بنه‌ماڵه‌ى قادرى حاجى عه‌لى و ملازم عومه‌ر "ره‌خنه‌ى توند" له عومه‌ر سه‌ید عه‌لى ده‌گرن
(رێکخه‌رى گشتیى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان) کۆمه‌ڵێک تۆمه‌تى خستۆته پاڵ (قادرى حاجى عه‌لى و ملازم عومه‌ر)
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
روونکردنه‌وه‌یه‌ک له‌بنه‌ماڵه‌ى (قادرى حاجى عه‌لى و ملازم عومه‌ر)ـه‌وه
له‌م رۆژانه‌دا، (رێکخه‌رى گشتیى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان) له‌کۆبوونه‌وه‌یه‌کى حزبیدا کۆمه‌ڵێک تۆمه‌تى خستۆته پاڵ (قادرى حاجى عه‌لى و ملازم عومه‌ر). قادرى حاجى عه‌لى کۆچى دوایى کردووه‌و ملازم عومه‌ر-یش ته‌مه‌نى هه‌ڵکشاوه‌و له‌ساڵى ٢٠٠٠-ه‌وه ده‌ستى له‌کارى حزبى و حکومى کێشاوه‌ته‌وه‌و هیچ په‌یوه‌ندییه‌کى به‌کارى سیاسییه‌وه نه‌ماوه. ئێمه (شیلان رۆسته‌م) و (به‌یار عومه‌ر) به‌پێویستمانزانى له‌برى هه‌ردووکیان وه‌ڵامى رێکخه‌رى ئێستاى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بده‌ینه‌وه، چونکه به‌ناڕه‌واو نادروست ناوى ئه‌وانى هێناوه له‌کۆبوونه‌وه‌یه‌کى حزبیدا له‌گردى زه‌رگه‌ته. پێده‌چێت رێکخه‌رى ئێستاى گۆڕان له‌ڕێى تۆمه‌ت هه‌ڵبه‌ستن بۆ هاوڕێکانى سه‌رده‌مى پێشمه‌رگایه‌تى بیه‌وێت له‌یه‌ک کاتدا هه‌م دڵى ده‌سه‌ڵات رازیبکات و هه‌م شه‌رعیه‌ت بدات به‌ته‌وریسى سیاسی. رێکخه‌رى ئێستاى گۆڕان ده‌ڵێت گوایه” ملازم عومه‌ر و قادرى حاجى عه‌لى داوایان له‌کاک نه‌وشیروان کردووه گردى زه‌رگه‌ته بکرێت به‌ناویانه‌وه”. راستى بابه‌ته‌که به‌م شێوه‌یه‌یه؛ مام جه‌لال گردى زه‌رگه‌ته ته‌نها ده‌دات به‌خودى کاک نه‌وشیروان، به‌ڵام کاک نه‌وشیروان پێى باش بووه‌و ویستوویه‌تى هاوڕێکانى له‌گه‌ڵدا بێت بۆ پرۆژه سیاسییه‌که‌ی. له‌سه‌ره‌تاى ساڵى ٢٠٠٧دا، دواى وازهێنانى کاک نه‌وشیروان له‌یه‌کێتی، گردى زه‌رگه‌ته له مام جه‌لال وه‌رده‌گرێت، پێشنیار ده‌کات که‌زه‌ویه‌که بکرێت به‌ناوى خۆى و محەمەد تۆفیق ره‌حیم و ملازم عومه‌ر و قادرى حاجى عه‌لى و سالار عه‌زیزه‌وه. به‌ڵام (قادرى حاجى عه‌لى و ملازم عومه‌ر) ئه‌و پێشنیاره‌یان ره‌تکردووەته‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ى له‌دوو بنه‌ماڵه‌ى خانه‌دان و چاوتێره‌وه هاتوون، بێگومان هاوڕێیانى تریش هه‌ڵوێستى جوانى خۆیان نیشانداوه. (قادرى حاجى عه‌لی) وتوویه‌تى ناکرێت ئه‌و زه‌ویه بخه‌ینه‌سه‌ر خۆمان، چونکه له‌دواى مردنمان ده‌چێته سه‌ر منداڵه‌کانمان و چه‌ندین ساڵى خه‌بات و شۆڕشمان ده‌که‌وێته ژێر پرسیاره‌وه‌و ئه‌و رێز و ته‌قدیره‌ى هه‌مانه له‌ده‌ستى ده‌ده‌ین. (ملازم عومه‌ر)یش به‌کاک نه‌وشیروان ده‌ڵێت با زه‌وییه‌که به‌ناوى که‌سمانه‌وه نه‌بێت و ته‌نانه‌ت به‌ناوى جه‌نابیشته‌وه نه‌بێت و بکرێت به‌وه‌قف و بخرێته سه‌ر زانکۆى سلێمانى و یاخود بکرێت به‌موڵکى هه‌موو زانکۆکانى کوردستان. ئه‌وکات زه‌وى ناچێته سه‌ر منداڵى که‌سمان و جه‌نابیشت و هه‌موومان به‌سه‌ربه‌رزى ده‌چینه مێژووه‌وه. کاک نه‌وشیروان ئه‌وه‌ش ره‌تده‌کاته‌وه، سه‌ره‌نجام ملازم عومه‌ر زوویر ده‌بێت و به‌کاک نه‌وشیروان ده‌ڵێت کارى سیاسیتان له‌گه‌ڵ ناکه‌م و وه‌کو که‌سێکى خانه‌نشینى بێلایه‌ن ده‌مێنمه‌وه، به‌ڵام هه‌رکاتێک پێویستت به‌من بوو له‌خزمه‌تتدا ده‌بم و وه‌کو ئه‌وه‌ى له‌سه‌رده‌مى شاخ و پێشمه‌رگایه‌تى به‌رپرس و هاوڕێم بوویت، هه‌رگیز له‌وه‌ختى ته‌نگانه‌دا پشتت به‌رناده‌م، قادرى حاجى عه‌لى و ملازم عومه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌یان بۆ ژماره‌یه‌ک له‌هاوڕێکانیان باس کردووه که زۆربه‌یان له‌ژیاندا ماون. له‌دواى رووداوه‌کانى ١٧ی شوباتى ٢٠١١، له‌و کاته‌ى که پارتى ده‌یانه‌وێت په‌لامارى گردى زه‌رگه‌ته‌و کاک نه‌وشیروان بده‌ن؛ ملازم عومه‌ر سه‌ربارى ئه‌وه‌ى کارى سیاسى له‌گه‌ڵ کاک نه‌وشیرواندا ناکات، ده‌چێت بۆ لاى مام جه‌لال بۆ نێوه‌ندگیری، بۆ ئه‌وه‌ى هێزه‌کانى یه‌کێتى رێگه‌نه‌ده‌ن پارتى بێنه ناو سلێمانییه‌وه. مام جه‌لال لێیده‌پرسێت و ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر پارتى په‌لامارى کاک نه‌وشیروان بده‌ن، تۆ چى ده‌که‌یت؛ ملازم عومه‌ر له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێت قه‌ناسه کۆنێکى سه‌رده‌مى پێشمه‌رگایه‌تیم هه‌یه، به‌و قه‌ناسه‌وه ده‌چم به‌رگرى له‌کاک نه‌وشیروان ده‌که‌م، چونکه به‌درێژایى چه‌ندین ساڵ هه‌م به‌رپرس و هه‌م هاوڕێم بووه، دواى هه‌وڵ و ماندوبوونێکى زۆر رێگه به‌پارتى نادرێت بێنه ناو سلێمانییه‌وه. سه‌باره‌ت به‌وه‌ى که‌گوایه هاوڕێکانى کاک نه‌وشیروان داواى پاره‌یان له مام جه‌لال کردبێت، قسه‌یه‌که جگه له تۆمه‌ت هه‌ڵبه‌ستن و قسه‌ى ناڕاست، هیچى تر نیه‌و هیچ قورساییه‌کى نیه. سوپاسى هه‌ر که‌سێک ده‌که‌ین ئه‌گه‌ر به‌ڵگه‌یه‌کمان بداتێ که‌هه‌ر که‌س له‌هاوڕێکانى کاک نه‌وشیروان پاره‌یان له مام جه‌لال وه‌رگرتبێت، ئه‌وه‌ى وه‌رگیراوه ته‌نها ئه‌و (١٠) ملیۆن دۆلاره‌یه، که کاک نه‌وشیروان خۆى به‌ئاشکرا له‌وتارو چاوپێکه‌وتنه‌کانیدا باسى کردووه له مام جه‌لالى وه‌رگرتووه بۆ دروستکردنى پرۆژه‌یه‌کى میدیایى و رۆشنبیرى که‌دوایى گۆڕا بۆ پرۆژه‌یه‌کى حزبى سیاسى په‌رله‌مانی. به‌داخه‌وه بۆ رازییکردنى دڵى ده‌سه‌ڵات و شه‌رعیه‌تدان به‌ته‌وریسى سیاسى و خۆئاماده‌کردن بۆ هه‌ڵمه‌تى پێشوه‌ختى هه‌ڵبژاردن، رێکخه‌رى ئێستاى گۆڕان هه‌وڵى تۆمه‌ت هه‌ڵبه‌ستن و شکاندنى هاوڕێکانى ده‌دات، ئه‌و ئازاده چۆن ده‌یه‌وێت موخاته‌به‌ى کادرانى حزبه‌که‌ى و خه‌ڵک بکات، به‌ڵام ناتوانێت مێژوو پێچه‌وانه بکاته‌وه‌و مێژووى هاوڕێکانى ناشرین بکات.
شیلان رۆسته‌م و به‌یار عومه‌ر