لیژنەی مافی مرۆڤ فشارەكان زیاتر دەكات بۆ پێداچوونەوە بەدۆسیەی سزادراوانی بادینان

4 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حەسەن

سزادراوانی رۆژنامەنووسانی بادینان ماوەی زیاتر لەمانگێكە چاوەڕوانی دادگای پێداچوونەوەن تاوەڵامیان بداتەوەو بەسزاكانیاندا بچنەوە، بەڵام تائێستا وەڵام نەدراونەتەوەو ئەندامێكی لیژنەی مافی مرۆڤیش دەڵێت داواكارییەكانیان گەیاندووەتە سەرۆكایەتی پەرلەمان.

محەمەد، پارێزەری شێروان شێروانی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» هەفتەی رابردوو سەردانی دادگای پێداچوونەوەم كردو وتیان تائێستا كەیسەكە لای دەزگای داواكاری گشتی بووەو تازە گەیشتووەتە لای ئێمە».

پارێزەرەكەی شێروان شێروانی جەختی لەوەكردەوە ماوەی زیاتر لەمانگێكە بڕیاركە تەممیز كراوەتەوەو نێردراوە بۆ دادگای پێداچوونەوە، وتیشی:» لەدوای سەپاندنی سزا بەسەر پێنج بەندكراوەكەی بادیناندا ماوەی مانگێك دیاریكرا بۆ تەممیزكردنەوەی سزاكە كە لە 17ی ئازارەوە مانگەكە تەواو بووەو نێردراوە بۆ دادگای پێداچوونەوە و لەئێستادا چاوەڕوانی وەڵامی دادگاین».

لیژنەی مافی مرۆڤ لەپەرلەمان داوا لەئەنجومەنی دادوەری دەكات كار لەسەر پێداچوونەوەی سزای بەندكراوانی بادیناندا بكات.

بەدریە ئیسماعیل، ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»لەدوای سەردانكردنمان بۆ لای زیندانییەكان و سەردانی كەسوكاریان، راپۆرتێكمان لەسەر بارودۆخی ژیانیان ئامادە كردو پێشكەش سەرۆكایەتی پەرلەمانمان كردووە كەزۆر جەختیشمان لەپێداچوونەوە بەسزاكانیاندا كردووەتەوە».

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: « بەتایبەت داوامان لەلایەنی پەیوەندیدارو سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە كار بۆ پێداچوونەوەی سزاكە بكەن».

بەدریە ئیسماعیل، ئەوەشی دووپاتكردەوە لەكاتی سەردانكردنی زیندانییەكان پەیمانیان پێداون هەموو كارئاسانییەكیان بۆبكەن بۆ بینینی كەسوكاریان و پێداچوونەوەی سزاكەیان و باشتركردنی شوێنی مانەوەیان و وتی:» پێنج كەسیانمان بینی و  بەدەل بەرواری باری تەندروستی ناجێگیرەو چەند جارێك بردوویانەتە لای دكتۆر».

بەدریە ئیسماعیل وتیشی» بەتایبەتی نووسراومان ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدارو ئەنجومەنی دادوەری كردووە كەپێویستە كار لەسەر بریاری تەممیزی هەموو زیندانیان بكرێت، چونكە بەپێی یاسا دەبێت كەمتر لەشەش مانگ تەممیز بكرێتەوە كەزیندانی هەیە شەش ساڵە سزاكەیان تەممیز نەكراوەتەوە».

نوێنەری كەسوكاری زیندانیانی بادینان دەڵێت باری تەندروستی سزادراوان زۆر خراپەو شەڕی دەروونییان لەگەڵدا دەكرێت.

ئەیهان سەعید نوێنەری زیندانیانی بادینان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: «شەڕی دەروونی لەگەڵ زیندانییان دەكرێت و رێگەنادرێت هەموو هەفتەیەك پەیوەندی بەكەسوكاریانەوە بكەن، بەمەش دەروونی زیندانییان باش نیە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار