ململانێی قوباد تاڵەبانی‌و وەزیری شارەوانی لەسەر دابەشكردنی زەوی بەردەوامە

وتەبێژی وەزارەتی شارەوانی: لەكابینەی حەوتەمەوە بڕیار دەرچووە زەوی دابەشنەكرێت، كابینەی هەشت نەكراوە، ئێستاش ئێمە چاوەڕێی بڕیارین

4 ساڵ لەمەوپێش



ماردین نورەدین

قوباد تاڵەبانی لەكابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمدا كە بەوەكالەت سەرۆكایەتی حكومەتی كردووە، فەرمانی (11) هەزار پارچە زەوی بۆ كەسوكاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی دەركردووە بۆ هەموو ناوچەكانی كوردستان نەك تەنها سنوری پارێزگای سلێمانی.

دوای راگەیاندنی دابەشكردنی زەوی لەلایەن قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمەوە، وەزارەتی شارەوانی روونكردنەوەیەكیان بڵاوكردەوە كەدابەشكردنی زەوی بۆ مەرامی سیاسی بووەو ئەوەشیان خستبووەڕوو كە « بەڵام دابەشكردنی زەوی، رێكاری یاسایی هەیەو ناكرێ بەرپرسانی حزبیی لایەنێك، لەجیاتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارو لایەنە پەیوەندیدارەكان، ئەو كارە بكەن.»

لەبەرانبەردا قوباد تاڵەبانی وەڵامێكی توندی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری دایەوەو تێدا هاتبوو:» لەوانەیە بەلێدوان و روونكردنەوەی نابەرپرسانە، دڵگران بووبن و وا هەستتان كردبێت كەسانێك هەن، رێگرن لەبەردەم وەرگرتنی زەوییەكانتان كەمافێكی ڕەوا و یاسایی خۆتانە. من لێرەوە دڵنیاتان دەكەمەوە كە هیچ كەس و هێزێك نیە، بتوانێت لەبەردەم مافە رەواكانتان بوەستێتەوە».

هەروەها قوباد تاڵەبانی ئەوەشی دووپاتكردبووەوە كە» ئەو زەوییانەی وەریدەگرن هەموو رێكارێكی یاسایی پێویستی بۆ كراوەو بەئیمزای بەندەو بەپێی سێ فەرمان لەكابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەركراون و رێكارەكان لەكابینەی نۆیەمدا تەواوكراون، كەناوەڕۆكی سێ فەرمانەكە بریتییە لەدابەشكردنی زەوی بەسەر (11) هەزارو (142) كەس لەكەسوكاری شەهیدو ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی لەهەموو پارێزگاكانی كوردستان».

قوباد تاڵەبانی لەساڵی 2018دا ئەوكاتەی بەوەكالەت سەرۆكایەتی حكومەتی كردووە فەرمانی دەركردووە كە زیاتر لە (11) هەزار و (142) پارچە زەوی بەسەر كەسوكاری ئەنفال و شەهیدان و زیندانیانی سیاسی دابەشبكرێت، زەوییەكانیش بۆ پارێزگای هەولێرو دهۆك و سلێمانی بووە.

ئەكرەم ساڵح، سەرۆكی شارەوانی گەرمیان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» لە 2018دا ئەو كاتەی قوباد تاڵەبانی بەوەكالەت سەرۆكی حكومەتی هەرێم بووە فەرمانی كردووە كە (11) هەزار پارچە زەوی دابەشبكرێت بەسەر كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی».

ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد لیستێك لەوبارەیەوە بوونی هەیە كەچەند هەزاری بۆ پارێزگای هەولێرو دهۆك بووەو دابەشكراوەو بەشێكیشی بۆ پارێزگای سلێمانی بووە بەشێكی دابەشكرابوو، بەڵام بەشێكی مابوو بەو پێیەی زەوی «ئیفرازكراو» ئامادە نەبوو.

ئەكرەم ساڵح وتیشی:» هەفتەی رابردوو لەگەرمیان (958) پارچەزەویمان دابەشكردووە كەفەرمانەكەی بۆ 2018 دەگەڕێتەوە بەسەر كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی كەكەسوكاری هەموو لایەنە سیاسییەكانی تێدا بووەو فەرمانی وەرگرتنی زەویان هەبووە».

سەرۆكی شارەوانی گەرمیان جەختی لەوەشكردەوە هەر كەسوكارێكی شەهیدان و ئەنفال و زیندانیانی سیاسی مافی وەرگرتنی زەویان هەبێت  پێیان دەدەن.

لەبارەی روونكردنەوەی وەزارەتی شارەوانی لەسەر زەوی دابەشكردنەكە، سەرۆكی شارەوانی گەرمیان وتی:» وەزارەتی شارەوانی ناحەقییان كردووە بەرانبەر بەكاك قوباد، چونكە بۆ مەرامی سیاسی نەبووەو هی هەموو حزبەكانی تێدابووە».

لای خۆیەوە كۆردۆ شابان وتەبێژی وەزارەتی شارەوانی بەهاوڵاتی راگەیاند»وەزیری شارەوانی هیچ قسەیەكی لەسەر ئەو بابەتە نەكردووە، ئەوەی 9/4 روونكردنەوەی وەزارەت بووە، وەزیر نەبووە، هەندێ میدیا وای نووسیوە بەڵام با تێكەڵ نەبێت».

سەبارەت بە بابەتی دابەشكردنی زەوی ئەوەی خستەڕوو كە لەكابینەی حەوتەمەوە كەبڕیار دەرچووە زەوی دابەشنەكرێت، كابینەی هەشت نەكراوە، ئێستاش ئێمە لەكابینەی نۆ چاوەڕێی بڕیارین لەبەرئەوەی ئەوە بڕیارێكی ستراتیجییە.

«ئەم بڕیارە لەئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەسەر كردووە، بەڵام هێشتا بڕیارەكە دەرنەچووە چاوەڕێی بڕیاری ئەنجومەنین «، كوردۆ شابان وادەڵێت. هەروەوها لە روونكردنەوەی دووەمی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دوای ئەوە دێت، رۆژی هەینی 9-4-2021 روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و باسی لەوەكردبوو، «رەفتاركردن و دابەشكردنی زەوی دەبێت بەشێوەیەكی دادپەروەرانە بێت، بۆ هەموو خەڵكە موستەحەق و شیاوەكان بێت، بەپێی بڕیار و رێكارو بنچینە یاساییەكان بێت.»

سەرۆكی لیژنەی شارەوانی و گواستنەوەو گەیاندن لەپەرلەمانی كوردستان وردەكاری دابەشكردنی ئەو (11) هەزارو (142) پارچە زەویە باس دەكات.

لوقمان وەردی سەرۆكی لیژنەی شارەوانی و گواستنەوە لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بەوەكرد لە 21/2/2018 سێ فەرمان لەلایەن قوباد تاڵەبانی بەسیفەتی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بەوەكالەت دەرچووە، بڕیاری ژمارە (867و 868و869) بەپێی ئەم بڕیارە فەرمان دراوە بۆ (11) هەزارو (142) پارچەزەوی  لەهەرێمی كوردستان، كەئەمانە ناویان هاوپێچی ئەم فەرمانە كراوە مافی ئەوەیان هەیە زەویان پێبدرێت لەسنووری پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و ئیدارە سەربەخۆكان.

ناوبراو هێمای بۆ ئەوەشكرد (282) پارچەزەوی لەسنووری دهۆك بۆ كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی، هەزارو (517) پارچەزەوی لەسەنتەری پارێزگای هەولێر، قەزای كۆیە، قەزای سۆران و رەواندز دیاریكراوە بدرێتە كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی، واتا بڕیارەكەی قوباد تاڵەبانی گشتگیر بووە.

وتیشی»لەقەزای كەلار گرفتمان هەبوو زەوی پێویست نەبوو، دوای تەواوكردنی رێكارەكان رۆژی هەشی ئەم مانگە (957) پارچەزەوی دابەشكرا بەسەر كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی».

لوقمان وەردی جەختی لەوەشكردەوە كە لەڕاستیدا روونكردنەوەكەی وەزارەتی شارەوانی جێگەی سەرسوڕمانە كە «ئەوەندە ئاگای نەبێت كەبڕیارێك دەرەچێت ئەم بڕیارە هی ساڵی 2018یە و بڕیاری كابینەی رابردووە، پێشووتر وەزیری شارەوانی نووسراوی كردووە نەورۆز خان وەزیری شارەوانی بووە....پشتگیری جێبەجێكردنی ئەم بڕیارەی كردووە».

لەبارەی دابەشكردنی زەوی لەئەمساڵدا عەلی وەردی وتی: « هیچ بڕیارێكی تازە نییە بۆ دابەشكردنی زەوی، ئەو بڕیارەی كەئێستا جێبەجێدەكرێت ئەو بڕیارەیە كە لە 21/2/ 2018دەركراوە سێ فەرمان دەركراوە بۆ (11) هەزارو (142) كەس تائەم ساتە هیچ فەرمانێكی نوێ نیە بۆ دابەشكردنی زەوی لەهەرێمی كوردستان».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار