سوپای توركیا نۆ كیلۆمەتری دیكە هاتۆتە خاكی هەرێمەوە

بەڕێوەبەری ناحیەی كانی ماسی: لەسنووری قەزای ئامێدی و دەوروبەری نۆ كیلۆمەتری دیكە هاتۆتە پێشەوەو تا دێت مەترسییەكە زۆر گەورەتر دەبێت

4 ساڵ لەمەوپێش



عەمار عەزیز. دهۆك

ماوەی سێ رۆژە بەشەوو رۆژ توركیا لەڕێگەی فرۆكە سەربازییەكانیەوە بەردەوامە لەبۆردومان و لەشەڕێكی قورسدایە لەگەڵ گەریلاداو بەوتەی بەڕێوەبەری ناحیەی كانی ماسی لەسنوری قەزای ئامێدی و دەوروبەری نۆ كیلۆمەتری دیكە هاتۆتە پێشەوەو تا دێت مەترسییەكە زۆر گەورەتر دەبێت.

لەسنوری ناحیەی كانێ ماسی سەر بەقەزای ئامێدی بەردەوامە، توركیا مەبەستی بوو زناری كێستە بگرێت، چونكە زیاتر لە (50) گوندی سنوری ناحیەكانی كانێ ماسێ بامەڕنێ و باتیڤا دەكەونە ژێر زناری كێستە، ئێستا لەسێ قۆڵەوە چووەتە زناری كێستەو بەدرێژایی (9)كم هاتووەتە ناو سنوری قەزاكەو سێ بنكەی سەربازیی لەبەرزاییەكان جێگیركردووەو كۆماندۆی تێدا دابەزاندوون.

سدقی خەلیل، دانیشتووی ناحیەی كانێ ماسی بەهاوڵاتی وت: »دوو رۆژە لەبەر دەنگی تۆپ و فرۆكەكانی توركیا نەخەوتووین، ترس و دڵەڕاوكێیەكی زۆر لەناو دانیشتوانی سنوری ناحیەكە دروستبووە، دەترسین توركیا هێشتا بێتە پێشەوە ، رۆژ بەڕۆژ دۆخی ئێمە خراپتر دەبێت، هیچ كەسێكیش لەحاڵی ئێمە ناپرسێت».

سدقی ئاماژەی بەوەشكرد دەیان ساڵە ئەوە حاڵیانە رۆژێك بەئیسراحەت دەربازنەبوون، «ناتوانین وەك پێویست بچینە ناو رەزو باخی خۆمان، لەكاتی پێگەیشتنی بەرهەمەكانیشمان زۆرینەی خراپ دەبن، ساڵانە زیانێكی زۆر بە ئێمە دەگات ، یەك دیناریش قەرەبوو ناكرێینەوە».

بەڕێوەبەری ناحیەی كانی ماسی ئەوە ئاشكرا دەكات كە لەسنوری قەزای ئامێدی و دەوروبەری نۆ كیلۆمەتری دیكە توركیا هاتۆتە پێشەوەو تادێت مەترسییەكە زۆر گەورەتر دەبێت.

سەربەست سەبری، بەڕێوەبەری ناحیەی كانی ماسی لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»سوپای توركیا لە 24ی نیسان بەدرێژایی (9)كم هاتووە ناو سنوری هەرێمی كوردستان، ئەگەر وابڕوات و عێراق هەر بێدەنگ بێت توركیا هێشتا دێتە پێشەوە ئەوكات مەترسییەكە زۆر گەورە دەبێت».

ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد تائێستاو لەماوەی ئەم سێ رۆژەدا مەترسی گیانی خەڵكی سڤیل بوونی نییە، بەڵام ترس و دڵەڕاوكێ زۆری لەناو خەڵكدا دروستكردووەو زیان بەسروشتی ناوچەكە كەوتووە».

زناری كێستە شوێنێكی ستراتیژیی بەرزەو دەكەوێتە سنوری ناحیەی كانی ماسی، زیاتر لەنۆ مانگە توركیا بەردەوام ئەو شوێنە بۆردوومان دەكات و چەند بنكەیەكی سەربازیی جێگیر كردووە.

سەربەست سەبری ئاماژەی بەوەكرد، زناری كێستە كەچیای بەرزی لێیەو بەسەر (20) گوندی ناوچەكەدا دەڕوانێت لەشەوی رابردووەوە كەوتووەتە دەست سوپای توركیا، بەڵام بەدووری (15) كیلۆمەتر لەودیو گوندی هرورێ هێزی توركیا لەناوچەی دەڕاڕێ بڵاوكراوەتەوە، كە نۆ كیلۆمەتر لەسەر سنوورەوە دوورە.

سەربەست سەبری وتیشی:»لەسنوری ناحیەی كانێ ماسی (76) گوند هەن تائێستا (12) گوند چوڵكراون، بەڵام ئەگەر توركیا هەر بەردەوام بێت لە بوردوومانكردن بێگومان هەندێك گوندی تریش چۆڵدەكرێن».

بەڕێوەبەری ناحیەی كانی ماسی هۆكاری بۆردوومانەكەش دیارە لەبەر بوونی بارەگاو شوێنی پەكەكەیە.

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت:» توركیا گەورەترین داگیركاری بۆ سەر باشوری كوردستان دەستپێكردووەو هێرشەكەش بەمەترسی بۆ سەر هەموو هەرێمی كوردستان ناودەبات».

عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند:»بەداخەوە سەرۆكایەتی و حزبە سیاسییەكانی هەرێم بێدەنگییان بەرامبەر بەو هێرشە هەڵبژاردووە.»

عەلی حەمەساڵح، دەشڵێت:» لەدوێنێوە توركیا پرۆسەیەكی گەورەی داگیركاری بەناوی پڕۆسەی چنگی هەورە بروسكە دەستپێكردووە، ئەمە گەورەترین داگیركارییە لەمێژووی لەشكركێشییەكانی توركیادا.

ئەو پەرلەمانتارە باس لەوەش دەكات كە بەپێی هەندێك سەرچاوە، ‹زناری كێستە›ی داگیركردووە كە بەرزییەكەی دوو هەزار مەترەو شوێنێكی ستراتیژییە.

هاوكات عەلی حەمەساڵح ئەوە دووپاتدەكاتەوە كەھێرشی بەردەوام هەیە بۆ داگیركردنی ناوچەكانی زاپ و بۆتان و ئاڤاشین بەدرێژایی (100) كیلۆمەترو دەیەوێت بەڕووبەری (50) كیلۆمەتری دیكە بێتە قوڵایی هەرێمی كوردستانەوە.

بەپێی قسەی ئەو پەرلەمانتارە «ئەم ناوچانەی كەتوركیا هێرشەكانی لێوە ئەنجامدەدات ناوچەی گرنگ و ستراتیژین و مەترسییە بۆ سەر هەموو هەرێمی كوردستان... ئەگەر بابەت گەریلاكانی پەكەكەیە با توركیا ئەو ناوچانە رادەستی پێشمەرگە بكات.»

عەلی حەمەساڵح وتووشیەتی»بەداخەوە سەرۆكایەتی و حزبە سیاسییەكانی ھەرێم بێدەنگیان هەڵبژاردووە...خەڵكی كوردستان بەشتی لاوەكییەوە سەرقاڵەو نیشتیمان لەبەردەم داگیركارییەكی گەورەدایە.»

لای خۆیانەوە كۆماجڤاكێن كوردستان (كەجەكە) دوێنێ یەكشەممە راگەیەندراوێكیان بڵاوكردەوەو داوای هەڵوێست لەلایەنە كوردستانییەكانی باشوور دەكەن.

كەجەكە ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە سوپای تورك زەربەی كوشندەی بەركەوتووەو دەیان داگیركەر بەسزا گەیەندراون و كوژراون.

هاوكات ئەوەشیان ئاشكراكردووە كە سەرەڕای ئەوەی سوپای توركیا بەفرۆكەی سكۆری و ئێف 16و هەلیكۆپتەری سەربازی شەڕ دەكات، چەكی كیمیاییان لەدژی گەریلا بەكارهێناوەو سەرەڕای ئەوە نەیانتوانیوە سەرباز جێگیر بكەن

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار