هەزاران كەس ڤاكسینی دژە كۆرۆنای بەریتانی وەردەگرن

تائێستا لەهەرێمی كوردستان زیاتر لە 24 هەزار كەس ڤاكسینی كۆرۆنایان وەرگرتووە

4 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حەسەن

ماوەی زیاتر لەمانگێكە ڤاكسینی دژە كۆرۆنا گەیشتۆتە هەرێمی كوردستان و لەدوای كەرتی تەندروستی تائێستا زیاتر لەهەزار لە هاووڵاتیانی هەرێم ڤاكسینەكەیان وەرگرتووە.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم ئاماژە بەوەدەدات پێشوازی هاووڵاتیان بۆ ڤاكسینەكە لەئاستێكی باشدایە و لەهەوڵدان بۆ دابینكردنی ڤاكسینی دژە كۆرۆنا بۆ تەواوی هاووڵاتیان.

ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «بەخۆشحاڵییەوە پێشوازی خەڵك بۆ ڤاكسینەكە زۆر باشەو ئێستا خەڵكانێكی زۆر رۆژانە لەبنكەكاندا نۆرە دەبەستن بۆ وەرگرتنی ڤاكسینەكەو ناو تۆمار دەكەن».

وتەبێژەكەی وەزارەتی تەندروستی هەرێم پێشیوابوو خەڵك هۆشیاری ئەوەی لا دروست بووە، وەرگرتنی ڤاكسین هیچ مەترسی نیە و تەنیا هەندێك نیشانەی سوكی هەیە كەجێگەی مەترسی نیە و سەد لەسەد لەمردن دەتپارێزێت.

ئاسۆ حەوێزی، وەك لایەنی حكومەت ئەوەشی دووپاتكردەوە، هەر كەسێك بیەوێت ڤاكسین وەربگرێت، دەبێت بۆی دابین بكرێت و وتی: « بەبڕیاری ئەنجومەنی وەزیران دەبێت ڤاكسین بۆ هەموو هاووڵاتیەك دابین بكرێت و پشتوانی زۆریشمان هەیە بۆ دەستخستنی».

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لەبارەی دۆخی ئێستای هەرێمەوە ئەوەی روونكردەوە دۆخەكە باش نیەو وتی:» رۆژانە ژمارەی تووشبووەكان كەم و زۆر دەبن، بەڵام بەگشتی دۆخەكە بەداخەوە باش نیەو ژمارەی تووشبوو لەزیادبووندایە».

تائێستا لەجیهاندا حەوت جۆر ڤاكسینی دژە كۆرۆنا دۆزراوەتەوەو لەوڵاتاندا بەكاردەهێنرێت و سێ جۆر لەوانە گەیشتوونەتە عێراق  و دوو جۆریان لەهەرێمدا بەكاردەهێنرێن.

یەكەم جۆری ڤاكسینی دژە كۆرۆنا لەجۆری سینۆفارم بەبێ بەرامبەر لەلایەن چینەوە پێشكەش هەرێمی كوردستان كراو  كەرتی تەندروستی و كەسە بەتەمەنەكان وەریانگرت.

لەئێستادا دووەم جۆری ڤاكسینی كۆرۆنا بەناوی ئەسترازینیكا ی بەریتانی گەیشتۆتە هەرێم، ماوەی (45) رۆژە هاووڵاتیان لەبنكەكاندا وەریدەگرن.

دوێنێ، یەكشەممە، یەكەم كاروانی ڤاكسینی فایزەر گیشتە عێراق و چاوەڕوان دەكرێت لەماوەیەكی نزیكدا بەشی هەرێمی كوردستان بنێردرێت.

لەپارێزگای سلێمانی تائێستا زیاتر لە (10) هەزار كەس ڤاكسینی كۆرۆنای وەرگرتووەو حەوت مەڵبەندی تایبەت كراوەتەوە بۆ هاووڵاتیان.

رزگار عەلی، بەڕێوەبەری نەخۆشییە گوازرەكان لەپارێزگای سلێمانی، لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت» تائێستا حەوت مەڵبەندمان كردۆتەوە بۆئەوەی هاووڵاتیان بتوانن سەردان بكەن و ڤاكسین وەربگرن، كە بەنیازین بیكەینە (32) مەڵبەند بۆ ئەوەی لەكەمترین ماوەدا زۆرترین هاووڵاتیان سودی لێوەربگرن».

بەڕێوەبەری نەخۆشییە گوازراوەكان ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد تائێستا زیاتر لە (10) هەزار هاووڵاتی ڤاكسینیان وەرگرتووە.

هاوكات ئەوەشی دووپاتكردەوە هاووڵاتیان ترسیان كەمبووەتەوەو خۆیان دەچن ناو دەنووسن و سەردان دەكەن بۆئەوەی ڤاكسینەكە وەربگرن.

لەپارێزگای دهۆك هەشت هەزار كەس ڤاكسینی كۆرۆنای وەرگرتووە، (29) مەڵبەندی وەرگرتنی ڤاكسین بۆ هاووڵاتیان كراوەتەوە.

حەمزە رەزیفی، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی دهۆك، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: « لەئێستادا (29) بنكەی وەرگرتنی ڤاكسینمان كردووەتەوەو زیاتر لەهەشت هەزار كەس ڤاكسینەكەیان بۆ بەكارهاتووە».

هەروەها ئەوەشی خستەڕوو هاووڵاتیان بە پەرۆشەوە سەردانی مەڵبەندەكان دەكەن و دەیانەوێت ڤاكسینەكە وەربگرن كەدەزانن تاكە رێگەیە بۆ بەرگری پەیداكردنی ڤایرۆسەكە.

لەپارێزگای هەڵەبجە (170) كەس ڤاكسینی كۆرۆنایان وەرگرتووە كەتەنیا یەك مەڵبەندی تایبەت بەهاووڵاتیان كراوەتەوە.

شاناز نەقشبەندی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەڵەبجە، لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: « ئێمە تائێستا یەك بنكەمان كردووەتەوەو (170) كەس ڤاكسینەكەیان وەرگرتووە».

وتەبێژی تەندروستی هەڵەبجە ئەوەی روونكردەوە پێشوازی خەڵك بۆ وەرگرتنی ڤاكسینەكە وەك پێویست نیەو وتی:» بەداخەوە خەڵكی لەپارێزگاكە ڤاكسینەكە وەرناگرن، بۆیە داوایان لێدەكەین  سەردانی مەڵبەندەكە بكەن و رێگاكانی خۆپارێزی بگرنەبەر بۆ كۆترۆڵكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا».

لەپارێزگای هەولێر (43) مەڵبەندی وەرگرتنی ڤاكسین كراوەتەوە، تائێستا شەش هەزار كەس ڤاكسینەكەیان وەرگرتووە.

بژار موسا، وتەبێژی تەندروستی هەولێر، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» بەخۆشحاڵییەوە هاووڵاتیان بە رێژەیەكی باش سەردانی مەڵبەندەكان دەكەن و ڤاكسینەكە وەردەگرن، كەئەمە مانای ئەوەیە خەڵكەكە ترسی نەماوە».

وتەبێژی تەندروستی هەولێر جەختی لەوەشكردەوە» لەپارێزگاكە بەشێوەیەكی باش خەڵكی خۆیان دەپارێزن و ڤاكسینەكەش وەردەگرن، بۆیە ئەمە خۆشحاڵییەو ئومێدێكە بۆ ئەوەی خەڵكی پابەندی رێنمایەكانن و خۆیان دەپارێزن».

تائێستا لەهەرێمی كوردستان زیاتر لە (132) هەزارو (270) كەس تووشی كۆرۆنا بوون و  لەو ژمارەیەش سێ هەزارو (786) گیانلەدەستدان تۆماركراوەو  (113) هەزارو (959) كەس چاكبوونەتەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار