جنێودان؛ بووەته به‌شێک له‌کلتوور له‌ناو تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان
سه‌عدى ئه‌حمه‌د پیره بۆ هاوڵاتى: گه‌ردنى هه‌موو ئه‌وانه ئازاد بێت جنێوم پێده‌ده‌ن
4 ساڵ لەمەوپێش
لاڤین مه‌حمود
«ئه‌گه‌ر به‌جنێودان به من کێشه‌که چاره‌سه‌ر ده‌کات با جنێوم پێبده‌ن، به‌ڵام بێئه‌قڵییه‌که‌یان له‌وه‌دایه دووژنم ھه‌یه، پێنج خوشکم ھه‌یه، دوو دایکم ھه‌یه، ھیچ نه‌بێت پێم بڵێن به‌کامیان داوه تا ئاگاداریان بکه‌مه‌وه «سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره، ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ هاوڵاتى واده‌ڵێت.
نزیکه‌ى (10) ساڵه تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له‌هه‌رێمى کوردستاندا به‌کارده‌هێندرێت، سه‌ره‌تا تۆڕى کۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبوک بۆ بابه‌تى کۆمه‌ڵایه‌تى به‌کارده‌هێندرا، به‌ڵام دواتر بابه‌تى سیاسى و گروپى جیاواز جیاواز‌و په‌یجى فه‌یک دروستبووه بۆ شکاندنى که‌سایه‌تییه سیاسیى و حکومیى و ناوداره‌کان.
رێکان ئه‌حمه‌د، تەمەن 26 ساڵ ناوی خوازراوی یه‌کێک له‌و که‌سانه‌یه له‌سۆشیاڵ میدیا کۆمێنتێکی زۆر له‌سه‌ر بابه‌ته‌کان ده‌دات به هاوڵاتى وت» ئاسوده ده‌بم کاتێک که‌قسه‌ی دڵم ده‌که‌م ئه‌م حکومه‌ته هیچ شتێکیان بۆ نه‌هێشتووینه‌ته‌وه ئه‌وه‌ی هه‌یه تۆزێ ئازادیمانه له‌قسه‌کردن ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌وه‌ش نه‌مێنێت خه‌ڵک چی بکات».
رێکان پێشیوابوو» کۆمێنتێک» ده‌بێته هۆکارێک تا بیرکردنه‌وه‌ی خه‌ڵکێک ده‌رباره‌ی بابه‌تێک بگۆڕیت، «هه‌تا ئێستاش خه‌ڵک هه‌یه بڕوای به‌چاکسازیی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته هه‌یه، به‌ڵام کاتێک کۆمێنتێک ده‌بینێت رای ده‌گۆڕێت».
وتیشی: »سیاسییه‌کان ئه‌م وڵاته‌یان لەبه‌رچاوی گه‌نج خستووه، منیش تا دڵم ئیسراحه‌ت بکات ئه‌و کۆمێنتانه ده‌نووسم».
به‌شێوه‌یه‌کی گشتی به‌شێکی زۆر له‌که‌سایه‌تییه دیاره‌کانی ناو تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌ر ئه‌م دیارده‌یه که‌وتوون، له‌وانه‌ش که‌سایه‌تییه سیاسییه‌کان.
سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره، ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسیی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان له‌لێدوانێکیدا به هاوڵاتى وت» ئه‌گه‌ر به‌جنێودان به‌من کێشه‌که چاره‌سه‌ر ده‌کات با جنێوم پێبده‌ن، به‌ڵام بێئه‌قڵییه‌که‌یان له‌وه‌دایه دووژنم هه‌یه، پێنج خوشکم هه‌یه، دوو دایکم هه‌یه، هیچ نه‌بێت پێم بڵێن به‌کامیان داوه ئاگاداریان بکه‌مه‌وه«.
هه‌روه‌ها سه‌عدى ئه‌حمه‌د پیره وتیشی»ئه‌وه‌ی که‌ئومێدو هه‌موو ئه‌مه‌لی به‌جنێوه چاره‌سه‌ره‌که‌ی له‌ئه‌وان بپرسه، هه‌ر بێزم نایات باسی ئه‌و بابه‌ته بکه‌م».
ئه‌و ئه‌ندامه‌ى مه‌کته‌بى سیاسى یه‌کێتى ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه که‌ته‌کنه‌لۆجیا پێویسته به‌کاربهێنرێت بۆ راگۆڕینه‌وه‌و بۆ فراوانکردنی مه‌ودای فکری مرۆڤ، به‌ڵام «هه‌ر خه‌ریکی جنێو‌و به‌زم و ره‌زمن، گه‌ردنی باوکیان ئازاد بێت ئه‌وانه‌ی جنێو به‌من ده‌ده‌ن».
سه‌رۆکی لیژنه‌ی رۆشنبیری کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له‌په‌رله‌مانى کوردستان ده‌ڵێت:»کێشه‌که له‌وه‌دایه ئه‌کاونتی فه‌یک زۆره‌و رێکخستنی هێنده ئاسان نیه«.
سه‌لمه فاتیح، له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت»به‌کارهێنانی تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان پێویستی به‌ئاستی هۆشیاری خه‌ڵکه‌که هه‌یه، که‌سێک چۆن به‌کاریده‌هێنێت، ته‌عبیرکردنه له‌که‌سایه‌تی ئه‌و که‌سه، چونکه ئه‌مه لاپه‌ڕه‌یه‌کی میدیاییه به‌ده‌ست ئه‌م که‌سه‌وه، میدیاش ئه‌وه‌نده بابه‌تێکی ئیتیکیه که‌متر بابه‌تێکی یاساییه«.
ناوبراو پێشیوابوو «یاسا» ئازادییه‌کی ته‌واوی داوه‌ته به‌کارهێنانی تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، به‌کارهێنانی میدیا به‌گشتی، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێویست ده‌کات یاسا هه‌بێت بۆ رێکخستنی تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان.
سه‌رۆکى لیژنه‌ى رۆشنبیرى له‌په‌رله‌مانى کوردستان هێماى بۆ ئه‌وه‌شکرد، ناتوانن تاک به‌تاکی که‌سه‌کان چاک بکه‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی جنێوده‌ده‌ن، زۆربه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ش فه‌یکن که‌سێک له‌پشتیانه، «ئه‌کاونتی فه‌یک زۆره‌و پێم وابێت رێکخستنی هێنده ئاسان نیه، چونکه ئه‌م ده‌زگایانه ئێمه خاوه‌ندارێتی له‌سه‌ر که‌سه‌کانه‌و ناتوانرێت سانسۆریان له‌سه‌ر دابنرێت».
ئه‌م په‌رله‌مانتاره باسی له‌چاره‌سه‌ری ئه‌م دیارده‌یه کرد‌و وتی»ئه‌وه‌نده‌ی گرنگه ناوه‌نده رۆشنبیرییه‌کان زیاتر کار له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته بکه‌ن و خێزانه‌کان رۆڵی په‌روه‌رده‌ی باشتر بگێڕن تا تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان بۆ لایه‌نى باش به‌کاربهێنن».
له‌هه‌رێمی کوردستان یاسایه‌ک هه‌یه شێوازی ئامێره‌کانی په‌یوه‌ندیکردنی رێکخستوه‌و له‌کاتی خراپ به‌کارهێنانیدا رووبه‌ڕووی سزا ده‌بیته‌وه. له‌کاتێکدا زۆرترین که‌یسی تاوان له‌دادگاکاندا ده‌چنه چوارچێوه‌ی ئه‌م یاسایه‌وه.
یاسای قه‌ده‌غه‌کردنی خراپ به‌کارهێنانی ئامێره‌کانی په‌یوه‌ندیکردنی ژماره ٦ی ساڵی ٢٠٠٨ له‌مادده‌ی «٢» دا به‌م جۆره سزای یاسایی ئه‌و تاوانانه‌ی دیاریکردووه، که«هه‌رکه‌سێک ئه‌گه‌ر به‌خراپی ته‌له‌فۆن یا مۆبایل یان هه‌ر ئامێرێکی په‌یوه‌ندیکردنی ته‌لدار یان بێته‌ل یاخود ئینته‌رنێت یان پۆستی ئه‌لکترۆنی بۆ مه‌به‌ستی هه‌ڕه‌شه‌کردن یان تۆمه‌ت هه‌ڵبه‌ستن یان جنێودان یان بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌واڵی هه‌ڵبه‌ستراو به‌کارهێنا که‌ترس په‌یدا ده‌کات یادزه‌ی به‌گفتوگۆکردن کرد یان وێنه‌ی چه‌سپاوو جوڵاو یان کورته‌نامه‌ی بڵاوکرده‌وه که له‌گه‌ڵ خووڕه‌وشتی گشتیدا ناگونجێن یان به‌بێ رووخسه‌ت‌و مۆڵه‌ت وێنه‌ی گرت یان کاروبارێکی وا که شه‌ره‌ف بریندار بکات یان هانی ئه‌نجامدانی تاوان یان کاری به‌دڕه‌وشتی یان بڵاوکردنه‌وه‌ی زانیاری په‌یوه‌ست به‌نهێنی ژیانی تایبه‌تی یان خێزانی بۆ تاکه‌کان بڵاوبکاته‌وه که به‌هه‌ر رێگایه‌ک بێت چنگی که‌وتوون هه‌تا ئه‌گه‌ر راستیش بن، ئه‌وا ئه‌گه‌ر به‌هۆی بڵاوکردنه‌وه‌یان و دابه‌شکردنیان سووکایه‌تی یاخود زیانیان پێبگه‌یه‌نێت، ئه‌وا بۆ ماوه‌یه‌ک به‌ند(حه‌پس) ده‌کرێت که له‌شه‌ش مانگ که‌متر نه‌بێت‌و له‌پێنج ساڵیش زیاتر نه‌بێت‌و به غرامه‌یه‌کیش سزا ده‌درێت که له‌یه‌ک ملیۆن دینار که‌متر نه‌بێت و له‌پێنج ملیۆن دیناریش زیاتر نه‌بێت، یان به‌یه‌کێک له‌و دوو سزایه«.
نووسه‌رو رۆژنامه‌نووسێک پێیوایه تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان هیچ یاسایه‌ک نایانگرێته‌وه‌و چاودێرییان له‌سه‌ر نیه.
ئه‌نوه‌ر حسێن بازگر، رۆژنامه‌نووس له‌لێدوانێکیدا به هاوڵاتى وت «پێشتر ئێمه ده‌مانوت حاڵه‌ته، به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌ئێستادا بووەته دیارده، ئه‌وه په‌یوه‌ندی هه‌یه به‌و یاسایانه‌ی کاری رۆژنامه‌نووسی له‌هه‌رێمی کوردستان سه‌رکه‌وتوو نه‌بوون له رێگرتن له‌کاره خراپه‌کانی کاری رۆژنامه‌نووسی، هه‌روه‌ها تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان هیچ یاسایه‌ک نایگرێته‌وه‌و چاودێریی له‌سه‌ر نیه«.
هه‌روه‌ها باسى له‌وه‌شکرد ئه‌و «جنێوه‌ی» ئێستا هه‌یه له‌تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی درێژه‌پێده‌ری ئه‌و شه‌ڕه جنێوه‌یه که له‌ساڵه‌کانی نه‌وه‌ته‌کان و دواتریش هه‌بووه به‌ڵام «ئه‌م جۆره‌ی ئێستا هه‌یه خراپترین جۆری مامه‌ڵه‌ی خه‌ڵکه له‌گه‌ڵ میدیا‌و ئه‌گه‌ر رێگاچاره‌ی بۆ نه‌دۆزرێته‌وه له‌داهاتوو سه‌رده‌کێشێت بۆ خراپتر».
بازگر جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه له‌گه‌ڵ «سانسۆر»کردنى تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا نین، به‌ڵام به‌یاسایەک رێکبخرێته‌وه‌و چاره‌سه‌ر بکرێت تاخه‌ڵک نه‌توانێت جنێو بدات، به‌ڵکو ره‌خنه بگرێت.
ده‌روونناس و راوێژکارێکى خێزانى ئاماژه به‌هۆکاره‌کانى»جنێودان» له‌تۆڕه‌کانى کۆمه‌ڵایه‌تى ده‌دات و ده‌شڵێت:» زۆربه‌ی زۆری تاکه‌کان ماندوون و کاتێک قسه‌یه‌کی له‌گه‌ڵ ده‌که‌یت دووه‌م قسه تووڕه بووه«.
شیلان حه‌مه، ده‌روونناس و راوێژکاری خێزانی له‌لێدوانێکیدا به‌هاوڵاتى وت» تاک واده‌زانێت ئازاد بووه‌و له‌و شتانه‌ی حه‌زی لێی نیه‌و رقی لێیه‌تی به‌دڵی خۆی قسه‌ی خۆی بکات، په‌روه‌رده‌کردن له‌ئاستێکی باش‌دا نیه له‌ڕووی خێزانی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه«.
ناوبراو پێشیوابوو «هیچ به‌هایه‌ک بۆ مرۆڤایه‌تی نه‌ماوه«، بۆیه ئه‌م حاڵه‌ته وایکردووه تاک ماف به‌خۆی ده‌دات هه‌موو شت بڵێت و ده‌بێت چاوه‌ڕێی له‌وه خراپتر بین.
شیلان حه‌مه ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه تاکی کۆمه‌ڵگه‌ى کوردستان شکستخواردووه‌و تاکێکی رووخاوه‌و خه‌مۆکه‌و نه‌خۆشییه ده‌روونییه‌کان ساڵ به‌ساڵ له‌زیادبووندایه، زۆربه‌ی زۆری تاکه‌کان ماندوون و کاتێک قسه‌یه‌کی له‌گه‌ڵ ده‌که‌یت دووه‌م قسه تووڕه بووه«.
ئه‌م ده‌روونناسه باسی له‌ڕێگه چاره‌سه‌رییه‌کان کرد بۆ ئه‌م دیارده‌یه، که سه‌رله‌نوێ زیندوکردنه‌وه‌ی هه‌ستی به‌رپرسیارێتی تاک له‌ناوخۆیدا، ئه‌وه‌ش به‌په‌روه‌رده‌یه‌کی جوان ده‌کرێت که‌پێداچوونه‌وه به‌و به‌ها کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌دا بکرێت که تاکه‌کان له‌ژیانی خۆیاندا دایانناوه.