ئەحمەدی حاجی رەشید: رێكکەوتنی بودجە هیچی لێ سەوز نابێت
4 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حەسەن
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق رایگەیاند رێكکەوتنەكەی دوێنێی هەرێم و بەغدا لەسەر پرۆژە یاسای بودجە هیچی لێ سەوزنابێت و بە «فێڵێكی یاسایی» ناودەبات بۆ فرۆشتنی نەوت بە «سیاسەتێكی فاشیل».
ئەحمەدی حاجی رەشید، ئەندامێكی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق بە هاوڵاتی وت «هەرێم زیاتر بەدوای ئەوەدا دەگەڕا كەنیزاعێكی قانونی دەستەكەوێت بۆ فرۆشتنی نەوت، بەدەر لەئەمە هیچی دیكەی لێ سەوز نابێت، چونكە ئەو ماددەییە، قابیل بەتەتبیق نیە، تەنیا بۆ بەدەستهێنانی خیداعێكی قانونییە بۆ فرۆشتنی نەوت بەو سیایەتە فاشیل و شكتخواردووەوەی كەهەیە».
دوێنێ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2021 بەڕێوەچوو، ماددەی (11) لەپڕۆژە یاساكە كە تایبەتە بەپشكی هەرێم لەبودجەی گشتی، پەسەند كرا.
بەپێی پڕۆژە یاساكە حكومەتی هەرێم دەتوانێت نەوت بفرۆشێت و كێشەی یاسایی بۆ نەوتی هەرێم دروست نابێت، بەڵام ئەگەر داهاتەكەی رادەستی بەغدا نەكات پشكی هەرێمی كوردستان نادرێت.
ئەحمەدی حاجی رەشید وتی « ئەوەی دەنگی لەسەردرا، ماددەی (11)یە، دوو بەشەو هەر بەشەی پێنج بڕگەیە، لەبەرئەوەی باس لە (460) هەزار بەرمیل نەوت دەكات، كە (250) بەرمیلی بەشێوەی نرخ یان داهات رادەسی عێراق دەكرێت».
هەر لەپڕۆژە بودجەدا باسی هاوتاكردنی بەركەوتەكان لەنێوان هەولێرو بەغدا دەكات لە 2003 تاوەكو 2020 بەچاودێریی هەردوولا.
لەبەشێكی تریدا باسی ئەوە دەكات ئەو نەوتەی هەرێمی كوردستان دەریدەهێنێت، لە (460) هەزار بەرمیل كەمتر نەبێت و هەموو تێچووەكەشی دەبڕن، بەجۆرێك داهاتی (250) هەزار بەرمیل بەنرخی سۆمۆ رادەست بكرێت، بەسەرپەرشتی هەردوو وەزارەتەكانی نەوتی عێراق و سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستان.
هەروەها هەرێم پابەند كراوە بە رادەستكردنی 50%ی داهاتی نانەوتی، بەچاودێری هەردوولا، لەحاڵێكدا ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندبوو، دەبێ بەغدا بودجەی بۆ بنێرێت بەپێچەوانەشەوە ئەگەر پابەند نەبێت بودجە رەوانە ناكرێت.
عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە رێكکەوتنەكە وتی: «ئەمەی وەفدی ھەرێم بە زانین بێت یان نەزانین، لەڕووی داراییەوە زیانێكی گەورەدەبێت بۆ ھەرێم...
ئەو بڕگەیەی ھەفتەی پێشوو رەتیانكردەوەو وتیان شیعە دەستكاری كردووە، دوێنێ نوێنەرانی پارتی و یەكێتی پێی ڕازیی بوون،
بەپێی ئەو بڕگەیەی لە لیژنەی دارایی بەڕەزامەندی نوێنەرانی پارتی و یەكێتی پەسەندكراوە.
-بۆ پشكی ھەرێم دەبێت، ھەرێم بەھای (250) ھەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داھاتە فیدڕاڵیەكان بداتە حكومەتی فیدڕاڵی لەبەرامبەر پشكی ھەرێمدا.
عەلی حەمە ساڵح وتی «ھەرێم نزیكەی (750) ملیار دینار دەدات و بەغداش ترلیۆنێك دەدات»...
لەبڕگەیەكی دیكەدا ( ھ) ، ئەم بڕگەیەی سەرەوە بەتەواوی بەتاڵكراوەتەوە بۆ ئەوەی ھیچ بڕە پارەیەك بۆ ھەرێم نەیەت.
وتیشی «لە لیژنەی دارایی وتوویانە مەقاسە قبوڵ نیە، ئەگەر ھەرێم بەتەواوی پابەند نەبێت، ھیچ بڕە پارەیەك بۆ ھەرێم نانێرن».
هەروەها وتی «ھەرێم ھیچ نەوتێك نادات تاوەكو پابەند نەبێت! ئەگەر بۆ ئەوەشە كە ھەرێم (750) ملیار دینارەكە بدات بۆ ئەوەی ترلیۆنەكە وەربگرێت ئەوەی نەدەویست بڵێن ھەرێم پابەند نابێ.«
زیاتر وتی «بەدڵنیایی، بڕیار بەدەستی شیعە، بەھای (250) ھەزار بەرمیل بەرامبەر پشكی ھەرێم وەك مەقاسە لێكدەدەنەوە ھیچ بڕە پارەیەك نانێرن.»
عەلی حەمە ساڵح داوایكرد كەوەفدی ھەرێم پێداگیری لەسەر ئەوە بكەن رۆژانە بڕی (250) ھەزار بەرمیل رادەستی سۆمۆ بكەن «كە ئەمەیان نەكرد، كەوتنە ھەڵەیەكی گەورەوە» .
هەروەها وتی «ئەمە بەزانین وەفدی ھەرێم كردبێتیان یان لە نەزانین، ئەمە داوی شیعە بێت یان پلانی ھەرێم، لەئەنجامدا ھیچ بڕە پارەیەك لەبەغداوەو نایەت، بەم فۆڕمە بەڕێوەبردنەی ئێستاش لێبڕین بەردەوام دەبێت».
وتیشی «مانگی ئایندە راستی و دروستی ئەم قسەیەی ئێمە دەردەكەوێت، لەدڵەوە ھیوا دەخوازم من ھەڵەبم بڕە پارەیەك لەبەغداوە بێت».