ململانێی ئێران‌و ئیسرائیل لەگۆڕەپانی هەرێمی كوردستاندا

ئاگری جەنگی ئیسرائیل‌و ئێران كورد دەسووتێنێ، لەجیاتی تەلئەبیب هەولێر دەكرێتە ئامانج

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئیسرائیل لەماوەی ساڵێكدا سێ گورزی ئەتۆمیی گەورەو كاریگەر لەئێران دەوەشێنێت، گرنگترینیان كوشتنی موحسین فەخری زادە بوو كە بەباوكی ئەتۆمیی ئێران ناودەهێنراو دوایین گورزیش تەقینەوەی بەشێك لەوێزگەی ئەتۆمیی نەتەنز بوو، كەئەمەش بەرپرسانی تارانی تووڕە كردووەو هەڕەشەی تۆڵە كردنەوە دەكەنەوە.

هەرچەندە ئەمەریكا وەك زلهێزێك بەدوژمنی یەكەمی ئێران لەقەڵەمدەدرێت، بەڵام ئەو گورزانەی ئیسرائیل رەنگە كاریگەریی لەسزاكانی واشنتۆن بۆ سەر كۆماری ئیسلامی ئێران زیاتر بێت و تاران زیاتر تووڕە بكات، بۆیە بەپێی هەڕەشەكانی بەرپرسانی ئێران چیتر ئەو وڵاتە لەئاستی هەوڵەكانی ئیسرائیل بۆ پەكخستنی بەرنامەی ئەتۆمیی وڵاتەكەیان بێدەنگ نابن و كاردانەوەی توندیان دەبێت و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكەنە گۆڕەپانێكی ئاگر بۆ ململانێی ئەو دوو وڵاتە.

لەجیاتی تەلئەبیب هەولێر دەكرێتە ئامانج

نوێترین هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر وێزگەی ئەتۆمیی نەتەنز لەپارێزگای ئەسفەهانی ئێران لە رێككەوتی شەممە (10/4/2021) روویدا رێك لەو كاتەدا كەبەرپرسانی ئێران سەرقاڵی راگەیاندنی (113) دەستكەوتی نوێی ئەتۆمیی بوون و لەو رووداوەشدا وتەبێژی ئاژانسی وزەی ئەتۆمیی ئێران بەهۆی كەوتنەخوارەوە لەبەرزاییەكی وێزگەكە بریندرا بوو، موحسین رەزایی سەرۆكی ئەنجومەنی دەستنیشانكردنی بەرژەوەندییەكانی كۆماری ئیسلامی رایگەیاند؛ چیتر نابێت قبوڵی ئەم جۆرە رووداوانە بكرێت و دەزگا ئەمنی و ئاسایشییەكانی كۆماری ئیسلامیی پێویستی بەپاكسازییەو (30) ساڵە ئەو كارە نەكراوە، لەكاتێكدا دەبێت هەموو (10) ساڵ بۆ (20) ساڵ ئەو دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییانە پاكسازیی تێدا بكرێت.

لێدوانی رەزایی ئاماژەیە كەئیسرائیل توانیویەتی تەشەنە بكاتە ناو گرنگترین و سەرەكیترین دەزگا ئەمنیی و هەواڵگرییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران، بۆیە دوور نییە كە كۆماری ئیسلامی ئێران بەو بیانوەوە لەئاستی ناوخۆدا ریفۆرمخوازان بێدەنگ بكات و لەئاستی ناوچەییشدا هێرش بكاتەسەر كۆمەڵێك بنكەو بارەگا لەناوچەكەدا بەناوی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل، كە نوێترین نموونە لەهێرشەكانی رۆژی سێشەممەو چوارشەممە بۆ سەر هەولێر ئەو هەنگاوە بەدیكرا، چونكە دەستبەجێ تەلەفیزیۆنی (ئەلعالەم) كە بەزمانی عەرەبی لەتارانەوە پەخش دەكرێت، هێرشەكەی  شەوی چوارشەممە هەفتەی رابردووی بۆ سەر هەولێری بەهێرشكردنەسەر بنكەی هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) ناوبرد، كەئەمەش كاردانەوەی حكومەتی هەرێمی لێكەوتەوەو ئەو هەواڵە رەتكرایەوە.

لەبەرامبەردا رۆژی پێنجشەممە  ئەلعالەم هەواڵێكی دیكەی لەزاری گروپی (سەرایا ئەولیا ئەلدەم ) سەر بەحەشدی شەعبی هەواڵی هێرشكردنە سەر بنكەیەكی هەواڵگریی ئیسرائیل لەهەولێر پشتڕاست دەكاتەوەو رایگەیاندووە لەو رووداوەدا (10) كەسی بە رەچەڵەك ئیسرائیلی كوژراون كە ناوی سێ كەسیان بڵاوكراوەتەوەو بەپێی ناسنامەكانیان هەرسێ كەسەكە ئەفسەری هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) بوون.

بەوتەی بەرپرسانی ئێران هەوڵ و هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ ئەوەیە كەخولی نوێی دانوستانە ئەتۆمییەكان لەڤیەننا-ی پایتەختی وڵاتی نەمسا شكست بهێنێت، چونكە ئەگەری زۆری هەیە دوای ئەو كۆبوونەوانە واشنتۆن و تاران گفتوگۆی راستەوخۆ بۆ گەڕانەوە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی (5+1) دەستپێبكەن، كەئەمەش دەبێتە مایەی پەراوێزخستنی ئیسرائیل لەناوچەكەدا.

ئێران و ئیسرائیل لەدۆستایەتیی هەواڵگرییەوە بۆ دوژمنایەتیی ئەتۆمیی

ئەگەرچی پەیوەندییەكانی ئێسرائیل  و ئێران پەیوەندییەكی كورتخایەن بووە، بەڵام لە ساڵانی (1973) ئاستی بازرگانیی نێوان ئەو دوو ولاتە لە یەك ملیار دۆلار نزیك بووەتەوەو (7%)ی سەرجەم كاڵای هەناردەی ئیسرائیل رەوانەی ئێران دەكراو هەر لەو ساڵانەشدا ئەندازیارانی ئیسرائیل گەورەترین پڕۆژەی ئەو سەردەمەی هێزی دەریاوانیی ئێرانیان لەبەندەرەكانی بەندەر عەباس و بوشەهر جێبەجێ كرد.

سەرچاوە مێژووییەكان ئاماژە بەوە دەكەن كەپەیوەندیی دەزگای هەواڵگریی مۆسادو دەزگای هەواڵگریی سەر بەسیستمی پاشایەتیی ئێران (ساواك) بۆ (1956) دەگەڕێتەوەو ئەم قۆناغە بەلوتكەی هاوكاریی ئەو دوو دەزگا هەواڵگرییە ئەژماردەكرێت، چونكە ئەو كارانەی بەدەزگای هەواڵگریی ئەمەریكا (سی ئای ئەی) لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەكراوە، بە مۆسادو ساواك سپێردراوەو واشنتۆن زۆر سوودی لەهاوكارییەكانی ئەو دوو دەزگا هەواڵگرییە بینیوە كەئەركیی سەرەكییان چاودێریی جموجۆڵەكان لە (عێراق، ئەفغانستان، لوبنان، فەلەستین) بووە.

ئیسرائیل لەسەردەمی محەمەدڕەزا پەهلەوی دوایین پاشای ئێران شەش پڕۆژەی هاوبەشیی سەربازیی و  ئەتۆمیی لەژێر ناوی (Operation Tzor) لەگەڵ ئێران دەستپێدەكات، كە یەكێك لەو پڕۆژانە دروستكردنی موشەكیی ئەتۆمیی (Jericho) بووە، بەڵام دواتر بەرپرسانی تەلئەبیب رایانگەیاند لەو پڕۆژانەدا تەنها پارەو سەرمایەی ئێران بۆ گەشەی بواری سەربازیی بەكارهێنراوەو ئیسرائیل هیچ جۆرە چەكێكی بۆ ئێران دروست نەكردووە.

ئیسرائیل پێی وایە ئەگەر كۆماری ئیسلامی ئێران ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمیی، دەبێتە گەورەترین هەڕەشەو مەترسیی بۆ سەر وڵاتەكەی و لەو چوارچێوەیەشدا هەوڵی هێرشی پێشوەخت دەدات بۆ راگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەكانی ئێران، بەڵام كۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاندووە لەبەرامبەر هەر جۆرە لەو هێرشانەی كەئیسرائیل بانگەشەی بۆ دەكات وەڵامی توندمان دەبێت.

ئیسرائیل گەورەترین نەیاری ئێرانە لەنەتەوەیەكگرتوەكان و زۆر زیاتر لەئەمەریكا دژی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران هەڵوێستی دەربڕیوەو رێككەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی (5+1) بەسەرپەرشتیی نەتەوەیەكگرتووەكانی بەگەورەترین مەترسیی بۆ جیهان و ناوچەكە لەقەڵەمداوە.

پێشتر ئیسرائیل لەساڵی (2010) لەڕێگەی ڤایرۆسی ستوكس نێت (Stuxnet) وێزگەی ئەتۆمیی نەتەنزی كردە ئامانج، بەڵام دواتر میدیاكانی ئەمەریكا بڵاویانكردەوە كەئەو ڤایرۆسە بەفەرمانی راستەوخۆی باراك ئۆباما سەرۆكی پێشوتری ئەمەریكا دروستكراوە، لەساڵی (2013) ئێدوارد سنۆدن كە پێشتر راوێژكاری دەزگای ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا (NSA)بوو، ئاشكرای كرد كەئەو ڤایرۆسە بەهاوكاریی ئیسرائیل بەمەبەستی زیانگەیاندن بەكۆمپیوتەرەكانی وێزگە ئەتۆمییەكانی ئێران دروست كراو توانیویەتی زیان بە (58%)ی سەرجەم كۆمپیوتەرەكانی وێزگە ئەتۆمییەكانی ئێران بگەیەنێت.

ئێران لەبەرامبەر ئەو ڤایرۆسەدا ڤایرۆسی شەمعون (Shamoon)ی دروستكرد، كە بەپێی زانیارییەكانی دەزگای هەواڵگریی ئەمەریكا ئەو ڤایرۆسە لەجیاتی ئەوەی زیان بەئیسرائیل بگەیەنێت بووەتە هۆی زیانگەیاندن بەهەزاران كۆمپیوتەری كۆمپانیای نیشتیمانیی سعودیە (ئارامكۆ)و كۆمپانیای (راسگاز) لەقەتەر.

ئێران لەسەردەمی رەزا پەهلەوی لەساڵی (1947) دوای توركیا دووەم وڵاتی موسوڵمان دەبێت كە وڵاتی ئیسرائیل بە رەسمیی دەناسێت، بەڵام دوای هاتنەسەركاری سیستمی كۆماری ئیسلامی ئێران لەساڵی (1979) سەرجەم پەیوەندییە بازرگانی و سیاسییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل كۆتایی پێدەهێنرێت.

بەپێی ئامارەكان (135) هەزار جولەكەی بەناسنامە ئێرانی لەوڵاتی ئیسرائیل دەژین و كۆچی جولەكەكانی ئێران بۆ ئیسرائیل تائێستاش بەردەوامە، رادیۆی دەنگی ئیسرائیل بڵاویكردووەتەوە كە تائێستا (250) هەزار ئێرانی لەئیسرائیل دەژین.

جولەكەكانی ئێران لەئیسرائیل توانیویانە ببنە خاوەن پێگەی سیاسی لەو وڵاتە، موتشە كاتساڤ هەشتەمین سەرۆك كۆماری ئیسرائیل لەو ئێرانییە ناسراوانەیە كە لەپارێزگای یەزد لەئێران لەدایكبووەو ساڵی (1951) لەدۆخێكی هەژارییدا رووی لەئیسرائیل كردووە و ساڵی (2000) دەبێتە هەشتەمین سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتەو تا زیاتر لەحەوت ساڵ لەو پۆستەدا دەمێنێتەوە، بەڵام دواتر بەتۆمەتی دەستدرێژی لەساڵی (1990) كە ئەوكات وەزیری گەشتوگوزار بووە حەوت ساڵ سزای زیندانی بەسەردا دەسەپێت.

كورد لەبەرداشی مۆسادو ساواك

بەپێی هەندێك سەرچاوەی مێژوویی و بەڵگەنامەكانی وەزارەتی دەرەوەی ئێران؛  دەزگای هەواڵگریی سەردەمی پاشایەتی لەئێران (ساواك) لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) لەژێر چاودێریی دەزگای هەواڵگریی ئەمەریكا (سی ئای ئەی) هاوكاریی گروپە چەكدارە كوردییەكانیان لەعێراق كردووە، واتە لەساڵی (1965) تاساڵی (1975) مۆسادو ساواك پێكەوە یارمەتیی ئەو گروپانەیان دژی دەسەڵاتی ناوەندیی عێراق داوە، بەڵام لەگەڵ ئیمزاكردنی (رێككەوتنی جەزائیر) لەنێوان بەغداو تاران، ساواك هاوكارییەكانی بۆ ئەو گروپانە راگرتووە.

بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی ئێران بەبەردەوامی گومانیان هەیە كەئێستاش هاوكاریی مۆساد بۆ لایەنێكی كورد لەهەرێمی كوردستان بەردەوام بێت و ئیسرائیل لەڕێگەی كوردەوە زیان بەبەژەوەندییەكانی ئێران بگەیەنێت، ئەمەش وایكردووە تاران زۆر بەهەستیارییەوە چاودێریی پەیوەندییەكانی هەرێم و ناوچەكە بكات.

دوور نییە كۆماری ئیسلامی لەو سۆنگەیەوە لەڕێگەی گروپە چەكدارەكانی شیعە هەوڵی بەئامانجگرتنی كۆمەڵێك بنكەو بارەگا بدات بەبیانوی پەیوەندییان بەئیسرائیلەوە.

ئیسرائیل هێرش دەكات و ئێران هەڕەشە

لەساڵی (1979) تائێستا جەنگێكی رانەگەیەنراوو راسپێردراو لەنێوان ئیسرائیل و ئێران بەڕێوەدەچێت كە نموونەی بەرچاویان بریتین لەكوشتنی پێنج زانای ئەتۆمیی ئێران ، موحسین فەخری زاد كە بەباوكی ئەتۆمیی ئێران دەناسرا، نوێترین نموونەی كوشتنی زانایەكی ئەتۆمیی بەدەستی ئیسرائیل بووە لەماوەی (10) ساڵی رابردوودا.

هاوكات لەگەڵ سەرهەڵدانی جەنگی ناوخۆیی سوریا لەساڵی (2011) تائێستا دەیان بنكەو بارەگای سەربازیی سەر بەسوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران و گروپە چەكدارەكانی نزیك لەو هێزە لەڕێگەی فڕۆكەی جەنگیی و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئیسرائیلەوە كراونەتە ئامانج و بەهۆیەوە دەیان ئەفسەرو راوێژكاری سەربازیی ئێران كوژراون.

لەنوێترین لێدواندا گەبی ئەشكەنازی، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاندووە تەلئەبیب ئامادەیە هەموو هەوڵ و كارێكی خۆی بخاتەگەڕ بۆ ئەوەی ئێران نەتوانێت چەكی ئەتۆمیی بەدەستبهێنێت.

كۆماری ئیسلامی ئێران كەئیسرائیل بەوڵات یان رژێمی (زایۆنی) ناودەبات، دەیان جار هەڕەشەی سڕینەوەی ئەو وڵاتەی لەسەر نەخشە كردووە و بەرپرسانی تاران وتوویانە هەر هەڵەیەكی ئیسرائیل دەبێتەهۆی وەڵامی توندی ئێران و بەمووشەك تەلئەبیب و حەیفا لەئیسرائیل دەكەنە ئامانج، بەڵام تائێستا بەو هەڕەشانەی ئێران و بەرپرسەكانی، زیانێكی ئەوتۆ لەئیسرائیل و بەرژەوەندییەكانی لەناوچەكەدا نەدراوەو تاران تەنها بەپشتیوانیی لەگروپی (حزبوڵڵای لوبنان) و حەماس و فەتح لەفەلەستین شەڕێكی راسپێردراوی بەو گرووپانە لەدژی ئیسرائیل كردووە كەزیانەكانی ئەوانیش بەراورد ناكرێت بەو زیانانەی ئیسرائیل بەئێران و گروپە چەكدارەكانی نزیك لەو وڵاتەی گەیاندووە.

نوێترین هەوڵی ئیسرائیل بۆ ریگریی لەبەرنامەی ئەتۆمیی ئێران لەكارخستنی وێزگەی ئەتۆمیی نەتەنز بوو، كە بەشی دابەشكردنی كارەبای ئەو وێزگەیە تەقییەوەو زیانی ماددی زۆری لێكەوتەوە، بەرپرسانی ئێران لەنەتەوەیەكگرتووەكان سكاڵایان تۆمار كردو ئەو كارەیان بەئەنجامی كارە تێكدەرانەكانی ئیسرائیل لەقەڵەمداو جەختیان كردەوە كەئەگەری هەبووە ئەو تەقینەوەیە ببێتە هۆی بڵاوبوونەوەی تیشكی ئەتۆمیی و دروستبوونی كارەساتی مرۆیی.

ئیسرائیل گفتوگۆ ئەتۆمییەكانی كردووەتە ئامانج

محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لەلێدوانێكدا سەبارەت بەتەقینەوەی بەشێك لەوێزگەی ئەتۆمیی نەتەنز رایگەیاند: مەبەستی ئەو كارە تێكدەرانەیە كەئاشكرایە دەستی ئیسرائیلی لەپشتە، تێكدانی ئەو دانوستان و گفتوگۆ ئەتۆمییانەیە كە لەڤیەننا لەنێوان ئێران و كۆمیسیۆنی هاوبەشی ئەتۆمیی و وڵاتانی بەشداربوو لە رێككەوتنی ئەتۆمیی بەڕێوەدەچێت.

لەلایەكی دیكەوەو بەپێی زانیارییەكانی ئاژانسەكانی هەواڵی ئێران، رۆژی هەینی رابردوو ئەمەریكا پەیامێكی توندی ئاڕاستەی بەرپرسانی ئیسرائیل كردووە كە لێدوانی توندو هەڕەشەئامێزی دژی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران رابگرن، چونكە دەبێتە هۆی لەباربردنی هەوڵەكانی ئەمەریكا بۆ گەڕاندنەوەی ئێران بۆ رێككەوتنی ئەتۆمیی.

پێدەچێت ئەمەریكا نەیەوێت لێدوانەكانی ئیسرائیل ببێتە هۆكارێك بۆ ورووژاندنی كۆماری ئیسلامی ئێران و گروپە چەكدارەكانی نزیك لەو وڵاتە، بەتایبەت كە دەركەوتووە هێرشەكانی ئەمدواییەی سەر فڕۆكەخانەی سەربازیی ئەمەریكا لەهەوڵێر لەلایەن گروپێكی چەكداریی تازە دامەزراوی شیعە ئەنجامدراوەو ئەمەش دۆخی هەرێم و عێراق و ناوچەكە ئاڵۆزو ناسەقامگیر دەكات

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار