بزانه‌ پارتى چ پۆستێکى باڵاى سه‌ربازى داوه‌ته‌ عه‌بدوڵا کوێخا موباره‌ک 

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى
به‌پێى به‌دواداچونه‌کانى هاوڵاتى که‌ له‌ سێ سه‌رچاوه‌ى نزیک له‌ عه‌بدوڵا کوێخا موباره‌ک، هه‌ڵسوراوى پێشترى گۆران که‌ په‌یوه‌ندى به‌ پارتییه‌وه‌ کردووه‌ زانیارى وردو نه‌بیستراو ئاشکرا ده‌کات.

پارتى دیموکراتى کوردستان دواى گفتوگۆکانى له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵا کوێخا موباره‌ک، بریاریداوه‌ که‌ پۆستێکى باڵاى سه‌ربازى پێبدات له‌ناو هێزه‌کانى یه‌که‌ى هه‌شتاى پارتى.

ئه‌و سێ سه‌رچاوه‌یه‌ى نزیک له‌ عه‌بدوڵاى کوێخا موباره‌ک بۆ هاوڵاتى ئه‌وه‌یان ئاشکرا کرد که‌"عه‌بدوڵا کوێخا موباره‌ک ده‌کرێته‌ لیوا له‌ یه‌که‌ى هه‌شتاى پارتى و سه‌دان که‌سى نوێ که‌ له‌ لیستێکدا ئاماده‌ کراوه‌و خه‌ڵکى ناوچه‌ى ناوشوانن له‌ خزمان و که‌سانى ده‌وروبه‌رى عه‌بدوڵا ده‌کرێته‌ هێزێکى فراوان به‌ناوى(زێره‌ڤانى)".

به‌پێى سه‌رچاوه‌کان که‌سه‌ نزیکه‌کانى عه‌بدوڵا کوێخا موباره‌ک پله‌ى جیاوازى سه‌ربازى وه‌رده‌گرن له‌ رائید و ئه‌فسه‌ر.

هه‌روه‌ها یه‌کێک له‌ سه‌رچاوه‌کان، چوونى عه‌بدوڵاى کوێخا موباره‌ک بۆ ناو پارتى بۆ ئه‌وه‌ گه‌رانده‌وه‌ که‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆران له‌رابردوودا پشتیان تێکردووه‌و هیچ گرنگییه‌کیان پێنه‌داوه‌ بۆیه‌ دواجار ئه‌و بریاره‌ى داوه‌.

هاوکات به‌پێى زانیارییه‌کان کادیر نازم سلێمان که‌ ئامۆزاى عه‌بدوڵا کوێخا موباره‌که‌و پارتییه‌ ته‌نها پله‌ى سه‌ربازى ئامر فه‌وجى پێدراوه‌، له‌ئێستادا نیگه‌رانه‌ له‌پارتى.

له‌ماوه‌ى دووساڵى رابردوودا بێستوون نازم سلێمان که‌ کادرى دیارى یه‌کێتى بوو نزیک بوو له‌ کۆسره‌ت ره‌سوڵ، براى کادیر که‌ له‌ناو یه‌کێتیدا بوو کوژراو ئه‌وکات یه‌کێتى تۆمه‌تبار کرا به‌ کوشتنى و له‌وکاته‌وه‌ تا ئێستا (سوڵح) بۆ ئه‌و رووداوه‌ نه‌کراوه‌.
یه‌کێک له‌ خزمانى نزیک له‌ کادیر بۆ هاوڵاتى که‌ نه‌ویست ناوى بهێندرێت، جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه‌ ئه‌گه‌ر یه‌کێتى بیه‌وێت ده‌توانێت کادیر نازم سلێمان بهێنێته‌وه‌ ناو یه‌کێتى به‌ دوو مه‌رج، یه‌که‌میان یه‌کێتى سوڵحى کوشتنى براکه‌ى بکات و پۆستێکى سه‌ربازى ئامر لیوا بداته‌ کادیر نازم ئه‌وکات عه‌بدوڵا کوێخا موباره‌ک چونه‌که‌ى بۆ ناو پارتى ئه‌و گرنگییه‌ى نابێت و وه‌ک ئه‌و وتى:" یه‌کێتى ده‌توانێت سحره‌که‌ى پارتى به‌تاڵ بکاته‌وه‌".

کادیر نازم سلێمان ئامر فه‌وجى پارتى و ئامۆزاى عه‌بدوڵا کوێخا موباره‌ک

هاوڵاتى له‌ ژماره‌ى داهاتوویدا که‌ رۆژى دووشه‌ممه‌ى هه‌فته‌ى داهاتوو بڵاوده‌بێته‌وه‌ زانیارى زیاتر ئاشکرا ده‌کات.
هاوڵاتى ده‌یان جار په‌یوه‌ندى به‌ عه‌بدوڵا کوێ موباره‌که‌وه‌ کرد، به‌ڵام وه‌ڵامى په‌یوه‌ندییه‌کانى نه‌دایه‌وه‌.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار