زیاتر لە 200 پزیشك‌و كارمەندی تەندروستی بەكۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە

4 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حەسەن

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم ئەوە ئاشكرادەكات تائێستا سێ هەزارو (800) پزیشك و كارمەندی تەندروستی تووشی كۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەش (200)یان گیانیان لەدەستداوە.

ئاسۆ حەوێزی  وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتى: وت:» هەركات ڤاكسینی تەواو لەبەردەستدا بوو دەتوانین بیكەینە بڕیار تاهەمموو فەرمانبەران وەریبگرن».

هەروەها وتیشی:» تائیستا لە هەرێمی كوردستاندا سێ هەزار و (800) كارمەندو پزیشك تووشی كۆرۆنا بوون و زیاتر لە (200) كەسیان گیانیان لەدەستداوە».

ناوبراو باسی لەوەشكرد بەردەوام پێویستیان بەكارمەندو پزیشك هەبووە و داوایان كردووە، چونكە ژمارەیەكی زۆر لەكارمەندو پزیشكان تووشی كۆرۆنا بوون»بەردەوام كێشەی كەمی كارمەندو پزیشكمان هەیە».

 ئاسۆ حەوێزی جەختی لەوەشكردەوە كەدۆخی كۆرۆنا مەترسیدارەو ئەو شوێنانەی ماویانە بەتایبەت بۆ وەرگرتنی چاودێری چڕو ورد زۆر سنوردارەو ژمارەیەكی زۆر كەم دەتوانین نەخۆش وەربگرین.

هاوكات هێرش سەلیم جێگری بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی بەهاوڵاتى: وت:» هەر كارمەندو پزیشكێك بەكۆرونا لەناوەندی تەندروستیدا گیانی لەدەستدا  هاوكاری پێنج ملیۆن دینار بۆ خانەوادەكەی خەرج دەكرێت».

جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی ئەوەشی روونكردەوە كە تائێستا هەشت بۆ نۆ كارمەند كە گیانیان لەدەستداوە كەسوكاریان ئەو بڕە پارەیەیان بۆ خەرجكراوە لەسنوری سلێمانیدا.

ناوبراو جەختی لەوەکردەوە کەدۆخی کۆرۆنا لەژێر کۆنترۆڵدایەو وتیشی: «راستە ئاماری گیانلەدەستدان بەکۆرۆنا زیادی کردووە، ئەوانەی دەمرن تەمەنیان لەسەروو (60) ساڵەوەیەو نەخۆشیی دیکەیان هەیە، هەندێکیشیان لەگەنجان پێکهاتوون، هێشتا ئەو مەترسییە زۆرەی نییە کەقەدەغەی هاتوچۆ بکرێت».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار