هەدەپە چارەنووسی ئەردۆغان یەكلایی دەكاتەوە

ئەردۆغان دڵی كورد بەدەست نەهێنێتەوە شكست دەهێنێت

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

كەمال كڵیچدار ئۆغلۆ، سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری توركیا (جەهەپە) ئاشكرای كرد ئەگەر پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان پشتگیری بكەن ئەوا بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی بەرانبەر ئەردۆغان خۆی كاندید دەكات، بەڵام هێشتا هەدەپە خۆی یەكلایینەكردووەتەوە هەرچەندە سەڵاحەدین دەمیرتاش لەزیندانەوە داوای كردووە پشتگیریی بكرێت.

بڕیارە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی كۆماری توركیاو پەرلەمان لەساڵی 2023دا بەڕێوە بچێت، بەڵام خراپیی دۆخی ئابووری و فشاری پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان وایكردووە، لەمانگی نیسانی 2022دا توركیا هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامبدات.

هەریەكە لەپارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی (جەهەبە، باش، هەدەپە) چەندین پارتی دیكەی وەك پارتی ئایندەی ئەحمەد داود ئۆغلۆو پارتەكەی عەلی باباجان داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكەن، بەڵام ئاكپارتی بەسەرۆكایەتی ئەردۆغان و مەهەپە بەسەرۆكایەتی دەوڵەت باغچەلی كە هاوپەیمانن لەحكومەتدا نایانەوێت لەئێستادا هەڵبژاردن بكرێت.

دوای ئەوەی دادگای دەستووریی توركیا لەدووەم كۆبوونەوەیدا سكاڵانامەی داخستنی هەدەپەی تاووتوێكردەوە، بەڵام چەندین تێبینی دیكەی تۆماركرد و (14) بڕگەش دیاریكران كەكەموكورتییان تێدایەو رایگەیاند، ئەو بڕگانە پێویستیان بەبەڵگەی پێویستە.

لەماوەی رابردوودا پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) فشاری زۆری لەسەر پارتەكەی ئەردۆغانی هاوپەیمانی كردووە بۆ داخستنی هەدەپە ، بەڵام ئەمە دووەمینجارە شكست دەهێنن.

پارتی دیموكراتی گەلان - هەدەپە سێیەمین گەورە فراكسیۆنی پەرلەمانی توركیایەو لەدوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا كەساڵی 2018 بەڕێوەچوو، 11.7%ی دەنگەكانی بردەوەو لەكۆی (600) كورسیی پەرلەمان، (67) كورسیی بەدەستهێنا.

هەدەپە متمانە لە سێ پەرلەمانتاری وەرگیرایەوەو ژمارەیەك پەرلەمانتاریش لەفراكسیۆنەكە دەرچوون و لەئێستا خاوەن (57) كورسیی پەرلەمانین.

مامەڵەكانی پارتی دادو گەشەپێدان بەسەرۆكایەتی ئەردۆغان بەرانبەر پەرلەمانتارانی (هەدەپە) و (جەهەپە) كە هەزارو (217) دۆسیەی لەسەر پەرلەمانتاران كراونەتەوەو لەو ژمارەیە (919) دۆسیەی لەسەر پەرلەمانتارانی هەدەپە بووە.

هەدەپە فشارێكی زۆری لەلایەن ئەردۆغانەوە خراوەتەسەر كەزیاتر لە (20) هەزار ئەندام و لایەنگرو سەرۆك شارەوانی و پەرلەمانتاری كردووەتە زیندانەكانەوە، ئەوەش پەیوەندییەكانیانی بەتەواوی تێكداوە.

بۆ یەكەمجارە كەمال كڵیچدارئۆغلۆ سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری (CHP) كەگەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە رایگەیاند:» ئەگەر پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان لەهەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتیی كۆماری توركیا پێیان باش بێت خۆی كاندید دەكات و دەبێتە ركابەری ئەردۆغان».

دوای قسەكانی كڵیچدار ئۆغلۆ، یەكەم سەركردەی ئۆپۆزسیۆن، مەراڵ ئاكشنەر سەرۆكی پارتی باش، رەزامەندیی نیشاندا كە ئەوان رازیین كڵیچدارئۆغلۆ ببێتە كاندیدی هەموو پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان.

كڵیچدار ئۆغلۆ سەرۆكی جەهەپە قسەكانی زیاتر روو لەدەنگی كوردو هەدەپە بوو بەو پێیەی زیاتر لە (20) ملیۆن دەنگدەری كورد لەو وڵاتەدان و زیاتر لە (11) ملیۆن دەنگدەری كوردی تێدایە.

ئەگەر پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) و دەنگدەری كورد پشتگیری لەكاندیدی ئۆپۆزسیۆن نەكەن، ناتوانن رەجەب تەیب ئەردۆغان سەركۆماری توركیا لەسەر كورسیی سەرۆكایەتیی كۆمار لاببەن.

زۆربەی پێشبینییەكان وای بۆ دەچن، ئەگەر هەدەپەو دەنگدەری كورد، پشتگیری لەهەر كاندیدێكی سەرۆكایەتیی كۆماری توركیا بكەن، ئەو كاندیدە سەركەوتنی مسۆگەرە.

هاوپەیمانی بۆ سەرخستنی كڵیچدار ئۆغلۆ بەرانبەر بەئەردۆغان ئەگەرێكی زۆری هەیە، بەو پێیەی لەهەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 2019دا هەدەپە كاندیدی بۆ سەرۆكی شارەوانیی (ئیستەنبۆڵ، ئەنقەرە، ئەدەنا، مێرسین و ئەنتاڵیا) نەبوو و پشتگیریی لەكاندیدی ئۆپۆزسیۆن كرد، بۆیە هەر پێنج شارەوانی كەوتە دەستی ئۆپۆزسیۆن و لەدەست پارتی دادو گەشەپێدان (ئەكەپە)دا نەمایەوە.

لەئێستادا هەموو چاوەكان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆمار روو لەهەدەپەیە كەدەتوانێت هاوكێشەی سیاسییەكان بگۆڕێت.

سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە هەدەپە هاوكێشەی سیاسی یەكلاییدەكاتەوە.

دەمیرتاش وتیشی:» دەبێت هەدەپە قازانجی خۆی بزانێت و پشگتیری دیموكراسی بكات و لەگەڵ ئۆپۆزسیۆندا بێت».

ئەردۆغان لە 2015وە تائێستا بەهۆی هاوپەیمانی لەگەڵ مەهەپە دەنگدەری كوردی زۆری لەدەستداوە لەباكوری كوردستان و لەئێستادا دەیەوێت لەڕێگەی جێبەجێكردنی چەند پڕۆژەیەكەوە چاوەكانی بخاتەوە سەر دەنگی گەلی كورد.

ئەوەی كە لەمیدیاكانی نزیك لە AKP ەوە باس دەكرێت، لەداهاتوویەكی نزیكدا ئەردۆغان سەردانی باكووری كوردستان دەكات و میتینگێكی گەورە ئەنجامدەدات، پاشان لەگەڵ هاووڵاتییاندا كۆدەبێتەوە و چەند بەڵێنێكیان پێ ەدات، كە گرنگترینیان ئەنجامدانی پڕۆژەی ستراتیژییەو لەوە زیاتر ناتوانێت لەسەر چارەسەركردنی كێشەی كورد بوەستێتەوە، چونكە ترسی هەیە MHP لەهاوپەیمانی لەگەڵ  AKP بكشێتەوە.

لەهەموو هەڵبژاردنێكی توركیا دەنگدەری كورد ئەوەندە گرنگ بووە، ئەنجامی هەڵبژاردنی گۆڕیوەو كێی ویستبێت هێناویەتییە سەر كورسیی دەسەڵات، بەڵام هیچ كاتێك دەنگدەری كورد نەیتوانیوە ستراتیژییەتی سیاسیی خۆی و بەرژەوەندیی كورد بەسەر كەسی براوەدا بسەپێنێت.

لەمیانی بەشداریكردنی لە رێوڕەسمی كردنەوەی پردی حەسكێف دوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا وتارێكی پێشكەشكردو رایگەیاند:»ئەم پردە پەیوەندیی نێوان باتمان، ماردین و دەروازەی خابوور [لەنزیك ئیبراهیم خەلیل] دروستدەكات و كاریگەر دەبێت لەسەر بازرگانیی ناوچەكەمان.

 هەروەها راشیگەیاند:»وەڵامی حكومەت بۆ ئەوانە پێشكەشكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاریی زیاترە،  چونكە لە ماوەی (19) ساڵی رابردوودا، هەر هەنگاوێكمان ناوە بۆ نەهێشتنی جیاوازیی پێشكەوتن لەنێوان شارەكانماندا».

 ئەردۆغان جەختی لەسەر ئەو پرۆژانە كردەوە كە لەباكووری كوردستان پێشكەش دەكرێن، ئاماژەی بەوە كرد «هەوڵدەدەین تەواوی ئەو خزمەتگوزارییانەی لە رۆژئاوای توركیا هەن بگوازینەوە بۆ رۆژهەڵاتی وڵاتەكەمان، سەركەوتوو بووین لەوەی ئەم خزمەتگوزارییەیان بخەینە بواری جێبەجێكردنەوە.»

 هاوكات سەرۆك كۆماری توركیا ئاماژەی بەوەكرد، لەماوەی (19) ساڵی رابردوودا بەئەندازەی مێژووی كۆماری توركیا، كاری وەبەرهێنانیان كردووە و لەخزمەتگوزارییەكانی كەرتی هاتووچۆو گەیاندندا ژمارەی پێوانەییان تۆماركردووە.

سەرۆكی مەهەپە كاریگەرییەكانی لەسەر حكومەت زۆر فراوانترە لە رێژەی دەنگی پارتەكەی كە لەدوایین هەڵبژاردنە گشتییەكانی ساڵی 2018دا 11%ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە.

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە دەڵێت: «مێژوومان دیارە، ئەویش ئیتیفاقی جمهورە، كاندیدمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی كۆمار لە 2023دا دیارە، ئەو ناوە بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆغانە».

 لەوانەیە ئێستا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیاو سەرۆكی گشتیی ئاكپارتی، لەهەموو كاتێك زیاتر پێویستی بەپاڵپشتیی مەهەپەكەی باخچەلی بێت بۆئەوەی بتوانێت لەهەڵبژاردنە گشتییەكانی داهاتوودا وادەی فەرمانڕەوایی خۆی جارێكی دیكە درێژبكاتەوە، بەڵام دڵیشی لەلای كوردانی باكورە تاپشتیوانی بكەن.

 یاشار یڵدرم، یاریدەدەری سەرۆكی مەهەپە رایگەیاند:»ئێمە پرەنسیپێكی سەرەكیمان هەیە، سەرەتا وڵاتەكەم، دواتر پارتەكەم و دواتریش خۆم، لەئیتیفاقی جمهوریشدا بەهەمان شێوەیە، سەرەتا توركیا، دوای ئەوە پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی و دواتریش دەوڵەت باخچەلی»

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار