‌رێژەی توشبوون بەكۆرۆنا لەدهۆك گەیشتووەتە ئاستێكی مەترسیدار

لەهەفتەیەكدا سێ هەزارو 901 كەس تووشی كۆرۆنا بوون و 40 كەسیش گیانی لەدەستداوە

4 ساڵ لەمەوپێش



پ.دهۆك

لەسنوری پارێزگای دهۆك رێژەی توشبوون بەڤایرۆسی كۆرۆنا گەیشتووەتە ئاستێكی مەترسیدارو بەرپرسانی تەندروستی دەڵێن لەسەدا 60%ی هاووڵاتیان رێنماییەكانی تەندروستی جێبەجێ ناكەن.

وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم سەرەڕای ئەوەی رۆژانە ئامارەكانی تووشبوون و گیانلەدەستدان و چاكبوونەوە بەڤایرۆسی كۆرۆنا رادەگەیەنێت، لەگەڵ ئەوەشدا داوای خۆپاراستن و جێبەجێكردنی رێنماییەكان دەكات.

دكتۆر فەرهاد ئیسماعیل، بەڕێوەبەری كاروباری خۆپاراستنی دهۆك لەلێدوانێكدا  بەهاوڵاتی وت:»ئێمە رۆژانە سێ بۆ چوار هەزار پشكنینی كۆرۆنا بۆ خەڵك دەكەین، ئەگەر بەراوردی بكەین بەناوچەكانی تر بەتایبەت سلێمانی رێژەكەی ئێمە دوو ئەوەندە زیاترە».

ناوبراو پێشیوابوو زیادبوونی رێژەی تووشبوون بەكۆرۆنا لەدهۆك پەیوەندی بەژمارەی زۆری پشكنینەوە هەیەو لەگەڵ ئەوەشدا پاپەندنەبوونی هاووڵاتیانیشی بەهۆكارێكی دیكە دانا بۆ زۆربوونی تووشبووان بەكۆرۆنا.

دكتۆر فەرهاد ئیسماعیل وتیشی» ئێستا لەشەپۆلی دووەمی كۆرۆناداین، ئەگەر هاووڵاتیان پاپەند نەبن رێژەی تووشبوون و گیانلەدەستدانیش هێشتا زیاتر دەبێت».

بەپێی ئامارێكی وەزارەتی تەندروستی لەماوەی هەفتەی رابردوو لەیەكی نیسان تا 10 نیسان سێ هەزار و (901) كەس تووشی كۆرۆنا بوون لەپارێزگای دهۆك و (40) كەسیش گیانیان لەدەستداوە.

بەڕێوەبەری نەخۆشییە گواستراونەكان لەدهۆك دەڵێت لەسەدا 60%ی هاووڵاتیان پابەندی رێنماییە تەندروستییەكان نابن.

سەگڤان حەسەن عەلی، بەڕێوەبەری نەخۆشییە گواستراوەكان لەدهۆك بەهاوڵاتی وت:» لەمانگی ئادار بەتایبەت لەڕۆژانی جەژن لەسەدا98 %ی خەڵك پێگیر نەبوون بە رێنماییەكانی تەندروستی، ئێستاش لەسەدا 60٪ی دانیشتووانی پارێزگای دهۆك بەتەواوی رێنماییەكان جێبەجێ ناكەن».

بەڕێوەبەری نەخۆشییە گواستراوەكان لەدهۆك ئاماژەی بەوەشكرد ئێستا سەنتەری نەخۆشخانەی (50) قەرەوێڵەیی (كۆڤید 19)و نەخۆشخانەی لالاف ئەویش (100) قەڕەوێڵەیی و نەخۆشخانەی هاوارهاتنی زاخۆو بەشێك لەنەخۆشخانەی گوڵان لەئاكرێ ، ئەمانە تایبەتن بەنەخۆشی كۆرۆنا.

هاوكات، سەگڤان حەسەن ئەوەشی خستەروو (70) تا (80)  تووشبووی كۆرۆنایان لەژێر چاودێری وردی پزیشكیدایە، وتیشی:»تائێستا نەگیشتووینەتە رادەیەكی زۆر مەترسیدار، بارودۆخەكە لەژێر كۆنترۆڵی ئێمەدایە، ئەگەر ناچاربین ئەوكات بەشێك لەنەخۆشخانەی گشتیی ئازادی لەناوەندی دهۆك بۆ تووشبووانی كۆرۆنا ئامادە دەكەین».

«قەدەغەی تەواوەتی زۆر باشە بۆ كەمكردنەوەی رێژەی تووشبوون بەكۆرۆنا، بەڵام لەعێراق و كوردستان زەحمەتە جارێكی تر قەدەغەی تەواوەتی رابگەیەنرێت، ئەوەش بەهۆی دۆخی دارایی و بژێویی خەڵك، پێشنیارمان كردووە شەوانی رەمەزان بكرێتە قەدەغەی هاتوچۆ چونكە دوای بەربانگ قەرەباڵغییەكی زۆر دروستدەبێت بەتایبەت لەناو بازاڕدا» سەگڤان حەسەن وای وت.

سەگڤان حەسەن رەتیكردەوە كە بەرزبوونەوەی ئاماری كۆرۆنا بەهۆی ئەو كەسانەوە بێت كە لەدەرگای نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل دێنە دهۆك، وتیشی: «هەركەسێك لەدەروازەكە بێتە ناو دهۆك پشكنینی كۆرۆنای بۆدەكرێت، بەرزبوونەوەی ئامارەكان هیچ پەیوەندیی بەدەروازەكەوە نیە، زیاتر لەناو دانیشتووان بەخێراییەكی زۆر بڵاودەبێتەوە».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار