"هەوڵ بۆ تێپەراندنی پڕۆژەی بودجە بەردەوامە"

4 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حەسەن

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق رایگەیاند "هەوڵێک هەیە ئەم دوو ڕۆژەی کۆتایی هەفتە پڕۆژە یاساکە تێپەڕێنرێت, بەڵام تائێستا دیار نیە کۆبونەوەی پەرلەمان چوارشەممە یان پێنج شەممە دەکرێت".

ئەحمەدی حاجی رەشید، ئەندامێكی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق بە هاوڵاتی  وت "هەوڵێک هەیە ئەم دوو ڕۆژەی کۆتایی هەفتە پڕۆژە یاساکە تێپەڕێنرێت, بەڵام تائێستا دیار نیە کۆبونەوەی پەرلەمان چوارشەممە یان پێنج شەممە دەکرێت".

ڕۆژی شەممە کۆبونەوەی لیژنەی دارایی  ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2021 بەڕێوەچوو، ماددەی (11) لەپڕۆژە یاساكە كە تایبەتە بەپشكی هەرێم لەبودجەی گشتی، پەسەند كرا.

بەپێی پڕۆژە یاساكە حكومەتی هەرێم دەتوانێت نەوت بفرۆشێت و كێشەی یاسایی بۆ نەوتی هەرێم دروست نابێت، بەڵام ئەگەر داهاتەكەی رادەستی بەغدا نەكات پشكی هەرێمی كوردستان نادرێت.

ئەحمەدی حاجی رەشید وتی" ئەو هێزە نایارانەی کەقبوڵیان نیە موئازەنە تێپەڕێنێت، گرفتیان لەگەڵ هەیە، هاوپەیمانی فەتح و دەوڵەتی یاسا و فراکسیۆنی فەزیلەن، پێشتر کوتلەی سائیرون هەندێک کێشەی هەیبوو ئێستا چارەسەری کردووە، کوتلەی حیکمە دودڵن،بەڵام ئەو سیانەی تر تائێستا ڕەزامەندیان نەداوە, ئەمڕۆ یان لەماوەی ٢٤کاتژمێری دیکە بڕیارە یەکلابێتەوە".

دوای ئەوەی شەوی شەممەی ئەم هەفتەیە کوتلە جیاوازەکانی ناو پەرلەمانی عێراق لەناو کۆبونەوەی لیژنەی دارایی ڕێککەوتن لەسەر پشکی هەرێم و پڕۆژەیاسای بودجە کرا، دوا بەدوای کۆبونەوەکە، بڕیار بوو کۆبونەوەی پەرلەمان بکرێت، به‌ڵام به‌هۆی سوربونی بەشێك لەلایەنه‌ شیعەکان لەسەر دابەزاندنەوەی بەهای دۆلار، په‌رله‌مانی‌ عێراق نەیتوانی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی 2021 پەسه‌ند بکات‌و کۆبونەوەكه‌ی بۆ کاتێکی دیكه‌ دواخست.

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق ئەوەشی ڕونکردەوە و وتی " هەندێک بۆچونیان وایە ئەم دواکەوتنە پەیوەندی بە دادگای پاریسەوە هەیە بۆیە بڕوایان وایە موئازەنە نابێت تا مانگی پێنج تێپەڕێنرێت،هەندێکی تر بۆچونیان وایە پەیوەندی بە هەڵبژاردنەکانەوە هەیە پێویستە موئازەنە تێنەپەڕێنرێت و هەڵبژاردنەکان نەکرێت".

پڕۆژه‌یاساى بودجه‌ى 2021ى عێراق، له‌ (129) ترلیۆن دیناره‌و له‌سه‌دا (12.67) پشکى هه‌رێمه‌و ئه‌گه‌ر هه‌ردوولا په‌یوه‌ست بن به‌بودجه‌وه‌ ئه‌وا زیاتر له‌ (13) ترلیۆن دینار له‌ماوه‌ى ساڵێکدا بۆ حکومه‌تى هه‌رێم ره‌وانه‌ ده‌کرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە بەپێی یاسا، پێویستە لەکۆتایی ساڵ دا پڕۆژە یاسای بودجە ئامادە بکرێت و لەسەرەتایی ساڵی تازەدا کاری پێ بکرێت، بەڵام ئێستا کۆتا ڕۆژی مانگی ئازارە و تائێستا پڕۆژە یاساکە ئامادە نەبووە واتە سێ مانگ لەوادەی یاسایی دواکەوتووە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار