وەزارەتی پێشمەرگە: دامەزراندنی كارمەندی پزیشكی بەفۆرم بووە
نزیكەی 107 كارمەندی پزیشكی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دامەزرێندراون و پشكی شێر بەر پارتی كەوتووە
4 ساڵ لەمەوپێش
لاڤین مەحمود
سەرەڕای ئەوەی داوای (107) كەسی پزیشكی كراوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، لەئێستادا (52) كەسیان یەكلاكراونەتەوە، ئەمیداری گشتی وەزارەت دەڵێت:» دامەزراندنەكان بەگرێبەستەو بەمووچەی مانگانەی (500) هەزار دینار دەبێت».
لیوا قارەمان كەمال، جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «وەزارەتی پێشمەرگە داوای كردووە لەحكومەت بۆ دابینكردنی بەشێك لەكارمەندی پزیشكی داواكرا لەخەڵك تەقدیمی بكەن بەمەبەستی وەرگرتنیان، بەشێكی زۆر لەخەڵك تەقدیمی كردووەو بەڕێوبەرایەتی پزیشكی سەر بەوەزارەتی پێشمەرگە هەڵیبژاردوون».
ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد پاش ئەوەی ناوەكان چووە ئەنجومەنی وەزیران و رەزامەندی پێدرا، بەڕێوەبەرایەتی پزیشكی لەوەزارەتی پێشمەرگە لیژنەیەكیان پێكهێناوە لەڕێگەی ئەو لیژنەیەوە ئەو كەسانەی پێشكەشیان كردووە لێیان هەڵبژێردراوە، دواتر نێردراوە بۆ وەزارەت و ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندیی لەسەر داوە.
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی كە باس لەوەدەكرێت پارتی بەشێكی زۆری خۆی دامەزراندووە، لیوا قارەمان وتی: « نەخێر شتی وانیە تیایدا نەنووسراوە ئەمە یەكێتییەو ئەمە پارتییە، ناوەكان بەرزكراوەتەوە هەندێكی هاتۆتەوەو هەندێكی نەهاتۆتەوە، نەخۆشخانەكە نەخۆشخانەیەكی نوێیەو پێویستی بەو كادرانەیە كەئێمە ناردوومانن.»
نەخۆشخانەی پێشمەرگە، لەسەر ئەركی حكومەتی ئەڵمانیا بۆ پێشمەرگە دروستكراوەو یەكێكە لەگرنگترین ئەو پڕۆژانەی، كەحكومەتی ئەڵمانیای فیدڕاڵ وەك دیاری پێشكەش بەوەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كردووە، لەیەكی ئازاری ئەمساڵدا بەفەرمی لەهەولێر كراوەتەوە.
جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بەهاوڵاتی وت: « تائێستا هیچ دامەزراندنێك نەهاتووە، تەنها وەزارەتی پێشمەرگە داوای كردووە، ئەویش پزیشك نا یاریدەدەری پزیشكی بۆ دامەزرێنن بۆ نەخۆشخانەی وەزارەتی پێشمەرگە».
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، ئەوەشی روونكردەوە كە ئەو یاریدەدەری پزیشكیانە بەگرێبەست دامەزراون و مانگانە بەمووچەی (500) هەزار دینار دەوام دەكەن «ناوی نزیكەی (52) كەسیان هاتۆتەوە، چاوەڕێی وەجبەی دووەمیان دەكەین بۆ نەخۆشخانەی پێشمەرگە دایاندەمەزرێنین».