسى خۆیان بهکهنهوهو ههوڵێکیش بوو بۆ دروستکردنى پهیوهندییهکى بههێزتر لهنێوان مهسیحیهت و ئایینهکانى تر بهتایبهت ئایینى ئیسلام.

پاپا فرانسیس، پاپاى ڤاتیکان، لهسهردانه سێ رۆژییهکهى بۆ عێراق چهندین ناوچهى بهسهرکردهوهو سهردانى مهسیحییهکانى وڵاتهکهى کرد که بههۆى وێرانکارییهکانى داعشهوه ناوچهکانیان خاپور بوو بوون.

سهردانهکهى پاپا فرانسیس لهمیدیا جیهانییهکاندا بهگرنگییهوه باسى لێوهکراو جهخت لهوه کرایهوه کهسهرهڕاى کیشه زۆرهکانى وڵاتهکه، سهردانهکهى پاپا گرنگى تایبهتى خۆى ههبوو.

سهردانهکهی بۆ ههرێمى کوردستان

سهرلهبهیانی رۆژی یهکشهممه ٧ی مارسی ٢٠٢١، پاپای ڤاتیکان لهبهغداوه گهیشته فڕۆکهخانهی نێودهوڵهتیی ههولێرو چهندین سهرکردهى کورد پێشوازییان لێکرد.

ئهمه یهکهمجاره پاپایهکى کاسۆلیکی سهردانی ههرێمى کوردستان و عێراق بکات و یهکهم سهردانی پاپا فرانسیس بوو لهتشرینی دووهمى ٢٠١٩هوه بۆ دهرهوهی ئیتاڵیا.

چهندین سهرکردهى کورد لهوانه نێچیرڤان بارزانی سهرۆکی ههرێمی کوردستان، مهسرور بارزانی سهرۆکی حکومهت، قوباد تاڵهبانی، جێگرى سهرۆکى حکومهت، ههروهها چهندین بهرپرس و سهرکردهی تر پێشوازییان لهپاپا کرد.

نێچیرڤان بارزانى بهخێرهاتنى پاپا فرانسیسى کردو پێى راگهیاند سهردانى پاپا «رووداوێکی مێژوویی مهزنهو جێگهی ئهوپهڕی شانازی و خۆشحاڵییه، ئێمه بهههموو پێکهاتهکانی کوردستانهوه شانازی بهسهردانهکهی دهکهین، بڕوای تهواومان بهئازادی و فره ئایینی ههیه«.

پاپا فرانسیس سوپاسی کوردی کرد بۆ پاراستنی مهسیحییهکان لهجهنگی دژی داعش و رایگهیاند:»ئێوه لهکاتی هێرشهکانی داعش مهسیحییهکانتان پاراست، ئێوه وهک برا پێشوازیشتان لهبرا مهسیحییهکان کرد».

پاپا فرانسیس ههولێرى ههڵبژارد بۆ مهراسیمی ئایینی رۆژی یهکشهممهی مهسیحییهکان و بهئامادهبوونى (١٠) ههزار کهس مهراسیمهکه لهیاریگاى فرهنسۆ ههریرى بهڕێوهچوو.

پاپا فرانسیس لهیاریگاى فرهنسۆ ههریرى وتارێکى پێشکهشکردو رایگهیاند: جارێکی دیکه بهپێویستی دهزانین جهخت لهبنهماکانی مهسیحییهت بکهنهوه لههاوڕێیهتی، ئاشتی و پێکهوهژیان و دهبێت لهڕێگهی کردارهکان ههڵهکان راستبکهنهوه، بهتایبهت هاووڵاتیانی عێراق لهماوهی رابردودا بوونهته قوربانی توندوتیژی بههۆکاری جیاواز.

وره دانهوه بهمهسیحییهکانى عێراق

یهکێک لهئاماژهکانى سهردانهکهى پاپا فراسیس دڵدانهوهو وره دانهوه بوو بهمهسیحییهکانى وڵاتهکه که بههۆى داگیرکارى داعشهوه ئازارى زۆریان جهشتووه.

پاپا فرانسیس چهندین ناوچهى مهسیحییهکانى بهسهر کردهوهو سهردانى شارى ئورى کرد که بهشوێنى لهدایکبوونى پیغهمبهر ئیبراهیم دادهنرێت، پاپا سهردانى موسڵیشى کردو لهناوچه وێرانکارییهکان بهدهستى داعش وتارى پیشکهش بهمهسیحییهکان کرد.

مارک لۆون، پهیامنێرى (بى بى سى) له رۆما لهوتارێکى شیکاریدا باس لهوهدهکات: «پاپا ههست دهکات خاکى عێراق کهناوهنده بۆ مهسیحییهت زۆر دهمێکه چاوهڕوانى سهردانێکى پاپایهو کۆمهلگهى مهسیحى کهئازاریان چهشتووه پێویستیان بهوهیه وررهیان بدرێتێ تا بمێننهوهو ئهوهش که نابێ کاتى زیاتر بهفیڕۆبدرێت بۆ هێنانى پهیمانى ئاشتى و هیوا بۆ عێراق».

هێشتا عێراق لهکێشمهکیشمدایه لهگهڵ لێکهوتهکانى دواى داگیرکارى عێراق له ٢٠٠٣دا، کهوڵاتهکهى بهرهو ئاژاوه برد، ڤایرۆسى کۆرۆنا، کهمى نرخى نهوت، ههروهها گرژییهکانى ئێران و ئهمریکا ههموویان برینهکهى عێراقیان قوڵتر کردووه.

«دڵم خۆشه چونکه کهسایهتییهکى وا گرنگ سهردانى عێراق دهکات، پیویسته ئێمه وهک یهک گهل بژین بهبێ گوێدانه ئهوهى پهیڕهوى لهچ ئاینیک یان مهزههبێک دهکهین و سهردانهکهى پاپا یارمهتیدهر دهبێ لهبههێزکردنى  یهکگرتوویى ههموو عێراقییهکان»، میقداد رازى موسوڵمانێکى شیعه واى وت.

لهیهکهم رۆژى سهردانهکهیدا، پاپا فرانسیس سهردانى بهرههم ساڵح، سهرۆکى عێراقى کرد لهناوچهى سهوزو رایگهیاند مهسیحییهکان و کهمه نهتەوایهتى و ئاینییهکانى تر شایهنى ههمان ماف و پارێزگارییە که بۆ عێراقییهکى ئاساى فهراههم هێنراوه.

«ههمهجهشنى ئایینی، کلتوری، ههروهها نهژادى کهنیشانهى کۆمهڵگهى عێراقییه بۆ ههزارهها ساڵه سهرچاوهیهکى بهنرخه که لێى بکۆڵرێتهوه نهک بهربهستێک بێت تاکۆتایى پێبهینرێت. لهئێستادا عێراق ئهوهى چاوهڕێ لێدهکرێت کهپیشانى ههموانى بدات، بهتایبهتى رۆژههڵاتى ناوهڕاست که ههمهچهشنى لهجیاتى ئهوهى بیانوویهک بێت بۆ ناکۆکى و جهنگ، دهبێت پهرهبستێنێت بۆ ههماههنگى گەنجان و کۆکبوون لهژیانى هاووڵاتیانى عێراقدا»، پاپا واى وت.

سهرهڕاى ئهو ئازارو ناڕهحهتیانهى تووشیان بووه لهسهر دهستى داعش، بهڵام مهسیحییهکانى عێراق دڵخۆشن بهسهردانهکهى پاپاو پێیان وایه خۆشییان بۆ دههێنێت.

«ناتوانم وهسفى خۆشبهختییهکهى خۆم بکهم، ئهمه رووداوێکى مێژوییه که دووباره نابێتهوه«، یوسرا موبارهک ئهمهی بهئاژانسى رۆیتهرز وت که حهوت ساڵ لهمەوبهر ئاواره بوو دواى هاتنى داعش بۆ ناوچهکهیان، ئوسرا لهگهڵ هاوسهرهکهى قهرهقوشى بهجێهێشت و ئهوکات ماوهى سێ مانگ بوو دووگیان بوو.

«گهشتێکى زۆر سهختمان بهڕێکرد، ئهوکاتهى رۆشتین هیچمان نهبردو تهنها جلهکانى بهرمان نهبێت.. کههاتینهوه هیچ نهمابوو، بهڵام تهنها خهونمان ئهوه بوو بگهڕێینهوه«.

‹هاوپهیمانى مهسیحی-موسوڵمان›

یهکێکى تر لهنیشانهى سهردانهکهى پاپا فرانسیس، دروستکردن و بههێزکردنى پهیوهندى نێوان مهسیحییهت و ئیسلام بوو، ئهمهش بهسهردانیکردنى بۆ لاى عهلى سیستانی، مهرجهعى باڵاى شیعه لهعێراق، دهرکهوت کهمیدیا جیهانییهکان بهچاوپێکهوتنێکى گرنگ و مهبهستدار باسى لێوه دهکهن.

چهندین ساڵه پاپا فرانسیس لهههوڵى پهرهپێدانى پهیوهندى مهسیحی-موسوڵماندایهو کۆبوونهوهکهى لهگهڵ عهلى سیستانى گرنگترین چاوپێکهوتنه لهگهڵ سهرکردهیهکى شیعی. پێشتریش لهگهڵ شێخ ئهحمهد ئهلتهیب، ئیمامى گهورهى ئهزههر، پهیوهندى لهگهڵ موسوڵمانانى سوننه بههێزکرد لهسهردانهکهیدا بۆ قاهیرهى میسر لهساڵى ٢٠١٩.

«لهچهند ساڵى رابردوودا فرانسیس سوور بووه لهسهر پێکهێنانى ئهوهى کهدهتوانین ناوى بنێین هاوپهیمانییهتێکى ئایینى لهنێوان مهسیحییهت و ئیسلامدا»، ئۆستن لێڤری، ژیاننامه نووسێکى پاپا فرانسیس و توێژهر لهمێژووى هاوچهرخى کهنیسه لهزانکۆى ئۆکسفۆرد ئهمهى به(ئهى بى سى) نیوزى ئهمریکى وت.

لێڤری باسى لهوهش کرد کهوهک گهوره قهشهى بۆینس ئایرز فرانسیس پهیوهندى بههێزى دروستکردووه لهگهڵ سهرکرده موسوڵمانهکان و لهههمانکاتیشدا لهڤاتیکان کارى لهسهر پێکهێنانى هاوپهیمانى مهسیحی-موسوڵمان کردووه وهک شێوازێک بۆ دژایهتى کردنى خولگهى تیرۆپرزمى ئیسلامى و کاردانهوهى پۆپۆلیستى نیشتیمانپهروهرى (ناسیۆنالیستی).

بهههمان شێوه عهلى سیستانى تهمهن (٩٠) ساڵ داواى پیکهوهژیانى ئاشتییانهو دیالۆگى کردووه لهنێوان ئایینهکاندا، ئهمهش بهوتهى حهیدهر ئهلخوئى بهڕێوەبهرى پهیوهندییهکانى دهرهوه لهپهیمانگهى ئهلخوئى که ئاکادیمیایهکى فره ئاینییه لهنهجهف.

ئهلخوئی، که بۆ (ئهى بى سى) نیوز قسهى کردووه، وتیشى لهکاتێکدا گروپهکانى سهر بهدهوڵهتى ئیسلامى (داعش) شیعه، مهسیحی، یهزیدی و کهمه ئاینییهکانى تریان بهئامانج دهگرت، سیستانى ههموو قوربانییهکانى لهخۆدهگرت بهبێ رهچاوکردنى ئایینهکانیان.

«پێموایه ئهوهى لهنێو (دی ئێن ئهی)ى دامەزراوه ئایینیهکهى نهجهفدایه«، ئهلخوئى واى وت.

لهکاتێکدا لهئێران لەدایکبووه، سیستانى وهک هاوئاستێکى ئێران سهیر دهکرێت بهوپێیهى نوێنهرایهتى رهوتێک دهکات کهدژى فهرمانڕهوایى راستهوخۆیه لهلایهن پیاوانى ئاینییهوه وهک لهئێراندا باوه.

لهلێدوانێکى تریدا بۆ (بى بى سى)، ئهلخوئى باس لهوهدهکات سهردانهکهى پاپا بۆ نهجهف و بۆ لاى سیستانى «تهنها سهردانێکی کهسیی نییه، بهڵکو سهردانێکه بۆ دهزگای نهجهف کهنمونهی ئیسلامێکی شیعیی میانڕهوه، لهبهرامبهر ئیسلامی شیعهی شۆڕشدا کهمهرجهعهکهی لهقومی ئێرانه«.

مهسیحییهکانى عێراق

کۆمهڵگهى مهسیحییهکانى عێراق پیش هاتنى داعشیش که لهساڵى ٢٠١٤دا بهشێکى زۆرى وڵاتهکهى داگیرکرد، لهژێر ههڕهشهدا بوون و دهکرانه ئامانج لهسهردهمى سهدام حوسهین، سهرۆکى پێشووى عێراق.

لهژیر دهسهڵاتى داعش، مهسیحییهکان بهناچارى و بهزۆر ناوچهکانى خۆیانیان بهجێهێشت، ئهمهش بووه هۆى کهمبوونهوهى دانیشتوانیان لهوڵاتهکه. له راپۆرتێکى وهزارهتى دهرهوهى ئهمریکا که ٢٠١٩ بڵاوبووهتهوه باس لهوهدهکات سهرکرده مهسیحییهکان ژمارهى مهسیحییهکان بهکهمتر له (٢٥٠) ههزار کهس دهخهمڵێنن، ئهمهش به بهراورد به (٨٠٠) ههزار بۆ ملیۆنێک و (٤٠٠) ههزار دانیشتوان لهوڵاتهکهدا لهپێش ساڵى ٢٠٠٣.

بهپێى راپۆرتهکه زۆربهى مهسیحییهکانى عێراق کلدانین، که لهسهدا ٦٧%ی پێکهاتهکه پێکدههێنن لهعێراق و دواتر ئاسورییهکان دێن به لهسهدا ٢٠%، دواى ئهوانیش ئهرمەنى و ئینجیلییهکان دێن.

مهسیحییهکانى عێراق هیوایان وایه هاتنى پاپا ساڕێژى زامهکانیان بکات

«پێموایه حکومهت دواى سهردانهکهى پاپا زیاتر گرنگیمان پێدهدات»، ویسام یوسف که هاووڵاتییهکى مهسیحییه ئهمهى به (ئهى بى سى) نیوز وت، که خێزانهکهى ئاوارهبوون لهساڵى ٢٠٠٨، لهکاتێکدا میلیشیکانى قاعیده لهبهغداد ناوچهى نیشتهجێبوونیان گرت.

یوسف له‌و مه‌سیحییانه‌یه‌ که‌ بڕواى وایه‌ حکومه‌تى عێراقى زۆر که‌م یارمه‌تى مه‌سیحییه‌کانى داوه‌، که‌ به‌ناچارى له‌سه‌رده‌مى داعشدا ئاواره‌بوون، هه‌رچه‌نده‌ عێراق له‌کۆتایى ٢٠١٧دا سه‌رکه‌وتنى به‌سه‌ر داعشدا راگه‌یاند، به‌ڵام به‌شێکى مه‌سیحییه‌کان هێشتا نه‌گه‌ڕاونەته‌وه‌ ناوچه‌ى نێشته‌جێبوونى خۆیان.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار