هەوڵی دابینكردنی مووچەی لیوا هاوبەشەكان نەگەیشتووەتە ئەنجام

4 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حەسەن

وەزارەتی پێشمەرگە داوای لەحكومەتی هەرێم كردووە موچەی مانگێكی لیوا هاوبەشەكان بێ‌ لێبڕین دابینبكات، تاكو هاوكارییەكانی ئەمەریكا دەگات كە بڕیاریدابوو مووچەی سێ مانگیان پێبدرێت، بەڵام حكومەت تائێستا ئامادەیی دەرنەبڕیوە.

ئەو بڕە پارەیەی كەهاوپەیمانان بۆ موچەی لیوا هاوبەشەكان دەینێرن (20) ملیۆن دۆلارە بۆ زیاتر لە (٣٠) هەزار پیشمەرگە کە بەهۆی «كێشەی تەكنیكییەوە» نەخراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە.

لیوا قارەمان كەمال جێگری سەرۆكایەتی ئەركان بۆ ئۆپراسیۆنەكان،  لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت: وەك وەزارەت داوایان لەحكومەت كردووە موچەی مانگێكی لیوا هاوبەشەكانیان پێبدرێت بەقەرز تا هاوكارییەكان دەگات، دواتر ئەو پارەیە بگەڕێنێتەوە بۆ حكومەت.

جێگری سەرۆكایەتی ئەركان بۆ ئۆپراسیۆنەكان جەختی لەوەشكردەوە وەزارەتی پێشمەرگە لەدوو قۆڵەوە كاردەكات، لەلایەكەوە لەگەڵ حكومەت بۆ ئەوەی موچەی مانگێكیان پێبدرێت تاكاتی گەیشتی هاوكارییەكان لەلایەن هاوپەیمانانەوە.

لیوا قارەمان وتی: «لەلایەكیشەوە لەگەڵ هاوپەیمانان لەسەر هێڵە تا هاوكارییەكان  زوو بگات و هەرچی زوووە كێشە تەكنیكیەكان چارەسەر بكرێت و پارەكە بگاتە سەر هەژمارەكە».

لیوا هاوبەشەكان (14) لیوان و زیاتر لە (30) هەزار پێشمەرگەن، ئەو بڕە پارەیەی كە هاوپەیمانان بۆ موچەی لیوا تایبەتەكان دەینێرن (20) ملیۆن دۆلارە.

عوسمان كەریم، جێگری لیژنەی پێشمەرگە لەپەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت: «وەك ئەرك و پیشەی خۆمان بەدواداچوونمان كردووە  بۆ ئەوەی بزانین كێشەی دابیننەكردنی موچەی لیوا هاوبەشەكان چیەو چۆن دەتوانرێت بەزووترین كات چارەسەر بكرێت».

جێگری لیژنەی پێشمەرگە لەپەرلەمانی كوردستان ئەوەشی دوپاتكردەوە «هەم هەوڵی چارەسەركردنی كێشە تەكنیكیەكە دەدەین لەلایەن هاوپەیمانانەوەو هەم هەوڵی ئەوەی حكومەت موچەی مانگێك بێ‌ لێبڕین بداتە وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ئەوەی پێشمەرگە بەبێ‌ موچە نەمێنێتەوە».

زیاتر لەدوو مانگە مووچەی لیوا هاوبەشەكانی پێشمەرگە دابەشنەكراوە، هەربۆیە لیژنەی پێشمەرگە داوا لەلایەنی پەیوەندیدار دەكات بەپەلە بێتە سەرخەت بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە.

دوای نەناردنی مووچەی لیوا هاوبەشەكان لەلایەن ئەمریكییەكانەوە بەهۆی گرفتێكی تەكنیكییەوە، كاتی دابەشكردنەكەی دواخراوەو زیاتر لەدوو مانگە لیوا هاوبەشەكان مووچەیان بۆ خەرجنەكراوە.

عوسمان كەریم، وتی: «بۆ ئەم مەبەستە لە 15ی ئەم مانگەدا لیژنەی كاروباری پێشمەرگە بە نووسراوی فەرمی وەك پێشنیاز داوای لەلایەنی پەیوەندیدار كردووە تاهاتنی مووچەی ئەمریكییەكان، بە میكانیزمێكی گونجاو هەوڵبدرێت پارە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دابینبكرێت تامووچە دابەشبكرێت بەسەر ئەو هێزانەدا».

جێگری لیژنەی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشكرد «دابینكردنی بژێویی ژیانی ئەم هێزانە پەیوەستە بەمووچەوەو بەپێی بەدواداچوونەكان ژیانی زۆربەیان لەڕووی ئابوورییەوە سەخت بووە، بۆیە پێویستە مانگانە لەگەڵ فەرمانبەرانی حكومەت مووچەكە وەربگرن».

مانگانە، ئەمریكا زیاتر لە (20) ملیۆن دۆلار بۆ هاوكاری پێشمەرگە دەنێرێت و مووچەی لیوا هاوبەشەكان دەدات، بەڵام بەهۆی ئەو گرفتە هونەرییەوە نزیكەی دوو مانگە خەرجنەكراوە.

وەزارەتی پێشمەرگە لە 21ی مانگی رابردوودا رایگەیاند، لیوا هاوبەشەكانی وەزارەتەكە، بۆ ئەو مانگە سێ مووچە بەیەكەوە و بەبێ لێبڕین وەردەگرن.

هاوكات دوێنێ‌ یەكشەممە، بڕیاربوو بەشێك لەپێشمەرگەكانی لیوای پێنجی شارەزوور گردبوونەوەیەكی ناڕازی رێكبخەن بۆ داواكردنی مووچەكانیان، بەڵام بەهۆی رێگریكردن و هەڕەشەكردن ئەو گردبوونەوەیە ئەنجام نەدرا.

لەڕاگەیەنراوێكدا بەشی راگەیاندنی لیوای پێنجی پیادەی شارەزوور ئاگاداری سەرجەم ئەفسەرو پلەدارو پێشمەرگەكانی كردووەتەوە كەهەر كەسێك گردبوونەوەو خۆپیشاندان بكات بەپێی یاسای سەربازیی لێپرسنەوەیان لەگەڵدا دەكرێت».

رۆژی 21-02-2021 وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لیوا هاوبەشەكانی وەزارەتی پێشمەرگە سێ مووچە بەیەكەوە وەردەگرن، لیوا هاوبەشەكان سەر بەوەزارەتی پێشمەرگەن و سەر بەهێزەكانی (٧٠ و ٨٠)ی یەكێتی نین.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار