پەرلەمانتارێكی یەكێتی حكومەتی هەرێمی بە»مێیینە» ناوبرد

ژنانی فراكسیۆنە جیاوازەكان لەیاداشتێكدا داوا دەكەن لەناو هۆڵی پەرلەمان داوای لێبوردن بكات

4 ساڵ لەمەوپێش



ماردین نوردەین

هاوڕێ مەلا ستار، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان لەكاتی وەرگرتنی «نوقتەی نیزامیدا» لەكۆتا دانیشتنی پەرلەمان حكومەتی هەرێمی تۆمەتبار كرد بە»حكومەتی مێیینە»، ئەوەش كاردانەوەی توندی بەدوای خۆیدا هێناوە.

بەشێك لەژنانی فراكسیۆنە جیاوازەكانی پەرلەمان لەیاداشتێكدا داوا دەكەن هاوڕێ مەلا ستار ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لەناو هۆڵی پەرلەماندا داوای لێبوردن بكات، هەرچەندە ئەو پەرلەمانتارە باسی ئەوەی بۆ پەیامنێرەكەی هاوڵاتی كردووە كە داوای لێبوردنی كردووە.

خەدیجە عومەر  ئەندامی لیژنەی یاسایی لەپەرلەمانی كوردستان بەهاوڵاتی وت: «ئێمە وەك ئافرەتان زۆر ئیدانەی ئەو كارەمان كردووە، لەچوارچێوەی پەیڕەوی ناوخۆشدا داوامان كردوە رێكاری پێویست بگیرێتە بەر، لەبەرئەوەی لەڕاستیدا ئەو جۆرە وشانە زۆر نابەجێن بۆ ئافرەتان بەتایبەتی ئافرەتانی كوردستان».

ناوبراو باسی لەوەشكرد لەچوارچێوەی كاری پەرلەمانیش سەرۆكی پەرلەمان بڕیاری خۆیدا كەدەبێت وتەكانی لەناو پڕۆتۆكۆڵ بسڕێتەوە، «ئێمەش پێمان وایە دەبێت ئەو پەرلەمانتارە داوای لێبوردن لەهەموو ئافرەتانی كوردستان بكات».

ئەو پەرلەمانتارە جەختی لەوەشكردەوە لەئێستادا خەریكی ئەوەن یاداشتێكیان ئامادەكردووە بۆ ئەوەی لەناو هۆڵی پەرلەمان داوای لێبوردن بكات، هەرچەندە فراكسیۆنی یەكێتی داوای لێبوردنی كردووە» ئێمە ئەو لێبوردنەمان پێ قبوڵە، بەڵام خودی خۆشی شەخسیی پێویستە داوای لێبوردن بكات، ئێمە ئەو یاداشتەمان ئامادە كردوە بۆ ئەوەی لەناو هۆڵی پەرلەمان داوای لێبوردن بكات».

لەبارەی یاداشتەكە كەئامادە كراوە خەدیجە عومەر وتی: «یاداشتەكە هەموو ئەو كەسانەو ئەو پیاوانەش كە لەپەرلەمانن ئیمزایان لەسەر كردووە كەداوا لەو پەرلەمانتارە دەكەین داوای لێبوردن بكات، ئێمە پێمانوایە دەبێت لەناو هۆڵی پەرلەمان داوای لێبوردن بكات».

ژنە پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی یەكێتی ئەوە دەخاتەڕوو كە وتەی پەرلەمانتارەكەی یەكێتی گونجاو نەبوو.

سەلمە رەشید پەرلەمانتاری یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان بە هاوڵاتی وت:» ئەوەی كە وتی شتێكی گونجاو نەبوو، نەدەكرا بەو جۆرە تەعبیرەكەی بەو جۆرە دەرببڕێت، هەڵوێستی ئێمەش وەك ژنانی ناو فراكسیۆن، ئێمە هەموومان یەك هەڵوێستین لەسەر ئەوەی كە لێدوانەكانی پەیوەندیدار نییە بەفراكسیۆنی ئێمەوە، پەیوەندیدارە بە رای شەخسیی خۆیەوە».

هەروەها وتیشی:» فراكسیۆنەكەمان بەرپرسیار نییە لەقسەی شەخسیی هەر كەسێك دەیكات، نەك هەر ئەو، منیش قسەیەكی شەخسیی بكەم فراكسیۆنەكەم بەرپرسیار نییە، ئێمە رای خۆمان وەك ژنانی فراكسیۆنەكەمان لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسی خستەڕوو».

سەلمە رەشید ئەوەشی دووپاتكردەوە كە لەو یاداشتەی ئامادەكراوە بۆ ئەوەی ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان بكرێت، ئافرەتانی فراكسیۆنی یەكێتیشی تێدایە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار