هەپەگە: سوپای تورك بەبەكارهێنانی بۆمبی كیمیایی نەیتوانی پیشڕەوی بكات
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لەدژی هێرشە داگیركارییەكانی دەوڵەتی تورك جەخت دەكەنەوە كە «دەوڵەتی داگیركەری تورك سەرەڕای بەكارهێنانی بۆمبی كیمیایی نەیتوانیوە پڕشڕەوی بكات».
دوێنێ ناوەندی پاراستنی گەل (هەپەگە) لەدژی ئەو هێرشانەی دەوڵەتی داگیركەری تورك بۆ سەر هەرێمەكانی ئاڤاشین، مەتیناو زاپ، دەستیپێكردووە، راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە.
لەڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەدراوە، كە دەوڵەتی داگیركەری تورك سەرەڕای بەكارهێنانی بۆمبی كیمیایی نەیتوانیوە پێشڕەوی بكات، راشیگەیاندووە:» دەیان سەربازی تورك تائێستا سزادراون».
هەروەها ئەوەیان خستۆتەڕوو كەسوپای تورکیا 23ی نیسانی 2021، لە هەرێمەكانی مەتینا، ئاڤاشین و زاپی سەر بەهەرێمەكانی پاراستنی میدیا دەستی بەئۆپەراسیۆنی داگیركەری كرد، لەو كاتەوەی كە هێرشەكە دەستیپێكردووە تائێستا، «هێزەكانی گەریلامان بە رۆحێكی فیدایی لەبەرانبەر داگیركەران بەرخۆدان دەكەن.
هاوكات هەپەگە ئەوەیان ئاشكراكردووە نۆ سەربازی توركیایان كوشتووەو بەسزایان گەیاندوون.
هێزەكانی پاراستنی گەل ئەوەشیان باسكردووە كە لە ئاڤاشین لەدژی داگیركەران چالاكی ئەنجامدراو گورزی گەورە بەر داگیركەران كەوت و چوار جار بەناچاری لە تونێلەكانی شەڕ كشاونەتەوە.
هەروەها هەپەگە ئەوەشیان ئاشكرا كردووە كەداگیركەران سەگێكیان بۆ تونێلەكان نارد كەكامێرای پێوە بەسترابوو» هێزەكانمان دەستیان بەسەر كامێرەكەدا گرت».
سوپای داگیركەری تورك دوای ئەوەی گورزی گەورەی بەركەوت، گازی ژەهراوی بەكارهێناوە»سوپای داگیركەری تورك لەگردی مامرەشۆ لەبەرانبەر بەرخۆدانی گەریلاكانمان گورزی گەورەی بەركەوت و لەبەرانبەر تونێلەكانی شەڕو سەنگەری گەریلا، گازی ژەهراوی بەكارهێنا. بەم شێوە نامەردانەیەش نەیانتوانی بچنە ناو تونێلەكانی هێزەكانمان».
هەپەگە ئەوەشی روونكردووەتەوە كە گەریلا لەبەرخودان بەردەوامە بەرانبەر هێزەكانی داگیركەری تورك لەهەموو ئەو ناوچانەی شەڕی تێدا ئەنجام دەدرێت و دەشڵێن:» تائێستا شەڕ بەردەوامە».