تەناوب كاروباری هاووڵاتیان لەبەڕێوەبەرایەتییەكانی سلێمانی دوادەخات
«كۆرۆناو لێبرینی مووچە وایانكردووە فەرمانبەران لەهەفتەیەكدا دوو رۆژ دەوام بكەن»
4 ساڵ لەمەوپێش
لاڤین مەحمود
پارێزگاری سلێمانی ئاماژە بەوەدەدات كە دەسەڵاتیان داوەتە فەرمانگەكان بەهۆی بوونی كۆرۆناو دۆخی مووچەوە ئەو فەرمانبەرانەی هەیە بەسەر رۆژەكانی هەفتەدا دابەش بكرێن، بەڵام»نابێت ئیشی هیچ هاووڵاتییەك لەبەر ئامادەنەبوونی فەرمانبەر دوابكەوێت».
كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم ماوەی شەش مانگە مووچە بەلێبڕینی لەسەدا 21% دابەش دەكات بەسەر مووچەخۆرانداو ئەوەش نیگەرانی لای فەرمانبەران دروستكردووەو ئامادەنین هەموو رۆژێك دەوام بكەن.
بۆ چارەسەركردنی نەبوونی مووچەی تەواو حكومەتی هەرێم پەنای بردووەتە بەر (تەناوب) كە بەشێوەی نۆرە فەورمانبەران لەهەفتەیەكدا دوو رۆژ دەوام دەكەن لەجیاتی پێنج رۆژ.
پارێزگاری سلێمانی: نابێت ئیشی هیچ هاووڵاتییەك دوابكەوێت
هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاریسلێمانی لەلێدوانێكیدا بەهاوڵاتی وت:» لەهەفتەیەكدا دووڕۆژ دەوامناكرێت، بڕیاری ئێمە لەڕۆژی یەكشەممە تا پێنجشەممە لەهەموو فەرمانگەكان دەوامی فەرمییە».
ناوبراو وتیشی: «دەسەڵاتمان داوە بەبەڕێوەبەری ئەو فەرمانگانە لەو باردۆخەی پێشوودا كەمووچە لەكاتی خۆیدا دابەشنەكراو باردۆخی كۆرۆنا زۆر سەختبوو خەڵك نەیدەتوانی لەماڵ بێتە دەرەوە بەپێی ئەو میلاكاتەی كەهەیەتی كارمەندەكانی دابەشدەكات بەسەر ئەو رۆژانەدا بەمەرجێك نابێت ئیشی هیچ هاووڵاتییەك لەبەر دەوامنەكردن یان لەبەر ئامادەنەبوونی فەرمانبەر دوابكەوێت».
بۆ خۆپارێزی لەڤایرۆسی كۆرۆنا حكومەتی هەرێم لەبەرواری یەكی ئازاری 2020 بڕیاریدا بەكەمكردنەوەی دەوامی فەرمانبەران و گشت فەرمانگەكان سەرپشك دەكرێن بەكەمكردنەوەی پابەندبوونی فەرمانبەران، بەدەوامی فەرمی جگە لەو ستافانەی كەپێویستە بۆ راپەڕاندنی كاری فەرمانگەكان.
ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی: حكومەت هیچ پلانێكی نییە
ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت:»دەوام بكرێت یان نەكرێت مادام حكومەت خزمەتگوزاری ناگەیەنێت بەهاووڵاتیان هیچ لەمەسەلەكە ناگۆڕێت، چونكە حكومەتێكی فاشیلە».
ئەنوەر تاهیر، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «ئەوەی هەیە لەفەرمانگاكان بەشێوەیەكی لێكراوە رۆژانە دەوام هەیە، بەڵام بەڕەچاوی كۆرۆناو قەیرانی دارایی حكومەت كەمووچەی نەداوە جۆرێك لەجۆرەكان ئاسانكاری بۆ فەرمانبەران كراوە».
ناوبراو باسی لەوەشكرد هەموو رۆژەكانی هەفتە دەوام ئاسایی دەچێت بەڕێوە، بەڵام بەداخەوە حكومەتی هەرێم هیچ پلانێكی بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان نیە.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پێشیوابوو دەوام بكرێت یان نەكرێت مادام حكومەت خزمەتگوزاری ناگەیەنێت بەهاوڵاتیان هیچ لەمەسەلەكە ناگۆڕێت. وتیشی:»حكومەتی ئێمە حكومەتێكی فاشیلە، هیچ بیانویەكیان نیە چونكە ئەمانە ناتوانن خزمەتگوزاریی بۆ هاووڵاتیانیان دابین بكەن».
شارەوانی سلێمانی: تەناوب كێشەی بۆ هاووڵاتیان دروستكردووە
زەردەشت رەفیق، بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەوانی سلێمانی لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بەوەكرد وەك سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی لەڕۆژی یەكشەممە دەوامیان هەیە تاڕۆژی پێنجشەمەو رۆژانی پێنجشەممان تایبەتە بەكۆبوونەوەی ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی.
زەردەشت رەفیق وتیشی:»فەرمانبەر بەشێوەی (تەناوب) سەرە دەوام دەكات، فەرمانبەر هەیە بۆ ئەوەی نزیك نەبن لەیەكەوەو بەركەوتن نەبێت ئەگەر ژوورێك شەش كەس دەوامی تیابكات ئەو شەش كەسە بەسەرە دەوامی تێدا دەكەن».
ناوبراو باسی لەوەشكرد بەدڵنیاییەوە»ئەم شێوازە كێشە بۆ مامەڵەی هاووڵاتیان دروستدەكات، بەڵام ئەم باری ئابووری هەم كۆرۆنا واپێویست دەكرێت بەم شێوەیە دەوامبكرێت».
بەپێچەوانەی فەرمانگەی شارەوانی وەزارەتی كارەبا پێیوایە هیچ كێشەیەك بۆ مامەڵەی هاوڵاتیانیان دروست نەبووە.
كارەبای سلێمانی: تەناوب كێشەی بۆ هاووڵاتیان دروست نەكردووە
سیروان محەمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای سلێمانی لەلێدوانێكیدا بە هاوڵاتی وت: « حكومەتی هەرێم خۆی بڕیاریداوە دەوامكردن ٣٠% فەرمانبەرانە، ئەمە بەدەست فەرمانگاكان نیە لەپێناو تەندورستی كارمەندان و كەمكردنەوەی تێكەڵاوییە، ئێستا دەوام ئەكرێت بەڵام لە هۆبەیەكدا چوار كەسی تیادایە دەوامەكانیان دابەشكراوە هەفتەی دوو رۆژ دوو كەسیان دەوام ئەكات هەفتەكەی تر دووانی تر».
هەروەها پێشیوابوو بڕوا ناكەم هیچ هاووڵاتییەك كێشەی هەبێت لەدەوامی تەناوبدا، چونكە دەبێت لەهەر بەشێك كارمەند هەبێت و نابێت چۆڵ بێت،»ئێمە هیچ كێشەیەكمان نیە، بەڵام هەندێك ئیش هەیە خۆی رۆتیناتی ئەوێت ئەگینا لەبەر دەوامكردن بڕواناكەم كێشە دروستبێت بۆ هاووڵاتیان رەنگە بەشێوەیەك لەشێوەكان هەیبووبێت بەڵام ئیتر ئەوە بڕیاری حكومەتە».
بەڕێوەبەری گشتی باجەكان: دەوام ئاساییە
كەمال تەیب، بەڕێوەبەری گشتیی باجەكان و خانووبەرەی میری لەوەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكیدا بە هاوڵاتی وت» دەوام ئاساییە، بەڵام هەندێك فەرمانبەر (تناوب)سەرەیان پێدەكرێت، هەندێك فەرمانبەر تەندروستی باش نیە یاخود باری ئابووری باش نیە، هاوكاری دەكرێت».
ناوبراو ئەوەشی روونكردەوە كەسروشتی سلێمانی هەروایە بەئاسانی قەناعەت بەخەڵكی سلێمانی ناكرێت، «بەڕێوەبەرایەتییەكانی سلێمانی فەرمانبەریان زیاترە، ئەگەر بەشێك لەفەرمانبەرەكانیش دەوام نەكەن كێشەمان بۆ دروست نابێت».