فەرماندەیەکی پێشمەرگە «دۆخی شەنگال زۆر ئاڵۆزەو مەترسیی شەڕ لەئارادایە»
شەش مانگ لەسەر ئیمزاکردنی رێککەوتنی بەغداو هەولێر تێپەڕی بەڵام هێشتا رێککەوتنەکە نەچووەتە بواری جێبەجێکردن، دۆخی شەنگالیش بەرەو گرژی و در
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی-عەمار عەزیز
میرزا خەلەف، فەرماندەیەکی پێشمەرگەیە لەمەزارگای شەرەفەددین لەشەنگال بەهاوڵاتی وت: «دۆخی ئەمنی شەنگال رۆژ بەڕۆژ بەرەو خراپتر دەڕوات بەتایبەت لەڕووی ئەمنییەوە، هۆکاری سەرەکی ئەم نەئارامییە دەگەڕێتەوە بۆ جێبەجێنەکردنی رێککەوتنی بەغداوهەولێر، رێککەوتنەکە لەمانگی تشرینی یەکەمی 2020 ئیمزاکراوە، بەڵام تائێستا تەنها لەسەدا 10%ی جێبەجێ کراوە، ئەگەر بارودوخەکە هەر بەم شێوەیە بڕوات وهێزەکانی نزیک لەیەبەشە بەتایبەت ئاسایشی ئێزدیخان لەشەنگال دەرنەچێت رەنگە شەڕ دروست بێت لەنێوان هێزەکانی یەبەشەو سوپای عێراق کەئەوەش دەرئەنجامی زۆر خراپی لێدەکەوێتەوە».
میرزا خەلەف وتیشی: « سوپای عێراق 1ی نیسانی وەک دوایین وادە داوەتە ئەنجومەنی خۆسەری دیموکرات بۆ کشانەوەی ئاسایشی ئێزدیخان لەناوەندی شار، بەپێی زانیارییەکانم هێزەکانی یەبەشە خۆیان ئامادەکردووە بۆ وەڵامدانەوەی هەرهێرشێکی سەربازی لەلایەن سوپای عیراقەوە بۆ سەر هێزەکانی ئەوان، یەبەشە و حەشدی شەعبی نایانەوێت رێککەوتنی بەغداو هەولێر جێبەجێ بکرێت، چونکە لەبەرژەوەندی ئەواندا نییە».
«بەرپرسیارەتی شەڕو ئاڵۆزی دەکەوێتە ئەستوی یەبەشە و حەشدی شەعبی، ئەگەر شەڕ دروست بێت ژمارەیەکی زۆر لەئێزدییەکان دەبنە قوربانی و جارێکی تر هەموو ئەو خەڵکەی گەڕاوەتەوە شەنگال دووبارە دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان» میرزا خەلەف وای وت.
حەسو ئیبراهیم، جێگری ئەنجومەنی خۆسەری دیموکرات لەشەنگال بەهاوڵاتی وت: « لەکۆبوونەوەو گفتۆگۆی ئێمەو سوپای عێراق باسمان لەدوو داواکاری سەرەکی کردووە، کەئەوانیش نابێت هیچ هێزێکی بیانی لەچیای شەنگال جێگیربیت، لە 3ی ئابی 2014 نەمانهێشت چیایەکە بکەویتە دەست داعش و بەخوێن بەرگریمان کرد، خەڵکێکی زۆر چاندنیان کردووە و مایەی خێرو بەرەکەتە بۆ خەڵکەکە، دووەم نابێت ئاسایشی ئێزدیخان لەناوەندی شەنگال دەربکرێت».
«سوپای عێراق دەیان جار بەئێمەی وتووە کێشەکان چارەسەردەکەین، بەڵام بەداخەوە بەڵێنەکانی خۆیان جێبەجێ ناکەن، لەئێستادا شتێکی نوێیان بۆ ئێمە زیادکردووە، ئەویش دەرکردنی هێزەکانی ئاسایشی ئێزدیخان و جێبەجێکردنی رێککەوتنی بەغداو هەولێر، کەئەوەش بەلای ئێمەوە مایەی قبوڵکردن نییە.»
«بەرپرسانی عێراق لەبەرامبەر داواکارییەکانمان دوو روون، کاتێک کۆبوونەوەیان لەگەڵ دەکەین دەڵێن ئێوە شایەنی هەموو شتێکن و هەموو داواکارییەکانی ئێوە جێبەجێ دەکەین، بەڵام کاتێک کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنێکی تر دەکەن هەڕەشە لەئێمە دەکەن، ئەگەر ئەوان بە زۆر رێککەوتنەکەی بەغداو هەولێر لەسەر خەڵکی شەنگال جێبەجێ بکەن، ئاڵۆزی لەنێوان سوپاو خەڵک دروست دەبێت، چونکە رێککەوتنەکە خزمەت بەخەڵکی ناوچەکە ناکات، بەبڕوای من ئەو رێککەوتنە فەرمانێکی ترە بەسەر ئێزدییەکان و لەژێر سێبەری یاسا» حەسو ئیبراهیم وای وت.
حەسو ئیبراهیم وتیشی: « شەڕخواز نین و شەڕ لەگەڵ هیچ لایەنێک ناکەین، بەڵام ئەگەر لایەنێک هێرش بکاتەسەرمان و بیەوێت ئیرادەی خەڵکی شەنگال بشکێنێت رووبەڕووی دەبینەوەو بەهەموو شێوەیەک بەرگریی لەخۆمان دەکەین، سوپای عێراق لەچەند رۆژی رابردوو و ئێستاش لەبازگەگان زۆر خەڵک بێزار دەکەن، پشکنینەکانی خۆیان زۆر توند کردووە، ئەمەش وەک وەڵامێکه بۆ ئێمە کەدەیانەوێت خۆیان سەرپەرشتی تەواوی مەلەفی ئەمنی بکەن».
ناتق ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی قەزای شەنگال بەهاوڵاتی وت: «سوپای عێراق 1ی نیسان وەک دوایین وادە دەستنیشان کردووە بۆ دەرکردنی هەموو هێزە ناشەرعییەکان لەناوەندی شەنگال، پێویسته هەموو هێزەکان پێداگیری بەبڕیارەکە بکەن، ئەوەش بۆ ئەوەیە کەتاوەکو چیتر رێککەوتنی بەغداو هەولێر دوانەکەوێت و تەواوی بەندەکانی وەک خۆی جێبەجێ بکرێن».
ناتق ئەحمەد، وتیشی: «باوەڕناکەم شەڕ دروست بێت، گفتۆگۆو دانوستاندن لەنێوان سوپاو هەموو هێزەکانی ناو شەنگال بەردوامن تاوەکو بگەنە رێککەوتن و کێشەکان لەناو خۆیاندا چارەسەربکەن».