كۆرۆنای گۆڕاوی بەریتانی زۆرینەی تووشبووەكانی هەرێم پێكدێنن
4 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حەسەن
تەندروستی هەرێم هۆشداری توند دەدات لەمەترسیداریی دۆخی ڤایرۆسی كۆرۆنای گۆڕاو كەزۆرترین تووشبوانی پێكدێنن، بەرپرسانی سلێمانیش رایدەگەیەنن توانای دیاریكردنی شەش جۆری نوێی كۆرۆنای گۆڕاویان هەیە.
ژمارەی تووشبوون و گیانلەدەستدان بەڤایرۆسی كۆرۆنا بەرەو بەرزبوونەوە دەچێت و لایەنە تەندروستییەكانیش هۆشداری لەبارەی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنای گۆڕاو دەدەن.
بەپرسانی وەزارەتی تەندروستی دەڵێن دوای تێپەڕینی چوار مانگ و لەمساڵدا بۆ یەكەمجار مردن بەكۆرۆنا ژمارەی پێوانەیی تێپەڕاندووە، بەجۆرێك لەسەرەتای ئەم هەفتەیەدا تەنها لە (١٢) كاتژمێردا (١٢) كەس مردوون، ئەمەش بەرزترن ژمارەی مردنە لەمساڵدا.
دكتۆر ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتیوت «ژمارەیەكی زۆر خەڵك داخڵی نەخۆشخانەكان كراون و قەڕەوێڵەكانی بەشی چاودێریی چڕ خەریكە پڕ دەبنەوەو جێگە نامێنێت، بۆیە وابڕوات دەكەوینە قۆناغە زۆر مەترسیدارەكەوە».
لەبارەی ئاماری تووشبوون بەكۆرۆنا ئاسۆ حەوێزی وتیشی «تووشبوون و مردن بەكۆرۆنا بەشێوەیەكی مەترسیدار زیاد دەكات، بەجۆرێك، لەماوەی (12) كاتژمێری رۆژی شەممەدا (12) تووشبووی كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و سەدان كەسیش تووشی ڤایرۆسەكە بوون.
ماوەی زیاتر لەچەند مانگێكە ڤایرۆسی كۆرۆنای گۆڕاو لەهەرێمدا حاڵەت هەبووەو تۆمار كراوە، بەڵام لەئێستادا بەرپرسانی تەندروستی هۆشداری لەزیادبوونی ژمارەكان دەدەن بەتایبەت لەناو منداڵاندا.
ئاسۆ حەوێزی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد « لەسەدا 70-80٪ی تووشبووان، تووشی ڤایرۆسە گۆڕاوەكە بوون و رێژەی تووشبوونی منداڵانیش بەرزبووەتەوە».
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هۆكاری بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی بۆ پابەندنەبوونی هاووڵاتیان گێڕایەوەو وتی: «وەزارەتی تەندروستی دەستی بەهەڵسەنگاندنی دۆخەكە كردووەو تاوەكو ئێستاش بەردەوامە، بەدڵنیاییەوە پێشنیازی نوێ دەدرێت بەلیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا بۆ ئەوەی بڕیاری لەبارەوە بدات».
بەرپرسانی ئیداری و تەندروستی پارێزگای سلێمانی ئاماژە بەتۆماركردنی چوار جۆری نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنای گۆڕاو دەكەن كە زیاترینیان كۆرۆنای گۆڕاوی بەریتانین.
هێرش سەید سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی راگەیاند ژمارەی تووشبوون بەكۆرۆنا لەسلێمانی لەزیادبووندایە، 95٪ی ئەو كەسانەی تووش دەبن كۆرۆنای گۆڕاویان هەیە لەجۆری بەریتانیاكە.
لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئاماژە بەوە درا ئامێری پشكنینی كۆرۆنای گۆڕاو لەگەڵ (كۆڤید19) تەنیا یەك ئامێرەو تەنیا كیتەكانی جیاوازەو جۆری ڤایرۆسەكەی پێ دیاریدەكرێت، كە تائێستا لەپارێزگای سلێمانی چوار جۆری دیاریكراوە.
هێرش سەلیم وتیشی: «ئامێرەكان هەر یەكەو تەنیا كیتەكان جیاوازن، تەنیا ئەو بەشەی كەدەتوانێت زنجیرەی ڤایرۆسەكان جیابكاتەوە جیاوازە، ئێمەش ئێستا ئەوەی هەمانە كیتەكان لەڕێگەی ئیلاقاتی تایبەتەوە دەستمان كەوتووەو دەتوانین شەش جۆری كۆرۆنای گۆڕاوی پێ دیاریبكرێت».
جەختی لەوەشكردەوە لەهەوڵدان ژمارەیەكی زۆری كیتەكان دەستبخەن بۆ ئەوەی بتوانن بۆ هەموو هاووڵاتیان پشكنینی كۆرۆنای گۆڕاو بكەن.
لەكۆتایی وەرزی زستان و سەرەتای هاتنی بەهار چەندین جۆر پەتای وەرزی بڵاودەبێتەوە و زۆربەی هاووڵاتیان تووشی دەبن، كە لەئێستادا مەترسی ڤایرۆسی كۆرۆنا وایكردووە دوودڵی لەجۆری ڤایرۆس و پەتاكان دروست ببێت.
جێگری تەندروستی سلێمانی ئەوەی روونكردەوە «جیاوازی پەتاو ڤایرۆسەكان تەنیا لەڕێگەی پشكنینەوەیە، بۆیە هەركەس كە گومانی هەبوو تەنانەت پەتایەكی وەرزیشی بوو، پێویستە پشكنین بكات، چونكە زۆربەی نیشانەكانی رێڕەوی هەناسەی سەرەوە وەك یەكن، تەنیا پشكنینی تاقیگەیی یەكلاكەرەوە دەبێت».
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی وتیشی «ئێمە پێشبینی دەكەین تاكۆتایی مانگی نیسان حاڵەتەكان زیاتر ببن و لەدوای ئەو كاتەوە بارودۆخەكە بەرەو باشبوون بڕوات».
هاوكات پارێزگاری سلێمانی جەختی لەوەكردەوە لەگەڵ حكومەت لەهەوڵدان بۆ دابینكردنی ڤاكسینی گونجاو.
هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت» لەگەڵ حكومەت لەهەوڵدان بۆ دابیكردنی ڤاكسینی گونجاو بۆ هەموو كارمەندان و پزیشكان و هاووڵاتیانیش».
پارێزگاری سلێمانی وتیشی: «ئێمە بەردەوام داوامان لەخەڵك كردووە پێویستە رێكارە خۆپارێزیی و رێنماییە تەندروستییەكان جێبەجێبكەن تا بەهەموومان تووشبوون بەڤایرۆسی كۆرۆنا كەمبكینەوەو رێگری بكەین».
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی لەبارەی تووشبوونی كۆرۆنا، تائێستا زیاتر لە یەک ملیۆن و (359) هەزارو (222) کەس پشكنینی بۆ كراوە و لەو ژمارەیە (119) هەزارو (480) كەس تووشی ڤایرۆسەكە بوون، لەژمارەی تووشبووانیش تائێستا (108) هەزارو (483) كەس لەڤایرۆسەكە بەتەواوی چاكبوونەتەوەو حەوت هەزارو (354) كەس لەژێر چارەسەردان لەنەخۆشخانەكانی هەرێمداو سێ هەزارو (643) كەسیش بەڤایرۆسی كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.