وشكەساڵی لەهەرێمی كوردستان رادەگەیەندرێت

«بەبەراورد بەساڵی رابردوو ئاوی بەنداوەكانی دوكان‌و دەربەندیخان لەسەدا 50% كەمیكردووەو گرفت بۆ دابینكردنی ئاو دروستدەبێت»

4 ساڵ لەمەوپێش



 

لاڤین مەحمود

 

وشكەساڵی بەهۆی كەمی بارینی بەفرو باران تەنها راگەیاندنی بەفەرمی ماوەو بەراورد بەساڵی رابردوو ئاوی بەنداوەكانی دوكان و دەربەندیخان بۆ نیوە دابەزیوەو ئەوەش بەمەترسی بۆ دابینكردنی ئاوی پێویست دادەنرێت.

لەكابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمدا عەبدولستار مەجید، وەزیری كشتوكاڵ ئەوەی ئاشكراكرد كە لەبەرنامەیاندایە (19) بەنداوی نوێ دروستبكەن بۆ گلدانەوەی ئاو لەناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان و بەشێكیان كاریان تێدا كرا، بەڵام وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی كابینەی نۆیەم دەڵێت:» بەهۆی قەیرانی داراییەوە دروستكردنی ئەو بەنداوانە كارەكانیان راگرتووە».

لەساڵی 2019دا ئاوی بەنداوی دوكان بەتەواوی پڕ بوو، ئاو لەسەروو (بێل ماوس)كەی دوكان سەرڕێژی كردو هاووڵاتیان دەچوونە سەردانی، بەڵام ئێستا ئاستی بەنداوەكە بۆ نیوە دابەزیوە بەهۆی كەمی باران بارینەوە.

بەڕێوەبەری بەنداوی دوكان ئاماژە بەوەدەدات ئاستی بەنداوەكە لەنزمترین ئاستیدایەو تەنها سێ ملیارو (500) ملیۆن مەتر ئاوی تێدایە.

كۆچەر جەمال، بەڕێوەبەری بەنداوی دوكان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: »ئاستی ئاوی دەریاچەكەمان بە بەراورد بەساڵی رابردوو  زۆر كەمیكردووەو گەیشتووەتە سێ ملیارو (500) ملیۆن مەترسێجا لەكاتێكدا بەحەوت ملیار مەترسێجا پڕ دەبێت».

ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد ئەمساڵ رێژەی باران بارین كەم بووە لەناوچەی دوكان (268) ملم  باریوە، لەكاتێكدا كۆی گشتی  (600) ملم مەترە، واتا نەگەیشتووەتە نیوەی رێژەی پێویست.

بەڕێوەبەری بەنداوی دوكان ئەوەشی دووپاتكردەوە كە لەمانگی 10ی ساڵی رابردوو تائێستا ئەو بڕە پێویستە نیە كەبەشی وەرزەكانی بەهارو هاوینی ئەمساڵ بكات.

كۆچەر جەمال هێمای بۆ ئەوەشكرد دوودڵن لەداهاتووی ئاو كەپێویستە  حساب بۆ یەك دڵۆپە ئاوێك بكەن كە لەبەنداوەكە دەڕواتە دەرەوە.

كەمی بارانبارین لەمساڵدا، كاریگەری نەرێنی كردووەتە سەر ئاوی بەنداوەكان و نەبوونی پلانی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم بۆ زیادكردنی بەنداوەكان كە بڕیاربوو (18) بەنداوی نوێ دروست بكرێت هێشتا یەكلاینەكراوەتەوە كە بۆ گلدانەوەی ئاو سوودی دەبێت.

رەحمان خانی، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان ئاماژە بەوە دەدات كەئەمساڵ ئاستی ئاو لەبەنداوی دەربەندیخان حەوت مەترو نیو بەراورد بەساڵی رابردوو دابەزیوە.

رەحمان خانی وتیشی:» بەهۆی ئەو بەنداوانەی لەدیوی ئێران دروستكراون دەستیان بەخەزنكردن كردووە ئاو بەئاڕاستەی بەنداوی دەربەندیخان زۆر كەمبووەتەوە، كە بەراورد بە (60) ساڵی رابردوو ئاستی ئاوی دەربەندیخان ئەوەندە كەم نەبووە».

رەحمان خانی باسی لەوەشكرد ئەو ئاوەی لەبەنداوی دەربەندیخان هەیە بەپێی ئەو پلانەی كەهەیانە لە ١/٦ دەڕێژن لانی كەم پێویستییەكانی خەڵك رەچاو دەكەن بۆ ئاو خواردنەوەو باخداری و دارستان، بەڵام رەنگە نەتوانن ئاو بۆ پڕۆژە ئاودێرییەكان دابین بكەن.

«ئەو بارانەی كەباریوە لەو حەوزەی ئێمە هەمووی لەئاستی 50% تێكڕایی چەند ساڵی رابردوو كەمترە، سەبارەت بەبەنداوی دەربەندیخان ئەو داهاتەی كە كۆمانكردۆتەوە هاتۆتە بەنداوی دەربەندیخان دەتوانین بڵێین ئەمساڵ ساڵێكی وشكەساڵییە»، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان وا دەڵێت.

بەشی زۆری ناوچەكانی گەرمیان بەناوچەی بارانی نامسۆگەر دادەنرێت هەر ساڵێك رێژەی باران بارین نەگاتە (250) ملم باران ئەوە دووچاری وشكەساڵی دەبێتەوە

بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی گەرمیان ئەوە ئاشكرادەكات وشكەساڵی ئەمساڵ هاوشێوەی وشكەساڵییەكەی 2008 دەبێت.

شادیە حسێن بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی گەرمیان بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بەوەكرد لەساڵی 2008 گەرمیان تووشی وشكەساڵی بووەتەوەو بودجەی بۆ تەرخانكراوە، بۆ ئەمساڵیش هاوشێوەی 2008 دەبێت.

شادیە حسێن وتیشی:»دانەوێڵەی گەرمیان لەكاتی دروێنە زیانی نەبێت پێویستی بە (250) ملم بارانە، ئێمە ئەمساڵ بەداخەوە لەھیچ ناوچەیەكماندا نەگەیشتۆتە (200) ملم كە ئەمە بۆخۆی كاریگەری سەرەكی بۆ لەناوچوونی دانەوێڵەی سنورەكەمان هەیە».

بەڕێوەبەری كشتوكاڵی گەرمیان پێیوابوو كۆمەڵێك پلانی درێژخایەن و كورتخایەن هەیە كەداوایان لەوەزارەتی كشتوكاڵ كردووە بودجەیان بۆ تەرخان بكرێت»حكومەتی هەرێم دەبێت بێتە سەرخەت بۆ دروستكردنی ئەو دوو بەنداوەی لەسنوری گەرمیان راگیراون یەكێكان لەبواری جێبەجێكردنە كەبەنداوی باوەنورو بەردەسورە ئەگەر ئەو بەنداوانە هەبوونایە گەرمیان گرفتی زۆری پێوە دیارنەدەبوو».

وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێم ئەوە ئاشكرادەكات دروستكردنی بەنداوەكان بەهۆی قەیرانی داراییەوە راگیراون.

حسێن حەمە كریم، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم لەلێدوانێكیدا بەهاوڵاتی وت: » (18) بۆ (19) بەنداو كاری تێداكراوەو هەندێكیان 20% بۆ 80%ی تەواو بووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجەی پێویست و قەیرانی دارایی وەستاون».

سەبارەت بەكەمبوونەوەی ئاو لەمساڵدا، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ئەوەی روونكردەوە لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی راوێژكارییان هەیە ئەمڕۆ دووشەممە بەبەشداری سەرجەم بەڕێوەبەرانی گشتی كشتوكاڵی پارێزگاكان و داوایان لێكردوون هەریەكە سەرنج و پێشنیاری خۆیان بخەنەڕوو لەسەر دیاریكردنی ئەو ناوچانەی زیاتر كاریگەری وشكەساڵییان لەسەرە.

پسپۆڕێكی ژینگەو بەڕێوەبردنی سەرچاوەكانی ئاو دەڵێت ئەمساڵ سەرەتای قەیرانی كەمی ئاو لەهەرێمی كوردستاندا دەستپێدەكات و حكومەتی هەرێمیش هیچ باكی نییە.

دكتۆر عەبدولمەتەلیب رەفعەت، پسپۆڕی ژینگەو سەرچاوەكانی ئاو لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: » پێنج بۆ شەش ساڵ دەبێت پێشبینی ئەوەم كردبوو رووبارەكانمان بەرەو قەیران دەچێت بەتایبەتی بەنداوەكانمان نە حكومەتی هەرێم، نە عێراق گوێ لەم شتانە ناگرن و ئەمساڵ سەرەتای قەیرانەكانەو بۆ لەمەودوا سەختر دەبێت».

ناوبراو هێمای بۆ ئەوەكرد ئەگەر بەشێوەیەكی زانستی ئاو بەڕێوە ببەن قەیرانی كەمی ئاو دەتوانن تێبپەرێنن، وتیشی:»ئەو ئاوەی دەستماندەكەوێت دەبێت بزانین چۆن خەرجی بكەین كە بەشی هەموو تاكێك بكات... یەكێك لەو بوارانە بۆ نموونە لەڕووی كشتوكاڵیەوە، ئاو لەسەر زەویی رێدەكات بەشێوەیەكی نازانستی 70% بەفیڕۆدەچێت، پێویستە رێگای ئاودێری نوێ وەك دڵۆپاندن یان پرژاندن بەكاربهێنین».

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار