موراد قەرەیلان: هێزەكانی باشوور تەنیا پشتیوانی لەدوژمن نەكەن بۆ ئێمە بەسە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی هێزەكانی پاراستنی گەل- نەپەگە دەڵێت:» هێزەكانی باشوور تەنیا پشتیوانی لەدوژمن نەكەن بۆ ئێمە بەسە»و دەشڵێت:» با سەیری قارەمانێتی گەریلا بكەن».
موراد قەرەیلان فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی هێزەكانی پاراستنی گەل- نەپەگە، لەڕێگەی جیهازی بێتەلەوە بۆ گەریلاكانی لە زاپ، مەتینا و ئاڤاشین قسەی كردو لەبەشێكی قسەكانیدا، ئاماژەی بەهەڵویستی هێزەكانی باشوور كرد.
لەبەشێك لەپەیامەكەیدا قەرەیلان بەئاماژەدان بەوەی كەئەم شەڕە شەڕی هەموو كوردو شەڕی پاراستنی كوردو دەستكەوتەكانیەتی، رایگەیاند:» هێزەكانی باشوور بوونەتە تەماشاكەری ئەم شەڕە، دەترسن لەبەرامبەر دوژمن دەنگی خۆیان هەڵبڕن، ئەمەش كێشە نییە، بەڵام باهاوكاریی دوژمن نەكەن، ئەمە بەتەنها بەسە بۆ ئێمە ، با سەیری تێكۆشانی گەریلا قارەمانەكان بكەن».
قەرەیلان بە چالاكیی یەكینە ئاسمانییەكانی شەهید دەلال ئامەد لەكانی ماسی و هێزەكانی شەهید بەدران گوندك رەمۆ لەشیلادزێ، هۆشدارییدایە سوپای توركیاو وتی:» ئەم دوو چالاكییە بۆ هۆشداری بوو، ئەو داگیركەرانەی كە پێشتر لەباشوور جێگر بوون، دەبێت نەجوڵێنەوە، پێویستە بەشداری ئەم شەڕە نەبن، ئەمە هۆشداری بوو، ئەگەر بەشداری شەڕ ببن لەهەموو شوێنێك دەبنە ئامانجی هێزەكانمان، ئەم دەرفەتە هەیە، باوەڕمان وایە كەئەو پەیامە گەیشتە شوێنی خۆی».
دوێنێ ناوەندی راگەیاندنی هەپەگە لەبارەی هێرش و شەڕ لەگەڵ سوپای توركیا ئەوەیان ئاشكراكرد كە لەماوەی 23ی نیسان تادوێنێ یەكی ئایار (158) سەربازی توركیایان سزاداوەو كوشتووە.
هاوكات ئەوە دووپاتدەكەنەوە، گەریلا لەبەرخودان بۆ پاراستنی باشووری كوردستان بەردەوام دەبێت.
