ئەمجارەش لەكەركوك ناكۆكی لایەنەكان دەنگی كورد پەرت دەكات
4 ساڵ لەمەوپێش
شاناز حەسەن
لیستە هاوبەشی حزبە كوردستانیەكانی ناو كەركوك تا ئێستا نەگەیشتونە ڕێككەوتنی كۆتایی لەبارەی لیستێكی هاوپەیمانی و چاوەرێی دوا وەڵامی پارتی دەكەن بۆ بەشداری كردن یان نەكردن و دوا وادەش بۆ پێشكەشكردنی لیست یەكی ئایارە، بەڵام بەرپرسێكی یەكێتی لە كەركوك دەڵێت:» لیستێك بەناوی لیستی كەركوكی كوردستانی پێشكەش بە كۆمسیۆن كراوەو ئەوەی تا ئێستا یەكلابووەتەوە تەنها گۆران و كۆمەڵ كاندیدیان دەبێت لەگەڵ یەكێتی، ئەوانی دیكە تەنها پشتیوانی دەكەن».
لەكۆبوونەوەكەی 9یشوباتی 2021 دا كەبارەگای مەڵبەندی كەركوكی كۆمەڵی دادگەری كوردستان بەڕێوەچوو، حزبەكان پێشنیاری ئەوەیان خستبووەڕوو كە لەبازنەی یەكەمدا تەنها پارتی و یەكێتی كاندیدیان هەبێت لایەنەكانی دیكە كاندیان نەبێت و لەبازنەی دووەم دا ئەو دووحزبە كاندیدیان نەبێت و كار بۆكاندیدانی حزبەكانی تر بكەن، و لەبازنەی سێیەمیشدا تەنها پارتی و یەكێتی كاندیدیان هەبێت، بەڵام یەكێتی و پارتی ئەو پێشنیارەیان ڕەتكردووەتەوە و بریارە ئەمڕۆ و سبەینێ یەكێتی و لایەنەكانی دیكە دوا كۆبونەوە ئەنجام بدەن، سەرەرای ئەوەی هەندێك زانیاری جەختلەوە دەكەنەوە كە پارتی لیستی خۆی پێشكەشی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق كردووە.
لەهەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی عێراقدا، لەكۆی 12 كورسی یەكێتی توانی شەش ئەندام بنێرێتە پەرلەمانی عێراق، بەڵام لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرو ریفراندۆم دۆخی كەركوك تێكچوو و كورد لەو شارە دەسەڵاتی نەماو پارێزگاریشیان لە كورد وەرگرتەوە.
خەسرەو گۆران، بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتی لەدوو هەفتەی رابردوودا جەختی لەوەكردەوە كە پارتی لە كەركوك و ناوچە جێ ناكۆكەكان بە لیستی جیا بەشداری هەڵبژاردنەكان دەكات، بەڵام سەرەرای ئەو لێدوانانە یەكێتی و لایەنەكانی دیكە تا 48 كاتژمێری دیكە چاوەرێی كۆتا وەڵامی پارتی دەكەن.
جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوك و بەرپرسی پەیوەندییە نیشتمانییەكانی یەكێتی، دەڵێت:» لیستێكی كەركوكی كوردستانی پێشكەش بە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق كراوەو ئەگەر لەسەر میكانیزمەكە رێكبكەوین هەر ئەو لیستە دەروات بەبێ پارتی».
جەنگی عیزەدین، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوك و بەرپرسی پەیوەندییە نیشتمانییەكانی یەكێتی، لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت» تاكو ئێستا بە ڕەسمی لەهیچ لایەنێكەوە رانەگەیەندراوە و حزبە كوردستانیەكان و هاوپەیمانەتیەكە هەڵنەوەشاوەتەوە، بەڵكو ئێمە كاتمان ماوە و لە ئەمڕۆ یان بەیانی كۆبونەوەی كۆتایمان دەبێت».
لیستێكی كەركوكی كوردستانی پێشكەش بە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق كراوەو ئەگەر لەسەر میكانیزمەكە رێكبكەوین هەر ئەو لیستە دەروات بەبێ پارتی
جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوك، وتیشی:» تەنیا پارتی نەبێت هەموو حزبە كوردستانیەكانی دیكەی ناو كەركوك كارمان بۆ ئەوە كردووە كە هاوپەیمانەتیەكە سەر بگرێت و هاوراش بوین بۆیە تەنیا ئەوە ماوە لە چەند رۆژی داهاتوودا هاوپەیمانێتیەكە كارا بكەینەوە».
جەنگی عیزەدین ئەوەشی رونكردەوە:» پارتی تەنیا لە ئەوەدا ناكۆكە دەڵێن لەناوچە جێناكۆكەكان بەتەنیا دادەبەزن وتیشی:» لیستێكی كەركوكی كوردستانی پێشكەش بە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق كراوەو ئەگەر لەسەر میكانیزمەكە رێكبكەوین هەر ئەو لیستە دەروات بەبێ پارتی».
هاوكات هێمای بۆ ئەوەش كرد كە میكانیزمەكە ئەوەیە كە بزانن چەند لایەن كاندیدیان دەبێت، چونكە تا ئێستا بزوتنەوەی گۆران و كۆمەڵی دادگەری یەكلابونەتەوە كە یەكی كاندیدێكیان دەبێت، لایەنەكانی وەك یەكگرتوو و حزبی شوعی و لایەنەكانی دیكە تەنها پشتیوانی لیستە كوردستانییەكە دەكەن.
ناوبراو جەختی پێشیوابوو هاوپەیمانی وەك حزبە كوردستانیەكانی تری كەركوك بەدەر لە پارتی هەموو پەیوەست بوون پێوەیی و رەنگە لەم چەند رۆژەی داهاتوودا بگەینە كۆتایی و هاوپەیمانەتیەكە بچێتە بواری جێبەجیكردنەوەو رابگەیەندرێت.
بەرپرسی لقی سێی پارتی لەكەركوك دەڵێت بڕیاری كۆتایی و قسەی حزب لای خەسرەو گۆران بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنە.
محەمەد خورشید، بەرپرسی لقی سێی پارتی لە كەركوك لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» دەتوانن قسە لەگەڵ خەسرەو گۆران بكەن بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردن، چونكە بریاری كۆتایی و قسەی حزب لای ئەوە».
دەربارەی ئەوەی خەسرەو گۆران پێشتر ئەوەی دووپاتكردووەتەوە كە پارتی بە جیا بەشداری هەڵبژاردن دەكات، بەڵام لایەنەكان چاوەرێی وەڵامی پارتین، بەرپرسی لقی سێی پارتی وتی:» بریاری حزب لەوبارەیەوە لای خەسرەو گۆرانە.
لەلایەكی دیكەوە كارگێڕی مەڵبەندی چواری كۆمەڵی دادگەری كوردستان دەڵێت:» پێكهێنانی لیستێكی هاوبەش لەكەروكك خواستی هەموو لایەنەكان بوو و تەنیا پارتی نەبێت كە دواتر ئەوانیش رای خۆیان دەربڕی و وتیان كە هاوراین و پێمان خۆشە بەڵام بە كرداری نەهاتنە ناو لیستەكە و كۆبونەوەكانەوە».
محەممەد عەلی، كارگێری مەڵبەندی چواری كۆمەڵی دادگەری، لەكەركوك لە لێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت» ئێستاش گەشبینین بە لیستێكی هاوبەشی حزبە كوردستانیەكان لەناو كەركودا بۆ یەكریزی حزبە كوردستانەكان و بەهێزبنی پێگەی كورد لەناو كەركوك و بۆ پرسی یەهێزبونی خاك و پێگەی كورد لێرە».
ئەم بەرپرسەی كۆمەڵی دادگەری كوردستان، ئەوەشی ڕونكردەوە یەكیك لە كێشەكانی كورد ئەوەیە لە دوا كاتدا دەكەونە گفتوگۆ و كۆبونەوە، ڕەنگە ئەمە هەندێكی بە مەبەست بێت یاخود رێككەوتنی ژێر بەژێر كرابێت، چونكە ئەوەی كە جێگەی داخە لە كەركوك هەموو جارێك لیست دروست كراوە و مژدە دراوە بە خەڵك و لە كۆتا كاتەكاندا تێكدراوە،وتی:» بۆیە هیوادارم ئەمە دوبارە نەبێتەوە».
هاوكات ئەوەشی دووپاتكردەوە كە ئەوەیان دەكەوێتە سەر حزبە سیاسیەكان تا چەند حزبی سیاسین و دواكەوتەی لایەنی سیاسی دیكە نین و تاچەند خاوەنی بریاری خۆیانن، وتیشی:» ئێمە وەك كۆمەڵی دادگەری هەرگیز خۆمان بە هیچ لایەنێكەوە گرێ نەداوە بۆیە پارتی بەشداری بكات یان نا، ئێمە خۆمان حزبین و بەهیچ لایەنێكەوە نەبەستراوین كە بەداخەوە ئەوە هەیە و پارتی و یەكێتی هەر یەكەی هەندێك لایەنی بەستووە بە خۆیەوە كە ئەمە گەورەترین كێشەی حزبایەتیە لە كوردستان».
هاوكات پێشیوابوو لە بەشداری نەكردنی هەر لایەنێكدا كەركوكیەكان و لایەنەكە خۆی زیان دەكات و دوبارە دەبێتە پەرت بونی دەنگەكانی كورد و چونكە هەمیشە سەركەوتنەكان لە پێكەوەیی لایەنەكاندا هاتووەتەدی.