دابەزینی بەهای دینار نرخی مریشكی گران كرد

بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانی: بێ‌ پلانیی ئەوانەی كاری بەخێوكردنی پەلەوەر دەكەن بووەتە هۆكاری ناجێگیریی نرخی مریشك

4 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حەسەن

چەند رۆژێكە مریشكی زیندوو لەبازاڕەكانی هەرێم بەڕێژەیەكی بەرچاو بەرزبووەتەوەو  بەرپرسانی ئەو كەرتە هۆكارەكەی بۆ بێ‌ پلانی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان و دابەزینی بەهای دیناری عێراقی دەگەڕێننەوە.

لەئێستادا نرخی كیلۆیەك مریشكی زیندوو لەبازاڕەكانی هەرێم و عێراقدا لەسێ هەزارو (500) دینارو تاچوار هەزار دینار دەفرۆشرێت.

خدر مەولود، پیاوێكی تەمەن (63) ساڵانەو خاوەنی چوار منداڵە، باس لەوەدەكات لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی مریشك دووبارە باری سەرشانیان لەدابینكردنی پێداویستیی رۆژانەی خێزانەكانیان قورستر بووەو وتی» رۆژ بەڕۆژ پێداویستییەكان یەكە بەیەكە گرانتر دەبن، كەئەمەش وادەكات ئەرك و ماندووبوونەكە بۆ سەرشانی بەخێوكەری ماڵ زیاتر بێت».

ئەم پیاوە كاسبكارەو رۆژانە بە (30) هەزار دینار كاردەكات، وتی: « چەندین خێزان هەیە كەگۆشتی سوریان بۆ ناكڕدرێت و مریشك بەكاردەهێنن، بۆیە ناكرێت دەست بنێنە بینەقاقای خەڵك و بزانن چ شتێك زۆر بەكاردەهێنرێت، ئەوە گران بكەن».

پێویستی هەرێمی كوردستان بۆ بەكارهێنانی مریشك ساڵانە بۆ هەر تاكێك (24) كیلۆ گۆشتی مریشكە.

عەبدوڵڵا حسێن، خاوەنی یەكێك لەكێڵگە پەلەوەرییەكانە لەسنوری پارێزگای سلێمانی و ئاماژە بەوە دەدات بەچەندین دەفتەر دۆلار قەرزارەو زیانێكی زۆری بەركەوتووە.

عەبدوڵڵا حسێن، خاوەنی كێڵگەی پەلەوەری هەرین لەسلێمانی، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: « ماوەی هەشت ساڵە كێڵگەی پەلەوەریم  هەیەو مریشك بەخێودەكەم، هیچ كات بەوێنەی ئەم سێ ساڵە زیانم بەرنەكەوتووە، كەئێستا زیاتر لەدوو دەفتەر دۆلار قەرزار بووم».

وتەبێژی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان"ئەم گرانبوونە كاتییەو ماوەی (20) رۆژی دیكە دەخایەنێت، چونكە جوجەڵەی (20) بۆ (25) رۆژی هەیە لەناو پڕۆژەكاندا، كەئەوانە گەورە بوون مریشك لەبازاڕدا زۆر دەبێتەوەو نرخەكان وەك پێشووتری لێدێتەوە"

لەئێستادا لەهەرێمی كوردستان زیاتر لەهەزارو (625) پرۆژەی بەخێوكردنی پەلەوەر بەڕێگەی یاسایی هەیەو زیاتر لەهەزار پرۆژەی نایاسایش بوونیان هەیەو لەو رێژەیە زیاتر لە (850) پرۆژەی لەسنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەدان.

وتەبێژی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان دەڵێت:» دابەزینی بەهای دینار بەرانبەر بەدۆلار زۆر زیانی لێمان داوەو لەهەر (100) دۆلاردا بەتێكڕا (25) هەزار دینار زیانمان بەردەكەوێت، بۆیە ئەوە كاردەكاتە سەر بەرزبوونەوەی نرخی هەموو پێداویستییەكان و لەكۆتاییدا نرخی مریشك بەرزدەبێتەوە».

نازم عەبدوڵڵا، وتەبێژی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»بۆ كیلۆیەك گۆشتی مریشك (450) دینار زیانی دارایی لەسەر خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكان دەكەوێت، بۆیە نرخەكان لەهەموو عێراق بەرزبووەتەوەو خاوەن كێڵگەكان تووشی ئیفلاسی  هاتوون و هۆڵەكانیان داخستووە».

وتەبێژی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان پێشیوابوو ئەم گرانبوونە كاتییەو ماوەی (20) رۆژی دیكە دەخایەنێت، چونكە جوجەڵەی (20) بۆ (25) رۆژی هەیە لەناو پڕۆژەكاندا، كەئەوانە گەورە بوون مریشك لەبازاڕدا زۆر دەبێتەوەو نرخەكان وەك پێشووتری لێدێتەوە.

بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانی سلێمانی، ئاماژە بەوە دەدات بەرزبوونەوەی نرخی مریشك لەبازاڕدا بەهۆی دابەزینی بەهای دیناری عێراقییەوەیە بەرانبەر دۆلاری ئەمریكی.

سۆران عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانی سلێمانی، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «دابەزینی بەهای دیناری عێراقی بەرانبەر دۆلاری ئەمریكی كاریگەری زۆری هەبووە و هەموو بەرهەم و پێداویستییەكانی ئەو كەرتەی بەرزكردووەتەوە، بۆیە نرخی مریشك دووبارە بەرزبووەتەوە».

ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد نرخی هەر كیلۆیەك مریشكی بەستوو (500) بۆ (750) دینار بەرزبووەتەوە، چونكە هەموو شتێك بەدۆلار دێتە هەرێمی كوردستانەوەو مامەڵەكان بەدۆلارن» بەرهەمی مریشك رۆژانە لەشارەكانی هەرێمەوە بەڕێژەیەكی زۆر بەرەو ناوەڕاست و خوارووی عێراق هەناردە دەكرێت، بەڵام هەركات لەناوخۆی هەرێمدا نرخی مریشك گەیشتە سێ هەزار و (500) دینار، واتە لەبازاڕەكاندا كەمبووەوە، هەناردەناكرێت و رادەگیرێت».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار