هاوڵاتی مەرجەكانی فراكسیۆنی گۆڕان بۆ عومەر سەید عەلی ئاشكرا دەكات
فراكسیۆنی گۆڕان لەبەغدا بۆ عومەر سەید عەلی: گۆڕان پێویستە بكشێتەوە لەحكومەتی هەرێم
4 ساڵ لەمەوپێش
ئارا ئیبراهیم
دوای ناردنی دوو نامە لەلایەن رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕانەوە بۆ فراكسیۆنەكەی لەبەغدا كە لەنامەی دووەمیاندا زۆر بەتوندی نووسیویەتی:» یان وەرنەوە ژێر باڵی گۆڕان، یان خواحافیزتان بێت»، لەبەرانبەریشدا فراكسیۆنەكە وەڵامێكی دەدەنەوە كە لەسێ خاڵی جەوهەری پێكهاتووەو وەك پێشمەرج وەسفی دەكەن.
عومەر سەید عەلی، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لەنامەیەكدا كە لەماوەی چەند مانگی رابردوو رەوانەی فراكسیۆنەكەی كردووە داوای كردووە بێنەوە ناو گۆڕان و كێشەكان بەدیالۆگ چارەسەر بكەن.
هەروەها لەنامەی دووەمی رێكخەردا بۆ فراكسیۆنەكەی لەبەغدا دەنووسێت:» یان وەرنەوە ژێر باڵی گۆڕان، یان خواحافیزتان بێت».
لەبەرانبەر ئەو نامەیەدا فراكسیۆنی گۆڕان لەبەغدا كۆدەبنەوەو لەوەڵامی بزووتنەوەی گۆڕان و رێكخەری گشتی دەدەنەوە.
بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی كەهاوڵاتی كردوویەتی و لەئەندامانی فراكسیۆنی گۆڕان وەریگرتووە كە سێ خاڵیان وەك پێشمەرج هەیە، كەیەكەمیان بریتییە لەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لەحكومەتی هەرێم بكشێتەوە كە نەیتوانیوە چاكسازیی بكات و كێشەكان لەناو حوکمرانی چارەسەر بكات،»داوای روونكردنەوەمان كردووە كەمانگانە (250) هەزار دۆلار بەناوی گۆڕانەوە لەپارتی وەردەگیرێت».
هەروەها لەبارەی خاڵی دووەمەوە ئاماژەیان بەوە كردووە كەپێویستە بزووتنەوەی گۆڕان ببێتەوە بە «گۆڕانەكەی جاران» نەك ئەم گۆڕانەی ئێستا كەهەڵوێستی سیاسی لاوازە و دووركەوتووەتەوە لەخەڵكی فەقیرو هەژار.
هاوكات لەخاڵی سێیەمدا باسی ئەوەكراوە كەپێویستە بزووتنەوەی گۆڕان گۆڕانكاری لەناوخۆی خۆیدا بكات و هەیكەلی بەڕێوەبردنی بەم شێوازەی ئێستا نەبێت.
هاوڵاتی كە لەئەندامانی فراكسیۆنەكەی گۆڕان دەستیكەوتووە ئەوەیان ئاشكراكرد كە عومەر سەید عەلی لەهەردوو نامەكەیدا مەجالی گفتوگۆی هێشتووەتەوە لەگەڵ فراكسیۆنی گۆڕان لەبەغدا، بەڵام پێویستە ئەو مەرجانە جێبەجێ بكرێت.
لەبارەی ئەوەی چەند كەسێك دیاریكراون بۆ ئەوەی لەنێوان فراكسیۆن و رێكخەر دانوساندن بكرێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، ئەوەیان دووپاتكردەوە كە ئاگاداری ئەو هەوڵانە نین.
هاوكات ئەوەشیان دووپاتكردەوە كە بەزەحمەتی دەبینن بزووتنەوەی گۆڕان بەم سەركردایەتییەی ئێستای بتوانێت گۆڕانكاری دروست بكات ئەگەر ئیرادەیەك لەناو جڤاتی نیشتمانی دروست نەبێت و ئازایانە بڕیاری لەسەر بدەن.
یەكێكی دیكە لە ئەندامانی فراكسیۆنی گۆڕان، ئەوەی بۆ هاوڵاتی خستەڕوو كە تائێستا ئەوان ناوەڕۆكی نامەكەیان بۆ رای گشتی بڵاونەكردووەتەوەو نامەكەی رێكخەری گشتیش لای ئەوان پارێزراوە، وتیشی:» بەداخەوە لەناو ئۆرگانەكانی گۆڕان نامەكەی ئێمە كە بەفەرمی بۆ ئۆرگانی گۆڕان نێردراوەو دزەی كردووەتە ناو میدیاكان».
دەربارەی ئەوەی نامەكەیان بۆ رای گشتی بڵاودەكەنەوە، ئەوەی روونكردەوە كە هەركات بەپێویستی بزانن ناوەڕۆكی نامەكەیان بەفەرمی بڵاودەكەنەوە.
هاوڵاتی پەیوەندی كرد بە دلێر عەبدولخالق وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان، باسی لەوەكرد كەهیچ قسەیەكی لەوبارەیەوە نییەو تەنها راگەیەندراوێكی كورتی فەرمییان هەیە لەبارەی رەتكردنەوەی ئەو هەواڵەی كە باسی وەرگرتنی پارە لەپارتی دەكات.
هاوكات، هاوڵاتی پەیوەندی كرد بە كاردۆ محەمەد، رێكخەری ژووری پەرلەمان و حكومەتی گۆڕان، تەنها باسی لەوەكرد ئەوە پرسێكی ناوخۆییەو پێویستی بەچارەسەركردنە.